نامەیەك لە رۆحی گەرمیانى پەپولەوە بۆ كوردستان
Thursday, 03/03/2011, 12:00
ئەم نامەیەم بەدەم فرمێسكى غەریبیكردنى دایەو بابەو خوشك و براكانمەوە دەنوسم، بەتكا هەركەسێك خوێندیەوە چاوەرێى هەواڵێكى ئەوانیان لێدەكەم.
بابەگیان هەرئەوەندە ئاگام لێبوو لەنێوشەقام ئاپۆرایەك لە هاونیشتمانیان ئاڵۆزكا بوون و دەیانوت (نابۆ گەندەڵى و ئا بۆ نان و ئازادى و رێزگرتن و بەدیهێنانى داوارەواكان).
من لە نێو جمەى ئەو ئاپۆرایەدا تەنها بۆ یەك شت دەگەرام ئەویش بینینى تۆ بوو ، چوونكە دەترسام لە لەدەستدانت، خەمى دایكم و خێزانەكەمانم بوو لەم سەردەمە شوومەى بێحورمەتیكردن بە هەموو شتێكدا. لە خەیاڵیشمدا بوو گەر بتبینم لێت بپرسم، گەندەڵیى چیە؟ ئازادى چیە؟ داواى ڕەوا چیە؟
لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دەمزانى من منداڵم، هیچ كات ئازارى كەسم نەداوەو چاوەڕێى ئازاردانیشم لە كەس نەدەكرد، هەموو ئەمانە خولیاى من بوو تائەوكاتەى گوللەیەك وەك مۆتەكە سەرسنگى گرتم و لێنەگەرا بتان بینمەوەو ئەوانەتان لێبپرسم.
ئاگام لێبوو دەیانوت ئەومنداڵە، ئەومنداڵە، فریاى كەون، فریاى كەون........، كاتێك بەئاگا هاتمەوە لە دنیاى پەریبووندام، بابەگیان من بەدنیایەك ئومێدو پرسیارەوە لێرەم، خۆ ئەگەر دەرفەت نەبووبێت بۆ منى باسكەى، بۆ هاورێكانمى باسكە، باتێبگەن لەوێ چى دەگوزەرێت، نەكا ئەوانیش وەك من بە كۆڵێك ئومێدى بەدینەهاتوو پرسیارى بێ وەڵامەوە سەر بنێنەوە.
بابەگیان بپرسن لەوەى كەمنى لە ئێوە كرد!!! تاوانم چیبوو؟؟؟ ئێ خۆمن هێشتا چرۆیەك بووم ، بۆنى هەناسەى ژیانم نەكردبوو، تەنها ئەوەندەم دەزانى، كە منداڵى خێزانێكى هەژارم.
ئەرێ بابە بەڕاستى، هەر منداڵێك لە خێزانێكى هەژار بێت وەك منى لێدێت!!!؟؟؟؟ ئەى ئەگەر وانیە بۆ وایان لەمنكرد!!؟؟ بیستوومە دەیانەوێت بە مشتێك پارەى دزراو دڵى شكاوى تۆ بدەنەوە؟؟ ئایە ئەوە ژینى ژاكاوى من دەگێرێتەوە؟؟؟ بابە گیان من منداڵم، نازانم ئەمانە چین، بۆ ئێمە لەم گێژاوەداین؟؟
ئابابە، گەندەڵى منداڵ كوشتنە، نان و ئازادى، برسێتى و تەقە لە خەڵك كردنە، رێزگرتن و بەدیهێنانى داوا رەواكان، راونان و تێهەڵدان و سەركوتكردنە، ئەى باشە بابەگیان ئەگەر وایە، ئەى بۆ هاواریان نەدەكرد:
نا بۆ منداڵ كوشتن، نا بۆ برسێتى و تەقە لەخەڵك كردن، نا بۆ راونان و تێهەڵدان و سەركوتكردن..............
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست