تۆمه‌تبارکردنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌ تیرۆریست ئیدانه‌ ده‌که‌ین

Sunday, 19/09/2010, 12:00


ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار مانگه‌ جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان چاوه‌ڕوانی ئاشکرا کردنی بکوژانی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان دەكەن . ده‌یان هه‌زار که‌س له‌ زۆربه‌ی شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان و له‌ گه‌لێک وڵاتی دنیا له‌ خۆپیشاندان و کۆڕو کۆمه‌ڵه‌کانیاندا یه‌ک ده‌نگ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسی لاویان مه‌حکوم کرد‌و ئەرکی ئاشکراکردنی تاوانکارانیان دا‌ خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکان. که‌چی پاش ئه‌و ماوه‌ زۆره‌و سه‌ره‌ڕای پەیمان و به‌ڵێن دان به‌وه‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت کە له سەر داوای سه‌رۆکایەتی هه‌رێم‌ بۆ ئاشکراکردنی تاوانکاران پێک هاتووه‌و سه‌ره‌داوی گرنگ سه‌باره‌ت به‌و تاوانه‌یان که‌وتۆته‌ ده‌ست، لیژنه‌ی ناوبڕاو له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا نه‌ک ته‌نها وه‌ڵامی خواستەکانی جەماوەری کوردستان وڕۆژنامەنوسانی نەدایەوە، به‌ڵکو تۆمه‌تێکی ناڕه‌وای خستە پاڵ قوربانی ده‌ستی تیرۆر .

لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وەی سه‌رده‌شت عوسمان، گیانبه‌خشی ڕێگای ئازادی ڕاده‌ربڕین، به‌ هاوکاری کردنی گروپی ئه‌نسارولئیسلام تۆمه‌تبار ده‌کات‌و به‌م تۆمەتە نا لۆژیکیەش دەری دەخات كە لیژنەکە لە ئاست خواست و داوای خێزانی قوربانیەکەو، هاوڕێ‌و دۆستان و ڕۆژنامەنوسان و هه‌موو خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان نەبووە. ئەمە هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ سه‌ر هه‌ر ده‌نگێکی ئازاد‌. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌م تاوانبارکردنه‌ ئاکامێی دژوار و ڕاسته‌وخۆی بۆسه‌ر خێزانی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان ده‌بێت.

ئێمه‌ ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی که‌ له‌ خواره‌وه‌ ناومان هاتووه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانبارکردنه‌ بەتوندی پڕۆتێست دەکەین، خوازیاری ئه‌وه‌ین که‌:

1/ لیژنه‌یه‌ک بۆ لێکۆلینەوە لە تیرۆری شەهید سەردەشت پێک بێت بەبەشداری ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی کوردستان،ڕۆژنامه‌نووسان، ڕێکخراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کانی وه‌ک ئه‌منستی ئه‌نته‌رناشناڵ‌و ڕۆژنامه‌نووسانی بێسنوور‌و چاودێری مافی مرۆڤی جیهانی‌و نوێنه‌ری خێزانی سه‌رده‌شت عوسمان.

2/ حکومەت وده‌سه‌ڵاتی ئەمنی به‌رپرسن له‌ پاراستنی ئه‌منیه‌ت و ژیانی بنەماڵەی شەهید سەردەشت و هاولاتیانی كوردستان‌.



پارتی چه‌پی کوردستان

ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید- چاک

پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان- سوێد

حزبی شیوعی کوردستان/ ڕێکخراوی سوید

ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ستۆکهۆڵم

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ڕێکخستنی ستۆکهۆڵم



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە