لەوەڕگاى هەڵبژاردن
Sunday, 31/05/2009, 12:00
لە كۆمەڵگاى كوردى خۆمان و هەندێجار لە نێو گوندنشینە ئاژەڵدارەكاندا ، لە وەرزى بەهارەوە دەست دەكرێت بە پاوان كردنى لەوەڕگایەكى دیاریكراو ، بەجۆرێك كە ئاژەڵەكانیان لەو لەوەڕگایانەدا نالەوەڕێنن ، تاوەكو هەڵبگیرێت بۆ وەرزى زستان و لەو وەرزەدا سوودی لێ ببینن بۆ بەخێوكردنى ئاژەڵەكانیان ، ئەم كردارەش بە زۆرى لەو ساڵانەدا ئەنجام دەدرێت كە وشكە ساڵی و بێ بارانیە بەو قەناعەتەى زامنی لەوەرى تەواوى ئاژەڵەكانیان بكەن ، هەرچى لەوەڕگا پاوان كراوەكەشە پێی دەوترێت " پاوە " .
كە وەرزى بەهار تێدەپەڕێت و وەرزى پایزو زستان ڕوو لە نزیكبوونەوە دەكات ، یەكێك لە گوندنشینەكان كە چەند ئاژەڵێكى هەیە ئێستا دەیەوێت سوود لەو لەوەڕگایە ببینێت و ئاژەڵەكانى پێ بەخێو بكات . بێگومان جارێ نازانین ئاژەڵەكانى چین ، بەڵام هەرچۆنێك بێت خاوەن ماڵ كۆمەڵە گایەكى هەیە كە ئەمانیش وەكو ئەوانیتر پێویستە بەشی بدرێ و بەش خوراو نەبێت و لەم لەوەڕگایە بەشێوەیەكى عادیلانە سوود مەند بێت . ئەوەى لێرەدا دەبینرێت ئەوەیە كە ئەم كۆمەڵە گایە هەندێجار خاوەن ماڵ دەسەڵاتى ئەوەى دەداتێ كە بتوانێ ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە ئاژەڵەكانی ترى نێو لەوەڕگاكە دەرببڕێت لە كاتى هەر بێبەش كردن و بە دەمەوە نەهاتنێكیاندا و بگرە لە خاوەن ماڵ داواش بكات كە ئەو ئاژەڵەى كۆنترۆڵی لەوەڕگاكەى كردووە و زوڵمیان لێ دەكات و بەشخوراویان دەكات لە سەرووكارى لەوەڕگاكەدا لایبدات و جۆرێكیتریان بۆ دەستنیشان بكات كە بە باشی بەدەمودەستیانەوە بێت ، لەویش سەیرتر ئەوەیە كە بێگومان ئەم كۆمەڵەگایە دەتوانن هێرش بكەنە سەر لەوەڕگاكەو هەموو ئەوانیتر لە گۆڕەپانەكەدا دەربهێنن چونكە هەروەكو وتمان ئەمان زۆرینەن ، بەڵام بۆ ئەمە ناكەن ؟ چونكە خۆیان باش دەزانن لەبەرئەوەى ئەمان هێندە زۆرن ئەگەر بێتو ئەوەها هێرشێكى ڕق ئەستورانە بكەنە سەر لەوەڕگاكە ئەوا هەموو لەوەڕگاكە دەشێوێت و هیچ لەوەڕێك بە خاكەكەوە نامێنێ و هەم خۆیان و هەم نەوەكانیشیان بێبەش دەبن لەو لەوەڕەو زەرەر مەند دەبن ، بۆیە لە ئێستادا ئەو هەنگاوە بە باش نازانن ، بەڵكو دەبێت لە ڕێگەى خاوەن ماڵەكەوە كارێك بكەن كە هاو ئاژەڵەكانیان مافەكانى ئەمان بدەن و قۆرخی مافەكانیان نەكەن.
كەواتە دەبێت بیر لەوە بكەنەوە كە نوێنەری ڕاستەقینەى خۆیان بهێڵنەوە لەنێو لەوەڕگاكەداو نا ڕاستەقینەكانیش تووڕ بدەن ، تاوەكو لە مافو ئەركدا نە بێبەش وە نە زوڵم لێكراو نەبن . دیارە ئەو ئاژەڵانەشی كە لە سەروكارى لەوەڕگاكەدا بە تەواوى بەرچاودەكەون بریتین لە (كەرێكى دێز ، بزنێكی شاخی و مەڕێكی سپی). هەرچى كەرە دێزەكەیە لەوەڕەكەى خۆشەو لەكەیف وسەفادایە ئەگەر بشزانێ بزنە شاخی و مەڕە سپیەكە دەیانەوێ لێی نزیك ببنەوەو لە لەوەڕەكە دەخۆن ئەوا هەر هێندەى پێدەچێت مێخسكەكەى دەبچڕێنێ و دەداتە جووتكەو یەكى یەك جووتكەى ناڵاوییان لێدەدات و لە لەوەڕیان دەخات ، هەندێجاریش بزنە شاخیەكە بەر ڕەحمی خوا دەكەوێت و خۆی لەبەر جووتكەكەى لادەبات . بەڵام مەڕە سپیەكە زوو زوو بەریدەكەوێت و كاتێ دێتەوە هۆشی خۆی كە كەری دێز گۆڵی خۆی كردووەو نیوەى لەوەڕەكەشی بەزیادەوە بردووەو ئامادەش نیە مافی كۆمەڵە گایەكەى لێبدات ، هەر كە زانیشی كۆمەڵەگایەك دەیانەوێ داواى لەوەڕ بكەن ئەوا بە منەتەوە یەكى یەك چەپك دەدات بە هەندێ لە گایەكان و دەمبەستیان دەكات . وە ئەگەر ببینێت هەندێ گا خەریكە بیر لە نوێنەرى ڕاستەقینەى خۆیان دەكەنەوەو پشتگیرى بزن و مەڕەكە دەكەن و گایەكانى تریش بە ئاگا دێنن ئەوا هەڕەشەی بڕینى چەپكە پوشەكەی پێشووتریشیان لێدەكات ، ئێ ئەوانیش یان لە برسا یان لە ترسا هیچ ناڵێن و بە چەپكە پوشەكەیان ڕازى دەبن و بیر لەوە ناكەنەوە كە مافی لەوە زیاتریان هەیە وهەوڵبدەن بزنە شاخیەكە یان مەڕە سپیەكە بكەنە وەكیل و دەمڕاستى خۆیان باشتریان بۆ دەڕەخسێ لەوەى پێشووتر ، چونكە ئەگەر هەر هیچ نەبێت ئەم دووانە كەمخۆرن لە چاو كەرە دێزەكەداو گەدەیان هەڵیناگرێت یان هیچ نەبێت ئەمانیش تاقیبكەنەوە تا دڵنیابن لە ڕاستیەكان و ئەو جۆرە بیركردنەوەیەش لاى كەرەدێز ئاساكان نەهێڵن كە بە وشەى گۆڕان بائەكەن . خۆشبەختانە هەندێجار بەشێك لەم كۆمەڵەگایە لەوەش ناترسن و نوێنەرى راستەقینەى خۆیان هەڵدەبژێرن . بەڵام بەداخەوە كە هەندێكی تریشیان بیر لەوە ناكەنەوەو تەنانەت ئەمجۆرە بیركردنەوەیان نیەو هەندیجاریش حەز بە زەرەرى دراوسێ ماڵ و هاو نەسەبەكانیشیان دەكەن و ئاگر لە ماڵیان بەردەدەن و لەناویشیان دەبەن.
بزنە شاخیەكەو مەڕە سپیەكەش باش لە كەرە دێزەكە گەیشتوون و دەیانەوێت ئەگەر بۆ جارێكیش بێت كۆنترۆڵى لەوەڕگاكە بكەن و بە كۆمەڵە گایەكەى نیشان بدەن كە كێ دەتوانێ خزمەتیان بكات و مافەكانیان بۆ دابین بكات ، چونكە گەر ئەمان ئەمارەتى لەوەڕگاكە بكەن لە هەوڵی دابینكردنى زۆرترین مافدا دەبن بۆیان و بەمەش كۆمەڵە گایەكە دەحەوێنەوەو بۆ هەتا هەتایی نەفرەت لە كەرە دێزەكە دەكەن و ژیانێكى ئاسوودەیان دەبێت . لێرەوە من و ئێوەو خاوەن ماڵیش چاوەڕووانى ئەوەین كە ئاخۆ ئەم كۆمەڵەگایە بەرژەوەندیەكانى خۆیان بە تەواوى دەزانن كە جارێكیتر سەروكارى لەوەڕگا پاوەنكراوەكە نەدەنەوە دەست كەرە دێزەكە ؟ بۆ وەڵامى ئەم پرسیارەش چاوەڕوانى هاتنى وەرزى لەوەڕگا پاوەنكراوەكە دەكەین تاوەكو بیرو بۆچوونى كۆمەڵەگایەكەمان بە تەواوى بۆ ڕوون ببێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست