گەنجانی دوڵی روستێ: ئامادەین بۆ بەرگرین لەبەرامبەر بە هێرشە داگیركەرییەكانی رژێمی ئێران
Friday, 22/07/2011, 12:00
رژێمی ئێران ئەوە ماوەی شەش ساڵە بە شێوەیەكی بەردەوام سنوورەكانی باشووری كوردستان تۆپباران دەكات و رەزوباخی گوندنیشان دەسوتێنی و گوندنیشینانی لە جێ وواری خۆیان ئاوارەو دەربەدەر دەكات و گەلێك زەرەر وزیانی ماددی و مەعنەوی لەنیشتمانەكەمان دەدات و لەژێر ناوی بیانوی جۆربەجۆردا، سەروەری خاك و سنوری باشووری كوردستان دەبەزێنێت. لەبەرامبەر بەوەش لەئاستی حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمیشدا، بەپێ پێویست هەتاكۆ ئێستا وڵامێكی كردارییانەی نەدراوەتەوە كە ببێتە هۆی راوەستاندنی ئەو دەستدرێژییانەی كە بۆ سەر خاكی وڵاتەكەمان دەكرێت و ئەوە ماوەی چەند رۆژێكیشە، هێزەكانی سوپای پاسدارن ئەو رژێمە داگیركەرە، پەلامارێكی بەرفراوانیان كردۆوەتە سەر خاكی باشووری كوردستان و لەهەوڵی ئەوەدان، كە سنووری وڵات ببەزێنن و دەست بەداگیركەری باشووری كوردستانیش بكەن. لەگەڵ ئەوەی كە ئێستا ماوەی كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە بەكۆتا دێت، ئێرانیش هەوڵدەدات بۆشاییە سیاسی و سەربازییەكەی ناوچەكەی بە قازانجی خۆی بشكێنێتەوەو لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە، هەوڵدەدات ئەو باهۆزەی گەلان كە ئەمڕۆ دەستی پێكردۆوە، لەخۆی دوور بخاتەوە، بۆیە لەژێر بیانوێ جیاواز دەیەوێت، بارودۆخی ئەمنی، سیاسی هەرێمی كوردستانیش بشێوێنێت و بە بەردێك، چەند نیشانەیەكی پێ بپێكێت، لەوانە، بێ هێزكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان، بێ كاریگەری هێشتنەوەی كوردان لەرۆژئاوای كوردستان لەگۆڕانكارییەكانی سووریا و لاوازكردنی پێگەی كورد لە ئێراقدا. هەر بۆیە ئێمە وەكو گەنجانی دۆڵی رۆستێ، بەهەستكردن بەبەرپرسیاریەتی خۆمانی ئەخلاقی، نەتەوەیی، و نیشتمانی بەئەركی خۆمانی دەزانین لەبەرامبەر بەم دەستدرێژیانەی رژێمی ئێران بێدەنگ نەبین و ئەگەر رژێمی ئێرانیش بەردەوامی بە دەستدرێژییەكانی خۆی بدات، ئێمە وەكو گەنجانی باڵەكایەتی ئامادەی بەرگرین لەخاك ونەتەوە ونیشتمانمان. لەهەمان كاتدا، پێویستە جەماوەری گەلەكەمان ئەمە باش بزانن، كە ئەم دەستدرێژییەی ئێران، لەسەر پەژاك و هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نییە، بەڵكۆ ئەم دەستدرێژییە راستەوخۆ، دەستدرێژییە لەسەر ئێرادەو ستاتۆی سەربەخۆی كوردان لەباشووری كوردستان، هەر بۆیە پێویستە هەموو لایەك بزانن كە ئەمڕۆ دەستكەوتەكانمان لەمەترسیدایەو پێویستە هەر كەس ولایەنێكیش بەپێ ئەم بارودۆخە مامەڵە لەگەڵ رەوشەكەدا، بكات.
بۆیە جارێكی تر وەكو گەنجانی دۆلی رۆستێ و باڵەكایەتی، داوا لەسەرجەماوەری گەلەكەمان لەهەر چواربەشەكەی كوردستان وبەتایبەتی جەماوەری گەلەكەمان لەباشووری كوردستان دەكەین، كە لەبەرامبەر بە دەستدرێژییەكانی رژێمی ئێران بێدەنگ نەبن و بەچالاكی دیموكراتیانەو مەدەنیانەی خۆیان، وڵامی پێویست بدەنە، ئەو رژێمە داگیركەرە، لەهەمانكاتیشدا، داوا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە لەبەرامبەر بە دەستدرێژییەكانی رژێمی ئێران، هەڵوێستی كردارییانەیان هەبێت و دا و پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئەو رژێمەدا، لەبەرچاو بگرنەوەو داوا لەحكومەتی ناوەندیش بكرێت كە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران راوەستێنێت و مەرجی راوەستاندنی دەستدرێژی و شەڕ ببێتە پێوەری پەیوەندییەكانیان.
جارێكی تر، دووپاتی دەكەینەوە، لەئەگەر بەردەوام كردنی دەستدرێژییەكانی رژێمی ئێران، ئێمە وەكو گەنجانی دۆڵی رۆستێ و باڵەكایەتی، ئامادەی بەرگرین لەخاك ونیشتمان ونەتەوەكەمان.
سەركەوتوو بێـت، تێكۆشانی رزگاریخوازانەی نەتەوەكەمان لەهەر چواربەشەكەی كوردستان.
22/7/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست