کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەواڵگرى توركى میت (MIT)

Saturday, 01/10/2011, 12:00


بەر لە دەزگاى (mit)
بەرلەدروست بوونى دەزگاى میت كە بەتوركى پێ ى دەڵین (میللى ئیستخبارات تشكیلاتى) هەواڵگرى توركى بەناوێكى ترو پێكهاتەیەكى ترەوە كارى هەواڵگرى ئەنجام دەدا ئەویش بریتى بوولە (خزمەتگوزارى عەمالەتى میللى) (Amalet Hizmetleri Mili) كەپێیان دەگوت ماه (MAH) وەكو دەزگاى میتى ئێستاى ڕێك نەخرابوو لە چوار چێوەیەكى دیارى كراو و تایبەتمەندكراو بەكارى هەواڵگرى بەڵكو تێكەڵ كرابوو لە گەڵ چەند دەزگایەكى سوپاو كارەكانى بەهاوكارى چەند دەزگایەكى تر بەڕێوە دەچوو.دواتر دەزگاى خزمەتگوزارى ئاسایشى میللى كەبە (ماه) ناسرابوو تا ساڵى (1965) هەربەم ناوە مایە بەڵام لەو تاریخە ناوەكە گۆڕاو بوو بە میت (mit).لەساڵى (1965) بەیاساى ژمارە (644) (mah) كرابە (mit) لەژێر ئەم ناوە بوو بە دەزگایەكى ئاشكرا و رێكخەر بۆ كارى هەواڵگرى لەخزمەت توركیا.

چۆن میت دامەزرا؟
دواى دامەزراندن و ڕاگەیاندنى كۆمارى توركیا،لە كۆبونەوەى سەرەتاى ساڵى (1926) كە مستەفا ئەتاتورك لەگەڵ دەستەى ئەركاندا كردبووى تێیدا چەندین بڕیارى دەركرد یەكێك لەبڕیارەكانى بریتى بوو لەوەى كەوتى: (ناچارین ئێمەش وەكو دەوڵەتە كاریگەرەكان ئیستخباراتێكى مۆدێرن دابمەزرێنین).بۆیە دەست بەكاركردن كراو كردارى یەكەم بریتى بوو لەناردنە دەرەوەى بەشێك لەئەفسەرانى ناو سوپا بۆ ئەوروپا تالەوێوە مەشق و زانیارى پەیداكەن لەسەر ئەم بوارە.ئەوانەى خولى پەروەردەیان بینى بوو لە (6/كانونى یەكەمى ساڵى 1927) گەڕانەوە بۆ توركیاو سەرۆكى دەستەى گشتى ئەركان كەناوى (فەوزى چاكماك)بوو بە نوسراوێكى نهێنى فەرمانى دا كەمەڵبەندى سەرەكى (دەزگاى خزمەتگوزارى میللى) (mah) لە شارى ئەنقەرەبێ و لقەكان لە (ئەستەنبول،ئیزمیر،ئەدەنە،دیار بەكر،قارس) بكرێتەوە.

مستەفاكەمال ئەتاتورك...دامەزرێنەرى كۆمارى توركیا

بۆیەكەم جار لەسەر دەستى ئەو دەزگاى هەواڵگرى توركیا (mah) دامەزرا
بەمەبەستى پەروەردەكردن لە ئەوروپا دەستەیەك لەئەفسەرانى ناو سوپا بەسەرۆكایەتى (ناجى ئەلدەنز) هەڵبژێردرا،ئەوانەش بوونە مامۆستاى ئەم بوارەو فەرمانیان دەركرد لەپێناوى دامەزراندنى ئیستخباراتدا نابێ هیچ كەسێكى ناپسپۆرى تێبكەوێ.تەنهائەوكەسانە نەبێ كەبێ بڕوانامەنە بەڵام خول و ڕاهێنانیان لەبوارى هەواڵگرى ئەنجام داوە.

هەواڵگرى سەربازى ئەڵمانیا میتى دامەزراند:
(ناجى ئەلدەنز) لەساڵانى نێوان (1912 تا 1919) لەكاتى جەنگى جیهانى یەكەم لەگەڵ جەنەراڵى ئەڵمانى (ئۆبرست واڵتەر نیكۆلاى)كەسەرۆكى ئیستخباراتى سەربازى دەستەى گشتى ئەركانى ئەڵمانى بوو،پێكەوە كاریان كردبوو بۆیە ناجى پاشا ئەوى بانگهێشتى توركیاكرد بۆ سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەى ئەو تەشكیلاتە.نیكۆلاش بە بانگهێشتەكەى ڕازى بوو،لەسەرەتاى ساڵى 1926 وە دەست بەكاربوو.لەئەكادیمیایى جەنگى ئەستانبۆل لە لەیدز شوێنى بۆ دبین كرا،دەستى دایە پەروەردەكردنى كەسانى سەربازو مەدەنى،پاشانیش ئەوانەى بۆ بینینى پەروەردەى پراكتیكى بۆ ئەڵمانیا برد.
ئەوانەى خولى پەروەردەیان بینی بوو،لە شەشى كانونى یەكەمى 1927 دا گەڕانەوە بۆ توركیا.ئەودەمەش سەرۆكى دەستەى گشتى ئەركان (فەوزى چاكماك) بەنوسراوێكى نهێنى فەرمانى دا كە مەڵبەند لەئەنقەرە بكرێتەوە و لقەكان لە ئیستانبۆل،ئیزمیر،ئەدەنە،دیار بەكر،قارس.ئیتر لەسەر ئەم بنەمایە دەزگاى خزمەتگوزارى میللى دامەزرێنرا.ماه تا ساڵى 1965 بەڕواڵەت هەر سەر بەوەزارەتى ناوەخۆ بووە،بەڵام لەبەرئەوەى دەزگایەكى یاسایى نەبوو،كارەكانى نهێنى بوون،بۆیە لە ڕوى پراكتیكەوە پابەندیەكەى هیچ بایەخێكى نەبوو.سەرەتا تەنها بەشى سیخورى،دژەسیخورى،پروپاگەندە،چالاكى ناوەخۆى هەبوو،بەڵام دواتر چەندین بەشى ترى بۆ زیاد كرا.

سى ئاى ئەى میتى نوێ كردەوە:
دواى ئەوەى ژمارەیەك لەو كەسانەى كە دیارى كرابوون بۆ مەشەق پێكردن و ڕاهێنانى هەواڵگرى لەسەر دەستى ژەنەرالى ئەڵمانى بەڕێوە چوو،ماه لەساڵى 1927 بەكردەوە دەست بەكاربوو، لەساڵى 1953 سەركردایەتى هەواڵگرى دەستەى گشتى ئەركان (لیوا بەهجەت توركمان)ى وەكو سەرۆكى دەزگاو چەندین كەسیان لە پلەى بەرزى سەربازى هێنایە ناو دەزگاوە،دواترئەوانەى كەدیارى كران بۆ ئەمریكا بەڕێكران، دواى بینینى چەندان خولى ڕاهێنان و پەروەردەى هەواڵگرى گەڕانەوە بۆ توركیا پێكەوە لەگەڵ ئەمریكیەكان لە ئیستانبۆل پەیمانگەیەكى پەروەردەیان كردەوە،كە كادیرانى ماه پەروەردەیان تێدا دەبینى.دواتر لەساڵى 1955دا كاتى توركیا بووە ئەندام لە ناتۆ دەستەیەك لە راِاهێنەران و پیاوانى سى ئاى ئەى گەیشتنە توركیاو دەستیان دایە گۆڕینى سیستەمى كاركردنى میت و گۆڕا بە سیستەمێكى ئەمریكى.

پێكهاتەى میت:
دەزگاى میت لەم حەوت بەڕێو بەرایەتە سەرەكیە پێك دێت : ((ڕاوێژكارى یاسا،پەیوەندیە گشتیەكان و ڕاگەیاندن،بەڕێوبەرایەتى چاودێرى و بەدواداچوون كەلەلەلایەن ئەمەریكیەكانەوە دامەزرا،هۆبەى پەیوەندیە گشتى یەكان.هۆبەى هەواڵگرى كە لەم بەشانە پێك دێت (هەواڵگرى خۆیەتى،هەواڵگرى ئەلكترۆنى و هونەرى،كۆمپیوتەر)،هۆبەى كاركردن.ئەمەش لە دوو بەش پێك دێت كەبەشى كاركردن لە تاكە كەسى،كارى كارگێرى،مەشق كردن،سكرتاریەت)).
لەگەڵ هەبوونى دووبەشى سەرەكى ئەویش : بەشى ناوەخۆ،بەشى دەرەوە.بەشى ناوەخۆتایبەتە بە كاركردنى میت لەناوەخۆ،بەڵام ئەوەى سەیرە دەزگاى میت لەبەشى ناوەخۆ كار لەسەر عێراق و بەتایبەتى هەرێمى كوردستان دەكات.(وادیارە عێراق و كوردستان بەخاكى خۆى دەزانێ).بەشى دەرەوەش تایبەتە بەكاركردن لەدەرەوەى توركیا بەتایبەتى لە سوریاو ئیران و اسرائیل و قوبرس.


ناوى سەركردەكانى ماه و میت لە ساڵى (1927) تاكو ئێستا :
1_ مەحەمەد شوكرى على ئۆغلۆ (1927_ 1941).
2_ ناجى پەر كەلى (1941_ 1953) .
3_ بەهجەت توركمان (1953_ 1957) .
4_ ئەمین چوپان ئۆغلۆ (چەند مانگێك لە ساڵى 1957).
5_ حسێن عەونى گۆكتۆرك (1957_ 1959).
6_ ئەحمەد سالح كۆرۆ (چەند مانگێك لەساڵى 1959).
7_ جەلالەدین تۆفیق قەرەساپان (1959_ 1960).
8_ زیا سەلشك (1960_ 1961).
9_ ناجى ئەشكۆن (1961_ 1962).
10_ فواد دۆغۆ (1962_ 1964).
سەرۆكەكانى دەزگاى هەواڵگرى توركى لەقۆناغى میت :
11_ عەونى كانتان (1965_ 1966) .
12_ فواد دۆغۆ (1966_ 1971) .
13_ نورەدین ئەرسین (1971_ 1973).
14_ بولند توركەر (1973_ 1974)_(1980_ 1981).
15_ هەمزە گورگوچ (1974_ 1978).
16_ عەدنان ئەیسۆز (1978_ 1979).
17_ بورهانەدین بیگال (1981_ 1986) .
18_ خەیرى ئۆندۆل (1986_ 1989).
19_ تیومان كۆمان (1989_1992).
20_ سۆنماز كۆكسال (1992_1998).
21_ شنكل ئەتاسا گون (1998_2002).
22_ كرا مرئى تانر (2005_ 2010).
23_ هاكان فیدان (2010_ تاكو ئێستا).


هەواڵگرى توركى چۆن كاردەكات:
هەواڵگرى توركى لە ڕێ ى دەزگاى میتەوە كارەكانى بەڕێوە دەبات هەرچەندە زۆرجار سوپا دەبێتە ڕێگر لەبەرامبەرى ئەمەش لەبەر جیاوازى بیروباوەڕو كاركردنى دەزگاكانى نێو حكومەت و سوپاى توركیا،بەڵام میت گوێ ى پێنادات و كارەكانى ئەنجام دەدا.میت لەڕێگەى سیخورەكانیەوە كە بەزۆرى لەوڵاتە عەرەبیەكان دانە زانیارى وەردەگرن و بۆ ژوورى لێكۆڵینەوەو توێژینەوەى دەنێرن.ئەوەى میتى توركى والێكردووە سەركەوتوبێ هەمووكات بەپەلە حیساب بۆئەو ڕووداوانە دەكات كە لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست ڕوودەدەن.بۆیەهەركە زانیاریەكى كەمێك كاریگەریان بەدەست كەوت خێرا لێكۆڵینەوەى لەسەردەكەن و خۆیان بۆ ئەو پێشهاتانە ئامادەدەكەن كە بەهۆى سیاسەتى وڵاتانى خۆرهەڵات لەناوچەكە ڕوودەدات.هەواڵگرى توركى بەهۆى ئەوەى ڕۆژانە ژمارەیەكى زۆر لەگەشتیار ڕووى تێدەكەن،ئەوا لەبەرامبەر ژمارەیەكى زۆر سیخورى هەیە كە سەر بە دەزگاى بەدوا داچون و دژە سیخورن.ئەمانە چاودێرى ئەوگەشتیارانە دەكەن كە ڕۆژانە دێنە خاكى توركیاوە.
هەواڵگرى توركیا كارەكانى لەكوێ چڕكردۆتەوە؟
كۆمارى توركیا بەهۆى ئەوەى كەوتۆتە ناوچەی خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و وەكو سنورێك وایە بۆ گەیەشتن بە دەوڵەتە عەرەبیەكان و وەبە پێچەوانەوەش،ئەوا حیسابێكى تایبەتى بۆ دەكرێ لەلایەن ئەوروپاو وڵاتانى عەرەبى.بۆیە توركیا لە ڕێگاى دەزگاى میتەوە هەموو ئەو شوێنانەى پڕكردووە لە سیخورو بەكرێگیراو تاوەكو لەبچوكترین ڕووداو ئاگاداربێ.میت زیاتر گرنگى بەكارەكانى دەدات لەوڵاتانى دەوروبەرى بەتایبەتیش لەو وڵاتانەى كە كوردیان تێدایە.وەكو شارە كوردیەكانى توركیاو سوریا و ئیران و عێراق و هەرێمى كوردستان كە بەئاشكرا هێزو بارەگاكانى لەهەرێمى كوردستان هەیە و كارى پێدەكات (لەبەشەكانى دواتر بەدرێژى باسى دەزگاى میت دەكەین لە هەرێمى كوردستان).وەهەروەها دەزگاى میت ژمارەیەك سیخورى لە نێو ئسرائیل هەیە كە دەزگاى مۆساد زۆر هەوڵدەدات بیان دۆزێتەوە بەڵام شێوەى ِڕوخسارى سیخورەكانى میت ڕێگرە لە ئاشكرا بوونیان.

هەواڵگرى توركى پێویستى بەكێیە؟
ماوەیەك لەمەو بەر هەواڵگرى توركى میت لەڕێ ى سایتى ئەلكترۆنى ڕەسمى خۆیان ئاگاداریەكیان بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتبوو: پێویستیمان بە چەند كەسێكە زمانى عەرەبى و عیبرى و كوردى بزانێ هەركەسێك ئارەزووى كاركردنى هەیە لەگەڵمان باپەیوەندیمان پێوە بكات.هەواڵگرى توركى بەشێوەیەكى گشتى كارەكانى لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست سەركەوتووە بەتایبەتیش لەكوردستان ئەمەش بۆ بەكرێگیراوان دەگەڕێتەوەو كە یارمەتیەكى تەواوى ئەم دەزگایە دەدەن دژ بە پارت و ڕێكخراوە كوردیەكان.میت هەوڵ دەدات ئەو ئەندامانەى كارى لەگەڵ دەكەن خەڵكى كورد و عەرەب بن چونكە بەردەوام ئەم دوو نەتەوەیە بە كێشە یەكى گەورە دەزانن لەسەر خۆیان بەتایبەتى نەتەوەى كورد كە لەسەدا 35 بۆ 40 كارەكانیان لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست تەرخان كردووە بۆ كوردەكان.ئەم كار لەسەر كردن و سیخورى كردنە لەسەر كوردەكان بەخەڵكى كوردستان نەبێ ئەنجام نادرێ بۆیە هەموو كات لەدواى كوردەكانە بۆ ئەوەى بەدەستیان بهێنێ لەكارى سیخورى و هەواڵگرى بەكاریان بهێنێ.

ڕۆڵى ئەردۆغان لە نێو دەزگاى میت:
لەوكاتەى دەزگاى هەواڵگرى توركى دامەزراوە هەر لەسەردەمى ماهەوە تا میت و ئێستاكە هیچ سەركردەیەكى توركیا بە مستەفا كمال ئەتاتوركیشەوە هێندەى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كارا نەبونە لەنێو دەزگاى هەواڵگرى توركیا.ئەردۆغان تاكە سەركردەیە كە بەكەیفى خۆى دەزگاى هەواڵگرى دێنى دەبا ئەم دەسەڵاتەش بۆ چەند هۆكاریك دەگەڕێتەوە.یەكەم پشتگیرى تەواوى پەرلەمانتارانى خۆى كەهیچ كات ڕەخنەیەكى بچوكیشیان لێنەگرتووە لەسەر كارەكانى هەواڵگرى.بۆماوەى دووخولە حكومەتى بەدەستەوەیەو ئەوكەسانەى كە لەهەواڵگرى گۆڕانكارى پێكردوونە هەمووى ئەندامى حزبى عەدالە تەنمیەنە.ئەردۆغان لە پێناو چونى بۆ نێو یەكێتى ئەوروپا هەموو كارێك دەكات بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیرى تەواوى ژەنەڕاڵەكانى نێو هەواڵگرى بەدەست هێناوە.هەموو هەوڵێكى داوە بۆ لەناوبردن و سەركوتكردنى پارت و ڕێكخراوە كوردیەكان.


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكى حكومەتى توركیا لەگەڵ كۆمەڵێك لە ژەنەڕاڵى نوێ


سەرۆكى ئێستاى هەواڵگرى توركى:
ساڵى 2010 ئەردۆغان سەرۆكى دەزگاى میتى گۆڕى بە كەسێكى تاڕادەیەك گەنج ئەویش هاكان فیدان بوو. هاكان فیدا تەمەنى (42) ساڵەو ئەندامى حزبى عەدالەو تەنمیەیە سەرۆكى نوێ ى دەزگاى هەواڵگرى توركى میتە لە سەرەتاى ساڵى 2010 دەست بەكار بووە.بۆماوە (15) ساڵ لەسوپاى توركیا خزمەتى سەربازى كردوو.یەكەم كارى هاكان فیدان بریتى بوو لە ڕاكێشانى كوردەكانى باكور بۆ نێو دەزگاى میت چونكە لەكۆبونەوەیەكى لەگەڵ ئەردۆغان وتبووى بەبێ كوردەكان لەنێو میت هیچمان بۆ ناكرێ........



***************************************

بەشى یەكەم / كارى هەواڵگرى/سیخورى)
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b6f96c0d

بەشى دووەم /(هەواڵگرى ناوەندى ئەمریكىcia))
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=0d2304dd

بەشى سێ یەم/(دەزگاى هەواڵگرى ئیسرائیلى(mossad)
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a607f537
**************

سەرچاوەكانى ئەم بەشە :
_ كتێبى (یادەوەریەكانى ئەندامێكى میت) مەحەمەد تیمور/و:ئارام على عزیز.
_ هەندێ ووردە زانیارى لە كۆمەڵێك سایتى عەرەبى.
_ http://www.mit.gov.tr/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە