دوو ملیۆن دۆلارەکەی رووداو چی لێهات ؟
Sunday, 07/08/2011, 12:00
سەرنووسەر و گۆشەنووسەکەی رووداو کارمەندی بندیواری حکومەتن لەوەتەی بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی ئەو دەزگا راگەیاندنانەی بڕیوە کە لە بودجەی گشتی پارەیان وەردەگرت لە نێویشیاندا رووداو، ئەو رۆژنامەیە بە بۆنە و بێ بۆنە هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی حکومەت, گوایا رۆژنامەکە دژی گەندەڵییەکانی حکومەتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەی باشە بۆ لە گەندەڵییە بێ وێنەکانی سەرۆکی گەندەڵبازانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بێدەنگ بوون. بەڵام با ئێمە دوور لە موهاتەرات و بە زمانی لۆجیک و ژمارەوە قسە لەگەڵ رووداو وستافەکەی بکەین و بزانین بەڕاستی کێ گەندەڵە؟
1- گۆران محەمەدی گۆشەنووسەکەی رووداو لە دوا ژمارەدا نووسیوتی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە رووداو هیچ پارەیەکی لە حکومەت وەرنەگرتووە، گریمان راست دەکات، بەڵام ئێمەش دەپرسین:
- لەسەرەتای دەرچوونی رووداو لە مانگی چواری ٢٠٠٨ رووداو مانگانە ٦٠ شەست ملیۆن دیناری لە حکومەت وەرگرتووە ، واتە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١١ رووداو دووملیار و چوارسەد ملیۆن دیناری وەرگرتووە کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار !!! ، ئەمە جگە لە سەد ملیۆن دینار کە یەکەمجار بۆ کەلوپەل کڕین وەرگیرا هەروەها دوو ئوتومبێلی جۆری کرۆلا ٢٠٠٨ و باسێکی ١٢ نەفەری کە جاری واهەیە مانگی جارێکیش کاری پێناکرێت!. ژمارەی کارمەندانی رووداو ئەوانەی بە ئاشکرا دیارن و کار دەکەن لە ٣٠ کەس تێپەڕ ناکات، هەمووشمان خەرجی رۆژنامەیەکی هەفتانە دەزانین کە گۆشەنووسەکەی رووداو بە باشترین رۆژنامەی دەزانێ لەکاتێکدا تەنها ٣ هەزاری لێ چاپ دەکرێ و هەمووجارێش زۆری لە بازاڕ دەمێنێتەوە با بۆ راستی سەردانی رۆژنامەفرۆشەکان بکات، ئیدی ئەو ملیۆنان دۆلارە چییان لێهات ؟ لێرەوە داوا لە حکومەت دەکەین لێژنەیەکی بەدواداچوون دروست بکات بۆ ئەوەی بزانین ئەو پارەیە چی لێهاتووە؟
2 - سەرنووسەری رووداو ئاکۆ محەمەد کە ناوە ئەسڵییەکەی عومران محەممەد عەلییە، پێش رووداو سەرنووسەری هەفتەنامەی میدیا بووە، ئەوانەی هاوڕێی ئەو برادەرەن دەزانن ئەوکاتەی سەرنووسەری میدیا بوو لە خانوویەکی زۆر بچووک و کۆنی گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر کرێچی بوو ، سەیارەشی نەبوو ، بەڵکو سەیارەیەکی مۆدێل زۆر کۆنی هەفتەنامەی میدیای لە لابوو، بەڵام با بزانین لە ماوەی تەنها ٣ ساڵدا ژیانی ئەو برادەرە چۆن فڕیوەو دەوڵەمەند بووە، ئێستا سەرنووسەری رووداو خانوویەکی گەورەی لە گەڕەکی هەڤاڵانی هەولێر هەیە ئەگەر بە دووسەد هەزار دۆلار واتە بیست دەفتەر بیفرۆشێت من ئێستا لێی دەکڕم! ، هەروەها ئێستا دووسەیارەشی هەیە، دەڵێن ئێستا خانوویەکی تریش لە گەڕەکی هەولێری نوێ دروست دەکات، هەروەها جەنابی سەرنووسەری رووداو دوو منداڵی لە قوتابخانەی شویفاتی نێودەوڵەتی دەخوێنن کە خەرجی هەریەکەیان ساڵانە نزیکەی یەک دەفتەر دۆلارە، جگە لەمە دەڵێن سەرنووسەری رووداو ٣جار زەوی لە حکومەت وەرگرتووە ، بۆیە داوا دەکەم حکومەت لێـژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەمەش پێک بهێنێت، ئینجا پاش هەموو ئەمانەش ئەو جەنابی سەرنووسەری رووداوە کە دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە ئەوە نزیکەی دە ساڵە کارمەندی حکومەتە وگوایا مامۆستایە کەچی یەک سەعاتیش دەوامی نەکردووە بەڵام مانگانە مووچەکەی خستووەتە تەنکەی باخەڵی، هەتا دوو مانگ لەمەوبەریش مووچەکەی لە سەرناوی دەزگەی ئاراس وەردەگرت، بەڵام ئێستا خۆی گواستووەتە بۆ فەرمانگەی دڵنیایی (تامین) لە هەولێر، بۆ دڵنیابوون دەکرێ پەیوەندی بە دەزگەی ئاراس و ئەو فەرمانگەیە بکرێ بزانن سەرنووسەری رووداو عمران محمد علی کارمەندی ئەوانەو مووچە وەردەگرێت یان نا؟
3 - گۆران محەمەد ساڵحی گۆشە نووسەکەی رووداویش بەهەمان شێوە یەکێکە لەوانەی زۆر موستەفید بووە لە حکومەتـ، چەندین جار پارەی لە بەرپرسان وەرگرتووەو سەفەری تورکیا ولوبنانی پێکردووە کە زوو زوو دەچێتە ئەوێ، بەتایبەتی پارەی لە عیسمەت ئەرگۆشی و سەرۆ قادر وەرگرتووە، هەفتە نییە دووجار نەچێتە لای عیسمەت ئەرگۆشی وسواڵی لێنەکات هەروەها بۆ دروستکردنی خانووە زەبەلاحەکەشی لەگەڕەکی حاکماوە چەندین هەزار دۆلاری لە حکومەت وەرگرتووە، ئەمە جگە لەوەی ئەویش وەک سەرنووسەرەکەی، کارمەندێکی بندیواری حکومەتە ومانگانە پارەیەکی بەلاش وەردەگرن ودەوامیش ناکەن ئەویش لەسەر ناوی دەزگەی ئاراس کارمەندی حکومەت بوو.
4 - نووسەرێکی گەندەڵی دیکەی رووداو کە یەکێکە لە بێ شەخسیەتترین نووسەرانی کوردستان رێبوار کەریم وەلییە، رێبواری زورناژەنی پارتی کوڕی کەریم وەلی هەڵسوڕێنەری گەندەڵییەکانی سەرۆ قادرە ، ئەو رێبوارە بەردەوام حەزی کردووە خوڵامی خەڵک بێت کاتی خۆی خوڵامی سەرۆ بوو لە ناو ماڵی ئەو دەژیا دواتر سەرۆ دەری کرد ئینجا بووە خوڵامی ئاکۆی رووداوەو دەلین نێچیرڤان داوای لێکردوون تەلەفزیۆن دابنین . ئاکۆو رێبوار تا ئێستا بەناوی تەلەفزیۆن چەندینجار سەفەری تورکیاو ئەوروپایان کردووەو پارەیەکی زۆریان خواردووە.
لێرەوە داوا لە دیوانی چاودێری دارایی دەکەم لێکۆڵینەوە لەو پارە بێ شومارە بکات کە رووداو لە حکومەتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەرکەوێت کێ بەڕاستی گەندەڵە؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست