با كۆسرەت رەسوڵ خۆی وەڵام بداتەوە؟
Tuesday, 07/04/2009, 12:00
هەموو جارێك دەسەڵات و بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی و پارتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن یان میدیای ئەهلی و سەربەخۆ یان رۆژنامەنوسانی رەخنەگر بەوە تۆمەتبار ئەكەن كە بەبێ بەڵگە قسە ئەكەن و رەخنە ئەگرن و رووی دزێوو ناشیرینی دەسەڵات و حكومەت بەدیاردەخەن، گریمان هیچ یەكێك لەو رەخنەو گازنداو نوسینانەی رابردووی ئێمە بێ بەڵگە نوسراوەو ماهیەتیان نییە لای دەسەڵات، بەڵام من ئەم پرسیارە ئەكەم لە كۆسرەت و ئەم ووتارە تایبەت و تەوجیهە بۆ خۆی و كوڕو بنەماڵەكەی، باس لە سەروەت و سامان و سەیارەو ڤێللاكانی دەرەوەی شارو هەولێرو سلێمانی و كۆیەو كۆمپانیاكانی ناكەم، باسی شتێك ئەكەم هەمووجارێك كە تێئەپەرم بە شەقامی سالمدا من و هەزارانی وەك من ئەیبینن، پێم باشە زۆر بە سنگی فراوانیش وەریبگرێ و بە گەمەی باڵەكانی یەكێتی نەزانێ، ئایا ئەو باڵە خانە گەورەیەی كە ئێستا دروستی ئەكەن لە گردەكەی ماڵی محافزی كۆن لە سلێمانی كە ئێستا ماڵی خۆیان و كوڕەكانی كۆسرەتی لێیە، واتە گردەكەی پاڵ عەلی ناجی كە كۆسرەت داگیری كردووە لەمسەر بۆ ئەوسەر، چۆن دروستی ئەكەن؟ كێ رێگەی پێدان؟ بەپێی كام مۆڵەتی شارەوانی و وەزارەتی گەشت و گوزار ئەو هەموو زەویە ئەكەن بە بینای سەكەنی؟ ئەو هەموو درەختە جوانە سەوزانە چۆن ئەبڕنەوە؟
برادەرێكی نزیك كۆسرەت ئەوەی دركاندوە بۆ هاورێیەكی خۆی كە ئەو بینایە كۆسرەت بە بڕی زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلار و بە شێوەی توركی و تازەترین كەرەستەی بیناكاری مۆدێرن، بۆ خۆی و بنەماڵەكەی دروستی ئەكات وەك ماڵ و شوێنی حەوانەوەو قەسری میوانداری و نیازی نییە ئیتر ئەو گردە چۆڵ بكات و ئەمەش ئەوپەری پێشێلكردنی یاسایە یەكەم بۆ كەسێك كە جێگری سەرۆكی هەرێمەو دوەم جێگری تاڵەبانییە،
مرۆڤ سەرسام ئەبێت لەم كارانەی كۆسرەت و بەرپرسانی ئەم ووڵاتە، كۆسرەتێك كە خۆی بە بەرگریكار ئەزانێت لە كێشەی خەڵك و باس لە شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی ئەكات، وەرن ببینن بزانن چۆن گەمە بە ئاوو درەخت و ئەرازی حكومی و موڵكی دەوڵەتەوە ئەكات و رەخنەش لە تاڵەبانی ئەگرێت و هەرەشەی ئیستیقالەی لێ ئەكات؟ باشە شوێن نەمابوو داگیری نەكەن ئەم ناوچە سەوزاییە نەبێت كە لە چەقی شاردایەو پێویستە وەك روبەرێكی گەشت و گوزارو توراسی پارێزگاری لێبكەین؟ حەز ئەكەم كۆسرەت رەسوڵ ئەگەر عەدالەتخوازەو گەندەڵ نییە وەڵام بە خەڵكی سلێمانی بداتەوە و دڵنیایان بكاتەوە لە دروستكردنی ئەو بینا زەبەلاحە نهێنیە؟؟
"با ئیتر ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاری سلێمانی و وەزارەتی گەشت و گوزار باسی یاسا و رێنماییەكان نەكەن و لە بری ئەمە با ئەوەندەی دیكە سەری خۆیان كزومات و شۆڕ بكەن و ئەوەندەش بەرنەبنە گیانی خەڵك و هەژارانی كوردستان و سەیرێكی جێگرەكەیان بكەن جێگری بارزانی و تاڵەبانی.
من كاكە لاوە، رێزم قبوڵ بكەن وەك كوڕی ناو ئەم كەلاوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست