"حەمە شارە زوری" لە یادی شەهیدانی 1974 ی هەڵەبجە دا لە كوێ بوو
Friday, 27/04/2012, 12:00
ئەو نازناوی شارەزووری هەڵگرتووەو سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەو بەدەنگی كەس و كاری شەهیدان و جەماوەری ئەو دەڤەرە گەشتە پەرلەمان و ئێستا موچەی موفت وەر ئەگرێت بەبێ ئەوەی بۆ هەڵەبجەو شارەزوور بەردێكی خستبێتە سەر ووشكە كەڵەكی ئەو شارو شارە زوورە، ئاگاداری یادو بۆنەو یادەوەریە تاڵەكانی شارەكەی نییە.. سەیرە پەرلەمانتاری ئەم ووڵاتە بۆ ئەبێت بەو شێوەیە لە شعوری خەڵك بڕوانن! ئەی كوا بەڵێنەكانیان لە پێش هەڵبژاردن؟ كوا خاكی بوون و ملچەمانەوەكانیان؟ كوا مانەوەی شەوانەیان لەم ماڵ بۆ ئەو ماڵی شارەزوور؟
محمد شارەزووری ئێستا نەك ئەندام پەرلەمانێكی سادە بەڵكو بەرپرسی لیژنەی شەهیدانی كوردستانە لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە یادی شەهیدانی 26/4/1974 ی هەڵەبجەدا نەك ئامادە نابێت لەگەڵ كەس و كاری شەهیدان و خەڵكی لێقەوماوی هەڵەبجە تا یادی ئەو رۆژە شووم و تراژیدیە بكاتەوە بەڵكو لەگەڵ خوێندكاراندا گەشتی سەرمەستانەو عاشقانەو بەهاریانە ئەكات بۆ هاوینە هەواری دوكان و بە نۆشكردنی شەراب و هەڵپەركێ ئەو یادەی شارەكەی لە دوكان ئەكاتەوەو ئەوەی حسابی بۆ نەكات ئەو یادەوەرییە جەرگ برەی شارەكەیەتی.
ئیتر پەرلەمانتاری و دەنگی خەڵك چ سودێكی هەیەو حەمە شارەزووری ئەتوانێ چی بە دەنگدەرەكانی بڵێت كاتێك لە حەساسترین بۆنەو یاددەوەریدا پشتیان تێدەكات؟ دەبوو كاكە حەمە لە بری هاورێیەتی ئەو خوێندكارە گەنجانە لەم رۆژەدا ووتاری بنوسیایەو مانی لە خواردن و شەراب بگرتایە و بە چالاكی و كەمپەین 26/4 ی بەرێ بكردایەو سەردانی كەلاوەكانی هەڵەبجەو كەس و كاری شەهیدانی بكردایەو داواكاریەكانی بگەیاندایەتە پەرلەمان و بە تەنگ خواستەكانی جەماوەرەكەیەوە برۆشتایە نەك شوێنكەوتنی هەواو ئارەزووی گەنجانەو وازهێنان لە مەهامی پەرلەمانی و هەڵوێستە نیشتیمانیەكان. چی دەبوو ئەگەر لە نوسینگەی پەرلەمانی هەڵەبجە گوێی لە داواكاریەكانی خەڵك بگرتایەو شەوی رۆژكردایەتەوە بەیادی دیكتاتۆریەتی بەعس و زەعیم سدیق و ئەحمەد حسن بكرو تاوانكاریەكانیان؟؟
هەڵەبجەش بۆیە بەو شێوەیە ماوەتەوە لە رابردووەوە تا ئێستا، پەیوەندی بەو پەرلەمانتارە لاوازانەوە هەیە كە نەباوەریان بە یادەوەری شارەكەیان هەیە نە ئامادەشن هەڵوێستێكی جوامێرانە بنوێنن بۆ شارەكەیان. بەراستیش هەروایە كاكە حەمە ووتەكەی تاڵەبانی هێنایە دی و سەلماندی لەگەڵ خواست و مەرگە ساتەكانی گەلەكەیدا دەژی بەڵام چۆن ژیانێك، لە سەیران و گەشت و سەرمەستی گەنجەكاندا نەك تراژیدیاو بیرەوەری تاڵی پیرەكاندا !؟
كاكە حەمە ئەگەر وەڵامێكی هەبوو بۆ ئەم كارەی با پەیوەندیم پێوە بكات بەم ئیمەیلە تا پێی بلێم پەرلەمانتاری هەر بە تەنها بریتی نییە لە دەعوەت و گەشت و خەون بینین بە موچەی بەرزەوە بەڵكو هەڵوێستی نیشتیمانیش گرنگە..
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست