کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوریا و ڕاپەڕین ! خۆیندنەوەیكی خێرا لەمەر سستی ڕاپەڕین لەم وڵاتەدا

Tuesday, 15/03/2011, 12:00



شاراوە نیە لای كەسمان، ئەم ڕاپەڕینانە لەسەرەتاوە بەخواستی ڕۆژئاوا نەبوون، بەڵام ڕۆژئاوا ھەرگیز لاری لە ئاشوپ و شێواوی نیە لە دەرەوەی ئەو بازنەی كە خۆی بە بەرگری ئاسایشی نەتەوەی دادەنێت بۆ خۆی. ھەردەم لە ناڕێكی و ئاژاوەی ناوچەكاندا ئەوان دەكەونە خۆێندنەوەی سود و زیانەكانی ! بەواتەیەكی تر بۆ ئەوان فرۆشتن و كڕینە، لایەنە مرۆیەكانیش وەك سودێك لە دوای كۆكردنەوە و لێك دەركردن بۆ ئەنجامی كۆتای زیاد دەكرێت.
ئەم پێشەكیە بۆ خۆیندنەوەی ئەقلی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە مامەڵە كردنیان لە مەڕ كێشەكانی جیھان بەس نیە، بەڵام ئێمە بابەتمان ئەوان نیە ! ئەوەی من مەبەستمە تیشكی بخمەسەر، وەرگێڕانی ڕووداوەكان دوای ڕوودانیان و ئاراستە كردنیان لە لایەن ڕۆژئاواوە ، بەرەو سوریا و ئێران پێناچێت سەركەوتن بەدەست بھێنن، ئەوان بەھەستیاریەوە دەخوازن ئەم ڕاپەڕینەی كە ناوچەكەی گرتۆتەوە بەرەو سوریا و ئێران بەبێ دەست تێوەردانێكی ئاشكرا پاڵ پێوە بنێن ، ھەربۆیەش دەبینین دەنگۆی ڕاپەڕین و ناڕەزایەكان لەم دوو وڵاتە زۆر سستە، تەنانەت لایەن میدیاكانی جیھانیش ئەوەندە جێ بایەغ نین.
سوریا كە وڵاتێكی داتەپیوی ڕووخاوە لە ڕووی ئابووریەوە، گەلەكەی دەست بەسەرداگیراو و خەفە كراو لەلایەن ڕژێمەكەیەوە دەبوا دووھەم گەلی ناوچەكە بێ لەدوای ڕاپەڕینەكەی توونس كە بڕژێنە سەر شەقامەكان و بەڕووی دەسەڵاتەكەیان دا بتەقنەوە، بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوون و خواستەكان بوون ! كەدەكرێت تەنھا بە گریمانە ئێمە ھۆكاری سستیەكانی باس بكەین ، من لێرە دەخوازم تەنھا ئەو قەسابخانەی ساڵانی 1982 كە لە حەما، ئەم ڕژێمە ئەنجامیدا دژی ڕاپەڕینەكەی بۆ ھۆی كوژرانی زیاتر 000،20 كەسی ڕاپەڕیوی ئەم شارە، تائێستا بۆنی خۆێنی ئەم قەسابخانەیە بن لووتی ئەم گەلەی بەرنەداوە و بەڕبەڕیەتی ئەم ڕێژێمە تائێستاش بەبەرچاویانەوەیە، كە دەكرێت ئەوان بەھۆی خەفە كردنیان لە لایەن دەسەڵاتەوە وای بۆ بچن كە ئەمجارەش بەھەمان سەرەنجام بگەن و كۆمەڵی نیودەوڵەتی ھەڵوێستێكی وا نەنۆێنێ، لەمەشدا ناكرێت ببنە جێی گلەی ئەوەتا یەكێك لە ڕووداوە بەردەوامەكان ئەوەیە كە لە لیبیا دەیبینین ، گەلی لێبی چۆن ڕۆژانە لەلایەن دەسەڵات بەكارەساتدا تێدەپەڕن و كۆمەڵی نێودەوڵەتیی چارەنوسی ھەزاران و ملێۆنان خەڵكی ئەم وڵاتەیان خستۆتە نیوان ھەلور- بەلوورانەی خۆیان.
میسڕو تونس ھەرچەندە ڕژێمەكانیان بە سەركوتكەرو دیكتاتۆر ناسربوون، بەڵام لە ڕژێمی سوری كراوەتر بوون، بۆ نمونە لە تونس ھێزی سەربازی بەم شێوەی سوریا لە ژێر كاریگەری و ڕكێفی سەرۆكی كۆماردا نەبوون ، ھەروەھا میسر تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەت و كارتۆنی ناو ببەین ، ڕێگای بە ئۆپزیسون و چەند ڕۆژنامەیەكی سەربەخۆ دابوو كە لەمەیدان دا كاربكەن ، تەنھا لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 6000 ھەزار مانگرتن كە بەشێوەی بەرفراوان نەبوون لە میسر ئەنجام دراوە.
سوریا بە ھۆی بەكار ھێانی كێشەی ئیسرائیل لە بەرژەوەندی مانەوەی دەسەڵاتدا، توانیویەتی مۆنۆپەڵی یەكەكانی دەسەڵات بكات ، ھەروەھا ھیچ دامەزراوەیەك نیە لە سوریا دەستی دەسەڵات و حزبی بەعسی تێنەكەوتبێت، لە ڕاگەیاندنەكاندا بەكاریان نەھێنێت بۆ دژایەتی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا، و ترساندنی گەلەكەی بەوتاقیكردنەوەی عێراقی پێدا ڕۆی، ئەویش كوشتن و بڕین و كەوتنەوەی شەڕی تایەفیە لەم وڵاتەدا ئەگەر لایەنی كوردی نەبا لەوانەبوو شەڕێكی سەرتاسەری ناوچەی باشور و ناوەڕاستی عێراقی گرتباوە ، كە دەكرێت لە ڕووی پێك ھاتە تاییفیەكەیەوە سوریا زۆر لە عێراق بچێت . وەبە ھۆی یارمەتیەكانی بۆ حزب اللە وای كردوە ڕووی خۆی لە ناو زۆرینەی جەماوەرەكەی سپی بكات و ببنە پاڵپشتێكی چاك لەم دەسەڵاتە، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا بانگــــــــــــــــھێشەی عروبایەتیەو خەونی عەرەبە شۆفێنیەكانە.
نابێت لایەنێكی زۆر گرنگمان لە یاد چێت، ئەویش بە عەلەوی بوونی سەرۆكی ئەم وڵاتەیە، كە بەلای كەمی 2 ملێون عەلەوی ئەم دەسەڵاتە بەپارێزگاری خۆیان دەزانن و پاڵپشتی لێدەكەن.
دەكرێت بڵێن ئەمە خۆیندنەوەیەكی زۆر خێرا بوو لە بارەی سستی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەكان لە سوریا، كە زۆر زۆری باس نەكراون، ئەم خۆێندنەوە خێرایەشم تەنھا بۆ ڕۆشن كردنی بەرچاوی خۆێنەری كوردە، ھەر لێرەوە داوا لە گشت نوسەرەو ڕووناكبیری كورد دەكەم ، بەتایبەتی ئەوانەی بەزمانی عەرەبی توانای نوسینی وتاریان ھەیە، كەوا درێخی نەكەن لە نوسینی بابەتی ئاراستەكەر بەرەو ڕاپەڕینی جەماوەری سوری بەزمانی عەرەبی، ھەرچۆن شاراوە نیە ھەرئاشۆپ و لێك ترازانی گەلان و ڕووخانی ھەر حوكمەتێكی ئەم ناوچەیە لەبەرژەوەندی كورد دەبێت.


 





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە