چراى رۆژنامەنوسێ، كز ئەسووتێ- شیوەنێ بۆ شەهید سەردەشت عوسمان
Tuesday, 18/05/2010, 12:00
هەوری ئاســــمانــێ نووستــووە
دوكـــەڵ لـە ئــاگر تۆراوە
دایكی شـــارێ كۆست كــەوتـــــووە
دار چنارێ،
لــەخــۆوە ڕا بـەلایا دێ
چـــرای رۆژنامەنوسێ
كـــــز ئــەسووتـــــێ
***
ئەی هاودەمی وشەو عەشقى دەم بە ئازار
ئەی ڕۆح سپییەكەی شاری بێ ئامان و بێ قەرار
ئەی ئاوارەی نیشتمانێكی ئاوارە
ئەی لاوی ماندووی پیرەڕێ..
دڵنیابە!
چاوی عەشقی نەمری تۆ
لە ڕووباری خۆرەتاوا نەبێ، هەرگیز نانووێ!
دڵنیابە ئەی هاوڕێی خەڵوەتگای شەوانی بەر ئاگردان
بە خورپەو نركەی ئەو مەرگە ناكام و ناوەختە..
لە سینەی ئاسمانی تەختا
دڵی خواوەندی وشە ڕاوەستا!
خۆری مەرگی پیرۆزت
خۆری قەڵەمى نەمرو بەرزت
بەرزتر لەوانەی تیرۆریان كردی
بەرزتر لە حزب و سەركردەو دەزگاكانیان
خۆری تەمەن و ڕۆژانی بە هەدەر چووت
خۆری هەناسەی شەوانی هێجگار درێژی
دەم شەونخوونی و برسێتی و ئازار و ژانی
دایكە ڕەشپۆشەكەت
دەردو حەسرەتی مەرگی ناوادەی
سۆرانى مامە حەمەى برای جوانەمەرگت
كە لە میانەی دوو سێ ساڵێكا
بوونە دوو ئەستێرەی ڕژاوی ئاسمانی شووم و
كەدەرى خۆری مەرگ و ئازادى و ئازایی
ئەی ڕۆحی ماندوو:
هێى قەڵەمى زیندوو
ئەمێستاكە لە پانۆرامای ژیانا
لەسەر بانیژەی گەردوون و
لە نێو بیلبیلەی فرمێسكاوی ئاسمانا
چاوى تۆ: عاشقێكەو ڕێی كاروانێكی لەبەر بێ..
شۆڕەسوارێكەو بۆ ئاوارەو برسی و ئازادیخواز
كەپرو ساباتی زێدو نیشتمانە !
عاشقێكەو بۆ دڵداران
بۆ گەنجە بێهیواكان
بۆ شاعیرە دڵتەنگە بێهەوارەكان..
بۆ رۆژنامەنوسە بوێرەكان
هەمیشە دەرمان و هەتووانە!
لە پاش شەهیدبوونت
پرسەی ژینە لەسەر زەوی
خەزانێكەو
درەختی موحیببەت بە كوڵ ئەگری
خۆری ماتەمینی گۆڕستان پاییزییەو
لە دەمكەلی وەرزەكانا
گەڵای زەردی دەم ڕێزانە
***
ئەی ئاسمانی وشەو رستەى ئازادى بۆ كوردستان
هەوێنى گشت هۆنراوەیەكى جوان
دڵی ماندووت بهەژێنە
ئاسمان بگری و
جەندرمەی دەسەڵات و حزبى چەرخی زەبوون
ئەهریمەن و تارمایی پاییزی گەردوون
بە نركەو ناڵەی بەهارییت بترسێنە!
+ ئەی هەورەكە!
بەرچاوی خۆر تاریك مەكە!
ببارێو دەروونی ئەم ژینە نوغرۆیە
بە زریانی چاوەكانت خاپوورتر كە..!
ئەی هەورەكە یان ببارێنە
بارانی ڕەحمەت
یان ئەوەتا
ئەم وڵاتە
هەردەم دیل و كۆتە
وێرانتر كە! خاپوورتر كە!
+دەی هەورەكە!
دەی بە پەلەو زوو كە
تۆ بڕوانە: وا لێرە خەزانە
پرسەى وشەى ئازادى و نەبەردى
نوسەرێكی بە هەڵوێست و قارەمانە
**
هاوڕێ و هاوكارو هاوبیرى ئازادى
زۆر ئاسوودەو دڵنیا بە
خۆری وشەو .. خۆری وڵات
وڵاتی ئاوارەو دزراو، وڵاتى بۆ ئازادى ماندوو
خۆری عەشق و ئازادى
لە پاش كۆچت
كۆچبەرەو ڕێبوارێكی فێگرتووەو
لە كەنار شەوە بێهۆش و خامۆشەكانا
لەبەردەم مێزو كورسى بەرپرسە دزەكانا
لەبەردەم كورسى ئاسنینى جەللادا
زۆر دڵ ئازاو بوێرانە
میوانی سەرمەدیی مەرگ و سووتانە!
* ئەم قەسیدە خاكەڕایە، پێشكەشە بە گیان و رۆحى سپى كاكە سەردەشت عوسمانى شەهید، كە دواى شەهیدكردنى كاكە سۆرانى مامە حەمە چووە كاروانى شەهیدانى وشەو رۆژنامەوانى ئازادەوە، كە بێگومان ئەم تیرۆرە چەپەڵە دوا تیرۆرو كوشتنى وشەو دەنگى ئازاد نییەو كاكە سەردەشتیش دوا رۆژنامەنوس و نوسەرو ئازادیخوازو دەنگى بوێرو دلێر نابێت لە كوردستانى هەناسەساردا.. ئێمەش هەموومان، ئەوانەى وێژدانمان نافرۆشین و هەتاكو شەهیدبوون و كوشتنمان وەكو جۆردانۆ برۆنۆو ژان دارك و حەللاج و عەبدولخاق مەعروف و ...تاد. پرۆژەین بۆ شەهید بوون و دەنگى ئازادیخوازو ئازادمان كپ نابێت و هەزاران و هەزاران سۆران و سەردەشتى شەهیدى زیندوو لەم كوردستانەدا، بە قەڵەم و وشەو دەنگ و هەڵوێستمان بەرەنگارى فیكرى بۆگەنى و گەندەڵى و كۆنەخوازى و پاوانخوازى و تیرۆخوازى دەبینەوە.. نەمرى بۆ سۆران و سەردەشت..سەرشۆڕى و نەفرەت بۆ دوژمنانى ئازادى و دێمۆكراسى و شەفافییەت و دادوەریى كۆمەڵایەتى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست