کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕونكردنەوە بەداخەوە ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) پەیامەكەی ئێمەی شێواند...؟!

Thursday, 26/02/2009, 12:00


گومان لەوە دانییە كە دەبێت ڕۆژنامەنووس بابەتێك یان كێشەیەك كاریگەری لەسەر درووست بكات، ئینجا بابەت یان ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی لەسەر بنووسێت یان ئامادەبكات، جا ئەم كاریگەری درووست كردنە لە ڕووی ویژدان و هەست و سۆزەوە بێت یان واقع و مەترسی بابەتەكە بێت...
كاتێكیش ئەو ڕۆژنامەنووسە، بۆ نموونە بابەتێكی وەك: كێشەی گەندەڵی لە فەرمانگەیەكدا كاریی تێكرد، تاوەكو ڕاپۆرتێكی لەسەر ئامادەبكات، ئەوا بێگومان ئەو ڕۆژنامەنووسە دەچێت لێدوانی ئەو كەس و لایەنانە وەردەگرێت كە گەندەڵیەكە زیانی پێگەیاندوون بەڕێژەی یەكەم نەك ئەو كەسەی كە سەرچاوەی گەندەڵییەكەیە، وە ئەگەر ڕاپۆرتە كە پشت ببەستێت بە وەرگرتنی ڕای خەڵك لەسەر ئەو شوێنە، ئەوا بیگومان كاری ڕۆژناموونووسەكە دەبێتە ئەوەی كە بەدوای ئەو كەسانەدا بگەڕێت كە قسەیان هەیە لەسەر ئەو گەندەڵیە و ڕۆژنامە نووسەكەش تەنیا ئەركی گەیاندنی ئەو پەیامانەیە بە ئامانەتەوە نەك ڕەئی دان، وە ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت كە ئەو ڕۆژنامەنووسە لایەنگری بكات (كە هەندێك بەو شێوەیە لێكی دەدەنەوە)... بەڵًكو ئەو تەنیا ئەو پەیامانە دەگوازێتەوە و ڕای ئەوان وەردەگرێت و هیچ ڕایەكی خۆی تێدا نابێت، وە دیارە ئامانجی ڕۆژنامەنووسەكەش دەبێت ئەو بەرپرسیاریەتیەی تێدا بێت كە ڕاپۆرتەكەی خزمەت بە نەتەوەكەی بكات و ڕاپۆرتەكەی نەچێتە قاڵبی خزمەت كردن بەگەندەڵی، چونكە ئەگەر ڕۆژنامەنووس بەرپرس بێت ناچێت لە ڕاپۆرتەكەیدا وەسفی گەندەڵی بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە كاردەكات.
ئەمەی سەرەوە وەك نموونەیەك باسم كرد بۆ ئەوەی لای هەمووان دیاربێت كە چۆن لە لاپەڕە پێنجی ژمارە (407)ی (16/2/2009)ی ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) بەداخەوە! ئەو ڕاپۆرتەی بەندە ئامادەی كردبوو لەمەڕ سەرنجی ئەو لایەنانەی كۆنفرانسی (ئابانت پلاتفۆرم) یان بە باش نەزانیوە كە لە هەولێر سازدرا لە (15-16/2)دا بەڵام جارێكی تر دەیڵێمەوە بەداخەوە! ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) ئەو پەیامەی منیش و ئەو لایەنانەی بە ئامانەتەوە نەگەیاند و زۆربەی بۆچوونی ئەو لایەنانەی پێچەوانە كردۆتەوە و هاوكات لەنێو ڕاپۆرتەكەدا هەندێ ڕای تێدایە كە بەهیچ شێوەیەك دوور و نزیك ڕای من نییە و پەیوەندی بە منەوە نییە، وە سرووشتی ڕاپۆرتەكەش (ئەوەی كە من ئامادەم كردووە) پێویستی بەوە نەبووە من ڕا بدەم لەسەری...
ئەو مانشێتەی من بۆ ڕاپۆرتەكەم ئامادەم كردبوو بەم شێوەیەبوو (پاش ئەوەی لە دیاربەكر ڕێی پێنەدرا، گروپی فەتحوڵا گولەن، لەهەولێر كۆنفرانس دەبەستێت) بەڵام كاتێك ڕاپۆرتەكەم لە ژمارەی لەسەرەوە ئاماژە بۆ كراوی ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە)دا بڵاو بۆوە، بەم جۆرە بوو (كۆنفرانسی ئابانت پلاتفۆرم ڕۆشنبیرانی كورد و تورك كۆدەكاتەوە)، وە لە بەشێكی پێشەكی (لید)ی ڕاپۆرتەكەی مندا هاتووە: (ڕۆشنبیران و پارتەكوردییەكانی كوردستانیش كارەكانی ئەم گروپە و ئایدۆلۆژیاكەی بەمەترسی بۆ سەر گەلی كورد دەزانن و هۆشداریی دەدەنە بەرپرسانی هەرێم كە بەشداری وەها كۆنفرانسێك نەبن كە هیچ لەخزمەت كێشەی كورددانییە) بەڵام لەو پێشەكییە گۆڕڕاوەی كە لە ڕۆژنامەكەدا بڵاو بۆتەوە بەمشێوەیەیە: (كارەكانی كۆنفرانسەكە دەرگا بەڕووی بیرو ڕا جیاوازەكاندا دەكاتەوە و چاودێرانیش بەهەنگاوێكی گرنگی دەزانن...) كە ئەمەش بەو مانایە دێت كە (100%) سەدی سەد ئامانجی ڕاپۆرتەكە گۆڕدراوە، وە لە چەند شوێنێكی تریشدا لەو نموونەیەی تێدایە كە دەرفەت نییە هەمووی لێرەدا باس بكەم...
بۆیە لێرەوە بە پێویستم زانی، وە بۆ ئەوەی مێژووی ڕۆژنامەوانی و قەڵەمی ڕۆژنامەوانیم ڕەش نەبێت، ئەم سەرنجانە بدەم و لێرەوە ڕای دەگەیەنم كە ڕاپۆرتێكی بەو چەشنە بڵاوە بوو هیچ كات ئامادە نیم بە ناوی منەوە بڵاوبێتەوە، وە داوا لە ڕۆژنامەكەش دەكەم ئەو كارە ڕاست بكەنەوە بە پێی پرەنسیپە ڕۆژنامەوانییەكان...


تێبینی:
ئەم ڕوونكردنەوەیەی سەرەوەم نارد بۆ ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) تاوەكو وەك ئەركێكی ئەخلاقی و ڕۆژنامەوانی، وە بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی لە دووژمارە دوایی ئەوەدا بڵاوی بكەنەوە، بەڵام وادیارە چەند ژمارە تێپەڕی و بڵاویان نەكردەوە، بۆیە ناچاربووم لە ڕێگەی سایت و ڕۆژنامەكانی ترەوە ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەمەوە، تاوەكو خوێنەر لە ڕاستی ڕاپۆرتەكەی من بگات، هاوكات ئەو خەمخۆریەی ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) بخاتە ڕوو كە بۆ پارتەكەی ئەردۆگان و گروپی فەتحوڵا گولەن هەیەتی...
لەگەڵ ئەم ڕوونكردنەوەیەدا بەهیوام بەپێی دەرفەتی سایتە بەڕێزەكان، ئەو ڕاپۆرتەی من ئامادەم كردبوو بڵاو بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو چەواشەكارییەی كە ڕۆژنامەی (ڕۆژنامە) ئەنجامیداوە ڕوونتر بێتەوە بۆ خوێنەرانی بەڕێز...



لەگەڵ ڕێزی
كاروان سالار
22/2/2009
Salar_karwan@yahoo,com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە