دەست لە هێرشی سەربازی هەڵگرن،دان بە مافەكانی گەلی كوردا بنێن
Saturday, 20/08/2011, 12:00
یەك لە پێوانە گرنگەكانی سیستەمی سیاسی سەردەم،دان نانە بە ماف و ئازادی پێكهاتە نەتەوەیەكانی جیهاندا،لەم سەردەمەدا كەم كێشەی نەتەوەیی ماوە چارەسەر نەكرابێت، یان لە رێگەی چارەسەری نزیك نەبوبێتەوە،بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا،داگیركەرانی كوردستان گوێیان لە پێوانەكانی سەردەم نیە و بە هزری سەدەكانی ناوەراست لەگەڵ دۆزی گەلی كوردا هەڵسوكەوت دەكەن،لە رێگەی سەركوتكردنی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كوردەوە بەردەبنە گیانی ماف و ئازادیەكانی كورد و هەوڵی لە باربردنی دۆزە رەواكەی دەدەن.
لە مانگی تەموزی رابوردودا هێزە چەكدارەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران،هێرشێكی سەربازیان كردە سەر گەریلاكانی پارتی ژیانی ئازاد(پژاك) و خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی هەرێم،ئامانج لەو هێرشانە شكستی سەربازی گەریلاكانی پژاك و سەرنەویكردنی دەسەڵاتی هەرێم و خەڵكی كوردستان بو،بەڵام گەل و گەریلا وەڵامی هێرشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان دایە و ەو شكستیان پێهێنا.
لە 18-8-2011 هێزە هەواییەكانی توركیا و تۆپە دورهاوێژەكانی ئێران لە یەك كاتدا، بوردومانی ناوچەكانی قەندیل و خنێرە و سیدەكانیان دەستپێكردەوە، ئامانجی ئەم هێرشانە پەلاماردانی بنكە و بارەگاكانی گەریلاكانی باكوری كوردستان و گوند و كوێستانەكانی هەرێمی كوردستانە.
پەنابردن بۆ هێز بۆ سەركوتكردنی شۆرشی چەكداری باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان،باوەرنەبونە بە مافی یەكسانی نەتەوەكانی ناو وڵاتی توركیا و ئێران،شاردنەوەی راستینەی كێشەی نەتەوەیی گەلی كوردە لەو دو وڵاتە،سیاسەتێكی شۆڤینی و دكتاتۆرانەیە توركیا و ئێران لە دژی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی كورد پەیرەوەی دەكەن و هیچ ئەنجامێكی نابێت، بێجگە لە بە فێڕۆدانی سامانی مرۆیی و مادی وڵات و قوڵكردنەوەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوین و دورخستنەوەی كێشەكان لە چارەسەری.
ئێمە وەك ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان،لەگەڵ ئەوەدا كە بەرنامەی كاری سەرەكیمان داخوازیەكانی خەڵكی نارازی و خۆپیشاندەری 17 شوبات و رۆژانی دوایی هەرێمی كوردستانە،بەڵام لە ئاست تاوانە گەورەكانی توركیا و ئێران دەرهەق بە بەكارهێنانی توندو تیژی لە باتی دیالۆگی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد،بێ دەنگ نابین،دەرهەق بە بوردومانی فرۆكە و تۆپخانەكانی توركیاو ئێران بۆ سەر گوندەكانی هەرێمی كوردستان و روخاندنی ماڵ و ئاورەكردنی گوندنشینان، پەنجەی نارەزایی دەكەین بە چاوی بریاربەدەستانی ئێران و توركیادا،لەگەڵ ئێش ئازاری خەڵكی بەشمەینەتی ناوچە بوردومانكراوەكاندا دەژین.
داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و عراق و ولاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتوەكان و هێزە پەیوەنیدارەكانی تر دەكەین، بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیاو ئێران كاری جدی بكەن ، هەوڵبدەن بە دیالۆگ كێشەی كورد لەو وڵاتانەدا چارەسەر بكرێت، ماڵ روخاو و ئاوارەكانی گوندەكانی كودستان قەرەبو بكرێنەوە.
داوا لە گەلی كورد دەكەین لە هەر شوێنكدا بن،بەرامبەر بە هێرشی وڵاتانی داگیركەری كوردستان بوەستنەوە و یەكبگرن،پشتیوانی داوا رەواكانی گەلی كوردستان بكەن و سەر بۆ سیاسەتی سەركوتكردن و داپلۆسینی داگیركەرانی كوردستاندا دانەنەوێنن.بە توركیاو ئێرانیش دەڵێین دەست لە هێرشی سەربازی سەر كوردستان هەڵگرن و دان بە مافە رەواكانی گەلی كوردا بنێن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست