پارتی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی مه‌لامسته‌فا بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ كۆنگره‌دا ده‌چه‌سپێنێت

Monday, 13/12/2010, 12:00




پارتی له‌ كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌یدا بۆ توندكردنه‌وه‌ی جڵه‌وی شوێنكه‌وتوانی له‌ده‌وری بته‌كه‌ی سه‌ری ڕ‌ه‌ش، سودی له‌ پێوه‌ری قه‌یتان وه‌رگرت. پێوه‌ری قه‌یتان، یه‌كێكه‌ له فه‌لسه‌فه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی قوتابخانه‌ی بارزانی و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم دا له‌لایه‌ن مه‌لامسته‌فاوه‌ داهێنراوه‌، كاتێك كه‌‌ مه‌لا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا به‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌ڵێت: "من قه‌یتانی پێڵاوه‌كانتم."
به‌ قسه‌ی قسه‌كه‌ران حیكمه‌تی ئه‌م ڕێبازه‌ له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رپێڵاوێك بێقه‌یتانبێت له‌ پێدا شه‌قده‌بێت و له‌ كاتی ڕۆشتندا مه‌ترسی به‌ جێمانی لێده‌كرێت. بۆیه‌ پارتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌جێنه‌مێنێت له‌ كۆنگره‌ی 13- یدا وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ مه‌لا مسته‌فا توانی ڕێبازی قه‌یتان جێبه‌جێبكات و هه‌موو كۆنه‌ جاش و مسته‌شاره‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ پێی سه‌دام و ڕژێمی به‌عس به‌جێماون جارێكی تر به‌ قه‌یتان له‌پێی خۆیدا توندبكاته‌وه‌ بۆ پلیشاندنه‌وه‌ی سه‌ری كورد و هاڕینی بایه‌خه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی.
بۆ زانیاری زیاتر په‌یوه‌ندیمانكرد به مام ڕه‌شۆوه‌ كه‌ شاره‌زای بواری قه‌یتانه،‌‌و‌ به‌رپرسی ئه‌رشیفی قوتابخانه‌ی به‌رزانییه‌ له‌ سه‌ری ڕه‌ش-ی زه‌وتكراو. مام ڕه‌شۆ سه‌ره‌ڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی تێبینییه‌كانی سه‌ره‌وه‌مان، ووتی:|" له‌ڕاستیدا ئه‌من له‌ بۆ خۆم خۆنده‌واریم نییه‌، به‌ڵام وه‌كی بیستیمه‌ توندكردنه‌وه‌ی قه‌یتان، گرنگییه‌كه‌ی ته‌نها له‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق نییه‌، وڵاتانی دراوسێش ده‌توانن له‌ قه‌یتانه‌ توندوتۆڵه‌كه‌ی پارتی سه‌رپشكبن‌ و له‌كاتی پێویستدا به‌كاری بینن، خۆ ئه‌گه‌ر باو‌ه‌ڕ به‌ قسانیشم ناكه‌ن ئه‌وا ٣١-ی ئابی كن سه‌دامی و فڕكوفڕكانی له‌شكری تورك و فارسی له‌ بۆ سه‌ر كوردستان باشترین شایه‌تن، ئه‌وه‌ سه‌رۆكه،‌ سه‌رۆك به‌رزانی-یش له‌بۆ خۆی عه‌كیمه‌ عه‌كیم."
ئه‌مه‌و پرسیارێكی ترمان ئاڕاسته‌ی مام ڕ‌ه‌شۆ كرد،و گۆتمان: باشه‌ ئه‌گه‌ر مه‌لامسته‌فا خۆی به‌ قه‌یتان ناوبردبێت ئه‌دی ده‌بێت گه‌له‌كه‌ی به‌ چی؟ مام ڕه‌شۆ له‌ وه‌ڵامدا ووتی : براله ئه‌وه‌ قسه‌ی مه‌رجه‌عییه‌ته‌ كه‌س بۆی نییه قسانی له‌سه‌ر بكات، ئه‌دی ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌عییه‌ت نه‌با كاك مه‌سحودی ٣١-ی ئابی نه‌ده‌كرد، له‌گه‌ڵ خومه‌ینی شه‌ڕی كوردی ئه‌ودیوی نه‌ده‌كرد، له‌گه‌ڵ توركی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ی نه‌ده‌كرد. ئێ بابی ڕه‌عمه‌تی شه‌ڕی له‌بۆ كێ نه‌كرد حاقیبه‌تی ئاشبه‌تاڵی ‌كرد، كاك مه‌سحودیش كوڕی بابی خۆیتی. مام ڕه‌شۆ درێژه‌ی به‌ قسه‌كانیداو ووتی: ئێ براله‌ به‌ خودێ مه‌سه‌له‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی قه‌یتانی نییه‌، مه‌سه‌له‌ی ڕاوڕوت و كوشتنیش زیادیكردییه‌، به‌ڵام توخودای له‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی ڕاو و ڕوتی ناوی من مه‌ینن و مه‌رێن ئه‌من گۆتیتم."
له‌ كۆتایدا داوامان له‌مام ڕه‌شۆ كرد ڕێگه‌مان بدات بچین له‌نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی ئه‌رشیفخانه‌كه‌‌ی به‌رزانی بكه‌ین، دایه‌ قاقا و گۆتی: "براله‌ به‌ خودای هیچی تێدانییه‌، یه‌ك ژوور و هه‌یوانێكه‌ زكری تیاده‌كه‌ین بۆ ڕسق لۆ كاك مه‌سحودی، ئه‌نگۆ له‌ بۆ كتێب ومتێبی ده‌گه‌ڕێن، سه‌ری خۆتان مه‌یشێنن،و له ‌بۆخاتری خودای منیش توشی به‌ڵایه‌كی مه‌كه‌ن،خواتان له‌گه‌ر بی، لێمگه‌ڕێن با جغاره‌یه‌كی پێكه‌م چێتره‌.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە