بۆچى عێراق دەنگى بە هەڵپەساردنى ئەندامیەتى سوریا نەدا لەكۆمكارى عەرەبى ؟
Sunday, 13/11/2011, 12:00
دوێنێ كۆمكارى عەرەبى كۆبوونەوەى ئەنجامدا بۆ هەڵپەساردنى ئەندامیەتى سوریا لە كۆمكارى عەرەبى واتە ڕاگرتنى كاروباروبارو هەڵس و كەوتەكانى سوریایى ئێستا لەكۆمكارى عەرەبى.داواشى لەوڵاتە عەرەبیەكان كرد كە باڵیۆزەكانیان لە سوریا بكێشنەوە.وڵاتانى عەرەبى دەنگیان بەبەڵێ داو عێراقیش دەنگى پێنەدا،هەریەك لە لوبنان و یەمەن دژى ئەم بڕیارەبوون و 18 دەوڵەتیش ڕەزامەندیان دا لەسەر ئەم بڕیارە.هۆشیار زێبارى پێشمەرگەكەى بنەماڵەى بارزانى بەرلەچەند ڕۆژێك لەلایەن جەلال تاڵەبانى و نورى مالیكى بانگكرابوو لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆیەكى تێر و تەسەل كرابوو بۆ ئەمەش تاڵەبانى و مالیكى یەك ڕاو یەك قسەیان هەبووە ئەویش بڕیار نەدانى عێراق دژ بەبەرژەوەندیەكانى حكومەتەى ئەسەد.
هۆكارى ئەم دەنگ نەدانەش بۆ چەند خاڵیك دەگەڕێتەوە:1. حكومەتى عێراق لەگەڵ سوریا چەندین پەیوەندى و ڕێككەوتنى ئەمنى ژێربەژێریان هەیە لەگەڵ یەكترى.دیارترین ڕێككەوتنى ئەمنى كەبەشێوەیەكى ناڕەسمى لەنێوان هەردوو سەرۆك، مالیكى و ئەسەد ئەنجامدرا پێدانى لیستێك بوو ناوى ئەندامانى حزبى بەعسى تێدابوو كەبەشێكیان لەسوریا بوون و بەشێكیان لەعێراق دابوون.سوریا ئەم ناوانەى دا بەمالیكى گوایا كار بۆئەوە دەكەن ئەوكاتەى ئەمریكا لەعێراق بڕوات ئەمان كودەتا بەسەر مالیكیەوە دەكەن.لەبەرامبەر ئەم خزمەتە دەبێ عێراق پشتگیرى لەحكومەتەكەى ئەسەد بكات.هەرواش بوو.
2. بەشێكى تر پەیوەستە بە ئیرادەى سەركردە كوردەكان لە حكومەتى عێراق ئەویش جەلال تاڵەبانى و هۆشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عێراق.لەم كارە دا ئیرادەى سەركردەكانى كوردو حزبە كوردیەكان دەورێكى كاریگەرى بینى لەم بڕیارە.چونكە هەریەك لەدووحزبەى بەشدارى حكومەتەكەى مالیكین و پۆستى باڵایان هەیە یەكێتى تاڵەبانى و پارتیش هۆشیار زێبارى.ئەم دوو حزبە لەسەر بنەماى پاراستنى بەرژەوەندیە حزیى و شەخسیەكان پەیوەندیان لەگەڵ تەواوى ڕژێمە فاشیستەكانى دەوروبەر هەیە،سوریا، ئیران، توركیا.بۆیە لێدان لەبەرژەوەنى ئەم حكومەتانە واتە لێدان لەبەرژەوەندى ئەم دووحزبە.
3. بەشێكى تریشى پەیوەستە بە بەرژەوەندى ئێران،عێراق لەلایەن شیعەوە حوكم دەكرێ ئەمەش كاریگەرى ڕاستەوخۆى دەبێ لەسەر ئێران و ناوچەكە،چونكە عێراق بڕیارێك نادات دژ بە بەرژەوەندیەكانى حكومەتێكى ترى شیعى بێ ئەویش ئێران.ئێران لەیەكەم ڕۆژى خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەكانى سوریا دژى وەستاوەو كاربۆ دامركاندنەوەى ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانە دەكات كەلەسوریا سەرى هەڵداوە.چونكە ترسى هەیەو هیچ گومانێكى لەوە نیە كە ئەگەر بەشار ئەسەد لاچێ و حكومەتى ئێستاى سوریا بڕوخێ لەسەدا شەستى سیاسەتى دواى بەشار ئەسەد جێبەجێكردنى سیاسەتێكى ئەمریكى سەهیۆنى دەبێ لەناوچەكە ئەمەش دەبێتە مەترسى لەسەر دەوڵەتى ئێران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست