کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا بەرهەم ساڵح ئاگاداری ئەنجوومەنی گەڕەكەكانە؟

Sunday, 30/10/2011, 12:00


كاروان سالار





لەپەراوێزی تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر ئیدارەكەی بەرهەم ساڵحدا...

دەلاقەی گەورە گەورە و كون و كەلێن و قوژبنی كەموكورتییەكانی بیست ساڵی ئەزموونی ئیدارەی یەكێتی و پارتی ئەوەندە زۆرە و ئەوەندەش باس كراوە كە دەیان ساڵیتر لەسەری بگوترێت هێشتا هەر شایەنی باس كردن و خستنە بەرنوكی نەشتەری رەخنەیە... بۆیە با كاكای كۆن بە با نەكەین و زۆر درێژی نەكەمەوە تەنیا باسی ئەم دوو ساڵەی ئیدارەكەی بەرهەم ساڵح بكەم كە هەنوكە زۆر باسی ئەوەدەكەن لە راگەیاندنەكانیانەوە، گوایە چاكسازییان كردووە و خەریكی چاكسازیتریشن!؟.
نەبوونی داد پەروەری كۆمەڵایەتی و ناڕوونی و ناشەفافی داهاتی خەڵك و كێشە سیاسیەكان و چارەسەر نەكردنی كێشەی كارەبا و ئاو و رێگاوبان و...هتد زۆری شتی لەسەر وتراوە و نامەوێ هەر لەو بوارەدا بنووسمەوە، بەڵكو ئەمجارە دەمەوێ پەنجە بخەمە سەر ئەو كێشەیەی رۆژانە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە رووبەڕووی دەبنەوە و ئازاری بەدەستەوە دەچێژن، ئەویش كێشەی نێوان هاوڵاتیان و بەناو ئەنجوومەنی گەڕەكەكانە كە ئێستا زۆربەیان بەداخەوە كاریان تەنیا بۆتە سیخوڕیكردن و ماستاو سارد كردنەوە بۆ حزبی دەسەڵات و بەسەر هاوڵاتیانی سادەشەوە خۆیان كردۆتە پاشای مەملەكەت، بێگومان كە دەشڵێم بەناو ئەنجومەنی گەڕەك و ئەم تۆمەتانەش دەخەمە پاڵ زۆرینەیان لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
ئەگەر قسە لەسەر شاری سلێمانی بكەین كە بەدرێژایی تەمەنم تێیدا نیشتەجێ بووم، ئەوا دەتوانم بڵێم جگە لەیەكجار هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گەڕەكەكان كە پێش (15) ساڵێك بەر لەئێستا كراوە، ئەوا بیرم نایەت هیچ هەڵبژاردنێكی تر بۆ ئەنجوومەنی گەڕەك ئەنجام درابێت، ئیتر دەپرسم ئەو ئەنجوومەنەی لە گەڕەكی ئێمەیە بە چ سیفەت و مافێك بووە بە ئەنجوومەنی من و كێ هەڵیبژاردووە و چۆن ئەو پۆستەی وەرگرتووە و كێ ڕێی پێداوە؟...
لەبنەمادا كێ دەزانێت كاری ئەنجوومەنی گەڕەك چییە و سنووری كار و مافی چییە؟ وە ئەگەر هاوڵاتییەك گلەیی لە ئەنجوومەنێك هەبوو ئەوا كێ مافی دەپارێزێت؟!
ئەگەر ئەركی ئەنجوومەنی گەڕەك تەنیا ئەوەبێت بزانێت تۆ نیشتەجێی لەو گەڕەكە یان نا، لەكام ماڵە دادەنیشی ئیتر بۆ لەكاتی پێدانی نوسراوێكی پشتگیری كردنی هاوڵاتییەكی ئاسایی بۆ كارێكی زۆر سادە، دەچێتە نێو كۆمەڵێك بابەتەوە كەهیچ كاری ئەو نییە و پەیوەندی بەوەوە نیە ئەگەر سیخوڕی حزبی دەسەڵات نەبێت...
بۆنموونە ماوەیەك بەر لە ئێستا ئەنجوومەنی گەڕەكەكەم پەیوەندی پێوەكردم بۆ ئەوەی بزانێت لە هەڵبژاردنی (25/7/2009) دەنگمداوە بەكێ؟!! كە بەراستی ئەمە مەگەر هەر لە كۆمیدیای دەسەڵاتی هەرێمدا جێگەی بێتەوە...
ئەنجوومەنی گەڕەك دەبێت بێ لایەن و لێهات و خزمەتكار و كار ئاسانكەری خەڵك بێت نەك ببێتە بارگرانی بۆ خەڵك بەڵام كاتێك لەم رۆژانەی رابردوودا سەردانی ئەنجومەنی گەڕەكە تازەكەمانم كرد بۆ پشتگیرییەك ئەمانەم بەدیكرد: بینیم لەبری ئەوەی كاكی ئەنجوومەن بێلایەنی خۆی دەربخات بەڵام لەپشت مێزی محەلەكەی وێنەیەكی تاڵەبانی هەڵواسیبوو هاوكات ئاڵایەكی یەكێتی نیشتمانیشی هەر لەپشت سەری هەڵواسیبوو، بەوەشەوە نەوەستابوو بۆ ئەوەی خۆی زیاتر دەربخات كە حزبیە هەر لەپشت سەری سوپاسنامەیەكی كۆمیتەی یەكێتی هەڵواسیبوو كە لەپای جێبەجێكردنی ئەركە حزبیەكەی پێی بەخشرابوو... ئەم دیمەنە گەیاندمیە ئەو باوەڕەی پشگیریەكەم ئاسان بۆ ناكرێت، بۆیە ئەوەبوو بەبیانووی ئەوەی تازەین لەگەڕەكەكە و نامانناسێ پشگیریەكەی بۆ نەكردم و داوای ژمارە تەلەفۆنی نۆرماڵی دراوسێكەمانی لێكردم!!؟؟ بۆیە دوای ئەوەی پێم راگەیاند بۆ ئەم سەردەمە ئەو كارە نا لۆژیكییە ژمارەی دراوسێكەمان بدەم بۆ ئەوەی باوەڕم پێبكەن كە لەو گەڕەكە نیشتەجێم، ئەوەبوو تاكو نەهاتە ماڵمان و دڵنیا نەبوو لێم، پشگیریەكەی بۆ نەكردم... بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە بەپێی زانیاریەكان نموونەی ئەم ئەنجوومەنانە پشگیری بۆ خەڵكی حزبی سەر بەخۆیان دەكات بەبێ ئەوەی بیبینێت!؟ وە هەتا پشگیری بۆ كەسێكی ئاسایی دەكات چەندین جار دەیهێنێت و دەیبات.
لەلایەكیترەوە ئەوەی بۆم روونبووەوە ئەم ئەنجومەنەی گەڕەكەكەمان هاوكات ئەنجوومەنی دوو گەڕەكیتری قەرەباڵغی شاری سلێمانییە، واتا لەیەككاتدا ئەنجوومەنی سێ گەڕەكە. كە نەمزانی ئەمە بۆ وایە و هاوكات هەر هۆكاری ئەمەش بوو كە نەزانێت ماڵی ئێمە دەكەوێتە كوێوە!. جگە لەمەش لەگەڵ ئەوەی كۆدێكی نا یاساییمان لە لایەن ئاسایشەوە بۆ كراوە بەڵام ئەم ئەنجوومەنانە ئەو پرسیارە بێ تامانەی كە لەكاتی درووستكردنی ئەو كۆدەی ئاسایش لێت نەكراوە ئەمان دەیكەن و بۆ ئەم مەبەستەش هەر رۆژە و جۆرە كارتێكی زانیاری و فۆڕمێكت پێ پڕدەكەنەوە كە كەس نازانێت سودی چییە و بۆچی باشە و كۆكردنەوەی ئەو زانیاریانەش بۆ هیچ شوێنێك ناخوات، واتا نە ئەوەی ئاسایش لای فەرمانگەكان دەخوات نە ئەوەی ئەنجومەنیش لای ئاسایش دەخوات و بە پێچەوانەشەوە.
ئەوەی لەكۆتایدا دەمەوێت بیڵێم پاش تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر تەمەنی ئیدارەكەی بەرهەم ساڵح، ئایا بۆ یەك چركەش ئیدارەكەی بیری لە چارەسەركردنی ئەم كێشە رۆژانەییە كردۆتەوە؟؟ ئایا بەرهەم ساڵح ئاگاداری ئەنجوومەنی گەڕەكەكانە چی لە هاوڵاتیان دەكەن؟.
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە