یەكێتی و میت ویستیان چی لە گۆران بكەن؟
Thursday, 14/01/2010, 12:00
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئێستا یەكێتیەكی شەقبووی هیلاك و جەستە ساردو بێ رۆحی سەردەمی شارە، فۆكۆ ووتەنی شۆرش لە شاردا گەرماییەكەی وون ئەكات چونكە رۆحی دیكتاتۆر ئەچێتە جەستەیەوە، وەك یەكێتی و پارتی لە ئێستادا، راستە وتراوە شۆرش كوڕەكانی خۆی ئەخوات، یەكێتیش سەد دەرسەد ئەم چەند رۆژەی رابردوو ئەگەر توانستی لۆجستیكی و عەسكەری جارانی مابا نەك كورەكانی شۆرش كوڕە جەربەزەكانی خۆشی ئەخوارد، بەبیانوی هەبوونی نائارامی و ئینفیلاتی ئەمنی و ووردە تەق و تۆق و ترساندن هەموو پارتیزانەكانی بزوتنەوەی گۆرانی ئێستاو جارانی شۆرشی نوێی ئەكرد بە قوربانی هەستانەوەیەكی خۆی، فەرەیدون عەبدولقادری دامەزرێنەری شۆرشی نوێ و یەكێتی و كۆمەڵەو دواجار وەزیری ناوخۆو ئەندامی مەكتەب سیاسی زۆر زیرەكانە خۆی رەتاند لەدەستی تاڵەبانی و ئەیزانی كە بەباشی ئەخورێ و پەڕی پێوە ناهێڵن ئەگەر بمێنێتەوە، یان وەك جەبار فەرمان دەرمانخوارد ئەكرێ بۆیە زوو دەستی لەكار كێشایەوە، یەكێتی دەمێكە خەون بەوەوە ئەبینێت كە پاكتاوی جەسەدی ئەندامە باڵاكانی ریفۆرم و كۆمەڵە بكات قاچی لێ راكێشێ وەلێ شەبەحی كاك نەوشیروان و هەندێ رەمزی عەسكەری و سیاسی وەك عومەری سەید عەلی و مستەفای سەید قادرو عوسمانی حاجی مەحمودو مام رۆستەم و سەركەوت حەسەن و هەندێ شوعبەو جەناحی بچوكی ناو ئاسایش و دەزگای زانیاری رێگربوون لەم كردە خەتەرناكە، بەڵام ئەم چەند رۆژەی رابردووی دوای پلینۆم و بڵاوكردنەوەی ووتارە شەرمهێنەكەی تاڵەبانی یەكێتی ئیتر پەتی تەحەممولی نەماو كەوتە دروستكردنی ئیرهاب و شڵەژاندنی شارو بازگەنانەوە تاوەكو چەند تیرۆرێكی مونەزەم بكات و هەندێ پەراوەشی ئەنجامدا لە شارو شارۆچكەكان، پارتی هەرزوو هەستی بەم سیناریۆ چەواشەیەی تاڵەبانی و دەزگای زانیاری كرد كە یەكێتی بە پاڵپشتی میت و ژیتەمی تورك ویستیان پرۆسێسێكی وا لە دژ بزوتنەوەی گۆران ئەنجام بدەن و پاكتاوی جەستەییان بكەن، لەبەرانبەردا یەكێتی دەبێتە جەندرمەیەكی گوێرایەڵی ئەتاتورك بۆ لێدان لە پەكەكەو بارەگاكانیان و پەخشكردنەوەی دراما توركیەكان و توركاندنی كەركوك و هەڕاجكردنی نەوتەكەی، بەڵام بۆچی پارتی تەدەخولە سەریعەكەی لە رێگەی بارزانیەوە ئەنجامدا بە راگرتنی هێرشی ئیعلامی، ئایا پارتی گۆرانی خۆشەوێت یان پارتی هاوسەنگی هێزی ئەوێت لە سلێمانی؟ واتە نەگۆران و نە یەكێتی، بێگومان هاوسەنگی هێزی دەوێت بۆ ئەوەی ئەم دوو هێزەی هەناوی یەكێتی تەواو بچوك بكاتەوەو بێمانایان بكات لەبەرچاوی جەماوەر، چونكە ئێستا یەكێتی ئەگەر 28 كورسی و گۆرانیش 25 كورسیان هەبێت بەهەردوولا ئەتوانن ببنە خەتەر بۆ سەرجەستەی پارتی و پارتی بهێننە ژێربار، بەڵام زیرەكانە پارتی لەلایەك دنەی ئاگرئەدات و لەلایەكی تریش رێگەچارەی خامۆشكردنەوەی ئەو ئاگرە ئەگرێتەبەر كە رەنگە خەرمانەكەی ئەویش بسوتێنێ، بەڵام دەشیەوێت سوود لەم دۆخە سیاسیە نائارامەی سلێمانی وەرگرێت تاوەكو پیشانی بدات كە ئەها هەولێر ئارامەو سلێمانی لەبەردەرگای شەڕی ماڵوێرانكەردایە، دەشخوازێت كەڵەگایی خۆی بسەپێنێ و ئەدایەكی سەرۆكایەتی كارتۆنی هەرێمی مومارەسە بكات كە مەسعود بارزانی لە دوای 31 ی ئابەوە نەیكردووە، كەواتە پارتی سیاسەت ئەكات و یاری بە چارەنوسی یەكێتیەوە ئەكات و كوردستانی نوێ و راگەیاندنەكانی تاڵەبانیش بە خۆیان بزانن یان نا یاریكەری ئەساسی پارتین،
یەكێتیش بە عەقڵی خاوی خۆی وا ئەزانێت لەناوبردنی گۆران هەروائاسانەو ئیدی پارتی لەدوای گۆران دەست ئەكاتەوە ملی و درێژە بە رێكەوتنی ستراتیجی ئەداتەوە، نازانێ هەر هەنگاوێكی توندوتیژی بەئاراستەی گۆران یەكێتی زیاتر لەجاران سوكتر ئەكات لەبەرچاوی پارتی، سەروەختی راپەرینیش مام لە قاسمەرەش وایان تێگەیاندبوو كە پارتی مەڕە لاتەیەو فیلە گێژەیە، ئەویش چرپاندبووی بە گوێی عەسكەریەكانی خۆیدا كە لەناوبردنی پارتی ئێستا ئیتر ئاسانەو فیعلەن فیلێكی گێژەو ئەتوانن پانی بكەنەوە، وەلێ هەر ئەو فیلە بینیمان چۆن ووریا بوویەوەو یەكێتی پانكردەوەو رای فراندن بەرەو سەیرانبەن،
لەلایەكی ترەوە پارتی كاتێ دبلۆماسیەتی خۆی بەهێز ئەكات لەگەڵ گۆران و خودی نەوشیروان مستەفادا ئەزانێ گۆران یانی سلێمانی و ئەشزانێ نەوشیروان چیەو چ مەعدەنێكی گرانبەهای مێژووییە؟ وە ئەو پردە دبلۆماسیەش بۆ ئەوە نییە یەكێتی پێ بڕوخێنێ، بۆئەوەیەكە بە یەكێتیەكان بڵێ پارتی خاوەنی ئەم كارتانەیەو گۆران تازە هێزێكی واقیعیەو پارتی دوو هێزی لاوازی بچوكی لە پارتێكی بەهێز لاچاكترەو ئاگاداری ئەو جموجوڵەی میت و یەكێتی و مەلا بەختیاریشە كە خەریكی چین لەدەرەوەی ووڵات،
بۆیە گرنگە یەكێتی ئیدی ئەوەندە باوەر بەو كۆلكە سیاسیانەی سەردەمی قاسمەرەش نەكات كە وایان بە مام جەلال گەیاندبوو كە هەر بەراستی پارتی فیلی گێژە وەك چۆن 25/7/2009 وتیشیان گۆران دوو كورسی ناهێنن و نەوشیروانیش چوارحیمایە ناچێ لەگەڵیدا، ئەم كۆلكە سیاسیانەی دەوری تەكیەكەی تاڵەبانی ئەوەندە كاڵفام و كۆڵن خەریكن یەكێتی تا ئاستی حسك بچوك ئەكەنەوە نازانن گۆران ئێستا خاوەنی هێزو جەماوەرو ئایدۆلۆژیاو دامەزراوەی میدیاو كەسایەتی شۆرشگێڕو 25 پەرلەمانتارەو بەیەكێتی تێك ناشكێ و گرنگە یەكێتی عەقڵیەتی ئینقیلابیانەی رەش و ئیرهاب بخاتە لاوەو لەبری ئەوە بیر لە رێگەچارەی هاوژیانی بكەنەوە، بابیر لەوە نەكەنەوە رەمزەكانی گۆران لەبەرچاوی خەڵك بشێوێنن یان كەسایەتیان لاواز بكەن، دەركەوت نەوشیروان مستەفا كێیەو چۆن كارئەكات و ئەگەر بیەوێت چۆن یەكێتی بە یەك ووتاری بەڵگەدار ئەخاتە سەر هەززە...........................
نمونە: سەركردەیەكی خاكی و ئازای كۆنی وەكو مام رۆستەم لەوێنەكەدا بیبینن، ئێستا خاوەنی گەورەترین كاریگەرییە لە گۆرەپانی سیاسی كەركوكداو یەكێتی هێناوە بە چۆكداو هەزاران لایەنگری بۆ دەنگدان بە گۆران سازو تەیارو ئامادەكردووە، یەكێتیش خەریكی تاشینی تانەو تەشەرە بۆی، لێ ئەگەر مام رۆستەم پێشمەرگەی پارتیزان و وورەی پێشمەرگەی سەرەتاكانی شۆرشی نوێ و هاورێی مامەریشە، گۆران نەبوایەو یەكێتی بمایە، ئاخۆ یەكێتی ئێستا چی پێ دەوت؟ یەكێتی تا كاتی هەڵبژاردنەكانی عیراق مۆڵەتی بێت و با حاسیبەكان بەوانەی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكانیشەوە، بخەنەگەڕ، ئایا ئەتوانن پێمان بڵێن و بزانن بزوتنەوەی گۆران خاوەنی چەند مام رۆستەمن؟ ئەی خۆیان چەند كەسایەتی شۆرشگێری وەك مام رۆستەمیان ماوە؟؟؟؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست