کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نزیک بە مانگێکە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هێرشکی بەرفراوانیان کردۆتە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان

Monday, 08/08/2011, 12:00


 نزیک بە مانگێکە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هێرشکی بەرفراوانیان کردۆتە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەن.
تا ئێستاش بەتەواوەتی روون نەبۆتەوە کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هێرشانە چیە، لەهەندێک راگەیاندنەکانی ئێراندا وا باس دەکرێ کە سوپای پاسداران بە ناوی لەناوبردنی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک" هێرشی کردووە بۆ ناوچە سنوورییەکان، بەڵام چاودێرە سیاسیەکان ئەم هەوڵانە بە جۆرێک فشار بۆ سەر حکومەتی هەرێم پێناسە دەکەن.
رۆژهەڵات تایمز هەوڵ دەدات لەم پەیوەندییەدا ڕای کۆمەلێک نووسەر و رۆژنامەوان و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی وەربگرێت و مەسەلەی ئەم شەڕەیان لەگەڵدا تاووتوێ بکات، لە بەشی سێهەمی ئەم تەوەرەدا مەولوود ئافەند سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-کورد بەشداری ئەم بابەتە دەکات.
سەرەتا دەربارەی شەڕی نێوان پژاک و سوپای پاسداران کە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شەرێکی لەم چەشنە لە نێوان هێزێکی ئوپۆزیسیۆن و کۆماری ئیسڵامی نەبووە، لەوەڵامی پرسیاری ئایا ئەم شەڕە تەنیا دژی پژاکە یان هەموو بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات دەگرێتەوە؟ مەولوود ئافەند رایگەیاند: "ئەم شەڕە شەڕی تەنیا مانگێک نییە بەڵکو دەیان ساڵە رژێمى کۆمارى ئیسلامى جاڕی ئەم شەڕە نەگریسەى داوە بەسەر نەتەوەى کورد، هاوکارى تورکەکان دەکات بۆ لێدانى باکورى کوردستان، هاوکارى تیرۆریستان و پارت و گروپەکانى عێراق دەکات بۆ لاوازکردنى پێگەى کورد لە عێراقی تازە و لێدانى ئەزموونى باشوورى کوردستان، هاوکارى سەربازى و هەواڵگرى و تەنانەت مادیی رژێمى بەعسی سوریا دەکات دژى گەلانى سوریا بەگشتى و نەتەوەى کورد بەتایبەتى، ئەمڕۆش ئەگەر سەیری ناوچەکە بکەین ئێران لە هەموو ئەو هاوکارى و هێرشانەى بۆ سەر کورد بچووک بۆتەوە سەر سنوورەکانى خۆی، ئەو سنوورە دەستکردانەى کە مافی هەموو گروپ و لایەنێکى کوردییە بە پەژاکیشەوە داواى تێکشکاندن و مافی نەتەوەیی کورد بکات لە رۆژهەڵات، کورد ئەمڕۆ وەک نەتەوەیەکى بندەست هیچ شتێکى نییە تا بیدۆڕێنێ و زەرەرمەند بێت تیایدا". سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-کورد وتیشی: "ئێران زۆر شت هەیە لەدەستى بدات و بیدۆڕێنێ، ئەگەر ئێران ئەمڕۆ دەیەوێت خواردنى خۆى لەسەر خوانى کورد بڕازێنێتەوە ئەوا ئەو دەم چوو، چونکە ئێران دەخوازێت تەواوى تەنگەژە و پاڵەپەستۆ ناوخۆیی و دەرەکییەکانى بەسەر کێشەى رەواى کورددا ساغ بکاتەوە و کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى پێ هەڵخەڵەتێنێ، هێزى کورد لە ئێران ئۆپۆزۆسیۆن نییە و ناچێتە خانەى ئۆپۆزیسیۆنەوە،چونکە ئەمە هاوکێشەى نێوان هێزى داگیرکەر و هێزى میللەتى بندەستە، ئەگەر لەماوەى دە ساڵی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانى سەربازى رووى نەداوە ماناى ئەوە نییە هەردوو لا دەستەوەستان وەستابوون، بەڵکو بەدرێژایی ئەو دەساڵە هەمیشە شەڕێک لە ئارادابووە، چ شاڵاوەکانى لەسێدارەدان و رەشەکوژی و رەشبگیری و ترس و تۆقاندن و جینۆسایدى سپی، لە هەمان کات وەڵامى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەش بەشێوازى جۆراوجۆر هەبووە، بەڵام لە ماوەى رابردوو شەڕی دەستەو یەخەى نێوان ئەم دوو هێزە تەنیا بە نووسین و گووتن بوو، بەڵام پەژاک بوو بە داینەمۆی هێز و تواناپێدەرى زیندوو کردنەوەى رۆحى شۆڕشگێڕ و شەڕڤانى لە رۆژهەڵات و بەم شەڕەش سەلماندى کە رابەرایەتى شۆڕشی پارتیزانى رۆژهەڵات دەکات و پەیامێکیش بوو بۆ پارت و لایەنەکانى رۆژهەڵات کە پێویستە خەبات بە هەمان زمان وەڵام بدرێتەوە نەک هێزى داگیرکەر لێمان بکوژێت و ئێمەش خەریکى شەڕی یەکتر و رەتکردنەوەى یەکتر و سووک کردنى یەکتر و بە فیڕۆدانى کات بین، ئەمەش مێژووێکى رەش و سپیە جا هەموو لایەنێک تێیدا رۆڵی خۆیان دەگێڕن، پەژاکیش ئەمڕۆ بووەتە واقعێکى بەرچاو لە نەخشاندنى ئەم مێژووە".
دەربارەی بێدەنگی لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان کە خاوەنی هێزی چەکدارن و بەشێک نین لەم شەڕە، مەولوود ئافەند رایگەیاند؛ " پێشوو ئاماژەم پێیدا ئەم شەڕە نیو سەدەیە بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمڕۆ پەژاک بەهەمان زمان وەڵامى داوەتەوە بۆیە بووەتە رۆژەڤى تەواوى میدیاکانى جیهان کە میدیا و کۆمەڵگاى ئێرانیش ناتوانێ بیشارێتەوە، دواى شەڕی هەشت ساڵەى ئێران لەگەڵ عێراق ئەمە یەکەمین گورزى کوشندەیە پێی دەکەوێت لە سنوورەکانەوە، پێشووتر موجاهدینى خەلق تەنگیان بە ئێران هەڵچنیبوو لە ناوەوەى ئێران، بەڵام ئەمڕۆ پەژاک تەنها بۆ داکۆکى و داخوازى نەتەوەى کورد لە پارچەى بەزۆر لکێنراو بە ئێرانەوە لە سنوورەکانەوە داواى خاکى داگیرکراوى کوردستان و ئازادى و سەربەخۆیی کورد دەکات لە رۆژهەڵاتى کوردستان، ئەگەرچی شەڕەکە بۆ سەر هەموو نەتەوەى کوردە بە باشوور و باکوریشەوە، بەڵام من نایبینم ئەم شەڕە بۆ سەر لایەنەکانى ترى گۆڕەپانى سیاسی رۆژهەڵاتى کوردستان بێ، چونکە ئەزموونى ئەم چەند ساڵەى رابردوو ئەوەى سەلماند کە مێژووى کار و خەباتى زۆرینەى لایەنە سیاسیەکان بووە لێکترازان و داواکارى بچووک و ریفۆرمیستێک کە تەواوکەرى خواستەکانى تارانە، ئەوکاتەى دوژمنەکەت شەڕی تۆى نەکرد ئەوا دۆستایەتیەک لە ئارادایە، ئەوکاتەش کە دوژمنەکەت لە تۆ رازی بوو ماناى وایە تۆ بە ئاراستەکانى ئەو لەبەرژەوەندى ئەودا دەجوڵێیتەوە.
سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-کورد وتیشی: من دەپرسم: بۆچی دە ساڵ زیاترە ئێران هێرشی بۆ سەر هیچێ لەو لایەنانە نەبردووە تەنانەت چەند ئەندامێکى ئەو لایەنانە کە بە پەنجەى دەست دەژمێردرێن کەوتنە بەر شاڵاوە گەورەکەى لە سێدارەدان، هەڵوێستى پراکتیکى و فەرمى و جدى ئەو لایەنانە بۆ تۆپبارانەکان و هێرشەکان و رەشبگیری و رەشەکوژی و تەواوى سیاسەتە چەپەڵەکانى ئێران چی بوو..؟ من دەپرسم: ئایا تەواوى لایەنەکانى رۆژهەڵات دەتوانن ئامارێکى کار و چالاکییەکانى دژ بە رژێمى داگیرکەر بخەنە روو، هاوکات ئەو ئامارە بەراورد بکەن بە تەواوى ئەو کار و چالاکیانەى کە دژ بە یەکتر ئەنجامیان داوە چ لە میدیاکان و چ بە پراکتیکى..؟
مەولوود ئافەند جەختی لەوە کردەوە کە "بێدەنگ بوونى هەر لایەنێک لەم رۆژگارە بۆ ئەم پرسە نەتەوەییە زۆر روون و ئاشکرا شرۆڤە و رۆنکردنەوەکەى لەخۆیدا دیارە، بێدەنگیەکان خۆی لەخۆیدا ئەو پێناسەیەیە کە وەڵامى بەشی دووەمى پرسیارەکەیە، بەڵام تێڕوانینى من بۆ بیدەنگیەکەى ئەمجارە لە بەدەنگەوە هاتنى ئەم گرووپ و لایەنانەیە کە پێم باش بوو بێدەنگ بن لەوەى کە ئەمڕۆ وەک ئێرەییەکى پیسی سیاسی پەژاک تۆمەتبار دەکەن.
ناوبراو راشیگەیاند: من نە گووتەبێژی پەژاکم و نە ئەندامى ئەو لایەنەشم، بەڵام پەژاک لەماوەى رابردوو خۆی سەلماند کە بووە مایەى هیوا و ئومێدى گەلى چەوساوەى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئینتیماى حیزبی بوونى تێکشکاند و ئینتیماى نەتەوەیی و نیشتیمانى لەنێو رۆحى رۆڵەکانى کورد زیندوو کردەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بوونی چاڵاکی پەژاک لە مەیدانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەمری واقیعی لێهاتووە و پەیویستە هێزەکانی تری رۆژهەڵاتیش ئەو راستیە ببین و ئینکاری نەکەن"
دەربارەی داهاتووی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتیش مەولوود ئافەند رایگەیاند ":بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ بگەرێنەوە بۆ قۆناغی 20 ساڵ لە کار و خەباتی سیاسی ڕابردووی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی تا قۆناغی پێش پرۆسەی ئازادی عێراق و هاتنی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ ناوچەکە،بەتایبەت ئەو هەڵومەرجەی کە بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستبوو،کە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی هێرشی سەر عێراقیان نەکردبایە، رەنگە کورد بەتەنیا توانای روخانی ئەو سیستەمەیان نەبایە کە ساڵانێکی زۆرە خەبات و بەرخۆدانی دەکەن بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە بنەرەتیەکانی خۆی،مەبەستم هەمان روخانی سیستەمی بەعسە لە رێگەی ئەمریکاوە،خەباتی کورد لە پارچەی رۆژهەڵاتیش هەر لەو ئالیانسەدایە،بۆ نموونە دەتوانین باس لە سەرەتای دابەزێنی کۆمەلەکان و دیموکراتەکان بکەین لە شاخەوە بۆ کەمپنشینی و خەباتی ناو کەمپ،کە ئەویش بە رای من گەورەترین زەربەی لە خەباتی تەڤگەری ئازادیخۆازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوە".
ناوبرا ئاماژەی بەوەش کرد کە " لە سەردەمی ئێستاشدا هەمان بۆچوون و خەیاڵی سیاسی سەرکردەکانی ئەو حزبانە لە ئارادایە لە مەسەلەی سیاسەتی چاوەرۆانیدا کات کووشتن و خۆبەخۆوە سەرقاڵکردن،دیارە شەپۆلێ گۆرانکارییەکانی ئێستا لە ناوچەکدا زۆر خێرایە و بەرنامەی و پرۆژەی ئەو پارت و لایەنانەش بۆ مەسەڵی خەباتی سیاسی و مەدەنی وچەکداری لە رۆژهەلاتی کوردستان پەیوەیستی بە نوێبونەوە هەیە،هەرچەندە بەشێکی زۆری ئەو لایەنانە ئێستا بوونەتە داکۆکیکاری خەباتی سڤیل لە رۆژهەلاتی کوردستان و خەباتی چەکداری بە هەموو شێوەیەک مەحکووم دەکەن،بەڵام ناکری خەباتی سیاسی و چەکداری وەک دوو فاکتەری دابراو لە یەکتر سەیر بکەین،ئەویش لەبەرامبەر دەسەلاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران کە هیچ بواری بۆ خەباتی مەدەنی نەهێشتۆتەوە لە ناوخۆ و دەبینین گەورەترین جووڵانەوی مەدەنی بەتوندترین شێوە سەرکوت دەکات و سەرۆک و ئەندامانیشی لە زیندانەکاندا ژیان بەسەر دەبن".
سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-کورد رایگەیاند: "خاڵیکی تر کە گرنگە لێرەدا باسی بکەم بەگشتی لە دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدایە،لە مەسەلەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ،کە پەیوەیستی بەجیدی کاری لەسەر بکەن و دەرگای پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەل کۆمەلێک لە وڵاتانی خاوەن بڕیار بەسەر ئێرانەوە واڵا بکەن،هەر گۆرانکارییەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بەگشتی پەیوەندی هەیە بە فاکتەری دەرەکی و دەبێ لە ئێستاوە کار لەسەر دروستبوونی ئەو زمینەیە بکەن،چۆن قۆناغی ئێستا و رەوەشی ئێستای ناوچەکە بەگشتی لە بەرژەوەندی کوردایە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەبێ تەڤگەری ئازادیخۆازی کوردیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان قورسایی خۆی بخاتە سەر فاکتەری دەرەکی و لەو ناوەندەدا بەرژەوەندی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەساس بگری،چۆن ئەو دۆخە ئالۆزی ئێستا لە ناو ئۆپۆزیسێۆنی ئێران بە گشتی و کورد بەتایبەتی هەیە،لە زۆر لایەنەوە بێ ئومێدی دروستکردوە لە ناو کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا".

رۆژهەڵات تایمز- جەمال نەجاری


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە