بەختیار عەلی و وتاردزین لە رۆژنامەگەریی كوردی دا
Saturday, 05/02/2011, 12:00
ئارام سۆرانی
بەختیار عەلی و وتاردزین لە رۆژنامەگەریی كوردی دا
ئارام سۆرانی
لێشاوی بڵاوكردنەوەی رۆژنامە و گۆڤار لە هەرێمی كوردستان بەهەموو لایەنە چاكەكانیەوە، خاوەنی كۆمەڵێ نەخۆشی و دیاردەی خراپیشە كە نابێ لەبەركەس چاوپۆشیان لێ بكرێتن، چونكە ئەو دیاردە خراپانە هاوشێوەی نەخۆشی شێرپەنجەن كە لەگەڵ هەوڵدان بۆ پەردەپۆش كردنیان، ئەگەری ئەوە هەیە بە هەموو جەستەی نەخۆشەكەدا بڵاو ببێتەوەو كەسی توشبوو دووچاری مردن بكاتەوە.
ئەو دیاردە خراپانەی لە رۆژنامەگەری كوردی دا هەیە، ئەبێ بە هەمو لایەك هەوڵی بنەبڕ كردنیان بدەین چونكە چاوپۆشی و فەرامۆش كردنی یەكسانە بە پەرەسەندنی بۆ لایەنەكانی تری رۆژنامەگەری.
بۆ راستی قسەكانیشم لەم رۆژانە لاپەرەكانی رۆژنامەی چەترم ئەخوێندەوە و وتارێكی بەپێز بەناوی -گەنجانی زانكۆو كڵێسە سەرنجی ڕاكێشام كە لە نوسینی ئامانج قادر- بوو كاتێ خوێندمەوە زۆر پڕ ناوەرۆك بوو بەداخیشەوە ناوی نوسەرەكەیم زۆر نەبیستبوو. بەڵام بە ستایلی نوسینەكەدا لە هی نوسەری ناسراوی كورد بەختیار عەلی- ئەچو، كاتێ سێرچم بۆ هەمان ناونیشانی وتار كرد سەیر ئەكەم هەر ئەو وتارە چەند مانگێ لەمەوپێش لە رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوكراوەتەوەو هی -بەختیار عەلی-ە!!
ئەمە كارەساتێكی گەورەیە لە رۆژنامەگەری كوردی و سەیرە سەرنوسەری رۆژنامەیەك بەشی ئەوەندە شارەزایی لە نوسین نەبێ كە ستایلی نوسینەكانی بەختیار عەلی- نەناسێتەوە كە لێوانلێوە لە هزرو لێكدانەوەی نوێ. ئەم بەناو نوسەرە لە هەر كوێیەك بێ و لەناو ئەو رۆژنامەیەشا كار بكات، ئەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵ دا بكرێت و بەهەموو لایەك لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو رۆژنامەو رۆژنامەنوسانەیشدا بكەین كە خەریكە بواری رۆژنامەگەری بەرەو ناشرین بوون ئەبەنو لەسەر سكەی پیرۆزی خۆی، ئاوەژووی ئەكەنەوە!!.
ناونیشانی وتارەكەی بەختیار عەلی
http://www.awene.com/DirejeyGoshe.aspx?Jimare=659 بەڵام لە رۆژنامەی چەتر ژمارە 42 لە لاپەرە 13دا بڵاوكراوەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست