ھۆشیاری نەتەوەی ، نەخۆشی لەبیرچوونەوە
Wednesday, 18/05/2011, 12:00
ئێمە وەك گەلی كورد لە زۆر بۆنەكاندا لۆمە و سەرگۆنەی خۆمان كردووە، بەوەی بەسەرھات و نەھامەتیەكانی ڕابردوومان لەبیر دەچنەوە، ئەوەندەی ئێمە تووشی دەردەسەری و ماڵ وێرانی بووین، ناڵێم ھیچ نەتەوەیەكی تر وەك ئێمەی بەسەر نەھاتووە، چوونكە دەبێتە خۆپەرستی گەر وابكەم! بەڵام ئەو نەتەوانەی وەك كورد چەوسێندراونەوە، ڕۆژێك لە ڕۆژان و ئەوانیش وەك لەسەر بنچینە سروشتیەكە كاردانەوەی خەبات و خۆبەختكردنیان ھەبووە بۆ دەرچوون لە داگیر كاری و چەوسانەوەیان لەلایەن دووژمنانیانەوە ، ئەمرۆكە زۆر كەمن ئەوانەی بە مرازی خۆیان نەگەیشتبن و جاڕی سەربەخۆی و وڵاتی ئازادیان نەدابێت.
بۆ دەست نیشان كردنی ئەم نەخۆشیە لەجەستەی نەتەوەكەمان پێویستمان بە بەراورد لە نیوان نەتەوەكان بەرامبەر بە نەتەوەی كورد ھەیە، ھەر لەبەرئەوە بۆ بەڕێژە كردن دەبێت گەلێك ببینینەوە كە سروشتی ماڵ وێرانیەكەی لە ئێمە بكات، بۆ نمونە گەلی ئایریش.
لەم سەردەمەی تازەدا ئێرلەندە وەك داگیركراوی بەریتانیا ناسرابوو تا ساڵانی 1921 كە بەشێكی زۆریان لە خاكی ئێرلەندە بە فیداكاری لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەكان دەرھێناو بەریتانیاش بە ناچاری وەك وڵاتێكی سەربەخۆ دانی پێدا ھێنا و وەك كۆماری ئێرلەندە ناسرا.
باكوری ئێرلەندە كە لەشەش پاریزگا پێك دێت، تا ئێستاش بەشێكە لە پاشا نشینی بەریتانیا ، بە ھۆی بەئینگلیزە كردنی ئەم ناوچانە لەڕۆژی ئەمڕودا دیاری كردنی ڕەگەزی دانیشتوانیان زۆر سەخت بووە، ھەربۆیەش باكوری ئێرلەندە لەناو خۆیدا بوونەتە دوو بەشەوە بەشێكیان ڕەگەزیان دەبەنەوە سەر ئایرشەكان و بەشێكی تریشیان خۆیان بە ڕەگەزی ئینگلیز دەزانن گۆێ ڕایەڵ و دوا كەوتووی پادشانشینی بەریتانیان ، ھەڵگری دوو ڕەگەزنامەن و ئازادی تەواویان لەنیوان ھەردوو وڵاتدا واتە بەریتانیا و كۆماری ئێرلەندە ھەیە، لە نیشتە جێبوون و ئەرك و مافدا لەم دوو وڵاتەدا یەكسانن. بۆیە بۆگەرانەوە بۆ سەر كۆماری ئێرلەندە كارێكی ئاسان نیە، بەھۆی سەرنەكەوتنی كۆماری خوازەكان لە ڕاپرسیە گشتیەكان بۆ دیاری كردنی چارەنووسی ئەم ھەرێمە. ھەرچەندە ڕەگەزی خەڵكی ئەم ھەرێمە ئاوێتەی یەكتر بوون بەڵام تووندو تیژی لەلایەن ھەردوو لاوە بەردەوامە، بەتایبەتی دابەش بوونی كەنیسەكانیان دەوری سەرەكی ھەیە لەم تووندو تیژیە.
بابێنەوە سەر نەخۆشی لە بیرچوونەوەی نەتەوەكەمان، لەم ڕۆژانەدا پادشای بەریتانیا سەردانی ئێرلەندە دەكات، ھەرچەندە بەفەڕمی ئەم سەردانە لە لایەن دەسەڵاتەوە بەمێژوو دادەنێن بۆ ئێرلەندە ، میدیاكان بایەخێكی زۆریان پێداوە، لە ھەمان كاتدا ڕێگاو شۆێنی تووندو تۆڵ گیراوەتە بەر، بەھۆی ناڕازی بوونی زۆربەی شەقام بەم سەردانە، ھەر لە گەڵ گەیشتنی ئەلیزابێت ، شەقامەكانی دبلن توندو تیژی بەخۆیەوە بینی. ئێمە بابەتمان نەخۆشیەكە بوو! دوای ئەم ھەموو ساڵە، گەلی ئێرلەندە ناڵێن (خوا لە گوزەشتەكان خۆش بێت) ، ھەرچەندە زۆربەی ڕۆشنبیرە ئایریشیەكان قازانجی داگیر كاری ئینگلیز بۆیان زیاتر لە زیانەكان دەنرخێنن، بەتایبەت زمانەكەیان كە لەدێر زەمانێكەوە بۆتە ئینگلیزی و باوەڕیان وایە گەر زمانی ئایرش فەرمی با ئەوە نەیان دەتوانی بەم جۆرە بن كە ئێستا ھەن لە جیھاندا و بەتایبەتی لە ئەمریكاو كەنەدا و ئوسترالیا . ھاتنی شاژنی بەریتانیا بۆ ئێرلەندە بوو بە ھۆی كولانەوەی برینەكانیان كە ھەر گروپەو لە بەر خۆیەوە دەردی دڵی خۆی بەیان كرد، كۆمەڵی ئایریش- ئەمریكا، ئەمرۆ بۆ ساڵانی 1845 كان گریان، بەبیر بەریتانیان ھێنایەوە ئەو كاتەی گرانی ڕووی لەم وڵاتە كرد كە بوو بە ھۆی مردنی زیاتر لە یەك ملێون كەس لەبرسان ، بەریتانیا ھەڵۆیستی جوامێرانەی نەبوو. كۆمەڵێكی تر بە بیر شاژنیان خستەوە كە سەردەمی مارگرێت تاتشەر لەساڵەكانی 1980 كۆمەڵێك لە سەربەخۆی خوازانی باكوری ئێرلەندە ، لە زیندانەكانی بەریتانیادا مانیان لە خواردن گرت و بە ناو بانگ ترینیان بۆب ساندس بوو كە لەبرسان مرد و وازی لە مان گرتنەكەی نەھێنا، بەڵام كابینەی مارگرێت ئەوانی بە تاونبار وەسف كردبوو، شاژنیش ھیچ ھەڵۆێستی نەنواندبوو، بۆیە ئەمڕۆ میوانێكی خۆشەویست نیە لە ناو كۆمەڵی ئایریش. خەڵكی ناڕازی بەرامبەر بە سەردانەكە، ئەگەر بەژمارەش كەمبن، بەڵام دنگیان ھەیە، ھەر كۆمەڵەو سەرەدێرێكی ھەڵگرتووەو ڕابردووەكان وەبیر پیرە شاژن دەھێنەوە، كە زۆر بەی ڕووداوەكان ئەو ھەر لە دایكیش نەبووە.
ئێمەی كورد زۆر دوور ناڕۆێن و ناگەڕێنەوە بۆ مێژوو، كە ھەر چركەیەكەی تاوان و شەرمەزاری دووژمنانی گەلی كوردی تێدا تۆمار كراوە. با بێن باسی ئەمڕۆ بكەین لەمێژووماندا، سەرۆكی ئەو وڵاتانەی بەبەردەوام ھەرێمی كوردستان تۆپ باران دەكەن و خەڵكی سفیل لە لادیەكان دەكەنە ئامانج ، بەژێر تۆپارانەكەی خۆیاندا دەپەڕنەوە بۆ كوردستان ، پێشوازی گەرم و ئاھەنگ و شادیان بۆ ڕێك دەخرێت و سوپاس و پاداشت دەكرێن، بەپیرۆزی وەر دەگیرێن و بەڕێ دەخرێنەوە ، وەك ئەوەی كورد قەرزار و چاو لەبەری ئەوان بێت، یان كورد وڵاتی ئەوانی داگیر كردبێت و تۆپخانەی كوردان لادێ و خەڵكی بێگوناھی ئەوان بكوژێت، بۆیە دەڵێم بەڵێ كورد نەخۆشە! لەبیر چوونەوە لە كورداندا پێویستی بەچارەسەری ھەیەو دەردێكی كوشندیە ڕێژەی نەخۆشیەكەمان %99.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست