ئەقتابەكانی فیكر شینی چی ئەكەن
Thursday, 08/07/2010, 12:00
لە ووتاری پێشوماندا ووتمان "بەختیار عەلی و ئاراس فەتاح و رێبین هەردی" بە خۆیان بزانن یان نا ئەوان ئیدی رۆشنبیرو نوسەری بەرەی گەل و ئەو سومبولە نین و بگرە بەشێكن لەو میراتە سامناكە مافیاگەرەی كە دەسەڵات دەهۆڵكوتیەتی"
سامناكە باوەر بەوە بهێنین كەسانگەلێكی وەكو ئەو تایپە روناكبیرە كە دەمیان پڕكردووە لە نەوت و ئاگریان تێبەرداوەو ئەیوەشێنن بەرووی "شوان ئەحمەد"دا هەروا بەسانایی بۆ فەزیحەتی ئەخلاقی و دەستبردن بۆ كایەی شەخسی یان بەخەمەوە بوونیان بۆ فیكرو ئازادی، هەستابن ئەو وەڵامە توندە بنوسن!!
نا نا ئەوان ئەقتابەكانی فیكر شینی ئەو شكۆیە ئەكەن كە بەو پەیوەندی و پشتگیریە لە شێركۆبێكەس و لە گەندەڵی دەزگای سەردەم و تاجیرەكانی ئەو دەزگایە، شكۆیان نەماو بوویە خۆڵەمێش و وەهم.
ئەوان ئەوەندە بێسەروبەرانە ئەو وەڵامەیان نوسیوە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن یان نا، لەو كۆشكی خەیاڵ و فەنتازیای سەریاسی سوبحدەم و ئێوارەی پەروانەیە دەیانهێنێتە خوارو ئەكەونە پشت گەندەڵترین دەزگا و ئەكەونە بازارو ئەوكات كەس بە قرانێك نایانكڕێ،
ئاخر ئەوان لەو رۆشنبیرانە نین كە بە ئاسانی تورەبن، كە تورەش بوون بزانە لەپشت تورەبوونەكانیانەوە فەزیحەیەك یان سكانداڵێكی ئابوری و مشەخۆری هەیەو ئەترسن لە ئاشكرابوونی، بەو تورەبوونە گەرەكیانە خوێنەرەكانیان دووربخەنەوە لە تێگەیشتنی راست و دروست،
كە توورە دەبن لە" شوان ئەحمەد" و "ئاوێنەو سەرنوسەرەكەی" ئەوە تورەن لەو كەسەی كە خۆڵبارینەكە ئەرەوێنێتەوەو لەئەقتابیەت رووتیان ئەكاتەوەو عەورەتی جەهالەت و تیۆرو نوسینە مستەورەدەكانیان بۆ خوێنەر دەردەخات، كە ئەمانە چۆن چەندین ساڵە لەپشتی شێركۆو سكرتاریەتی تاڵەبانیەوە، ئەیانەوێت بنۆشن و بخۆن و موچەخۆری و پێخەفی گەرم و ئیمتیاز وەرگرن و لای میدیای ئەهلیش خەریكی بەكاریزماكردنی خۆیان بن..
"بەختیار عەلی" دەڵێت من هیچ میانەو دۆستایەتیەكم لەگەڵ یەكێتیدا نیەو هیچ ئەندامێكی مەكتەب سیاسیش ناناسم"دواهەمین هەنار، ببورن درۆی دونیا"
وەلێ هەر ئەم بەختیارەو نوسەرانی سولاسی دەوری پارەو ئەرزەو سەفەری دەزگایەك ئەناسن و وەرئەگرن كە هی هەمان ئەم حیزب و ئەو ئەندام مەكتەب سیاسیانەیە كە نایانناسن، كۆمیدیایەكی سەیرە.
ئەم ئەقتابی بەناو فیكرە بەو وتارە سولاسیە كە" رێبین هەردی" ئاگای لێی نییە (كاك ئاسۆسی برای بەنیازە دووری بخاتەوە لەو كەیسە كە ئێستا بەرەو هەرەشەو كوشتن دەروات)
بەو نوسینە ژاكاوە كە زمانەكەی لە زمانی كەسێك دەچێ لە راگەیاندنی دەزگایەكی وەك ئاسایشدا بێت نەك قوتابخانە فیكریەكان، كارێكیان بە شكۆو حورمەتی خۆیان كردووە كە بە هەزاران نوسەری وەك " فاروق رەفیق و ئازاد حەمەو شوان ئەحمەدو هاوژین مەلائەمین" ناكرێ، بەبێ ئەوەی بزانن ئەوان ئێستا خەریكی كوشتن و ناشیرینكردنی خۆیانن لای خوێنەر.
دەركەوت ئەوان بەرگریكار نین لە راستی ووتن و ئازادی و رەخنەی جدی و فەزای سازو لیبرال، بەڵكو لە باشترین حاڵەتدا بەرگریكارن لە نەرجسیەتی خۆیان و لەو شكۆیەی كە ئێستا نەیانماوە، چونكە ئایا گریمان " شوان ئەحمەد" زمان زبرو پەلاماردەری شتی شەخسی و ئاشكراكەری سكانداڵە ئەخلاقیەكانی سەردەمە؟ بۆمەگەر هەر شوان ئەوكارەی كردووەو تەواو، هیچی دیكە لەو كوردستانە رووی نەداوە؟ ئەی هەر "ئاوێنە" نەبوو كە پارساڵ وێنەی سكانداڵی سێكسی دادوەرە كەی ئاسایشی لەلاپەرەی یەكەم دابەزاندو رەهەندیەكانیش نقەیان لێوە نەهات لەبەر خاتری موكافەئە زۆر زۆرەكانیان لە كۆمپانیای ئاوێنە؟ ئەی ئەوكاتە بۆ ئاوێنەو ستافەكەیان بەخەبەر نەكردەوە لە دەرچوون لە ئیتیكی رۆژنامەگەری؟
چەندین ساڵە هەزاران كچ و ژن و مێرد منداڵ ئەتك ئەكرێ لەلایەن بەرپرسانەوە ئەوان متەقیان نەهاتووەو بەكاری خۆیان نەزانیوە(نمونەی دەستدرێژیەكەی م.س و كچەكانی قوتابخانەی جەمال تاهیری كچان) ئەی خێرە ئێستا بەو شێوە توندە هاتونەتە دەنگ لە " شوان ئەحمەد" ئەی بۆ ئەو شتانەی دیكە لۆ نەهاتنە دەنگ.
هێشتا سەرەتای ئاشكراكردنی كەوالیسەكانی ئەوانە، سەرەتایە بۆ ئاشكراكردنی فەزیحەتی پەیوەندی ژێربەژێری رەهەندیەكان و دەسەڵات، هێشتا جەنگ بەردەوامە، بەو تورەیی و سەركەشیەی ئەوانیش رۆمانەكە تەواو نابێت، ئەوان ئیتر ناتوانن ببنە پاڵەوانی درۆی ناو رۆمانەكان و تاسەر ئیدی خوێنەرەكانیان بۆ هەڵناخەڵەتێ، شوكور هوشیارە مەحوی، ئێمەش تێدەگەین ئەو ئەقتابانەی بەناو فیكر خەریكی چین...؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست