کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو بۆ هه‌موو جه‌ماوه‌ری کوردستان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان

Tuesday, 08/12/2009, 12:00


له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی كۆتایی هاتنی خولی ئێستای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، دانوستانی لیسته‌كانی ئه‌نجومه‌ن ده‌ستی پێكرد به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ژماره‌ 15ی ساڵی 2005، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ بڕیاربوو په‌رله‌مانتارانی كورد ڕازی نه‌بن هیچ تایبه‌تمه‌ندیه‌ك به‌ پارێزگای كه‌ركوك بدرێت له‌ هه‌مواركردنی یاساكه‌دا به‌ڵام سه‌ره‌نجام ماده‌یه‌ك زیادكرا كه‌ ئاماژه‌ به‌ ووردبینیكردنی لیستی ده‌نگده‌رانی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ره‌وه‌ ووردبینی لیستی ده‌نگه‌رانی هه‌ر پارێزگایه‌كی دیكه‌ چه‌ند مه‌رجی قورسی بۆ دیاریكرا، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بڕیاردرا كورسیه‌ ماوه‌كان بدرێته‌ لیسته‌ براوه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌قازانجی لیسته‌ گه‌وره‌كانه‌و به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌ران ده‌نگه‌كانیان به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی پێویست له‌ كورسیه‌كان بۆ ده‌نگده‌رانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕه‌چاونه‌كرابوو، هه‌ربۆیه‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ ده‌ربڕی و ده‌نگى به‌ یاسایه‌كه‌ نه‌دا.

پاشتریش راستى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى یه‌كگرتوو له‌دژی یاساكه‌ له‌ دابه‌شكردنى كورسیه‌كان به‌سه‌ر پارێزگاكاندا ده‌ركه‌وت كه‌زیانى هه‌ره‌ گه‌وره‌ به‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وتبوو.

ڤیتۆكردنی یاساكه‌ش له‌لایه‌ن به‌رێز تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار هه‌لێكی زێڕینی دا به‌كورد بۆ ئه‌وه‌ی داوای كورسیه‌ له‌ده‌ستچووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات كه‌ لێ كه‌مكرا بۆوه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌ بڕیاردرا پشت به‌ ئاماری ساڵى 2005ی وه‌زاره‌تی بازرگانی ببه‌سترێت به‌زیادكردنى 2.8% له‌پارێزگاكان بۆ هه‌رساڵێك، بۆیه‌ لیستی یه‌كگرتوو دووباره‌ ناڕه‌زایی ده‌ربریه‌وه‌ له‌سه‌ر بڕگه‌ی دابه‌شكردنی كورسیه‌ ماوه‌كان به‌سه‌ر لیسته‌ براوه‌كاندا له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوی مایه‌وه‌و بۆ جاری دووه‌م له‌دژی ئه‌و بڕگه‌یه‌ ده‌نگیدا.

به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌ربوونی دووباره‌ ڤیتۆ نه‌كردنه‌وه‌ی یاساكه‌ش له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاریكی بۆ ڕاڤه‌كردنی یاساكه‌ په‌سه‌ندكردو تێیدا ژماره‌ی كورسیه‌كانی هه‌ر پارێزگایه‌ك دیاریكرا، پێش ده‌نگدان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ هه‌ردوو فراكسیۆنی یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانی و شاندی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌له‌ به‌غدابوون یه‌كده‌نگ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاخود یاساكه‌ ڕێوشوێنی ده‌ستوری خۆی وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر به‌ڤیتۆكردنیش بێت، یان پێكهاتنێكی سیاسی به‌دیبێت به‌مه‌رجێك ڕێژه‌ى كورسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌رله‌مانی داهاتوو له‌و ڕێژه‌ى ئێستا هه‌یه‌تی كه‌متر نه‌ بێت و به‌كۆی ده‌نگیش ئه‌و دوو ئه‌گه‌ره‌ په‌سه‌ندكرا.

به‌ڵام له ‌گه‌رمه‌ی گفتوگۆو ووتوێژه‌كانداو له‌ كاتژمێر 11ى شه‌وى 5/6/12/2009 له‌ناكاو نوێنه‌رانى هاوپه‌یمانى بڕیاریاندا كه‌ڕازیبن به‌ 41 كورسى له‌په‌رله‌مانی داهاتوو بۆ سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ده‌كاته‌ ڕِێژه‌ی 13.2%، به‌مه‌ش ڕێژه‌ی كورد به‌بڕی 2% ى كه‌متر ده‌بێت له‌و ڕێژه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی له‌ په‌رله‌مان.

كاتێكیش له‌هۆكاری گۆڕانی هه‌ڵوێستی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانیمان پرسی ئاماژه‌یان به‌ فشارى ئه‌مریكاو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان كردو باسیان له‌وه‌كرد كه‌ ئۆباما ته‌له‌فونى كردووه‌و كۆشكى سپى بڕیارى داوه‌ پشتگیرى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140ى ده‌ستورو ئه‌نجامدانی سه‌رژمێرى گشتى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكات.

ئێمه‌ش وه‌كو لیستی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕمان وابوو كه‌ ناكرێت به‌رده‌وام لایه‌نی كورد له‌داواكانی بێته‌خواره‌وه‌و پێمان وابوو 41 كورسی بۆ هه‌رێمی كوردستان نادادیه‌كی ئاشكرایه‌ ده‌رهه‌ق به‌هه‌رێمی كوردستان و زیانى ده‌بێت بۆ ئاینده‌ى هه‌رێم ، له‌هه‌مانكاتدا بڕوامان به‌و به‌ڵێنانه‌ نه‌بوو چونكه‌ ته‌نها زاره‌كی بوون و به‌شێوه‌ی نووسراو و دێكۆمێنت نه‌بوون، هه‌ربۆیه‌ بڕیارماندا بۆ جاری سێیه‌م ده‌نگ نه‌ده‌ین و پێش ده‌نگدانیش لیستی هاوپه‌یمانیمان ئاگاداركرده‌وه‌و له‌دانیشتنه‌كه‌شدا داوامانكرد بۆچوونی خۆمان له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌رببڕین به‌ڵام ڕێگه‌مان پێنه‌دراو له‌كاتی ده‌نگدانیشدا له‌دژی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌نگمانداو كاتێكیش سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند بڕیاره‌كه‌ كۆی ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌ دیسان ناڕه‌زاییمان ده‌ربڕی هه‌ربۆیه‌ ناچاربوو پاشگه‌زببێته‌وه‌و بڵێت نزیكه‌ی كۆ ده‌نگی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێناوه‌، ئێمه‌ش ڕاسته‌وخۆ دواى دانیشتنه‌كه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان بخه‌ینه‌ڕوو تا ڕای گشتی له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ .



فراكسیۆنی

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

7/12/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە