چۆن تێكۆشان دروست دەبێت!!
Sunday, 17/07/2011, 12:00
بێگومان، تێكۆشان لە گەڵ دروست بوونی ئادەما ھەبووە، بگرە تەنانەت لە ناو گیاندارەكانیشدا ھەر ھەیە. تێكۆشان لەسەرەتادا وەك ھەست درووست دەبێت ، لەدوای كەڵەكە بوونی میتافیزیكیەكەیەوە دەگۆڕێت بۆ باری بەكردار كردن، كە ئەمە مایەی بەرگری و مانەوەی ڕەگی ھەر گیان لەبەرێكە بەڕووەكیشتەوە، كەواتە بەرگری و تێكۆشان بۆ مانەوە ، دەكەوێتە ناو ئەو یاسایانەی كە بە یاسای سروشت ناسراون ، نمونەش بۆ ئەمە كیسەڵێك كاتێك لەدەم ڕووبارەكان ھێلكەكەی دەتروكێت، بەیاسای سروشت بێ داواكاری لە لایەن دایكە كیسەڵەكەوە یان رێگا نیشاندانی بەرەو ناو دەریا ملی ڕێگا دەگرێت، ئەمەشی بۆ ژیان و مانەوەیە ، كەواتە گیان لە بەران بە مرۆڤیشەوە ئەم خەسڵەتەیان ھەڵگرتووە ، بەڵام لە مرۆڤدا بەرگری بۆ مانەوە ، بە پێی جێگا و كات دەگۆڕێت ، بۆیە ناوی دەنێن (تێكۆشان).
كەواتە تێكوشان بریتیە لە چەند كردارێك بەرامبەر بە ئەنجامی ھەست كردن بە برسیەتی یان بە لە ناو چوون ھتد. ، بێگوومان لە بەر ئەوەی مرۆڤ گیاندارێكی ھۆشیارە بۆیەش زۆر ئاساییە كەوا تێكۆشانیشی گۆڕاو بێت، بتوانێت لە ڕێچكە جێنەتیكەكەی كە تێیدا پرۆگرام كراوە لابدات و چەپ و ڕاستی پێ بكات. ئەم باسەمان ھیچ پەیوەندیەكی بە چەمكەكانی داروینزمەوە نیە ، تەنھا شی كردنەوەیەكی مەیدانیە بۆ ئەو بابەتە ھەنووكەیانە كە ئەمڕۆ كوردستانی پێدا گوزەر دەكات، یەكێك لەو بار گرانیەی ئەمڕۆ بەسەر شانی خەڵكی ھەژارو مەینەت بەشەكانی كوردستانەوەیە ، منەتی شۆڕش گێڕانەی خەڵكانێكە كە زیاتر لە سود بۆ گەل و وڵات زیانیان ھەبووە، بۆنمونە شەڕە براكوژیەكانیان، لە كیس دانی ھەلەكان، ئەو منەتەش بەسەر خەڵكانێكدایە كە لە بەر ھەر ھۆیەك نەیان توانیوە بەشداری لە شۆرشی كوردی دابكەن ، بۆ نمونە ئەو لاوەتازە پێگەیشتوانەی كە سەردەمی لە دایك بوونیان جیاوازە، وە پەیكەری بیركردنەوەكان لای ئەوان بەشێوازێكی ترە ، زۆر بە ناسك تریش پەروەردە كراون ، كە لەوانەیە نەتوانن بەسەر دووگردی ئەم كوردستانە دا ئەو دیو و ئەو دیو بكەن، لەوانەیە لە گەڵ دەنگی ھەورە تریشقە ڕابچڵەكێن ، ھەرچەندە شۆرش گێڕەكان بەتایبەت بێ ھەستەكان بەرامبەر بە گەل و نەتەوە ، پاداشتی ئەم شۆرشەیان بەبێ ئەوەی كەس بەدیاری پێان ببەخشێ بەزیادەوە بۆخۆیان دەستیان بۆ بردوە ، بەھەر حاڵ من لێرەوە خوازیاری كەم كردنەوە نیم لە باڵای شۆڕش، چونكە دەكرێ جارێك ھەر وەك خەون و كچە شۆخەكە زۆرێك ھەبن بە پاكی و بێگەردی خۆیان بە باڵای شۆرش دا ھەڵبڵێن ، ئەوەی خوازیارم بیڵێم و لە شانی كەم كەمەوە بكەرەكانن ، ئێمە لە پێناو خۆمان رابووین ، ئێمە ویستمان ھەست بە كەسێەتی بكەین ، ئێمە پاریزگاریمان لە شەرەفی خۆمان كرد ، ھتد ، كەئەمانە بەیاسای سروشت زۆر سروشتین كە لە ناخماندا ھەبن ، گەر پێچەوانەی ئەوانە بین ئەوە ، دەبێت ناوی جاش ، جاسوس ، بێ شەرم ، بێ شەخسیەت ھەڵبژێرین ....... ھتد كە وابزانم ئەوانەی بەم ناوانە ڕازین و مل كەچەن زۆر كەمن . كەواتە خوڵاسەی وتەم ئەی كاكی پێشمەرگە ، ئەی كاكی شۆڕش گێڕ،بە یاسای سروشت ، بۆمانەوە دروست بووی ، ھیچ منەتی تێا نیە، چاوەڕێی سوپاسیش مەكە، چاوەڕێ بە كە پاداشتەكەت پەیكەرێك بێ ، گەنجە خۆێن گەرمەكانی سەدەكانی دوای بۆتی دروست بكەن، ھەرچەند نە پێشمەرگە نە شۆڕش گێران ھیچ دەورێكیان لە ئازاد كردنی كوردستان دا نەبووە ، بەڵكو خۆای گەورە مغەیەر الاحوالە و سەری لە دووژمن تێكدا و خەڵكی باشور باكوری عێراق ڕاپەڕین ، بەڵام بەھۆی باری سیاسی و پێویستیەكانی سەردەم باكوری عێراقیان ھەڵبژارد بۆ ئەوەی بەرنامە دوورو درێژەكانیانی تێدا پیادە بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست