بۆچی ده‌ست راگرین؟!
Friday, 09/10/2009, 12:00
بابه‌تێک له ژێر ناوی: [تکایه ده‌ست ڕاگرن]، له ماڵپه‌ڕی کوردستان نیوز دا هاتووه که ناوی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کیش وه‌ک واژۆکه‌رانی په‌یامه‌که، له ژێره‌وه‌ی دا ده‌بیندرێت.
ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی بابه‌ته‌که سکاڵایه‌که له نه‌زۆک بوونی شێوه خه‌باتی چه‌کداریی گه‌لی کورد له مێژووی بزوتنه‌وه‌کانی دا، که ده‌ڵێ:
ـ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كورد له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌وه، له سه‌ر بنه‌مای مێتۆدی شۆرشگێڕیی ـ چه‌كداری، كه ده‌كرێت بڵێین مێتۆدی باڵاده‌ستی ناوچه‌كه‌ش بوو ، ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه تا ئه‌م ساته وه‌خته جگه له‌وه‌ی نرخێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌م پێناوه‌دا داوه، نه‌یتوانیوه لانیكهمی ئامانجه‌كانی بپێكێت.
وا وێده‌چێت که نووسه‌ر، یان نووسه‌رانی ئه‌م په‌یامه به په‌له‌یه، به‌بێ هیچ فوو له دۆ کردنێک، مێژووی نیو سه‌ده خه‌باتی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینیان له ژووری کاری خۆیان دا خستبێته تای ته‌رازویان و سه‌نگ و کێشیان کردبێت. وا دیاره له‌م سه‌نگ و کێش کردنه‌دا خۆیان له قه‌ره‌ی جۆری دابه‌ش کردنی نه‌ته‌وه و ئایین و ئایین‌زاکانی ناوچه‌که نه‌داوه و ته‌نانه‌ت خۆیان له چۆنیه‌تیی سازکردنی نه‌خشه‌ی سیاسیی وڵاتانی(ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه)یش شاردۆته‌وه. له ئاکامی ئه‌م خۆ دزینه‌وه و دیزه به دهرخۆنهیه دا ئاوێکی گه‌رم و نه‌رمیان به سه‌ر ده‌ستکردی وڵاتانی سه‌رکه‌وتووی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دا کردووه و تاوانی ئه‌وان و غه‌دری بێ سنووری حاکمانی وڵاتانی(نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ت)ی ئێران،عێراق، تورکیا‌و سوریایان کز کردۆته‌وه. شانبه‌شانی ئه‌م بیرکردنه به‌ئانقه‌سته، ئه‌تک و بێ ڕێزی و هێرش و گه‌مارۆ و قه‌ڵاچۆی که‌مه نه‌ته‌وه‌کان له لایه‌ن پان فاشیزمی(تاران، ده‌مشق، ئه‌نقه‌ره و به‌غدا)یش که‌مڕه‌نگ کراوه‌ته‌وه. فاشیزمی حاکم له چوار وڵاتی(ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه)یی دا، که کارگێڕهکانیان گوێ کونکراوی زلهێزه‌کانن، له درێژه‌ی نیو سه‌ده‌ی پێشین دا به هه‌موو تین و تاقه‌ت و به سه‌رجه‌م چه‌کی که‌ون و نوێیانه‌وه هێرشیان کردۆته سه‌ر کوردی بێچاره؛ کوردیش به چه‌نگ و ددان خۆی پاراستووه. خوا ناهه‌ق بگرێ که ئه‌گه‌ر ئه‌م داپڵۆسین و سهرکوتانهوهی چوار چاوسووری چه‌په‌ڵ به سه‌ر ئاسن و پۆڵای پته‌ویش دا هاتبایه، من ده‌ست له ملان ده‌ده‌م که ئاسن و پۆڵای شازده عه‌یاریش ده‌بوون به نایلۆن و به با دا ده‌چوون. به‌ڵام له درێژی په‌لاماری فاشیزم و خۆڕاگریی کورد دا، ئه‌وا هه‌ر ئیمڕۆکه ، که چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کیش له ڕۆژژمێری سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م ده‌دڕێنین، له سای به‌رخۆدان و شه‌مشێر وه‌شاندنی کورد دا، کورد هه‌ر ماوه و ده‌نگیشی گه‌یشتۆته ئه‌م سه‌ر ئه‌وسه‌ری جیهان؛ له حاڵیکدا هه‌نده که‌مه نه‌ته‌وه‌یه‌کیش له مه‌ڵبه‌ند دا هه‌بوون که له ژێر چه‌رخی هه‌ر ئه‌م ژینۆساید دا وه‌ک ئاردی به‌ر ڕه‌شه با، به با چوونه.
ئه‌گه‌ر من له که‌ین و به‌ین و فه‌ند و فێڵی زلهێزه‌کانی سه‌رکه‌وتووی شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی، به تایبه‌ت ئینگلیس و ئه‌مریکا هیچ نه‌زانم و، نه‌زانم که دابه‌شکردنی به ئانقه‌ستی نه‌ته‌وه‌کانی تورک، فارس، کورد، ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب، تورکمه‌ن به سه‌ر وڵاتانی(ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه)ی ئێران، عێراق، سوریا،لوبنان و تورکیه دا به چ مه‌به‌ستێک هاتۆته کردن، خۆ ڕێزدارانی وه‌ک پرۆفیسۆر دوکتۆر عه‌باسی وه‌لی، دوکتۆر خالید خه‌یات و مامۆستا حسێن کوردنژاد مامۆستای زانستی تاریخ و سیاسه‌تن؛ ئه‌وان باش ده‌زانن که ئه‌و ده‌سکرده به مه‌به‌ستی چاندنی تۆوی دژایه‌تی و ئاڵۆزیی نێوان موزاییکی فره ڕه‌گه‌ز و فره ئایین و فره ئایینزایه و به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌بێته سازبوونی شه‌ڕی به‌رده‌وامی حاکمانی چاوسوور به‌دژی ژێر ده‌ستانی هه‌ژار له به‌رێک و، له لایه‌کی تریشه‌وه بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆوی دژایه‌تی نێوان ڕه‌گه‌ز و ئایین و ئایینزاکان؛ که له هه‌ر دوو بار و دۆخدا ئاوی ڕوباری مه‌ڵبه‌ندی زێڕی ڕه‌ش لیخن و لیخنتر ده‌بێت و، که‌ڵه ماسییه‌کانی ئه‌م ئاوه لیخنهش ده‌که‌ونه ناو تۆڕی زلهێزه‌کان و نۆکه‌ره‌کانیان.
له‌وه‌ته‌ی جۆری حاکمییه‌تی(ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه)، له‌لایه‌ن زلهێزه سه‌رکه‌وتووه‌کانی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی به سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌که دا سه‌پاوه، له یه‌ک لێکدانه‌وه‌ی سهرپییی دا به ئاشکرا ده‌رده‌که‌ویت که سه‌رجه‌م به‌ر و به‌رهه‌می سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی و تێکڕای ته‌کنۆلۆژیای پێشکه‌وتووی وڵات، قه‌ت قه‌ت ده فریای هه‌ژارانی ناوچه‌که نه‌هاتوون و نایه‌ن. ئه‌وه‌ی هه‌یه، به‌تێکڕا ده‌بێته که‌ره‌سه‌ی هه‌ڵاواردنی ئینسانه‌کان؛ به‌شێکی که‌میان له ئه‌و په‌ری دارایی و توانایی دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و زۆربه‌ی هه‌ره زۆریشیان له ژێر هێڵی هه‌ژاری و نه‌داری دا ده‌ژین.
میلله‌ت، ئه‌گه‌ر له‌باری تاریخیشهوه ده‌گه‌ڵ په‌ره‌گرتنی بازاڕه‌کانی سه‌رمایه‌داریدا گیانی هاتبێته به‌ر، خۆ میلله‌تانی(فارس، تورک، عه‌ره‌ب)یش له‌م بازنه‌یه دان. من ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌وهه‌ره په‌سند بکه‌م و بڵێم میلله‌ت چه‌مکێکی تاریخییه و له چاخ و سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دا گۆچ گرتوو بووه، خۆ فارس و تورک و عه‌ربیش له‌م پرۆسه‌یه دا خۆیان گرتۆته‌وه و وه‌ک نه‌ته‌وه ناسراون. لێ به‌داخه‌وه له ده‌سکردی زلهێزه‌کانی جیهانیدا، ئه‌م سازمانه سیاسی ـ نیزامییه‌ی که ناوی مه‌مله‌که‌تی (ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه)ی لێنراوه، نوینه‌رانی سامانداری میلله‌تی سه‌رده‌ست وه‌ک حاکمان و به‌ڕێوه‌به‌رانی سیسته‌مه‌که هه‌ڵبژێردراون. ئه‌وانیش خودا ئاسایانه قانوونێک به‌ڕیوه ده‌به‌ن که هه‌رچی مافی شانزی ئینسانییه بۆ چینی باڵا ده‌سته و به‌شی ژێردهستانیش نه‌مر نه‌ژی بهڕێچوونه. ته‌نیا ئاڵترناتیڤێکی که بۆ ده‌رچوون له‌م بێچاره‌ییه بۆ چاره‌ڕه‌شان ماوه‌ته‌وه، سه‌رهه‌ڵدان و خه‌باتی بێ وچانه. کورد له درێژه‌ی ڕۆژگارانی خۆناسینی دا به‌رده‌وام تووشی هێرش و په‌لامار هاتووه. ڕاسان و به‌رگریکاریی کورد به دژی ئه‌م داپڵۆسینه، بۆته شه‌ڕێکی کلاسیک و هه‌تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش درێژه‌ی هه‌یه. له درێژه‌ی ئه‌م شه‌ره کلاسیکییهشدا، ڕژێمه‌کانی ئێران، عێراق و تورکیه جارانی جار بۆ وه‌شاندنی گورزی کاریگه‌ر له کورد، ساخته‌چییانه داوای دانیشتن و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که‌یان کردووه. هه‌ر خودی ئه‌م داواکردنه و به ده‌نگه‌وه هاتنی کورد بۆ دانیشتن ده‌رده‌خات که کورد خوازیاره وه‌ک شارۆمه‌ندێکی پله یه‌ک له‌و وڵاته دا بژی که به سه‌ری دا دابه‌ش کراوه. به‌ڵام له که‌مترین مه‌ودای زه‌مانیدا ده‌رده‌که‌وێ که سیاسه‌تی حاکمانی چاوسوور له ئاست کورد دا سیاسه‌تی گۆپاڵ و ههڵوایه و پێشکه‌ش به کورد ده‌کرێت؛ هه‌ڵوای وتووێژ بۆ فریودانی ڕای گشتی و له هه‌مان کات دا وه‌شاندنی گۆپاڵ له شوێنی هه‌ستیار و مه‌رگباری له‌شی کورد. به باوه‌ڕی من، ته‌نیا ڕێگای ڕزگاریی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی هاوچه‌شنی کورد، هه‌وڵدانێکی بێ وچانه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی برایه‌تی و هاوخه‌باتی له پێناوی دامه‌زراندنی کۆنفیدراتێڤێکی شۆڕشگێرانه‌ی پڕ له سه‌ر ڕاستی.
په‌یامی [تکایه ده‌ست ڕاگرن] له‌م پاراگرافه‌ی خواره‌وه دا ده‌ڵێ :
دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی بیست ساڵه حیزبه شۆرشگێره ـ چه‌كداره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به هۆی هه‌ڵوێستێكی نهتهوهییو گرێبه‌ستێكی سیاسی له پێناو پاراستنی ئه‌زموونی نوێی باشووری كوردستان له گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم دا، وازیان له خه‌باتی چه‌كداری هێنا، كۆمه‌ڵگای كوردی له‌م روویه‌وه ئاڵوگۆڕێكی به‌رچاوی به خۆوه بینی، واته به‌ره به‌ره له غیابی شێوازی چه‌كداریدا شێوازی مهدهنیو ناره‌زایه‌تییه مه‌ده‌نییه‌كان له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا په‌ره‌یان گرت‌و له چه‌ندین رووداو بۆنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دا ئه‌م شێوازه مه‌ده‌نییه به باشی خۆی دهرخستو به‌رجه‌سته بوویه‌وه.
ئازیزانی نووسه‌ری په‌یام، هه‌رده‌ڵێی ساڵیانێکه له خه‌و دان و هه‌ر ئێستێکه له خه‌و خه‌به‌ریان بۆته‌وه. ئه‌زمونه نازداره‌که‌ی باشووری کوردستان پیر بووه و ئیتر ناکرێ نازناوی ئه‌زمونی نوێی کوردی به‌سه‌ر دا بسه‌پێندرێت. ئه‌زموونه نازه‌نینه‌که‌ی باشووری کوردستان ئه‌وا سه‌رهه‌ڵدانێکی ئارامی به‌خۆیه‌وه بینی و ده‌کرێ ده‌ره‌نجامه‌که‌ی له ڕێزدار نۆشیروان مسته‌فا ئه‌مین و ڕێزدار دوکتۆر که‌مال میراوده‌لی پرسیار بکه‌ن. ئه‌زمونه‌که‌ی باشور، له ڕاستیدا ئه‌سیری ده‌ستی دێوی ئه‌مریکایه و،چاره‌نووسی دواڕۆژی ئه‌و ئه‌زمونه په‌لوپۆ سواوه له لایه‌ن ئه‌مریکاوه دیاری ده‌کرێت. ئه‌مریکا له‌م دیوه‌ی سنووره‌کانی هه‌رێمه‌وه خه‌ریکی عیشقبازییه ده‌گه‌ل مام‌و ڕیشداره‌کانی ئه‌و دیوی سنوور. هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و گرێبه‌سته‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵه که له پێناو پاراستنی ئه‌زموونه‌که‌ی هه‌رێم دا بۆته هۆی ماڵاوایی له چه‌ک، ههرنهک هیچ ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی له کوردستانی ئێران دا نه‌خوڵقاندووه، بگره ده‌ره‌نجامه نگه‌تیڤه‌کانی بێ ئه‌ژمارن. به‌ڵام ئه‌وه‌یکه من به دڵ ئاواته‌خوازم، هه‌ر به‌هیوام ئه‌م گه‌نده‌ڵکارییه‌ی که له ماڵی ئه‌زموونه حه‌بیبه‌که‌ی باشوور دا سه‌ره‌تان ئاسا په‌نجه‌ی داکوتاوه، ره‌گاژۆی نه‌کردبێت قالب و قاپێلکی ئه‌وایش.
ئاخرو ئۆخری سیاسیکارانی چواردیوار نشین، فاڵگری و شێخیگهرییه و، ته‌کیه و خهڵوهتگده
ده‌ستی مهبارهکیان ڕاده‌مووسێت.
ئاخر خۆ ئه‌وه‌ی له کوردستانی ئێران‌دا سه‌ری پێوه ماوه، هیچ ئاڵوگۆڕێکی وه‌ها به‌رچاو شک نابات که بکرێ نیوه نووزه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی تێدا بداته ده‌ر. من نازانم حه‌زڕه‌تی شێخ ئه‌م [چه‌ندین ڕووداو و بۆنه نه‌ته‌وه‌یی]یه‌ی له کوێ بینیوه که هه‌ر گورجێک کردوویه‌ته پالپستی خه‌یالاتی خۆی و ده‌ڵێ: له غیابی شیوازی چه‌کداری و له به‌ره‌که‌تی شێوازی مه‌ده‌نیدا خۆی ده‌رخستووه و به‌رجه‌سته بۆته‌وه ؟
سه‌یرێکی ئه‌م پاراگرافهش بکه‌ین که ده‌ڵێ :
[ ... ئێستا كه فه‌زای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌راسه‌ری ئێران ئاماده‌یه بۆ خه‌باتی مهدهنیو خه‌ریكه ئه‌م شێوازه له سه‌ر ئاستێكی به‌رینی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی ناو ئێران په‌ره ده‌ستێنێت، چه‌ند ساڵێكه پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(pjak)و ئێستاش حیزبی دیموكراتی كوردستان(pdk)، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (pdki)و كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان خه‌ریكن جارێكی دیكه له رێگه‌ی هه‌ندێ جموجۆڵه‌وه مێتۆدی چه‌كداری بره‌و پێبدنهوه، له حاڵێكدا ئه‌م شێوازه پێشتر تاقی كراوه‌ته‌وه‌و نه ته‌نیا دوای چه‌ندین ساڵ‌و چه‌ندین قۆناغ له تاقیكردنه‌وه ده‌رنه‌چووه، به‌ڵكوو نه‌یتوانیوه لانیكهمی مافه‌كانیش ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌ر بۆیه‌ش به پێی هه‌موو لۆژیك‌و لێكۆڵینه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌و دروست له‌م بواره‌دا، زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌م شێوازه به تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا به گونجاو نازانیینو به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت خزمه‌تی ئامانجه گه‌وره‌و بچووكه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكات.]
فه‌زای سیاسی و کۆمه‌لایه‌تیی سه‌راسه‌ری ئیران له‌م سه‌رده‌مه و له سه‌رده‌می هاتنه سه‌رکاری محمدی خاته‌می دا، ڕوناکبیرانێکی هێنایه سه‌ر هه‌وای سه‌ماکردن و چه‌قه‌نه‌لێدان. سه‌ماکردن و چه‌قه‌نه‌لێدان ئه‌گه‌رچی پیاوی خۆی هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه جاری وا هه‌یه ڕوناکبیرانی که‌ونه کاریش له‌م به‌زم و هه‌رایه ده‌گلێن. ئه‌وه‌ی که به شوێن هه‌ڵدا ده‌گه‌ڕیت و خولیای هه‌له، خه‌ونی سواربوونی ئه‌سپه شێی سه‌رکه‌وتن ده‌بینێ و له‌م ده‌م و کاتانه دا سواری ئه‌سپه شێی سه‌رکه‌وتنی خه‌یاڵی ده‌بێ. به‌ڵام به تێپه‌رینی ده‌وری شانۆگه‌رانه‌ی محمدخاتهمی و یارانی، سوارکارهکانمان بۆیان ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌وه‌ی ئه‌وان سواری بوون، ئه‌سپه شێ نییه و میزه‌ڵانی باکراوه.
کۆماری ئیسلامیی ئێران له سه‌ر بناغه‌ی ئیمامه‌ت دامه‌زراوه و ئیمامی زه‌مان و جیگرانی ئیمامی زه‌مان(مه‌عسوم) و بێ گوناهن. خه‌ڵکی تر به عام عه‌وام و گوناهبار و خه‌تاکارن. نایبی ئیمام حاکمی ڕه‌به‌قه و پله‌یه‌ک ژێڕاتر له خودایه. ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه وه‌ک مه‌له‌که‌ی مێشکی سه‌رجه‌م لایه‌نگرانی ولایه‌تی فه‌قیهـ ، به‌رز و به‌ڕێز و پیرۆزه؛ محمدحسێن موسوی ، خومینی ، رفسهنجانی ، ئه‌حمه‌دی نژاد، خاته‌می، مونته‌زیری و هه‌مویان و سه‌رپاکیان سه‌ریان له ناو بازنه‌ی ئه‌م ڕێبازه دا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر هه‌رایه‌ک له ناو ئه‌م بازنه داخراوه دا به‌رز بۆته‌وه، هۆکاری ئه‌م هه‌رایه له سه‌ر چییه؟ ڕێبه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌راکه کێیه و چ که‌سێکه؟ دروشمی زاڵی ناو هه‌را و ههنگامهکه چییه؟ پیاوانی پله دووی هه‌رای ئه‌مجاره، له زیندان دا چی ده‌ڵێن و چلۆن ڕاده‌وه‌ستن؟ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م و ئاکامی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌ست له مل بدات که به‌ڵی حسێن له جیاتی ئه‌حمه‌د ده‌بێ ببێته سه‌رکۆمار، چی ده‌قه‌ومێ؟ ئه‌مانه‌و گه‌لێک پرسیاری تر هه‌ن، که وه‌ڵامی هه‌موویان کۆکن له‌سه‌ر دیزه به ده‌رخۆنه کردن و شانۆگێڕانێکی زۆڵانه‌ی ساخته‌کارانه و، ناکرێ پرێسکه‌ی ڕزگاربوونیان بۆ ههڵبدوورین. ڕژێمی ئیسلامیی ئێران له ده‌ره‌وه مه‌زنترین هه‌لی وه‌ده‌ست هێناوه‌و خه‌ریکه ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و چین و ڕوسه‌کان، یاری و گه‌مه‌ی(دایه مه‌مده به گورگی) ده‌کات. له ناوه‌وه‌ی وڵاتیش دا هێزی ده ملیۆنی هه‌یه و که‌ڵ به مووی به‌نده. ئه‌وه‌یکه ئاشکرایه، ئه‌مریکا هه‌میشه ئاماده‌یه بچته پابۆسی مه‌لاکان؛ روس و چین ئاسته‌نگن، به‌ڵام ئاخرسه‌ر ئێران وه‌ک سێوی گه‌ییو ده‌که‌وێته ناو سه‌وته‌ی ئه‌مریکاوه.
به‌پیی هه‌موو لۆژیک و لێکۆڵینه‌وه و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رپرسانه و دروست له‌م بواره‌دا، ڕیبه‌ری کردنی خه‌ڵکه ئه‌گه‌ر ده‌ست بدات!
سه‌د بریا هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنی ئه‌و حیزبه شۆڕشگێره ـ چه‌کدارانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ باشوور، ئێوه‌ی ڕێزدار به فریایان گه‌یشتبایه‌ن و مێژووی شۆڕشگێرانتان خستبانه به‌ر چاو. پێتان گوتبایهن که ساڵی 1960ی زایینی، قاڕه‌ی ئه‌فریقا کۆمارێکی دێموکراتیکی له وڵاتی (کۆنگۆ) دا به خۆوه بینی. ئه‌و کۆماره به سه‌رۆکایه‌تیی پاتریس لۆمۆمبای خه‌باتکار، ته‌نیا ساڵێکی ده‌وام هێنا و له ساڵی 1961 دا به‌کرێگیراوانی ئیستیعماری به‌لژیک، به سه‌رۆکایه‌تیی مو‌سا چۆمبه له شاری کاتانگاوه دژی ڕاسان و لۆمۆمبا و یارانی شه‌هید کران. هه‌ر ئه‌وده‌م سازمانی لاوانی کۆنگۆ له ژێر ڕێبه‌رایه‌تیی (کابێللا)دا ماوه‌یه‌ک خه‌باتی چه‌کدارانه‌یان دژ به مو‌سا چۆمبه درێژه پێدا، به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌یه‌کی ژیرانه بۆیان ده‌رکه‌وت که له ده‌می هاربوونی ڕژێم دا درێژه‌پێدانی شه‌ڕی چه‌کداری به زیانی خه‌ڵک ته‌واو ده‌بێت. هه‌ربۆیه بانگاشه‌ی مردنی ڕێبه‌ر کابێللا به هه‌موو وڵات دا بڵاو کرایه‌وه. کابێلا و سازمانی جه‌وانانی شۆڕشگێر به خه‌باتێکی سیڤیلی نهێنی و سازماندانێکی بێوێنه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار، توانیان هێزێکی ئه‌وتۆ سازمان پێبده‌ن و له ئاکامدا کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆ بنیاد بنێنه‌وه.
به‌دبه‌ختی ئێمه لێره‌وه‌یه، ڕوناکبیرانی سیاسیمان له سه‌ربانێکه‌وه ڕاوه‌ستاون و له ترسی داکه‌وتن له‌م به‌ره‌ی بانه‌که‌وه، ئه‌وه‌نده پاشه‌کشی ده‌که‌ن، که هاکا له‌و دیوی بانه‌که داکه‌وتنه خواره‌وه.
ئه‌زمونی باشوری کوردستان بۆ هه‌موو کوردێک جێی ڕێز بووه. به‌ڵام نابێ ئه‌مه‌ش له بیر بکه‌ین که ئێمه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ئه‌و ئه‌زموونه نازداره، (زڕ کوڕین) و له دایکێکی تر بهربووینهتهوه. ئه‌مه که‌س نه‌یزانێت، ده‌بێ پرۆفیسۆر دوکتور عه‌باس وه‌لی بیزانێت!
خۆزگه نووسه‌رانی په‌یامی به په‌له، له ئانالیزهکهیاندا چاوێکی دڵسۆزانه‌یان به زه‌مانی داره‌داره و پێهه‌ڵگرتن و سه‌رده‌می جحێڵایهتیی حیزبی کلاسیکی کورد، واته حیزبی دێموکرات دا گێڕابایه و ئه‌مجار هۆکاری بێچارهگی و ئۆردوگانشینی و بێ ده‌ست و پێی ئه‌و حیزبه‌یان له باوه‌شی ئه‌زمونی نازدار دا سه‌رکۆنه کردبایه. من بۆیه له حیزبی دێموکراته‌وه ده‌ست پێده‌که‌م، چونکه ئه‌و حیزبه سێمبۆلی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بوو. به باوه‌ڕی من، حیزبێک که ئاڵای خه‌باتی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵبگرێت، بۆی هه‌یه خه‌باتی چه‌کداری دژ به ڕژێم سازمان بدات، به مه‌رجێک ڕێکخراوه‌یه‌کی نهێنیی زۆر به زه‌بر و زه‌نگی له شاره‌کاندا ڕاگرتبێت و ڕێکخراوه‌یه‌کی زیندووی چالاکی ژنانی ده‌گژ ده‌سه‌ڵات به‌ردابێت. حیزبی دێموکرات هه‌رگیز نه‌یتوانی خۆی له کراسی ته‌نگی حیزبایه‌تی ده‌ربخات و خۆی و خه‌ڵکه‌که‌ی بکاته سیسته‌مێک که له شار و له شاخ و له ده‌ره‌وه وڵات زرمه‌ی بێت. ئه‌وده‌م که ڕه‌وانشاد قاسملۆ ده‌یگوت هه‌فتا له سه‌دی کوردی ڕۆژهه‌ڵات حیزبین، من پێموابوو 90%ی ده‌گه‌ڵ حیزبن. به‌ڵام به‌رچاو نه‌گرتنی مێژوی شۆڕشی گه‌ڵانی جیهان و گوێ نه‌دان به داهاتوو، هه‌ژاریی (ئیده)ی لێکه‌وته‌وه. هه‌ژاریی ئیدهش بوو به ئاسته‌نگ له سه‌ر ڕێگای سازماندانی 90%ی خه‌ڵک. چ خۆش ده‌بوو حیزبی دێموکڕات تای خۆی له شاره‌کاندا جێ هێشتبایه، باره‌گایه‌کی کۆنگره‌ی خه‌ڵکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتی له ئه‌وروپا دامهزراندبایه و هیزی چه‌کداریشی له سه‌ر سنووراندا هه‌ر مابایه. ئه‌ڕی بڵێی ئه‌و ده‌میش نووسه‌رانی پرسه‌نامه‌ی[تکایه ده‌ست ڕابگرن]، روو به حیزب ڕاوهستابایهن و فه‌رمانی [ده‌ست ڕابگرن]یان به سه‌ر دا گوڕاندبان؟!
به‌باوه‌ڕی من حیزبێک که له پلاتفۆرمه‌که‌ی دا خه‌باتی چینایه‌تی به مه‌به‌ستی ڕزگاریی چینی کرێکار ، ئه‌ساس و ئامانج بێت، ئه‌و حیزبه هیچ واجباتی سه‌ر ئه‌ستۆی نییه که له شێوه خه‌باتی چه‌کداری دا به‌شداری بکات. چونکه کاری ئه‌و ڕێبه‌ری کردن و سازماندانی هێزی چینی کرێکاری کارگه و کانگاکانه. له گوند و شار و شارۆچکه‌کانی ئێمه‌ش دا، به‌داخه‌وه له سای به‌دفه‌ڕی و یانیگریی ده‌زگا ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا نه کارگه هه‌یه و نه کارخانه.
ئاخر کۆپله‌ی فه‌رمانی[ده‌ست ڕابگرن] ده‌ڵێ:
[ ... لێره‌وه هه‌ر وه‌ك چۆن پێویسته هه‌موومان دژی بێ ههڵویستیو ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانان بین، به هه‌مان شێوه‌ش پیویسته دژی هه‌ڵویستی نهگونجاوو هه‌ڵه‌ش بین، هه‌ر بۆیه‌ش شێوازی چه‌كداری نه‌ته‌نیا شێوازێكی ستراتیژی نیه، به‌ڵكو هه‌ڵوێستێكی نه‌گونجاوه‌و له به‌راورد له گه‌ڵ خه‌باتی مه‌ده‌نیدا (به مه‌رجێك كه خه‌باتی مه‌ده‌نی به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك وبهردوامو رێكخراو به‌رێوه بچێت) ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی زۆركهمترهو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به رواڵه‌ت نه‌ته‌وه‌و وڵاتیش رزگار بكات، ئه‌وه به‌شێكی كوشنده له كاریگه‌رییه ترسناكه‌كانی له كاتی به‌رێوه‌به‌ری وڵات‌دا ده‌رده‌كه‌ون، كه‌واته پێویسته به هه‌موومان هه‌وڵبده‌ین هه‌م جارێكی دیكه شێوازی خه‌باتی چه‌كداری په‌ره نهستێنێتهوهو هه‌م به هه‌موو تواناوه په‌ره به مێتۆدی خه‌باتی مهدهنیو مكانیزمه دیموكراتیك‌و مرۆییه‌كانی خه‌بات بدهینو به‌م شێوه‌یه هه‌وڵبده‌ین نه ته‌نیا دیكتاتۆرییه‌تی دژه مرۆیی ئێستای كۆماری ئیسلامی به‌ڵكو به هۆی لاواز كردنی مێتۆد‌و فه‌زای چه‌كداری ئه‌م بوارانه‌ش بسڕینه‌وه كه دیكتاتۆرییه‌تی نوێیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌و كهشو هه‌وای پێشوو به فۆرمێكیتر دووپات ده‌كه‌نه‌وه.]
ئه‌وانه‌ی که بێ هه‌ڵوێستن و ده‌ستیان له سه‌ر ده‌ستیان داناوه، من ده‌یان ناسم؛ ئه‌وان دایک و باوکی منن که مردوون و نه‌ماون. ئه‌گه‌ر مردووه‌کان ته‌له‌یفون، یان ئیمهیل ئادره‌سیان بوویایه، بێ‌شک من پێم ڕاده‌گه‌یاندن که هه‌موو مردووی قهبرستانان له خه‌و خه‌به‌ر که‌نه‌وه و به تێکڕا له دژی هه‌ڵوێستی نه‌گونجاو و پر له هه‌ڵه و نامرۆڤانه‌ی دوژمنانی ئازادی و دێموکراسی ڕابنه سه‌ر لینگان و ناچاریان بکه‌ن که ده‌ست له چه‌ک هه‌ڵبگرن و له به‌رامبه‌ر ویست و خواستی ڕه‌وای میلله‌تێکی هه‌ژای کۆڵه‌وار دا سه‌ری ڕێز و نهوازیشت دابنه‌وێنن.
خودا و ڕاستان ڕه‌حمیان کردووه که پرسه‌نامه‌ی ناوبراو به زمانه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌وروپایی وه‌رنه‌گێڕاوه‌ته‌وه، ئه‌گینا ده‌که‌وته لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می هه‌موو ڕۆژنامه‌کانی جیهان. ئه‌وده‌م ئیتر خه‌لکی هه‌موو جیهان بۆیان ده‌رده‌که‌وت که کورد له مردووی و له زیندووی، هه‌ر هه‌مووی تێکده‌ر و ترۆریست و نهحاواوه و شێت و هارن. ئه‌وده‌م ئیتر مه‌لا عومه‌ر و زه‌رقاوی و بن لاده‌ن و ئه‌وانی دیکه‌ش پێناسه و ناسنامه‌ی وڵاتی بێ وڵاتی کوردستانیان له ئه‌ستۆ ده‌په‌ستێورا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست