ئاگادارییەک بۆ رای گشتی

Thursday, 21/07/2011, 12:00


شێروان خدر من وەک ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کاتی نووسینی ئەم ئاگادارییە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رادەگەیەنم، ئەمەش دوابەدوای ئەو زنجیرە تاوانانەی دەسەڵاتی کوردیەوە دێت بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، پێم وایە رۆژ لەدوای رۆژ مەترسییەکانی سەر ژیانی تاکی کوردی بەگشتی روو لە پەرەسەندندایە، بەتایبەتیش هاوڕێ و برا رۆژنامەنووسەکانم دەبینم لە میدیاکانی کوردیدا هەر رۆژەی بە جۆرێک هەڕەشەی ژیانیان لێدەکرێ. سەرباری ئەوەش سەندیکای رۆژنامەنووسان جگە لە پینەکردن و رازاندنەوەی دیاردە قێزەوەنەکانی دەسەڵات هیچ کارێکی دیکە بەئەنجام ناگەیەنێ. بۆیە پێم وایە ئەم دەزگایە بەشێکە لە شەریکە تاوان، چونکە بێدەنگبوونی ئەم دەزگایە لەبەرامبەر ئەم هەموو پێشلیکارییانەی ماوەی رابردوو دەمگەیەنێتە ئەم سەرەنجامە ئەم دەزگایە بە ئیفلیج و ناکارا ببینم لە راپەراندنی ئامانج و بەرگریکردنی لە رۆژنامەنووسان و رێکخستنی یاساکانی تایبەت بە رۆژنامەنووسان. ئەوەی لەم هەرێمەدا بەربادو وێران بووە، جیاوازی رەنگ و بیرکردنەوەی ئەوانی دیکەیە، من بەش بەحاڵی خۆم بڕوای تەواوم بە جیاوازییەکانی مرۆڤ هەیە، پێم وایە لە دەرەنجامی جیاوازییەکانەوە دەتوانردرێت وڵات و نیشتمان و نەوەکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات. ئەم هەرێمە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا سەرجەم دەزگاکانی بریتیە لە پاکتاوکردن و راوەدونانی بیرکردنەوە جیاوازەکان. ناکرێ چیدی مرۆڤە جیاوازەکانی ئەم نیشتمانە وەک دیاردەگەلی نامۆ سەیر بکرێن. بەڵکو ئەوەی نامۆیە بەم نیشتمانە سەرلەبەری تاوانەکان و دیاردە قێزەوەنەکانی دوو ئیدارەییە، ئیدی ناکرێ لەمەودا بڵێین لە نیشتمانێک ژیان و هەناسەی ئازادی هەیە، کاتێک دوو حیزب وەک مۆرانە بەربوونەتە هەرچی جیاوازی ئەم نیشتمانە. بۆیە لێرەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لەم دەزگا بەناو نیشتمانی و بەرگریکارەی ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان رادەگەیەنم!

شێروان خدر ئۆسترالیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە