لە بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبا ی هەولێر کە سەر بە وەزارەتی کارەبا یە ٧٠% بۆگیرفان و ٣٠%یش بۆخەزینەی حوکمەتە!!!!
Saturday, 14/01/2012, 12:00
بە پێی هەندێک رێنمایی سەردەمی ڕژێمی پێشوو کە لە کات و ساتێکی نامۆو ناکامی شەری نێوان عێراق و ئێران دەرچوە .هەرکەسێک دەستکاری پێوەری کارەبا ی کردبێت ، تەنانەت ئەگەر دەستکاری سرکێتیشی کردبێت ئەوا لەو رۆژەی کە هەستی پێ دەکرێت لەلایەن لێژنەی چاودێری فرۆشتنی وزەی کارەباوە سزادەدرێت . سزاکەش بریتی دەبێت لە هەژمارکردنی هەموو ئامێرە کارەباییەکانی ناو مال یان باڵەخانە لەگلۆپەوە تا سپلییت و ...هتد هی ماوەی دوو سالی رابردوو وەک ئەوەی ئەو شتانە هەمووی بەکار هاتبن بە شێوەیەکی نیمچە بەردەوام !!! بەبێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکرێت کە ئەو خانوە یان باڵەخانەیە کێ بەکاری هێناوە یان ئایا چەند کەسی تێدا ژیاوە یان ئایا لەماوەی رابردوو بەتاڵ بوە یان نا ، هەروەها رەچاوی ئەوەش ناکرێت کە کێ ئەو بالاخانەیە یان ماڵەی بەکارهێناوە خۆی یان کرێچی یان هەر لایەنێکی تر .
لەزۆربەی وولاتانی جیهان کاتێک کە خانووێک یان بالاخانەیەک بەکرێ دەدرێت کارەبایەکە راستەوخۆدەچێتە سەر ناوی کرێچی تا رۆژی بەتاڵ کردنی ، کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەر سەرپێچیەک یان زیادە رۆییەک یان بەکارهێنانێکی ئاسایی و نا ئاسایی کارەبا بکەوێتە سەر ئەستۆی بەکاربەر کە کرێچیەکە دەبێت ، لەو بارە خاوەنی خانوو یان باڵەخانە تووشی زیانێک یان لێپێچینەوەیەکی ناڕاست نابێت کە ئەو ئەنجامی نەدابێت ،بەلام وەزارەتی کارەبای ئێمە باوەرناکەین تەنانەت بییریشی لەو مەسەلەیە کردبێتەوە کە ئەوەش بە کەمو کورتیەکی زۆر گەورەی وەزارەت و دائیرەی کارەبا دادەنرێت .
کەواتە ئەگەر کەسێک لە شەودا سرکێتەکەی ماڵی تێکبچێت ئەوا دەبێت خۆی و ماڵ ومنداڵی بەبێ کارەباو لەتاریکیدا بمێننەوە تا رۆژی دوایی و ئینجا بچێتە دائیرەی کارەبا و پاش رۆتینێکی کوژەر و مەسروفێکی ناڕەواو پارانەوە ئینجا پاش یەک دوو رۆژ ئەگەر پشوو نەبێت ئەوکات دێن سرکێتەکەی بۆدەگۆڕن کەپێشتر دەبێت کڕیبێتی .چونکە دائیرەی کارەبا تیمی تایبەتی نیە بۆ ئەو مەبەستە کە یەکسەر بێن ئەو جۆرە کارانە بکەن .. بەلام ئەگەر کەسەکە خۆی سرکێتەکە بگۆڕی ئەوا بە دڵنیاییەوە لەلایەن لێژنەی پشکنینەوە بەو شێوەی سەرەوە سزا دەدرێت کەباسمان کرد کە دەکاتە پارەیەکی گەلێک زۆر چونکە پارەی کارەبا نرخەکەی بە پێی زۆری بەکارهێنانی کارەبا دەگۆرێت بەشێوەیەک کە (٤٥٠) کیلۆواتی یەکەم پانزە دینارە بەلام (٤٥٠)ی پێنجەم بە ٧٥ دینارە بۆ هەر کیلۆواتێک و ئەوانی تریش بەهەمان رێژەی سەرکەوتوو بەرزدەبنەوە !!!بەبێ ئەوەی ماف بە هاوڵاتی بدرێت کەروونکردنەوە یان ڕەخنەو ناڕەزایی پێشکەش بکات و دەستبەجێ کارەبایەکەی دەبڕدرێت ئەگەر بەرهەڵستی کرد لە دانی سزایەکە جا هەرچەندە بێت.
هەموو ئەوانەی باسمان کردن لەوانەیە ناهەقی لێدروست ببێت و هاولاتی تێیدا ببێتە قوربانی بەتایبەتی کە وەزارەتی کارەبا نە بە ڕێنمایی و نە بە ئاگادارکردنەوە، خەڵکی لەو شتانە لە ڕێگای میدیاکانەوە ئاگادار نەکردۆتەوە تەنانە خۆیشی لەو رووەوە هیچ ڕێنماییەکی دەرنەکردوە بەڵکو پشتی بە رێنمایی ئەوکاتی رژێم بەستوە کە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە دەرچوە، هەروەها هیچ ئاسانکاریەکی نەکردوە بۆ چارەسەری حالەتی لەپرو لەناکاوی تێکچوونی سرکێت کە وەکو باسمان کرد ، بەڵکو سزای کردۆتە پێوەر لەجیاتی) تەوعیە(هۆشمەندی ، کە لە راستیدا دەبێت هۆشمەندی بنچینە بێت بۆکەمکردنەوەی سەرپێچی ئەگەر ڕوو بدەن نەک سزای نابەجێ.
بەلام ئەوەی کە زۆر لەوانە سەیرترە و سەرپێچیەکی گەورەترە لە سەرپێچی هاوولاتی، ئەوەیە کە دائیرەی کارەبا بەشی فرۆشتنی وزە بە ئاشکراو لەپەنای رێنمایی نابەجێی رژێمی پێشوەوە پەیرەوی دەکات ، ئەویش ئەوەیە کەئەو پارەیەی کە لە شێوەی سزا لەهاولاتیان وەریدەگیرێت دەکرێت بە دوو بەشەوە و بە دوو وەسلی جیاوازیش وەردەگیرێت ، بەشێک لە ٣٠% کەبۆخەزینەی حوکمەتە و٧٠% ە کەش بۆ گیرفانی تایبەتی ئەندامانی لیژنەیە ، واتە بەرێوەبەرو چەند کەسێکی دیاری کراو، کە واتە ئەو کەسانە جگە لە مووچەی خۆیان پارەیەکی ناڕەوایان دەست دەکەوێت کە دەیان جار لە مووچەکانیان زیاترە! وئەمەش وای کردوە کە هاوکێشەکە تەواو پێچەوانە ببیتەوە ، واتا لە جیاتی ئەوەی ئەوان پێیان ناخۆش بیت کە سەرپێچی بکریت ، لەوانەیە پێیان خۆش بێت چونکە سەرەنجام بە بەرژەوەندی ئەوان کۆتایی دیت ولەوانەیە هەر خۆیان یارمەتیدەر بن لەوەی کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مۆرەکانی پێوەر لەدەرەوەی دائیرەی کارەبا و پاش دەوام بازرگانی پێوە بکرێت ئەگەر نا مۆرگۆڕین چۆن روودەدات لەکاتێکدا کە مۆر تایبەتە بە دائیرەی کارەبا و شتێک نیە لە بازاردا هەبێت یان بفرۆشرێت. ، بۆیە هەقی هاولاتیانە کە گومان بکەن لە بوونی هەمەئاهەنگیەک لە نێوان ئەو کەسانەی کە پاش دەوامی فەرمی خۆیان مۆر دەستکاری دەکەن لەگەل لێژنەی پشکنینی سەر بە فرۆشتنی ووزە، وە لێرەشەوە داوا لە بەڕێز وەزیری کارەبا دەکەین کە پێمان بڵێت بڕی پارەی ٧٠% لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی چ کارو هونەرێکە لە جیاتی خەزینەی حوکمەت دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکەوە وە ئایا بە قەناعەتی بە رێزیان ئەوە ناچێتە خانەی گەندەڵکاریەوە ! ئەمەو لەکاتێکدا تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا ختوورەیان بۆسەرف ناکریت لەگەل ئەوەش کە کارەکانیان زۆر مەترسیدار ترو گرانترن لەکاری فرۆشتنی وزە!!هەروەها داوا لە بەرێزیان دەکەین کە ئەگەر ئەو ئەوەندە لە هەوڵی نەهێشتنی سەرپێچیکەرانە با سزای سەرپێچی کردنی یاسای پەرلەمانی کوردستان لەسەربەرێوەبەری فرۆشتنی وزە جێبەجێ بکات و دووری بخاتەوە چونکە زۆر بێباکانە لەکاتی دەوام و لەناو دائیرە جگەرە دەکێشی ئەمە لەو کاتەی کە پشکی شێری ئەو ٧٠% ە دەچێتە گیرفانی ئەوەوە !!! هەروەها داوا لەبەرێزان وەزیری دارایی و بریکارو بەرێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوونی دارایی دەکەین کە بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە بکەن و ئەو پارە ناڕەوایە زۆرەی کە پێشتریش بۆخۆیان وەریان گرتوە لێیان بسەندرێتەوە و بخرێتەوە سەرخەزینەی دەولەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست