کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان

Friday, 27/05/2011, 12:00


ئه‌مڕۆ که‌ناڵی ئاسمانی کوردستان تی ڤی چه‌ند چالاکیه‌کی هه‌مه‌جۆری نیشان دا له‌ ناوچه‌کانی ده‌ڤه‌ری بارزان و سۆران و به‌ گشتی ئیداره‌ی زه‌ردی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان

من تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ سنگ فراوانم و ئاماده‌م به‌رامبه‌ر قبوڵ بکه‌م که‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م سایته‌ به‌ڕێز و خۆشه‌ویسته‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌که‌م له‌م یاده‌دا


به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانی من و هه‌زاران خه‌ڵکی تری ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ ، به‌کارهێنانی هێزه‌کانی زیره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌ و پاراستنه‌ له‌ مه‌راسیمه‌کانی ئه‌م یاده‌دا

من به‌م بۆنه‌یه‌وه‌‌ ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌م هه‌یه‌ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان خۆزگه‌ بتوانن وه‌ڵامێکی شه‌فاف و بێ پێچ و په‌نای پرسیاره‌کان بده‌نه‌وه‌


یه‌که‌م

ئایا شۆڕشی گوڵان یادێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و نیشتمانییه‌ و ده‌بێت له‌ سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا یادی بکرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی پارتی به‌ڵێ یه‌ بۆ ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وا پرسیارێکی تر دروست ده‌بێت که‌ بۆچی له‌ یه‌ک کات و به‌ هه‌مان گوڕ و تینه‌وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزیش حکومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵناسێت به‌ ڕێکخستنی ئه‌م ساڵیاده‌؟


دووه‌م

ئه‌گه‌ر ئه‌م یاده‌ ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و وه‌ک هه‌ر حیزبێکی تر ئه‌وانیش مافی خۆیانه‌ ئه‌و یاده‌ بکه‌نه‌وه‌ باشه‌ ئه‌ی بۆچی هێز و سوپا و ده‌زگا فه‌رمیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌خرێنه‌ خزمه‌تی ئه‌م یاده‌وه‌؟
بۆ ئه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌ ڕوونتر بێت ده‌زانم ئه‌رکی پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیسی چالاکه‌ مه‌ده‌نییه‌کانه‌ ئه‌م جۆره‌ ئاهه‌نگانه‌ چاودێری بکه‌ن به‌ڵام به‌ ڕاستی ئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم پارتی له‌یه‌ک جیا بکاته‌وه‌ شایانی خه‌ڵاتی نوبڵه‌
به‌ڕێزان به‌رپرس و ئه‌ندامانی پارتی ده‌توانن ئه‌م هاوکێشه‌ ئاڵۆزه‌مان بۆ شی بکه‌نه‌وه‌؟

سێهه‌م

ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و پارتی نیازی چاره‌سه‌ری کێشه‌ له‌دوا نه‌هاتوه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیان هه‌یه‌ ئه‌وا ده‌بێت له‌ ئه‌مڕۆوه‌ هه‌نگاوی پراکتیکی بنێن بۆ چاره‌سه‌ر
به‌ ڕای ئێوه‌ به‌ڕێزانی پارتی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌م ئاهه‌نگه‌ حیزبییه‌دا کردتان تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ بونی ئه‌جیندای حیزبی و حکومه‌ت و حیزب و به‌کارهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ نییه‌ له‌ یاده‌ حیزبییه‌کاندا؟

ئایا ده‌کرێت لیژنه‌یه‌ک له‌ هه‌مو ئه‌ندامانی حیزب و لایه‌نه‌کانی کوردستان پێک بێن و له‌مڕۆوه‌ بڕیار بده‌ن له‌ کوردستاندا کامه‌ یاد نه‌ته‌وه‌ییه‌ و کامه‌یان نیشتمانیه‌ و کامه‌یان حیزبییه‌؟

ئایا ده‌کرێت له‌مڕۆوه‌ له‌ باشوری کوردستان بڕیار بدرێت ئه‌گه‌ر یادێك حیزبی بوو نابێت سوپا و زیره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پاراستن و دژه‌ تیرۆر و هێزه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی تری حکومه‌تی هه‌رێم به‌ ناونیشان و جل و به‌رگ و که‌لوپه‌ل و سه‌یاره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌شداری تێدا بکه‌ن؟

چونکه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداریان تێدا کرد به‌ عه‌ره‌بی پێی ده‌وترێت

سوو أستخدام المال الحکومي و الملک العام

بۆ خاتری خوا ئێمه‌ی هاوڵاتی و جه‌ماوه‌ری ڕه‌ش و ڕووتی هه‌رێمی کوردستان هه‌مومان بوین به‌ فه‌یله‌سوف و سیاسی ئه‌رێ ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ جگه‌ له‌ ئه‌لف و بێی سیاسه‌ت و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت چییان پێ ده‌وترێت که‌ی حیزبه‌کانی باشوری کوردستان فێری سیاسه‌ت و ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بن؟

پێش ئه‌وه‌ی کۆتایی به‌م نوسینه‌ بهێنم حه‌ز ده‌که‌م بیری به‌ڕێزان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌کێتی نیشتمانیش بخه‌مه‌وه‌ که‌ ئێوه‌ش یادی دامه‌زراندنی حیزبه‌که‌تان نزیکه‌ و وێڕای پیرۆزبایی تکاتان لێ ده‌که‌ین هه‌ڵه‌کانی ڕابردووی خۆتان و ئه‌مڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دووباره‌ مه‌که‌نه‌وه‌

ئه‌گه‌ر به‌ڕاست حیزبه‌کانی باشوری کوردستان ده‌یانه‌وێت دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێنن ده‌بێت وه‌ڵامی شه‌فاف و بێ پێچ و په‌نای ئه‌و پرسیارانه‌ و هه‌زاران پرسیاری تر بده‌نه‌وه‌ و ده‌بێت کۆده‌نگی له‌ باشوری کوردستان هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌
کامه‌ یاد نه‌ته‌وه‌ییه‌ و کامه‌یان نیشتمانیه‌ و کامه‌یان حیزبییه‌؟


ئه‌گه‌ر وه‌فدێكی ئه‌جنه‌بی هات بۆ سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت سه‌ردانی کوێ بکات بۆ دانانی تاجه‌ گوڵینه‌
له‌سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و قوربانیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان

ئایا سه‌ردانی مه‌زاری مه‌لا مسته‌فای بارزانی بکه‌ن وه‌ یان هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ یان کوێ؟



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە