بەبەڵگەوە "نالیا" پرۆژەیەكی ستراتیجی دوكتۆر بەرهەمە لە سلێمانی؟
Monday, 22/02/2010, 12:00
دوكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵحی سەرۆكی كابینەی شەشەم و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كە لە هەڵبژاردنەكانی 25/7/2009 دا بە ئاشكرا پەیامی خزمەتگوزاریی و پارێزگاری لە ناموس و ماف و سەروەری، ئەدا بە گوێی خەڵكی رەش و رووتدا بەڵام دەركەوت ئەو قسانە تەنها دروشم و هات و هاواری دۆراندن بوو، ئاشكرابوو كە لەپشت پرۆژەكانی كۆمپانیای نالیاوە دوكتۆر بەرهەم ئامادەیی هەیە، وەك چۆن هەموو بەرپرسانی دیكە خاوەنی پرۆژەی گەورە گەورەی بازرگانین لە سلێمانی، نالیا ئێستا بۆتە زوحاك بەسەر شانی سلێمانیەوەو هەرچی ئەرزەو شوێنی ستراتیجی شار هەیە داگیریان كرد بۆخۆیان و بەئارەزووی خۆشیان ماستەرپلانی شار ئەگۆرن و كەس فززە ناكات وەك گوندە سەقەتەكانی ئەڵمانی یەك و دوو، تازەترین بەڵگەش داگیركردن و تاپۆكردنی دەیان هەزار مەتر زەوی هاوڵاتیانی شاری سلێمانیە كە بە زەویەكانی بەهەشتی شار ناسراوەو موساهەمەی هەشتاماڵە لە بناری گۆیژە بە ئەوراق و موستەمسەكاتی رەسمی تاپۆ موڵكی خۆیانە، كەچی دوكتۆر بەرهەم بەبێ گەرانەوە بۆ یاساو ئەوراقەكانی تاپۆو هەست و شعوری ئەو خەڵكە بەخشیویەتی بە كۆمپانیای نالیاو سەرۆكی كۆمپانیای نالیاش، شاسوار واحید ئەڵێت: پێمان نەوتراوە ئەو ئەرزانە هی كێیەو ئەو ئەرزانە لە ئەنجومەنی وەزیرانمان وەرگرتووەو ئەیكەینە پرۆژەی گەشت و گوزارو یاری و كات بەسەربردن بۆ سلێمانی وەك چۆن لەهەولێر سەدان پرۆژەی واهەیەو كەسیش قسەناكات، سەرچاوەیەكی ئەندازیاریش لە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەڵێت گرفتی هونەری لەو نێوانەدا هەیەو جۆرێك لە سەرەداوی گەندەڵی خەریكە كەشف ئەبێت بۆمان لەسەر ئەو زەویانە، واتە ئیختلاسی ئەرازی، ئەگەرچی هێرش موحەررەم سەرۆكی دەزگای هاندانی وەبەرهێنان پاساو بۆ ئەم گەندەڵی و داگیركاری و یاسا شكێنیەی هاورێكەی لە ئەنجومەنی وەزیران ئەهێنێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەو پێیان دەڵێت: راستە ئەو ئەرزانە موڵكی ئەو خەڵكەیە بەڵام دراوە بەنالیا بۆ پرۆژەیەكی گەشت و گوزارو قەرەبووی ئەو خەڵكەش ئەكەینەوە لە شوێنێكی دیكەی سلێمانی! ئایا ئەگەر نالیا هی دوكتۆر بەرهەم و عومەر فەتاح نییە و ئەوانی لە پشت نییە چۆن ئەو ئەرزە گرانبەهایانە وا بەئاسانی ئەدەنە كۆمپانیایەكی ئەهلی و بە پێی كام یاسا قەرەبووشیان بۆ ئەكەنەوە لەشوێنێكی دیكەی سلێمانی؟ یان ئەگەر بەرپرسێكی وا گەورە لەپشت نالیاوە نەوەستاوەو پشكی شێری تێدا نییە چۆن ستافەكانی نالیا بە بەرپرس و كارگێڕی و تەنانەت پارێزەرەكەشیانەوە وەك مافیایەك رەفتار لەگەڵ ئەو خەڵكە ئەكەن و بەدەمانچە و هەرەشەو گورەشە و عەنتەریات نواندن ئەو خەڵكە ئەترسێنن كە هەر دەبێ واز لە ئەرزەكانیان بهێنن؟ ئەمەیە یاساو سەروەری و پاراستنی ماف و ناموسی خەڵك كە لە كارنامە حكومیەكەی دوكتۆر بەرهەمدا هەبوو!!؟؟
پاش شەڕ و پێكدا هەڵپژانی خاوەن زەویە داگیركراوەكان و كارمەندانی نالیا و ئاگاداركردنەوەی میدیاكان و حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئێستا خاوەنی ئەو زەویانە بۆ سەندنەوەی مافی زەوتكراوی خۆیان چوونەتە سەر زەویەكانیان و نالیاش شوورای بەدەوری زەویەكاندا لێداوەو میلیشیا چەكدارەكانیان بڵاوكردۆتەوەو مەكائینەكانیان بردۆتە شوێنەكەو بە زۆری زۆرداری ئیهانە بەو هاووڵاتیانە ئەكەن كە چەندین ساڵە زەوی باب و باپیرانیان بووەو ئێستا كۆمپانیایەك لێیان زەوت ئەكات، ئێستا بۆ ئەو خەڵكە دەركەوتووە كە ئەم كارە لەدەسەڵاتی هیچ بەرێوەبەرێك و ئەندازیارو سەرمایەدارێكی سلێمانیشدا نییە تەنها گەندەڵیەكی زۆر نهێنی و ستراتیجی نێوان دوكتۆر بەرهەم و كۆمپانیای نالیایە، ئەگەر وانییە فەرموون با دوكتۆر وەڵامێكی بەم جەرەیان و ناحەقیەی هەبێت؟ لەسەر ئەو ناحەقیانە بانگێشتی دوكتۆر ئەكەین كە زەویەكان و ماستەر پلانی شوێنەكەو نەخشەی بنەرەتی و داگیركاریەكە ببینن كە نالیا چ دەسەڵاتێكی پێدراوە؟ ئەگەر ئەو پرۆژەیەی نالیا رانەگیرێت، زۆر لایەنی دیكە هەیە ئاگاداری بكەینەوەو زۆر رێگای دیكە هەیە بیگرینە بەر تەنها بەیاسا.
تێبینی/ بڕیار بوو دوكتۆر بەرهەم وەك ریكلامێك بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكانی ئێستاو راستكردنەوەی باری لارو كەوتووی یەكێتی، بەپەلە بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیەی نالیا دابنێ و وەك مژدەیەك بەخەڵكی سلێمانی بدات و بیكاتە هەڵڵا و دەستكەوتی حكومەتەكەی، بەڵام تەقینەوەی كێشەكان و دەنگی نارەزایەتیەكانی ئەو خاوەن زەویانە كە زیاتر لە 80 خێزانن، موژدانەكەی دوكتۆر بەرهەمی دواخست، بەراستی موژدەو دەستكەوتی حكومەت هەروادەبێت، لەسەر خوێن و رەنج و ماندوبوونی سلێمانیە رەسەنەكان؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست