کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌نفال ؛ ئیهانه‌كردنێكى وجودى به‌ كه‌سێتى نه‌ته‌وه‌یى و ئیسلامیمان

Thursday, 15/04/2010, 12:00


ئه‌نفال وه‌ك گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مێژووی نوێی كورد و بزافه‌ رِزگاریخوازه‌كه‌ی، هه‌ڵگری زیاد له‌ ئاماژه‌ و هێما و ئاراسته‌یه‌كی فكری و سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و ئه‌خلاقییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌، هه‌ست ناكرێت تا ئێستا به‌گوێره‌ی پێویست له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاری تاك و نه‌ته‌وه‌یی كورد ئیشی بۆ كرابێت و، به‌شێوه‌یه‌كی مه‌نهه‌جی ته‌وزیف بكرێت و بكرێته‌ كه‌ره‌سه‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌كی به‌گورِتری نیشتمانی و رِواندنی هه‌ست به‌ كیبریائێكی ئینسانی و به‌هێزكردنی ئیراده‌ی ژیاندۆستی له‌ كوردستاندا. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردنێكی نامه‌نهه‌جی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ و نه‌بوونی دیدێكی نیشتمانی په‌روه‌رده‌یی و سیاسی گرنگ، كه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌ركه‌وت و ئاماژه‌ و په‌یامه‌كانی بكات به‌ كه‌ره‌سه‌یه‌كی تری په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی نیشتمانی و سیاسی و، جارێكی تر خۆپێناسه‌كردنه‌وه‌ و برِیاردان بۆ ده‌رچوون له‌ بازنه‌ی به‌شێ له‌و جه‌بره‌ مێژووییانه‌ی كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ وزه‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌سه‌رخۆیه‌كی شایسته‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارچه‌كانی كوردستاندا سه‌ندۆته‌وه‌. ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ی ئه‌نفالیشی پێ ده‌خوێندرێته‌وه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا بایه‌خی خۆی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌، چونكه‌ جیاوازی مه‌نهه‌جه‌كان به‌ره‌نجام و جۆری مامه‌ڵه‌ی جیاوازمان پێ ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌وانیش له‌لای خۆیانه‌وه‌ تێرِوانین و هه‌ڵوێستی جیاوازی فكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌ش به‌حاڵی خۆم یه‌كێ له‌ رِووه‌ گرنگه‌كانی ئه‌نفال به‌ ئیهانه‌كردنێكی قووڵی خوێناوی به‌عس و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منی و ئایدۆلۆژییه‌كه‌ی بۆ كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیمان تێده‌گه‌م. رِووی دووه‌می ئه‌م قسه‌ش، یاخود ئه‌م بۆچوونه‌، فراوانكردنی رِه‌نگدانه‌وه‌كانی بازنه‌ی ئه‌نفاله‌ بۆ سه‌رجه‌م جه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ كوردییه‌كه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ ئاستی كوردستانی خۆماندا، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان و رِه‌وه‌ندی كوردیش له‌ دنیادا، چونكه‌ سه‌ره‌نجام كه‌سێتی مه‌عنه‌وی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیمان به‌ره‌نجامی یه‌كگرتنێكی مه‌عنه‌وی سه‌رجه‌م تاك و پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ رِێی داسه‌پاندنی سزای مه‌رگی به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌شێ له‌ دانیشتوانی كوردستان و هاووڵاتیانی كورددا، به‌عس ویستویه‌تی ئه‌نفالی شوناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامی خه‌ڵكی كوردستان بكات و، ئاستی هه‌ست به‌ سوكایه‌تی و بچووكبوونه‌وه‌ و بێكه‌سی و لێقه‌وماوی و شكست و ده‌روون به‌زیوی بگه‌یه‌نێته‌ شوێنێ، كه‌ جارێكی تر بیر له‌ سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسانه‌وه‌ و برِیار وه‌رگرتن نه‌كاته‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ ده‌كرێت باس له‌ ئه‌نفالكراوه‌ زیندووه‌كان بكه‌ین، كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری هاووڵاتیانی كوردستان و رِۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌عس له‌رِێی سزادان و بێحورمه‌تكردنی ماددی و جه‌سته‌یی به‌ ئه‌نفالكراوه‌كاندا مه‌به‌ستی بووه‌ سزای به‌كۆمه‌ڵی كوردیش بدات و تێشیان بگه‌یه‌نێ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواستی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ ستراتیژه‌كانی به‌عس، هه‌موو تاك و خێزانێكی كورد پرۆژه‌یه‌كی دواخراوی ئه‌نفالكردنه‌ و ئه‌م داستانه‌ له‌ شوێنێكدا كۆتایی نایه‌ت، ئه‌گه‌ر بێتو كۆتایی به‌ شۆرِش و سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌ی كورد نه‌هێنێ، به‌شداریپێكردنی به‌شێ له‌ چه‌كداره‌ كورده‌كانی پیاوی رِژێمیش له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالكردنه‌كه‌دا، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵێ بوو بۆ شاردنه‌وه‌ی رِووی رِاسته‌قینه‌ی تاوانه‌كه‌ و ته‌مومژ خستنه‌ سه‌ر لێپرسراوێتی ئه‌نجامده‌رانی له‌ ئاسته‌ باڵاكانی حیزب و حكومه‌تدا، ئامرِازێكیش بوو بۆ ئیهانه‌كردنی كورد و كه‌سێتی به‌نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامییه‌كه‌ی به‌عس ده‌ویست له‌رِێی ئه‌و به‌شدارییه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێ كه‌ ئێوه‌ جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێ خه‌ڵكی یاخی و رِێگر و بێ شوناس و بێ هه‌ستی ئه‌خلاقی و نیشتمانی، شتێكی تر نین. به‌م جۆره‌ ئیهانه‌كردن له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تێكی رِه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ئاماده‌دا بووبووه‌ ئامرازێكی دۆزه‌خی تری رِوواندنی تۆی گرێی هه‌ست به‌كه‌میكردن و خۆخواردنه‌وه‌ له‌ناو كورددا. بۆئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ شانازیكردن و خاوه‌ن ماف و بوون و یه‌كسانی له‌گه‌ڵ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ مرۆڤی كورددا بكوژێ و ئه‌خلاقی كۆیله‌ له‌ ژیان و بیركردنه‌وه‌ و هه‌ڵوێستگرتنیدا جێگای ئازادیخوازی و سه‌روه‌ری بگرێته‌وه‌، چونكه‌ مرۆڤ هه‌ندێ جار له‌ دۆخێكی دژواردا تووشی جۆرێ له‌ هه‌ستكردن به‌ بێنرخی خۆی ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ به‌شێ له‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا سه‌رده‌كێشێ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، یاخود نه‌هێڵیزم و پوچگه‌رایی و خۆدان به‌ده‌ست شه‌پۆلی ژیانه‌وه‌ و وازهێنان له‌ رِۆڵی خۆی وه‌ك مرۆڤ و هاووڵاتی و ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌شڵێین ئه‌نفال، ئیهانه‌یه‌كی قووڵ بوو به‌ كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیمان، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌سفی واقیع ده‌كه‌ین، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مه‌نهه‌جیه‌تێك ده‌خه‌ینه‌ رِوو بۆ ئیدانه‌كردنێكی قووڵی به‌كرده‌وه‌یی و ستراتیژی بۆ عه‌قڵیه‌تی شوم و ترسناكی پشت ئه‌نفال و كۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ ئایدۆلۆژی و سیاسی و هێمایی و ئه‌خلاقییه‌ی له‌ چوارچێوه‌یدا جینۆساید و ئه‌نفال رِوده‌دات. رِوونه‌ ئه‌نفال هه‌وڵێكی به‌عس بوو بۆ تێكشكاندنی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ قووڵاییدا و لێدانی پایه‌ فه‌رهه‌نگی و كلتورییه‌كانی و لێسه‌ندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی هێز و به‌رده‌وامی به‌خشین به‌ ژیان و بوون و سوربوون له‌سه‌ر جیاوازبوون و داواكاری له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م جیاوازبوونه‌. ئه‌نفال له‌رِێی تێكشكاندنی كۆمه‌ڵگای كوردی و هه‌رِه‌شه‌كردن له‌ بوونی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگا و مه‌به‌ست تیایدا له‌رِه‌گده‌ركێشانی دره‌ختی شۆرِش و رِاپه‌رین بوو له‌ كوردستاندا، بۆئه‌وه‌ی ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ سه‌ركوت بكرێت و ده‌رفه‌تی گه‌شانه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و درِێژه‌پێدانی رِێگای پێ نه‌درێت. له‌ هه‌مان كاتدا سووكایه‌تی بوو به‌ كه‌سێتی ئیسلامیمان، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌نفال كراون و سزای مه‌رگی به‌كۆمه‌ڵیان به‌سه‌ردا درا. نزیكه‌ی تێكرِایان موسوڵمان بوون و له‌سه‌ر رِوانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ ده‌ستدرێژیكردن بۆ سه‌ر ژیان و ماڵ و ناموسیان به‌ حه‌رام دانراوه‌ و بۆ كه‌س نه‌بوو ئه‌و مافانه‌یان لێ بسێنێته‌وه‌. به‌كارهێنانی وشه‌یه‌كی ئیسلامی، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ لێكدانه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیستانه‌ی به‌رچاوته‌نگ له‌ ساڵانی رِابردوودا، نه‌ك هه‌ر هیچ رِه‌وایه‌تییه‌كی ئیسلامی به‌ ئه‌نفال نادات، به‌ڵكو خۆی ئاماژه‌ به‌ ئاستی ئه‌و سوكایه‌تیكردنه‌ی به‌عس به‌ ئیسلامی كردووه‌ و به‌ كه‌سێتی ئیسلامی له‌ عێراق و كوردستاندا كردووه‌. به‌عسییه‌كان خیانه‌تیان به‌رامبه‌ر به‌ها ئیسلامییه‌كان كرد و ناوێكی ئیسلامیان بۆ پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی گه‌لی كوردستان به‌كارهێنا. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ خه‌ڵكی بمانكوژێ به‌ناوی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ى كورد نه‌ماوین. هه‌ڵبه‌ت به‌عس جگه‌ له‌ ناوكارێكی تری به‌سه‌ر ئیسلامه‌وه‌ نه‌بووه‌ و له‌ لێدوانه‌كانی (سه‌دام حسێن و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید)دا به‌رِوونی دیاره‌، كه‌ ئه‌نفاله‌كان به‌ناوی خیانه‌تكردن له‌ عێراق و جیابوونه‌وه‌ له‌ رِیزی نیشتمانی و خیانه‌تكردن له‌ ئامانجه‌كانی حیزبی به‌عس و شۆرِشه‌ چه‌واشه‌كه‌یان ئه‌نفال كراون. من وروژاندنی باسی ئیهانه‌ به‌ كه‌سێتی ئیسلامیمان لێره‌دا له‌ هه‌ڵوێستێكی ئایدۆلۆژییه‌وه‌ ته‌رح ناكه‌م، به‌ڵكو له‌ دیدێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌یخه‌مه‌ رِوو، ده‌مه‌وێت سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ رِاكێشم كه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ یه‌ك كاتدا كورد و موسوڵمان بێت، ئه‌وا ئه‌نفال له‌ یه‌ك كاتدا رِووی كردۆته‌ تێكشكاندن و ئیهانه‌كردنی هه‌ردوو رِووه‌كه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ش ده‌بێت هه‌ردوو رِه‌هه‌نده‌كه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئیدانه‌كردنێكی په‌روه‌رده‌یی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی نه‌خشه‌ بۆدارِێژراوه‌وه‌ به‌كاربێنینه‌وه‌. له‌ رِوویه‌كی تره‌وه‌ وروژاندنی پرسی ئیهانه‌كردن له‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نفالی كوردانه‌وه‌، ئامانج تیایدا به‌گشتیكردنێكی قووڵتری فكری و ده‌روونی مێژووی ئه‌نفال و رِه‌نگدانه‌وه‌كانیه‌تی و، هه‌ست به‌و لێپرسراوێتییه‌ نیشتمانی و ئه‌خلاقی و ئیسلامی و ئینسانییه‌ بكه‌ین، ئه‌م پرسه‌ ده‌یخاته‌ ئه‌ستۆمان. رِاسته‌ به‌جینۆساید ناساندنی تاوانی ئه‌نفال و سزادانی به‌شێ له‌سه‌ره‌ زله‌كانی تاوان و رِه‌شه‌كوژی دژ به‌ كوردانی ئێمه‌ی سارێژ كرد و ده‌رگای ئومێدێكی نوێی به‌رِووی ئاینده‌دا لێكردینه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موومان له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی هاوچه‌رخی به‌هێزدا به‌شدار بین. له‌ رِوویه‌كی تره‌وه‌ داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان و كۆمه‌ڵگا چاوێكمان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان، چونكه‌ سودوه‌رگرتن له‌ بار و گوزه‌رانی خراپی ئه‌وان و سودلێوه‌رگرتنیان بۆ شه‌رِه‌ حیزبییه‌ بێهوده‌كان، ئیهانه‌كردنێكی تر بوو به‌ خۆمان. له‌ ئێستاشدا مانه‌وه‌ی تاقه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی كاره‌ساتباری ئه‌نفال بێ ئاورِلێدانه‌وه‌ی جدی و رِاهێنانه‌وه‌ی بۆ تێكه‌ڵاوكردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌وژمه‌ گشتییه‌كه‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگا، جۆرێكه‌ له‌ ئیهانه‌كردنی خۆماڵی به‌ قوربانیانی ئه‌نفال و شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی رِێگای ئازادی نیشتمان و گه‌له‌كه‌ی. یه‌كجار گرنگه‌ ئێمه‌ وه‌ك تاكه‌كان و نه‌ته‌وه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێ نه‌توانێ، یاخود سڵ بكاته‌وه‌ له‌ ئیهانه‌كردنمان و، ئه‌وه‌ بزانین كه‌ كارێكی وا باجی هه‌یه‌ و ئێمه‌ خه‌ڵكانێكی خاوه‌ن ماف و كه‌رامه‌تین و ده‌بێت هه‌ر واش بژین و مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكرێت .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە