مەرحەبا حكوومەت
Sunday, 23/09/2012, 12:00
لە كاتێكدا باردۆخی وڵاتەكەمان لە قەیرانى سیاسی شڵەژاوە و نازانێن بەرەو چ ئاستێك دەڕوات هەر تاكە كەسێكی ئەم وڵاتە دەكەوێتە دڵەڕاوكێ كە دەبێتە هۆی ململانێ بێمتمانەیی لە گەڵ بەرامبەر و لە هەمان كاتدا لە گەڵ بیر و هزر و هوشیاری عەقڵی خۆی شەڕ دەكات ئەوە گەورەترین قەیرانی كۆمەڵایەتی دێنێتە كایەوە لە رێگەى تاكەكانەوە ، سیاسەتمەداران ئەوە دەكەنە بیانوو كە وا ئێمە لە قەیرانێكی گەورەین چوونكە دووژمنی زۆرمان لە دەوروبەرە ، ئەم وتەیە بۆتە وشە زەقەكانی ئەمرۆی قەیران، بێ گوومان ئەوە هەموو دەزانین بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەى تاكەكان یان هاوڵاتیان باجەكەى بدەنەوە ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسەكان قۆرغی هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان خستۆتە ژێر چەتری رەحمەتی خۆیان .
دەبێت هوشیاری خەڵك بگاتە ئەو ئاستە كە مافی هەیە وەك هەر بەرپرسێكی ئەم وڵاتە و چ ئەركێكی لەسەر شانە ئەمەیە بۆتە قەیرانە گەورەكە ئەگەر بە ووردی بیری لێبكەینەوە (ماف و ئەرك) دیارە لە سایەیی پێدانی ماف ئەركەكان جێبەجێدەكرێن لە لایەن تاكەكانەوە وگلەییكان روو لە كەمی دەكەن تا ڕادەیەك ،ئەویش لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەبێت جێبەجێبكرێت بە بێ چاو پۆشین لە خزم و نزیكەكانی بەرپرس یان بە پشگیری حزبی لە دام و دەزگاكان دابمەزێن واتە جیاكردنەوەى حزب لە حكومەت ئەمە خەونی یاخییەكانە كە هەمیشە یاخیین لە كردەوە نارەواكانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە ، یان زۆربەى جار روو دەكرێتە لایەنە پەیوەنیدارەكان بۆ هەر رەخنەیك بێت لە بێكاری گەنجان و لاوان و كەم تەرخەمی دەزگاكانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەكوو ئاو و كارەبا و قیرتاوكردنی رێگاوبان و بیمەى بێكاری ... وهتد ، هاوكات دێنە وەڵام بە بەراوەردكردنی حوكمڕانیان بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی پێشووی حكومەتی بەعسی خوێن رێژ و دیكتاتۆر ، زۆر سەیرە ئەم وەڵامە واتە خۆی بەراوەرد دەكات لەگەڵ حكومەتێكی دیكتاتۆر و خوێن رێژ ،بەڵام بیر لەوە ناكەنەوە بۆ چی خەڵك یاخیی بوو لە كردەوەكانی دەسەڵاتی فاشیستی بەعس ، و خەونی زۆربەى هاوڵاتیان بوو بۆ لە ناو بردنی ئەو دەسەڵاتە ، ، وە تا ئێستاش هەر شتێك كرابێت هیچ منەتێك نیە بكرێت بەسەر هاوڵاتیان چوونكە خەڵك لەو حكومەتەی پێشوو بێزار بوو لەبەر ئەوەی بتوانێت مافەكانی خۆی بەدەستبهێنێت لە سایەیی حكومەتێكی مافپەروەر وەدەسەڵاتدارێتی بەرەو وڵاتێكی پێشكەوتوو ، با خۆی بەرواوەرد بكات لە گەڵ وڵاتە پێشكەوتووەكان لە رێی ئایدیا و بەرنامەی پلاندارێژ .. وڵاتێك وەكوو ئێمە نازانێت دوارۆژی چی چاوەڕوانە و چارەنووسەكەى نادیارە زۆر مەترسیدارە بۆخۆی ، حكومەتی هەموو دوونیا مەحكومە بەوەی كار دابین بكات بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەكەى ئەگەر نا ئەوە با كوورسییەكانیان چۆڵ بكەن وەك چۆن ماوەیەك لەمەوبەر حیزبی دەسەڵاتدار لە وڵاتی هۆڵندا دەستلەكاركێشانەوەى خۆیی ڕاگەیاند لەبەر چەند هۆیەك بۆ ئەوەی لەسەری نەكەوەی و متمانەی خەڵك لە دەست نەدات و بە راشكاوی داواى هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد یان وڵاتێك وەكوو نەرویج توانیویەتی 300 ساڵ بیمەى ژیانی هاوڵاتیانی دابین بكات بە ئەجنبیەكانیشەوە كە ساڵانە چەندین لاجیئ رووی تێدەكەن یان با دوور نەڕۆین وڵاتە خلیجیەكان بە ماوەی 30 ساڵ چ پێشكەونێكی بەخۆیەوە بینی .... ئەمەو چەند نمونەیەكی نزیك و دوور لە بەرچاو كە ببێتە مایەیی دەرس وەرگرتنێك بۆ حكومەت كە خەمی خەڵكیی بێت ، ئیتر بەسە زەردەخەنەى لێوەكانتان و رووكردن بە ماڵەكان بۆ سواڵكردنی دەنگێك و بە كۆمەڵێك بەڵێن و شیعاراتی بریسكەدار لە كاتی هەڵبژاردنەكان چونكە دوای ئەوە دەم چاوەكانیشتان دەگۆڕێ بۆ مەرحەبایەك
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست