کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی بەڕێوەبەری بەشی خۆپاراستنی تەندروستی هەولێرناگۆڕێت ؟

Tuesday, 29/01/2013, 12:00


ئەو گۆڕانكاریەی لەماوەی ڕابردوودا لەفەرمانگەی تەندروستی هەولێر كرا مایەی خۆشحاڵی بوو , هەروەها دەستخۆشیشە لەبەڕێوەبەری فەرمانگە ناوبراو بەڕێز دكتۆر مەغدید سورچی . بەڕاستی توانی ژمارەیەكی زۆر لەبەڕێوەبەر و فەرمانبەری دز و گەندەڵ سزابدات بەلادانیان و گواستنەوەیان لەشوێنی كاركردنیان دا . هەندێك لەوانە پلەی حزبی بەرزیشیان هەبوو , چەندین ساڵ بوو خۆیان بەكورسیەكانیان قایم كردبوو ڕاست و چەپ دەیان خوارد و دەیان دزی , ئەو پاك سازی و چاك سازییە ئومێدیكی خستەوە دڵی ستافەكانی بواری تەندروستی بۆ ئەوەی گەشبین بن بەئایندەیەكی باشتر .بەڵام ئەوەی مایەی سەر سوڕمانە ئەو هەڵمەتە هەموو كەسێكی گرتەوە تەنیا بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی دكتۆر سەرهەنگ جەلال نەبێت كەوا بۆ ماوەی دەساڵ زیاترە بەزۆری و ناهەقی خۆی سەپاندووە و یەكێكە لەو دزو گەندەڵە هەرە ناقۆڵایانە هەر لەو كاتەی دەستی بەكار كردووە ئەو بەشە هەستیار و گرنگەی تەندروستی بەرە و پاشەوە بردووە .ئەوەش گومانێك لەلایەن پزیشك و كارمەندان و ستافەكانی ترەوە دروست دەكات . بۆچی تاكو ئێستا شەپۆڵی چاكسازی ئەو بەڕێوەبەرەی نەگرتۆتەوە ؟ ئایا دكتۆر مەغدید لەو چاكسازیەدا دڵسۆز و ڕاست گۆیە ؟ یان ئەویش لەسەر حیسابی پەیوەندیەكان و بەرژەوەندی تایبەتی ئەو كارەی كردووە .
من وەكو كارمەندێكی تەندروستی چەندین جار ویستم خۆم بگوازمەوە بۆ بەشی خۆپاراستنی تەندروستی لەبەر ئەوەی دكتۆر سەرهەنگ من باش دەناسێت قەبولی نەكردم رەنگە بڵین بۆچی ؟؟ من خۆم وەڵامی ئەوە دەدەمەوە یەكەم لەبەر ئەوەی من دەناسێت نەوەكو ئاگاداری گەندەڵیەكانی بم و لەلای ناسیارەكانی باسی بكەم . دووەمیان لەبەر ئەوەی واسیتەم نەبوو چونكە دكتۆر سەرهەنگ كەسێكی زۆر ترسنۆكە هەر لێپرسراوێك تەلەفۆنی بۆ بكات لەبەر خاتری كورسیەكەی گەورەترین تەنازولی بۆ دەكات ..هەر چەندە من لەبەر خاتری ئەو نەم ویستووە بێمە ئەو بەشە تەنیا لەبەر خزمەت كردن نەبێت ,چونكە باش دەزانم ئەو زۆر ناعادیلە لەگەڵ كارمەندەكان تەنیان حساب بۆ پزیشك دەكات بەچاوێكی سووك سەیری ئەوانە دەكات كە دەرچووی كۆلیجی تەقەنی و بایۆلۆجی و كارمەندی تەندروستین , هەروەها زۆر جار بەلا لوت سەلامیان وەڵام دەداتەوە . نموونەش بۆ ئەوە بەرپرسی بەشەكان تەنیا دەبێت پزیشك بن رێگە نادات ئەوانی تر بن كەلەسەرەوە باسم كردن . یەكێك لەكارمەندەكان لەبەر نەبوونی پزیشك ماوەیەك بەرپرسی یەكێك لەبەشەكان بوو , بەڵام نەی دەهێشت دەرماڵەی لە 20% وەرگرێت كەوەزارەتی دارایی بۆ بەڕێوەبەرەكانی داناوە كەچی تەنیا پزیشكەكان ئەو دەرماڵەیە وەردەگرن . كەئەمە هیچ پەیوەندی بەبڕوانامەوە نیە دەرچووی پەیمانگا یان كۆلیجەكانی تر دەبێت ئەوانیش وەرگرن . ئەو كارمەندە كەزۆر چالاك ودەست پاك دڵسۆز بوو ناچار بو خۆی نەقڵ كرد.زۆر كارمەندی ئاوا چالاك و دڵسۆز لەبەر ئەو بەڕێوەبەرە خۆیان نەقڵ كردووە .
هەر چەندە بەشی خۆپارستنی تەندروستی پێویستی بە میلاكات هەیە , بەڵام ئەو تەنیا ئەو كەسانە وەردەگرێت كەخۆی دەیەوێت , دەبێت ئەو كارمەندە بەهیچ شێوەیەك لەقسەكانی دەرنەچێت و چی پێ گوت ئاوا بكات .
ئەو گەندەڵیەی لەچاودێری تەندروستی دایە هەمووی هۆیەكەی بۆ دكتۆر سەرهەنگ دەگەڕێتەوە ,چونكە راستەوخۆ دەست لەكار وباری فەرمانبەرەكان وەردەدات و ئەوەی بیناسێ‌ و یان لێیان بترسێت پێیان دەڵێت چاوپۆشی لێ بكەن . هەر ئەوەشە وای كردووە كەوا كەل و پەلی ئیكس پایەر پڕی بازاڕ بێت و خەڵك بەبێ‌ ترس بیفرۆشن . دكتۆر سەرهەنگ لەپێناو ئەو كورسی یەی كەوا بەگەندەڵی خۆی پێ‌ چەسپ كردووە ئامادەیە هەموو شتێك بكات . بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی هەولێریش رۆژیك نەهاتووە لە پزیشك و كارمەندەكان بپرسێت ئایا گیر و گرفتیان چیە ؟؟ یان سەردانێكی ئەو بەشە بكات كەوا پەیوەندی بەتەندروستی هاو وڵاتیان هەیە ئەوەش بۆتە مایەی گومانی كارەچاك سازیەكانی دكتۆر مەغدید سورچی كەئێستا ڕایگرتووە , یەكێك لەو قسانەی كەوا لەناو ناوەندی تەندروستی دەكرێت لەسەر مانەوەی دكتۆر سەرهەنگ ئەوەیە كەوا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ڕێك كەوتووە بەپارە چاوی بەستووە , چونكە ئاشكرایە كەوا بەشی خۆپاراستنی تەندروستی هەموو ساڵێك بودجەیەكی زۆر باشی بۆ دادەنرێت بەناوی جێ بەحێ‌ كردنی پڕۆژەكان و بەرنامەكانی خۆپاراستن بەڵام بەڕێوەبەری ئەو بەشە هەروەكو پێشتریش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی كۆن ڕیك كەوتبوو پارەكان لەنێوان خۆیان بەش كەن ئێستاش بەهەمان شێوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دكتۆر مەغدید ڕێككەوتووە و ئەو پارەیە كەس نازانێت چی بەسەر دێت خۆی پێویستە هەر بەشێك كەبەرنامە و پڕۆژەی داناوە بزانێت پارەكەی چەندە بەڵام دكتۆر سەرهەنگ هەر دەڵێت پارەنیە كەچی بۆ بەرنامەكانی كوتان كەخۆی سەرپەرشتیاری دەكات پارەكان سەرف دەكات و تەنانەت كارمەندەكانیشی باشترین پاداشت وەردەگرن بەڵام بەشەكانی تر بەهیچ شێوەیەك دەعم ناكرێن كەكارەسەختەكانیش هەمووی لەئەستۆی ئەوان دایە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە