پەلاماردانی عەلی باپیر لەلایەن پارتی و بێدەنگی كۆمەڵ؟
Wednesday, 25/02/2009, 12:00
شەوی 23 لەسەر 24/2/2009 عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و داهێنەری بیری جیابوونەوە لە بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكبون، كە بە ئیسلامیە بەرژەوەندخوازەكە بەناوبانگە كەوتە بەر پەلاماردانێكی تیرۆریستی لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستان، لەگەرەكی سەروەران لە شاری هەولێر، ئەو هەولێرەی بەردەوام دەسەڵاتدارانی پارتی و حكومەتەكەی نێچیر بە پایتەختی ئارام و خۆشگوزەران ناوی دەهێنن، گوایە ئەم پەلامارە تیرۆریستیە لەلایەن كوڕانی مەلا ئەمینەوە بەتایبەتی تەلحە- شاڵاوی كوڕی مەلا ئەمین قێڕژەیی ئەمیری كۆچكردووی كۆمەڵی جیهادەوە ئەنجام دراوە، كە ئەو تاقمە جیهادی سەلەفی قیتالیە توندرەوەش كە ناوی كۆمەڵی جیهاد بوو، مەلا ئەمین كاتی خۆی لە سەرەتای نەوەدەكاندا بەدە سیسەی پارتی دروستیكرد تا بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی پێ لاواز بكەن و چەندین كاری تیرۆرو كوشتن و سەربرین و ئاژاوەیان دروست كرد بە ئاگاداری پارتی وەكو كوشتنی فوئاد چەلەبی بەرپرسی یەكگرتووی ئیسلامی و چەندین كەسایەتی ئیسلامی تاوەكو تۆوی فیتنەو دوبەرەكی بچێنن لەناو ئیسلامیەكاندا، تا دواجار و لە ساڵی 1997 ئەو تاقمە جیهادیە وەزیفەیان لای پارتی تەواو بوو هەر بەدەستی پارتیش لە سیناریۆیەكی تەمومژاویدا حەلكران و جەماعی لەناوبران، ئەگەرچی ئەم كردارو پەلاماردانە لەلایەن كوڕی مەلا ئەمینەوە تەنها توێژاڵی رووداوەكەیەو دیوی ناوەوەی روداوەكە ئاشكرا نییە كە ئاخۆ پارتی بۆچی هەوڵی كوشتنی عەلی باپیر ئەدات، ئاخۆ بۆ ئەوەیە كە درز بخەنە نێو ئیسلامیەكان و كەش و هەوای ئیسلامیەكان و مێشك و دەرونیان بشێوێنن بەم ئامرازی ترسە تاوەكو جەماوەری ئیسلامیەكان دوور بخەنەوە لە سندوقەكانی دەنگدان و بەمەش بۆخەڵكی بسەلمێنن كە سەركردەی ئیسلامیەكان هەروەك جاران مەترسیدارو دوژمندارن تا خەڵی دەنگیان نەدەنێ؟ ئەی ئەگەر كوشتنی مەلا ئەمین و هاورێكانی لە ساڵی 1997 پەیوەندی بە جەماعەتی عەلی باپیرەوە هەیە بۆچی تا ئێستا كوڕەكانی مەلائەمین داوای یاساییان لە سەر عەلی باپیر تۆمار نەكردووە؟ یان پارتی و پاراستن داڵدەی داون و وەك تەوقیتێك دایناون تاوەكو كاری لەم جۆرەیان پێ ئەنجام بدەن؟
بەهەر هاڵ ئێستا نێوانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی ئاڵۆزی تێكەوتووەو هەر پاش رووداوەكە چەندین بەرپرسی پایەبەرزی پارتی وەكو وەزیری ناوخۆو پارێزگاو بەرپرسی لق هاتوونەتە ماڵی مامۆستا عەلی باپیر تاوەكو میانجیگەریەك بكەن و پەیامی لێبوردن بگەیەنن بە مامۆستا كە لەلایەن چەكداری پارتیەوە ئەو هێرشە ئەنجامداراوەو بەڵام بێ مەبەست بووەو هەوڵێكی سیستماتیزەكراوی تیرۆركاری نەبووە، بەڵام ئەوەی كە مایەی لەسەر وەستانە ئەوەیە كە خێرا مەكتەبی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەواڵەكەیان بە ئاراستەیەكی دیكەدا بردوو گوایە هیچ تەقەیەك نەكراوەو بە رووداوێكی ئاسایی وەسفیانكرد، لەكاتێكدا ئاسایی نیەو گرنگە كۆمەڵ نەترسانە داوای لێپێچینەوە لە بكەرانی رووداوەكەو ئەوانەی لە پشت كارەكەوە بوون بكات،
عەلی باپیر وەك كەسایەتیەكی ئیسلامی سەرسەخت و رادیكاڵ، ساڵانی نەوەدەكان تا سەروەختی دەركردنیان لە خورماڵ و لێدان لە بارەگاكانیان لە ئەحمەدئاوا لەلایەن ئەمریكیەكانەوەو پاشتر دەستگیركردنی لەلایەن هێزێكی ئەمریكاوە، باوەری بە دیالۆگی ئیسلامی و عەلمانی نەبوو، بەڵام پاشتر هەڵوێستیان پێ گۆری و بەشدارییان كرد لە پەرلەمان و حكومەت و ووردە ووردە نزیك بووەوە لە پارتی و وازی لە هەندێ هەرەشەی سەر میمبەر هێنا، بەڵام ئەبێت كۆمەڵ ئەوە بزانێت ئەم پەلاماردانە هەروا ئاسان نییەو مەسجێكی مەترسیدارە بۆ جەستەی سیاسی ئیسلامیەكان و چەندین كاری دیكەشیان بەدەستەوەیەو نەدەبوو كۆمەڵ ئەوەندە توك نەرمانەو بەترسەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە سامناكەدا بكات، چونكە ئەمە پێش هەر شت پێشێلكردنی یاساو سەروەریی خەڵك و ئارامی هەولێرە، ئەمە بەشێكی بچوكە لەو پرۆسە درێژەی كە پارتی وەك بەرنامە كاری بۆ ئەكات دژی هەر حەرەكەیەكی ئیسلامی و پێشتر یەكگرتووی ئیسلامیان داخكرد بۆ سوتاندنی مەڵبەندی بادینان و ناوەناوە چەندین كادریان لێدەگرن و مزگەوت دادەخەن و جەنگی دەروونیان لەگەڵ ئەكەن، ئەمەش بەدڵنیاییەوە دوا كردەی تیرۆر نابێت لەلایەن پارتیەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست