کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر یەکێتی راستبکات چاکسازی بکات، با لە ڕاگەیاندنەکەی دەستپێبکا

Tuesday, 01/10/2013, 12:00





لە چانسی نەگبەتی یەکێتی ، هەموو بەرپرسەکان و هەموو کوڕە دڵسۆزەکانیان (مەبەستم پیاوو پاشکۆکانیانە) کەوتوونەتە قسەکردن لەسەر بارودۆخی یەکێتی و پێشنیازی چاکسازی ئەکەن. ئەوانەی کە دیارن زیاتر ئەوانەن کە لەناو ئیعلامن و پێنشنیاز ئەنووسن لەسەر ئەم مەسەلانە ، بەداخەوە زۆربەی کە شت ئەنووسن و تێبینی و سەرنجیان هەیە ئەوانەن کە پیاوی دڵسۆز و بێ مونافیسی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسین و لەسایەی سەری ئەو پاشکۆیەتیەیان دەیان هەزار دۆلار موستەفید بوون لە یەکێتی و لەهەمان کاتدا بوونەتە مایەی زویرکردنی کادیرانی پاک و دڵسۆزی راستەقینەی یەکێتى.
لە دەزگایەکی گەورەی راگەیاندنی وەکو تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان تەنها لەماوەی 3 ساڵی رابردوو نزیکەی 120 کارمەند دەرکراون تەنها لەبەرئەوەی سیاسەتێکی دیاریکراوی بەڕێوەبەرەکەیان بەدڵ نەبووە و یاخود لەبەر ناعەدالەتی و نادادپەروەری لە موچە و ئیمتیازات ، بۆ نموونە لە کاتێکا کە (ل.ن) کەبەڕێوەبەری تەلەفزیۆنە ئەو مافەی بەخۆی داوە کە بۆ هەر مانگێک کرێی شوقەکەی لە پاک سیتی لەشاری سلێمانی 2500 دۆلار واتا 25 گەڵا وەربگرێت و لەهەمان کاتدا سێ مووچەی هەبێت یەکێکیان لەسەر فەرمانگەی رێکخراوەکان کە بڕی 1380000 دینارە لەبانک وەریئەگرێ، ئەوی تریان بە عەقد لە تەلەفزیۆنەکەی بە بڕی 2500000 دینار و مووچەیەکیش لە نوسینگەی بەرهەم ساڵح بە بڕی 1500000 دینار ، هەروەها وەرگرتنی ئۆتومبێلی جۆری تاهۆ مۆدێل 2011 کە بڕی 56000 دۆلاری بۆ پێدراوە جگە لە وەرگرتنی 10000 دۆلار بۆ هەموو سەفەرێکی بۆ دەرەوەی وڵات کە ساڵانە چەند سەفەرێک ئەکا، کەچی پێی گوناهە کارمەندێکی دڵسۆزی تەلەفزیۆنەکەی مووچەیەک وەربگرێت کە بتوانێت خۆی و مناڵەکانی پێ بژیێنێت.
لە بەشی حیساباتی ئیدارەی گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، فایلێکی تایبەت تەنها بە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کراوەتەوە کە پڕیەتی لە نووسراوی بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی و نووسراوی بەرهەم ساڵح بۆ خەرجکردنی پارە بۆ ئەو بەڕێزە، بەڵام کادیرە راستەقینەکانی یەکێتی بە دوو ئیش فریا ناکەون خۆیان بژیەنن. ئەو هەموو بایەخ و سەرفکردنی پارەیە بۆ ئەو بەڕێزە ئەبێ هۆکارەکەی چی بێت؟ ئاخۆ زانایەکی ئەوەندە گرنگە و هاوشێوەی ئەنیشتاین و ئەدیسۆن داهێنانی کردووە ؟ یان وەک فەیلەسوف هابرماس شارەزایە لە میدیا؟ ئایا یەکێتی پیاوی تیا نەماوە جگە لەم و لە (ت.ئە)کەی کە ئێستا بەڕێوەبەری گشتیە لای عیماد ئەحمەد و ئەمیش سێ مووچە و سێ ئیشی هەیە و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیە لە هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیە و لای بەرهەم ساڵحیش مووچەی هەیە و خاوەنی سێ خانووە لە سلێمانی و هەولێر؟ ئاخر گەندەڵیش بەم ڕادەیە؟!
کێشەکە ئەوەیە ئەمانە سەرباری ئەوەی هۆکارێکن بۆ وازهێنانی خەڵک لە یەکێتی و زویربوونی کادیران کەچی دەمی خۆشیان بۆ ناگیرێت و لە تێریا باسی چاکسازی ئەکەن. ئاخر چۆن ئەبێ یەکێک لە ناو یەکێتی موستەفید بووبێت بەمشێوەیە کەچی باسی چاکسازی بکا و پێشنیاز بکا ؟ ئەمانە هەقوایە بچن ببن بە سکرتێر و پاسەوانی بەرهەم ساڵح.
ئەگەر یەکێتی بیر لە چاکسازی بکاتەوە ئەوا با لە خەڵکی لەم شێوەیە دەستپێبکات و دەریان بکا و ئیمتیازاتەکانیان لێوە بگرنەوە ئنجا بزانە خەڵک چۆن رووئەکاتەوە یەکێتی ، ئەگەر ئەمە نەکات و خەڵکی لەم شێوەیە دوور نەخاتەوە لە پۆستەکان و لەبەرچاوی کادیران و جەماوەری یەکێتی، ئەوا دڵنیا بن وەزعی یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان زۆر خراپتر ئەبێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە