زەكەریا، شكست دوای شكست
Thursday, 03/11/2011, 12:00
چەند ساڵێكەو لەژێر چەندین ناونیشان و بابەتی جیا باس لەزەكەریا دەكرێت و چەندین بەڵگەو شتی نهێنیشی لەسەر خراوەتە ڕوو، بەشێوازی جیاجیاش باس لەو كارانەو لەو هەڵانەی كراوە كە زەكەریا لەپێناو دەوڵەمەند بوون و گەیشتنی بەو پلەو پایەی ئێستای كردوویەتی، رەنگە بۆ ساڵانێكی زۆر پێش ئێستا ئەو هەوڵانەو ئەو خەونانەی هاتبنەدی، بەڵام ئێستا وردە وردە رووەو لێژایی دەكەوێتە خوارەوە، ئەمەش لەئەنجامی ئەو هەوڵانەی بوو كە بێ دووربینی ئەنجامیداو ئێستاش ئەبێ باجەكەی بدات.
من نامەوێ بچمە ناو ناوەرۆكی ئەو شتانەی كە باسیان لێوەكراوەو قسەی لەسەر كراوە، بەڵام ئەو شتانەی كە لەم نووسینەمدا باسی لێوە ئەكەم پەیوەندی بەكارو ژیانی ئێستای زەكەریاوە هەیەو تووشی چەندین گرفتی كردووە.
هەموومان ئەوەمانزانی كە ئەو بۆچی (چنار)ی كچی سەرباز هەورامی هێنا، كە ئەمە هەوڵێكی دیكەی زەكەریا بوو بۆ گەیشتنی بە پلەو ئاستێكی بەرزی ناو پارتی كە بریتی بوو لە نێچیروان، ئەگەر بۆ چەند مانگ و ساڵێكیش ئەوە خۆش بەختی بەخشیبێـتە زەكەریا، بەڵام ئێستا هەموو ئەم هەوڵانە رووەو شكستن، بەتایبەت دوای ئەوەی لەدواین كۆنگرەی پارتی سەرباز هەورامی نەكرایە ئەندامی سەركردایەتی و دوورخریەوە، لەمەشیاندا زەكەریا تووشی شكستێكی گەورەبوو، كە رەنگە لای زۆر كەس ئەوە بووبێـتە مایەی پرسیار كە ئەمە چ پەیوەندییەكی بەزەكەریاوە هەیە.
ماوەیەك پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێگەی باڵەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە كە روونتر بڵێم لەرێگەی سەرباز هەورامییەوە هەوڵی ئەوە درا كە لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیكببنەوە، بەتایبەت لەو كاتەی كە شاڵاوێكی فراوانی راگەیاندنی گۆڕان دژ بە پارتی لەئارادابوو، ئەم پەیوەندییەش لەڕێگەی ئەو دۆستایەتییەی زەكەریاوە بوو بە قادری حاجی عەلی كە یەكێكە لەسەركردەو هەڵسوراوە دیارەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، دوای چەند دانیشتنێكی نهێنی نێوان سەرباز هەورامی و گۆڕانەوە كە زەكەریا رێكیخستبوو، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، ئەمەش بوو بەخاڵێكی شكستی سەربازو لەلایەن باڵەكانی دیكەی ناوپارتییەوە نەیانهێشت بگاتە ئەو پۆستەیە، ئەمەش تاوانباری زەكەریای دەرخست لای سەربازی خەزوری كە ئەو هۆكاری ئەو پیلانە فاشیلە بووە، هەروەها ئەمە وایكرد لای نێچیرڤانیش زەكەریا ئەو كەسایەتییەی جارانی نەمێنێت، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە كە چەند ساڵیكە زەكەریا سەرقاڵی خانوێكە لەسەر رێگەی هەولێر سەری رەش (سەری بڵند)، بەڵام ئێستا ئەو خانووە بەتەواو نەكراوی راگیراوەو زەكەریا بۆی نییە تەواوی بكات.
لەلایەكی دیكەوە بەهۆی كاری بازرگانی و ئەو هەموو سەفەرەی زەكەریا بۆ توركیاو سوید، بێزارییەكی زۆری لای (چنار)ی خێزانی دروستكردووەو بۆتە گرفتێكی گەورەی خێزانی بۆ ئەو خێزانە تازە دروستبووە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئێستا سەرباز هەورامی وەك پێشتر ئەو دەسەڵاتە بەهێزەی نەماوەو زەكەریاش وەك ئەڵێن شوڵی لێهەڵكێشاوە.
جگە لەمانەش بەلای سەرباز هەورامییەوە گۆرانی وتن بۆ زەكەریا لەمەو دوا عەیبەیەو ئەبێ زاواكەی دووربكەوێتە لەهونەرو ئەلبووم، بۆیە زەكەریا ئاگادار كراوەتەوە كە ئیتر بیر لەئەلبووم نەكاتەوە، ئەمەش خاڵێكی دیكەی دووركەوتنەوەی زەكەریایە لەدنیای هونەرو خەڵكیش.
خاڵێكی تر كە وای لەزەكەریا كرد نەك هەر لەهەولێر، بەڵكو لەسلێمانیش جێگەی خۆی بكاتەوە، پەیوەندی زەكەریا بوو بەكۆسرەت رەسوڵ و كوڕەكانییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شاڵاو-ی كوڕەكەی كۆسرەت لەو چەند رۆژەی رابردوودا تووشی وەرگەڕان بوو لەرێگەی ئەزمەرو سلێمانی، زەكەریاش بەهۆی ترسێكی زۆری لەپارتی و لەخەزوری، نەیوێرا بێتە سەردانی، ئەمە وای باڵەكەی كۆسرەت رەسول كرد كە زەكەریا بسڕنەوەو وەڵامی پاكانەكانی نەدەنەوە.
هەموو ئەمانە لەئێستادا زەكەریا-یان تووشی سەرلێشێواوی بێتاقەتی كردووە، بۆیە ناچارو بۆ خۆ دوورخستنەوەی لەو كەشە نەخوازراوە، ئێستا بەردەوام لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانەو خۆی دەدزێتەوە لەو نەهامەتیانەی كە تووشی هاتوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست