پەیكەری ئازادی لە ئەمریكاوە بگوازرێتەوە بۆ سوریا!!
Wednesday, 15/02/2012, 12:00
گوتەیەكی باو ھەیە كە بۆتە نەریت لای خەڵكی و ئەنجامدانی زۆر قێزەوەنە، ئەویش بەخشینەوەی دیاری ،(دیار بۆ دیاری نابێ) بەڵام ئەم دیاریەی من خوازیارم لە نەتەوەیەك وەری گرمەوە ھێمای تێكۆشان و ئازادیە لە نیویۆرك! پەیكەری ئازادیە ، كەماوەی زیاتر لە 100 ساڵێك لە مەوبەر بەدیاری لەلایەن فەرەنسیەكانەوە بەبۆنەی شۆرشی ئەمریكیەوە پێشكەشیان كراوە، ئەمانیش لە لایەن خۆیانەوە لە جێگایەك كە بەسەر دوورگەی نیویۆرك دا دەروانێت جێگیریان كردوە ، بەشێوەیەك ھەركەسێك روو لە نیویۆرك بكات ئەوە دەیبینیت.
پێشەكی داوای لێبووردن لە گەلی ئەمریكای دەكەم بۆ ئەم داوایەم ، كە پێویستە دەست بەرداری پەیكەری ئازادی ببن و رەزامەندی دەربڕن بۆ گواستنەوەی ئەم سەرمایە بەنرخە و نایابە نەتەوەییە لە وڵاتەكەیان، وەك مێدالی ئازایەتی بەم گەلانە ببەخشرێتەوە ، كە چاو نەترسانەوە بوێرانە دەرژێنە سەرشەقامەكان لە پێناو مافەكانیان، بەھەزاران قوربانی لە چەند مانگێكدا دەبەخشن.
ھەرچەندە لێرە و لەوێ چەندین ھاوشێوەی ئەم پەیكەرە دروست كراوەتەوە، لە دیدی منەوە ھەمان مانای پەیكەرە رەسەنەكە نابەخشێ ! بۆگەلێك كە بە ڕاستی شایەستەیبێ و لە ناو خاكی خۆێدا وەك ھێمای تێكۆشان وەریگرێت ، سپەیدەی زوو رۆڵەكانی ئەم گەلە بەخشندەیە ، بەیانی باشی لەگەڵ بكەن، سەریان لە ئاستیدا كەمێك دانەوێنن وەك ڕێز گرتن بۆ رۆڵە لەدەست چووەكانیان و بەرھەمی خۆێنان بەرز راگرن .
ھەركاتێك نەتەوەیەكی تر شێلگیرتر بوو لەسەر خەباتی و قوربانی زۆرتریان بەخشی ، مانای ئازادی لایەن بەنرختر بوو! ئەوە دەكرێ پەیكەرەكە وەرگرنەوە، واتە ئەم پەیكەرە ئەبێت بەگیانی شۆرشگێڕی لە جیھاندا و مانای ئازایەتی بەھەر نەتەوەك ھەڵیبگرێ ئەبەخشێ، كەئەمە خۆی لە خۆێدا ، ورەو تین بەر گەلان دەخات بۆ داو كردنی مافەكانیان .
بێ گوومان رۆژێك لە رۆژان نۆرەی كوردیش دێ ، لەوانەیە خۆێنەری ئازیز بپرسێ ئەی ئەم جەنگ و ھەرایەت بۆكێیە؟ من بەلای خۆمەوە لە ئێستادا ئەم پەیكەرە خەڵاتی گەلی سوری خوراگر دەكەم! لەبەر پێداگری و چاو نەترسیان لە ویزەی گوولەو گیڤەی تۆپ، كوشتن و ئازاردانیان كەمێكیش لە رق و داوایان كەم ناكاتەوە..
كورد بە بەراورد لە گەڵ نەتەوەكانی تر جیاوازی ھەیە لە داوا كردنی مافەكانی ، بەمانایەكی تر كورد ئەبوو ھەزار جار لەم گەلانە ڕق ئەستور تر و پێ داگرتربێ ، كورد ئەبوو منداڵی سەرلانكەش بێنە كۆڕی خەباتەوە ، چون كورد داواكانی بۆ مانەوەی رەگەز و زمان و ژیانە لە سەر خاكی خۆی ، واتە كورد شەڕی مانەوەیەتی ، شەڕی ئازادیە، جیاواز لە گەلانی ڕاپەریوی سەردەمی تازە ، كە تەنھا لە ھەوڵی گۆڕینی دام و دەزگاكانی ڕژێمەكانیان، كە تا ئێسقان نوقمی گەندەڵی بوون ، جا دەبێ ئەم گەلانە گەر بۆ ئازادی خاك و زمان و نەتەوە ، بۆ مانەوە تێ بكۆشن چی بكەن ؟ بۆیە با ئەم خەڵاتە پێشكەشی گەلی سوری نەبەرد بێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست