کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"وتاری‌ سیاسی‌‌و ستراتیژی‌ كاركردنمان له‌به‌غدا جیاوازه‌"

Wednesday, 21/10/2009, 12:00


نه‌وشیروان مسته‌فا: په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند له‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو نه‌ته‌وه‌وه‌ كراونه‌ته‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو حیزب‌و حكومه‌تی‌ عێراق

نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا به‌حیزبی‌ كراوه‌و له‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو نه‌ته‌وه‌وه‌ كراوه‌ته‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو حیزب‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌".
له‌میانی‌ به‌رنامه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ كه‌ناڵی‌ KNN، نه‌وشیروان مسته‌فا وتی‌: "پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌به‌غدا كاریان كردوه‌ بۆ به‌حیزبیكردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كورد‌و عه‌ره‌بیان كردوه‌ به‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو حیزب له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ به‌غدا له‌جیاتی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان دو نه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ندی‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب، په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ عێراق".
وتیشی‌: "با حه‌ق‌وحسابێك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و سه‌ركردایه‌تییانه‌دا بكه‌ین بزانین له‌ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی‌ رابوردودا چییان كردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140، بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شی‌ كورد له‌وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ دیاری‌ بكرێت، له‌باڵیۆزخانه‌كانی‌ عێراقدا نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌میلیشیای‌ حیزب‌و هێزی‌ سه‌ر به‌حیزبه‌كان ببێته‌ هێزێكی‌ نیزامی‌ مۆدێرن له‌ڕوی‌ چه‌ك‌و له‌ روی‌ راهێنان‌و له‌ روی‌ رێكخستنه‌وه‌، چیان كردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و مافانه‌ی‌ كورد كه‌ له‌ده‌ستوری‌ عێراقدا چه‌سپێنراون. ئه‌وان ئه‌وه‌یان به‌لاوه‌ گرنگه‌ له‌به‌غدا چ پله‌وپایه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن، ده‌ستكه‌وتی‌ مادی‌ حیزبه‌كانیان چه‌نده‌، تاچه‌ند ده‌توانن خزمه‌ت به‌حیزبه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن.
با له‌په‌رله‌مانتارانی‌ خۆمان له‌به‌غدا بپرسین بۆ به‌ڕه‌سمی‌ ناسینی‌ زمانی‌ كوردی‌، بۆ دابینكردنی‌ به‌شی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 75 باڵیۆزخانه‌ی‌ ئێستای‌ عێراق، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌ له‌ سوپایه‌كی‌ نیزامیدا، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، چه‌ند پرۆژه‌یاسایان ته‌سلیمی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كردوه‌و ئه‌وان ره‌تیان كردبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێشكه‌شیان كردوه‌و ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ با بۆمان باس بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌شیان كردوه‌ بۆچی‌ نه‌یان كردوه‌ بابۆمان رونبكه‌نه‌وه‌".
نه‌وشیروان مسته‌فا رونیكرده‌وه‌ "هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌هه‌ندێك لایه‌نه‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان گرنگتره‌ چونكه ‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق جۆری‌ به‌شداریكردنی‌ كورد له‌ده‌زگای‌ بڕیاردان‌و سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌و پشكی‌ كورد له‌بودجه‌و سوپای‌ عێراقدا دیاری‌ ده‌كرێت".
دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌جیا به‌شداریی‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌كات‌و هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ هیچ لایه‌نێكدا ناكات.
له‌و روه‌وه‌ وتی: "گۆڕان له‌ئێستاوه‌ تا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و لایه‌نانه‌دا ده‌كات كه‌ به‌شداریی‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ئارامی‌‌و به‌پاكوبێگه‌ردی‌ تێپه‌ڕێت‌و زۆرترین كه‌س به‌شداریی‌ تێدا بكه‌ن به‌ڵام بۆ مه‌سه‌له‌ی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ نه‌ له‌كوردستان‌و نه‌ له‌عێراق هاوپه‌یمانێتی‌ سیاسی‌ له‌گه‌ڵ‌ هیچ لایه‌نێكدا ناكه‌ین".
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكدا بۆچی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هاوپه‌یمانێتی‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ كوردستاندا ناكات، سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وتی‌: "له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان وتاری‌ سیاسی‌‌و ستراتیژی‌ كاركردنمان له‌به‌غدا جیاوازه‌، ئه‌وان وتارێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ روكه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ جێبه‌جێكردن له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع زۆر جیاوازن له‌یه‌كتری‌".
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ تردا كه‌هه‌ندێك لایه‌ن وابڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان زیان به‌كورد ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌وشیروان مسته‌فا وتی‌: "ئه‌و لایه‌نانه‌ زیانی‌ گه‌وره‌یان به‌كورد گه‌یاندوه‌ كه‌وایانكردوه‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو دهۆك دابه‌شببێت، دو ئیداره‌ییان دروستكردوه‌، تائێستا دو پێشمه‌رگه‌، دو ئاسایش، دو ده‌زگای‌ زانیاری‌‌و پاراستن هه‌ن، دارایی‌ دو وه‌زاره‌ته‌، پێشمه‌رگه‌ دو وه‌زاره‌ته‌، ناوخۆ دو وه‌زاره‌ته‌. ئه‌مانه‌ له‌كه‌ركوكیش هاوڵاتیبونی‌ كوردستانییان نه‌كردوه‌ به‌به‌رنامه‌ی‌ كار به‌ڵكو له‌وێش ئیداره‌یان دابه‌شكردوه‌ بۆ ئیداره‌ی‌ دو حیزب. ئاسایشی‌ دو حیزبه‌كه‌ جیاوازه‌، پۆلیسی‌ دو حیزبه‌كه‌ جیاوازه‌، ته‌نانه‌ت له‌شكری‌ موچه‌خۆره‌كانیشیان به‌شكردوه‌، به‌شێكی‌ سه‌ر به‌هه‌ولێره‌و به‌شێكی‌ سه‌ر به‌سلێمانییه‌. به‌كردار ئه‌وان زیانیان به‌یه‌كێتیی‌ ریزه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد گه‌یاندوه‌".
وتیشی‌: "ناتوانین له‌گه‌ڵ‌ هێزێكدا هاوپه‌یمانی‌ سیاسی‌ دروست بكه‌ین بۆ ماوه‌ی‌ چوارساڵی‌ داهاتو، له‌كاتێكدا رۆژانه‌ لایه‌نگره‌كانمان له‌كاره‌كانیان ده‌رده‌كه‌ن. به‌ڕێوه‌به‌رو یاریده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ر، قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كان له‌سه‌ر بیروبۆچونی‌ سیاسی‌ سزاده‌ده‌ن، پێشمه‌رگه‌و ئاسایش‌و ئه‌فسه‌ره‌كان له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی‌ جیاواز ده‌رده‌كه‌ن. چۆن ده‌توانین زمانێكی‌ هاوبه‌ش‌و به‌رنامه‌یه‌كی‌ هاویه‌ش دروست بكه‌ین، چۆن ده‌توانین متمانه‌یان پێبكه‌ین له‌پاشه‌ڕۆژدا جارێكی‌ تر هه‌ڵناگه‌ڕێنه‌وه‌".
رونشیكرده‌وه‌، كوردستانی‌ عێراق به‌ناو یه‌ك ئیداره‌یه‌ ئه‌گینا له‌ راستیدا دو ئیداره‌یه‌.
دوپاتیشیكرده‌وه‌ "بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌بێته‌ ئه‌و هێزه‌ی‌ كه‌ به‌رگرییه‌كی‌ سه‌رسه‌خت له‌مافی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ میله‌تی‌ كورد له‌ئێستاو له‌پاشه‌رۆژیشدا ده‌كات ، له‌م بواره‌دا رێگه‌ به‌كه‌س ناده‌ن موزایه‌ده‌یان به‌سه‌ردا بكات"‌و ده‌پرسێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ پێنج ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌به‌غدا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ، چیان كردوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی‌ كورد؟.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە