کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانی ئەڵێ

Saturday, 12/03/2011, 12:00


(سلێمانی، پێش تەقەکانی پارتی سەری خۆی لەخەنەگرتبو بۆنزیک بوونەوەی نەورۆز)




هەموو ئاسمان بووبووە سوورمەیی سەری،
هەموو سروشت بووبووە کراسی بەری
وەکو ژنێکی میهرەبان، هەموو گیانی
عەشقو جوانی لێ ئەباری
لەپڕێکا دڵی ئێشاو زانی پارتی،
تەقەی لەمناڵەکانی کردوە،
چەند گەنجێکیشی کووشتوە
سلێمانی ووتی:
لەئێستاوە، قەسابخانەکەی بەردەم لقی چواری پارتی،
ئەبێت بەیەکەم مۆزەخانەم
خوێنی ڕژاوی ئەم گەنجانەم، ئەکەمە مەرەکەبی نووسینی ئەم دیوانەم
سلێمانی ووتی:
تاکو ئێستاش سەرم پڕە لە بارووتی بیرەوەری
دەستم لێ بەن لەچرکەیەدا ئەتەقێم
لەمێژەوە سنگم پڕە لەبورکانی ئەم سەردەمەو
لەوەتەی هەم هەر ئەسووتێم،
ئەوە ئێستا پێتان ئەڵێم:
نەبابانیو، تاڵەبانیم
نەعەفلەقیو ، نەبارزانیم
من ڕۆحێکی کراوەمو کووردستانیم،

من شاژنی کووردستانم،
وەک جانەوەر هەموو هاتوونەتە گیانم
دڵم تەنگە، لەتاو پیاوە فاشییستو دڕندەکانم
دڵم تەنگە، لەتاو هەموو حزبەکانم
(سلێمانی وەکو ژنێکی تەنیایەو، لەتەنیاییش تەنیاترە
وەکو کەرکووک ئەسوتێو، داڵغەکانی وەک دارستانی ئاگرە)
سلێمانی بەغەمناکیەوە ڕوو لەئەزمڕئەکاتو ئەڵێ:
مناڵانم لەسەرشەقامەکان کەوتوون، وا ئەگەوزێن لەناو خوێنا
وەک فریشتەی سوور، چەند دانەیان نووستون لەناو مەرگی نوێنا
کەچی:
دەستێ نەهات بەشێک لەجەستەی سووتاوی مناڵێکم بگرێتەوە
دەستێ نەهات خوێنی سەرجەستەی گەنجێکم بسڕێتەوە
دەستێ نەهات ناوبژی کا
دەستێ نەهات، گوولەکانی پارتیم دەرکا
کەچی:
جەماعەتەکەی یەکێتی،
وەکو نووقوڵ.. بۆبەراتی حزبایەتی
هەرهەموو عەرزەی گیانمیان
بەسەر خۆیان دابەشکردم
کەوتوونەتە دزینی، میوەی باخەکانی جەستەمو، عەرزەو نەوتم
لاوازبوومو ، بۆ بیست ساڵە لەجێ کەوتم

بابزانن سلێمانیم، چەند لاوازبم هەرگیز نامرم
وەک دارگوێزێ، لەخواش پیرترم، هەمیشە لقی گەنجانە ئەگرم،
(سلێمانی وەکو فریشتە باڵەکانی کردۆتەوەو ئەیەوێت خۆپیشاندەران لەگوولەکان بپارێزێ،
ئیزرائیلیش بەچاکەتێکی ڕەشەوە لەسەربانی بەرزترین ماڵ
چوارمشقی لێی دانیشتووەو جیهازێکی گەورەو قەناسێکی درێژی بەدەستەوەیە)
ئیزڕائیڵ بەقەناسێکی ڕەشەوە،
تەماشای گەنجانم ئەکات
بەبێ ئەوەی هیچ مەسیجێکی لەخواوە پێبگەشتبێ
یان مەسیح تێکستێکی بۆکردبێ،
ئارەقی ناوچەوانی ئەسڕێو،
ئارام ناگرێ هەتاوەکو یەکێ نەخات
بەڵام شەقام تاکو دێ گەورەترئەبێو، هاژەی زەریای لەدەنگدایەو
نەک هەر پارتی، ڕەشبگیری، ئیزرائلیش ماندوو ئەکات

سلـێمانی لەسەرسەکۆی عەدالەتەوە، زۆر بەتووڕەییەوە ئەڵێ:
من هیچ کاتێ، موڵکی هیچ حزبێکتان نەبووم،
موڵکی هیچ سیاسیو، بازرگانو، خواپیاوێکتان نەبووم،
موڵکی هیچ بابانیەکو، بارزانیەکو، تاڵەبانیەکو،
ئیسلامیەکیشتان نەبووم
لەمەودوا، ئیمزاو دەنگو ڕەنگی کەس نیم
لێم تێناگەن، هەرگیز نازانن کە من چیم
من هەر خۆمم سلێمانیم
وەک وەرزەکان، لەگۆڕاندامو لەجوانیم
من نەیەکێتی بوومو ناشبم
پێشمەرگەبووم،
بەڵام نەڕەگ، نەقەدتانم
دەنگی خەڵک بووم،
بەڵام نەئاڵاو، نەپەڕۆو، نەتەڵقەتەنوورەی شەڕتانم
نەسروودو، نەڕادیوی ئەیڕەقیبتانم
نەگۆچانی دەستی ئاغاو، نەکڵاشینکۆفی شانتانم
نەقەڵەمێکم ئەفرۆشرێم، نەپەخشانی خەیاڵتانم
نەکووڵەباڵی تاریخو، نەجامانەی مەبدەئتانم
من نەپارتی بوومو ناشبم،
پێشمەرگەبووم،
نەبەعسیبوومو نەجاشبووم
نەئیسلامیم ، نەگۆڕانم
سلێمانیم، من ئەمەوێت بەبێ سیاسەتی حزبو خوا، بۆخۆم باشبم
سلێمانیم، خۆم مێژوومو ئێستاش گەنجم
حەقیقەتی پڕ لەڕەنجم
بەدرۆودەلەسەتان ماندووم،
چەندین ساڵە بەتلیاکی درۆکانتانەوە خەووتوم،
خۆم ڕووداومو ئەنووسرێم
بزمارمو، بەناو دەستی زەمانەیا دائەکوترێم
خۆم ڕووداومو ئەنووسرێم
ئەبمە کتێب، بەبێ واستەو دەزگاکانتان، خۆم چاپ ئەکرێم
بەسەرماڵی گەنجەکانما دابەش ئەکرێم
ئەگەر گیرام.. ئەوا موژدە،
لەبەرئەوەی سلێمانیم
کتێبێکی دوورودرێژم، مێژووم مێژوو
هەرگیز بەقەڵەمەکانتان تەواوناکرێم،
من شارێکی کراوەمو
هەرگیز بەزیندانەکانیشتان داناخرێم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە