گۆڕان وه‌ك رۆشناییه‌كی عیرفانی
Sunday, 31/01/2010, 12:00
(1) هه‌ركه‌سێ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا سه‌رنجی دۆخی سیاسی كوردستانی عێراقی دابێ هه‌ستی به كاریگه‌ری جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێ كردوه كه له گشت رویه‌كه‌وه شایسته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و بهراوردو خوێندنه‌وه‌یه.
ئه‌م ره‌وته وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆران خۆی به خه‌لك ناساند و هه‌رواش ده‌چێته ناو لاپه‌ره‌كانی میژوه‌وه...
یه‌كێك له ره‌هه‌نده سه‌رنجراكێش و هه‌ره بایه‌خداره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به بڕوای من هوشیاربونهوهی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان و نیشاندانی ئه‌م هۆشیاریهیه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7دا كه تیایدا بزوتنه‌وه‌ی ساوای "گۆڕان" له مه‌ودایه‌كی كه‌می زه‌مه‌نیدا توانی ببێته ركابه‌ری سه‌ره‌كی پارته گه‌وره‌كان.
هه‌ڵبه‌ت له ناو لافاوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نگرانی گۆڕان و ههڵسوڕێنهرهكانیدا كه‌سانێك هه‌ن كه ده‌بێ به‌شێوازێكی تایبه‌تی باسیان لێوه‌بكرێت و خوێندنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی بۆ هه‌ڵوێسته‌كانیان ئه‌نجام بدرێت كه ئه‌وانیش ئه‌و له‌شكره كادر و سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانن كه ژماره‌یان له سه‌روی دو هه‌زار كه‌سه‌وه‌یه و به پێوانه له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی سه‌رجه‌م كادره حزبیه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ژماره‌یه‌كی به‌رچاون و له كاتی ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كان و شهفافتربونی جیاوازیه‌كاندا به تاك یان به ده‌سته جه‌معی وازیان له سه‌رجه‌م ئیمتیازات و پله‌وپایه هێنا و ته‌نانه‌ت ده‌ستیان له موچه و بژێوی مانگانه‌ش هه‌ڵگرت.
ئه‌م كادرانه كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتداربون. به‌شی هه‌ره زۆریان له ناو حزبدا كاربه‌ده‌ست و بزوێنه‌ری مه‌كینه‌ی سیاسی رێكخستنه‌كان بون و به‌شێكی تریان له ناو ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمدا پله‌و لێپرسراوه‌تی گه‌وره‌یان هه‌بو. ریژه‌ی سه‌ره‌كی له‌م كادرانه‌ی ئێستای گۆران ده‌یانتوانی ته‌نها له به‌رامبه‌ر بێده‌نگی و دهنگههڵنهبڕین به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی زاڵی حزب گه‌وره‌ترین و چه‌ورترین پاداش وه‌ربگرن... به‌ڵام ئه‌وان بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان ره‌تكرده‌وه‌و و گۆشه‌ی روناكی بێموچه‌یی و ژیانی زه‌حمه‌تی دور له پاره‌و سامانیان هه‌ڵبژارد.
(2)
مێژونوسهكان ده‌گێڕنه‌وه له سه‌رده‌می داگیركرانی ئێران له‌لایه‌ن مه‌غۆله‌كانه‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌كی عیرفانی باڵی به‌سه‌ر كۆی ئه‌ده‌بیاتی ئێرانی‌دا گرت و تائێستاش كاریگه‌ری ئه‌م ئه‌ده‌بیاته له فه‌رهه‌نگی ئێرانی‌دا ئاشكرا‌و به‌رچاوه.
میژو نوسه ئێرانیه‌كان به‌شێوازی جۆراوجۆر سه‌باره‌ت به هێرشی مه‌غۆل قه‌ڵه‌میان تاوداوه.
به‌وته‌ی یاقوتی حه‌مه‌وی:
"مه‌غۆله كافره‌كان، ئه‌و ئه‌هریمه‌نه دێ‌و سروشتانه دابارینه ناو ماڵه‌كانی شار‌و هه‌مو خه‌ڵكیان فه‌وتان و كۆشك و بیناكانیان وه‌ك هێڵی سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی مێژو له ناو برد و كردیانن به هێلانه‌ی په‌پو و قه‌له ره‌ش.." (1)
مێژوی "جهانگشا"ی جوینی به رۆشنترین و كورتترین شێواز، هێرشی مه‌غۆلی له قسه‌ی شایه‌دحاڵێكه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه، نوسیویه "هاتن : كوشتیان و سوتاندیان و رۆشتن"!!
نوسه‌رێكی دیكه‌ی ئێران كاره‌ساته‌كه به‌م جۆره ده‌خوێنێته‌وه:
"هێرشی جه‌نگیزخانی مه‌غۆل كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌وته‌می هیجریه‌وه خواره‌زم و ما ورا‌و النهر و خوراسان و عێراقی كرده خه‌ڵتانی خوێن و ده‌وڵه‌تی خوارهزمشاهی روخاند و به سێ ساڵ وێرانسازی دڕندانه وڵاته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ئیسلام كه له‌و زه‌مانه‌دا به ئاوه‌دانترین شوێنه‌كانی جیهان دائه‌نران كرده مه‌یدانی كوشتن و تاڵانی كه تا ماوه‌یه‌ك هه‌مو پاشماوه‌كانی شارستانیه‌ت و ئاوه‌دانی له‌و ناوچانه‌دا فه‌وتا و جگه له هه‌ژاری و مردن و ترس و تۆقاندن شتێك نه‌مایه‌وه" (2)
ئه‌م تۆفان و گێژه‌ڵوكه سه‌خته ده‌بوایه به شێوه‌ی جۆراوجۆر وه‌ڵامی بدرێته‌وه‌و به كرده‌وه‌ش وه‌ڵامی قوڵ و پڕ مانای له گه‌لی ئێرانی سته‌مدیده وه‌رگرته‌وه.
گرنگترینی ئه‌و وه‌ڵامانه‌ش په‌یدابونی ژماره‌یه‌ك شاعیر و نوسه‌ری گه‌وره بو كه به ناچاری و به حوكمی بیركردنه‌وه‌یان له دۆخی سیاسی وڵاته‌كه‌یان و زاڵبونی بیروباوه‌ڕی ئاینی جهبرگهرایانه، په‌نایان بۆ ته‌سه‌وف و ده‌روێشی یان به‌واتایه‌كی تر په‌نایان بۆ عیرفان و سلوكی دوركه‌وتنه‌وه له فه‌نتازیای ده‌سه‌ڵات و ماڵی دونیا و خۆشیه‌كانی ژیان برد.
به‌پێی نیكلسۆن "زۆربه‌ی سۆفیه‌كان، هه‌م ئوستاد و هه‌م فیدایی پڕخرۆش بون. په‌یڕه‌وی ئه‌وان بریتی بو له فه‌زیله‌ت و ..... به هه‌رحاڵ په‌یوه‌ندی هه‌بو به ئوسوڵی ئه‌خلاقییه‌وه كه به دیقه‌تێكی زۆره‌وه ده‌رس ئه‌دران، هاوكاری و پاككردنه‌وه‌ی دڵ و ده‌رون و وازهێنان له حه‌زه‌كان و كۆنتڕۆڵكردنی نه‌فس كه هۆكاری خۆشبه‌تی ئه‌به‌دیه له لایه‌ن ئه‌مانه‌وه ئه‌وترانه‌وه"..(3)
سه‌رباری ئه‌وه كه شاره‌زایانی مێژوی ئێران رۆڵی به‌شێك له زانا ئاینیه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له په‌ره‌پێدانی جۆرێك له ته‌سه‌وفی ملكه‌چانه و تهسلیمخوازانهدا تا دواین پله به سلبی و روخێنه‌ر له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن و كوشتاری خه‌ڵكی بێ‌تاوان ئه‌ده‌نه پاڵ فتوا و پاساوه ئایینیه‌كانی ئه‌وان، به‌ڵام هیچ كه‌س ناتوانێ ئینكاری له‌وه بكات كه گه‌وره‌ترین شاعیره‌كانی ئێرانی له بابه‌تی عه‌تار، سه‌نائی، مه‌وله‌وی، سه‌عدی و حافز به‌رهه‌م پوخته‌ی رۆژانی تاریكی جه‌نگیز یان نه‌وه‌كانی جهنگیزن و له سه‌رده‌م و زه‌مانێكدا رویان كردۆته شیعر‌و شاعیری و عیرفان و سلوكی وازهێنان له ماڵی دنیا كه شه‌ڕی فیۆداله ناوخۆَییهكان و هاتنی له‌شكری نه‌فام و دڕنده‌ی مه‌غۆل دنیای له ته‌پوتۆزی تاریكی و سهرپهڕاندندا نغرۆ كردبو.
به وته‌ی دكتۆر محه‌مه‌د عه‌لی ندوشن:" پێویسته گرنگترین هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی فكری عیرفانی له‌و بارودۆخه‌دا وه‌دۆزین كه دوای شكست له راپه‌ڕینه نه‌ته‌وه‌یی و رزگاریبهخشهكاندا ده‌ستی به نه‌شونما كرد..... ئه‌م حاڵه‌ته روحیه له ئاژاوه‌ی مه‌غۆلدا گه‌یشته لوتكه" (4)
له دیدگای موجته‌بای مینه‌وی یه‌وه دیارده‌كه رۆشنتره: " هه‌ڵوێستی ئه‌و كه‌سانه‌ی بارودۆخی زه‌مانه له‌گه‌ڵ رێگای راستدا ناكۆك ده‌بینن چیه؟
یه‌كێك له‌م چواره‌یه : یا ئه‌وه‌تا خۆیان له‌گه‌ڵ خاوه‌نانی ده‌سه‌ڵات و ساماندا بگونجێنن و ...بگه‌نه پله‌و پاره‌یه‌ك، یا ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كاندا بجه‌نگن .... یا رو بكه‌نه شێتی و بێعهقڵی و خۆبكهنه گاڵته‌جاڕ، یان ئه‌وه‌تا كه تاقمی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به حاڵی خۆیانه‌وه لێگه‌ڕێن و بڕۆنه كه‌ناره‌وه‌و سه‌رقاڵی ئه‌ندێشه‌ی خۆیان بن" (5)
نمونه بۆ ئه‌ده‌بیاتی عیرفانی له هه‌ردو بواری په‌خشان و شیعری فارسی‌دا به ئه‌ندازه‌ی ئاوی ده‌ریاكانه.
حافزی شیرازی فه‌رمویه:
درین بازار گر سودی ست ، با درویش خرسنداست
خدایا منعمم گردان به درویشی و خرسندی
(واته: ئه‌گه‌ر سودێك له‌م دنیایه‌دا هه‌یه بۆ ده‌روێشی رازی به قه‌ناعه‌ته ــ كه‌واته ــ خودایه پێم ببه‌خشه ده‌روێشی و رازی بون و قه‌ناعه‌ت)
حهمدولله مستوفی قه‌زوینی له " تاریخ گزیده" دا نوسیویه:
"ئه‌و كه‌سه‌ی رازیه هه‌رچه‌نده روت و برسی بێت ده‌وڵه‌مه‌نده‌و ئه‌وی چاوبرسی بێت ئه‌گه‌ر دنیاش هه‌مو مڵكی ئه‌و بێت ده‌روێشه" (6)
وازهێنانی به‌شێكی زۆر له موچه‌خۆره حزبیه‌كان و په‌یوه‌ستبونیان به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه و ملدانیان بۆ سلوكی عیرفانی و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئیمتیازاته زۆرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وڵات پێی بهخشیبون، جۆرێكه له دوركه‌وتنه‌وه له ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت شێوازێكی سیاسی تازه‌یه كه ده‌شێ بڵێین ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره خه‌بات و تهحهدایانهیه كه مرۆڤی كورد له كوردستانی عراقدا له ناچاری و پێویستیدا په‌نایان بۆ ئه‌بات.
جیاوازی هه‌ره سه‌ره‌كی له سلوكی عیرفانی سه‌ده‌كانی دوانزه و سیانزه‌ی شاعیر و ئهندێشهمهندهكانی ئێران و ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی كوردستان له‌وه‌دایه كه لێره له كوردستان، وازهێنان له موچه و ئیمتیازات بۆ ئه‌وه نیه كه مرۆڤه‌كان و كادره حیزبیه‌كان خۆیان هه‌ڵگرتبێت بۆ دونیایه‌كی تر تاكو له‌وێنده‌رێ چاكه‌یان بدرێته‌وه، به‌ڵكو پێیانوایه ئه‌و سامانه‌ی ئه‌وان وه‌ریانگرتوه و وه‌ك هه‌نگوین ده‌كرا به قوڕگیاندا باجێكی زۆر قورسی هه‌یه كه بریتیه له به‌شداربون له زوڵمی سیاسی و پاساودانی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و پشێویه یاساییه‌ی له وڵات‌دا هه‌یه و به زیانی كۆی دانیشتوان ته‌واو بوه.
ره‌تكردنه‌وه‌ی موچه‌و ئیمتیازات له لایه‌ن زیاد له دو هه‌زار كادری حزبیه‌وه به‌و مانایه نیه مرۆڤه‌كانی ئه‌م وڵاته حه‌زیان له ژیانی خۆش و مۆدێرن نیه و ده‌یانه‌وێ وه‌ك ده‌روێش و سۆفیه‌كانی رابوردو بچنه گۆشه‌ی خه‌ڵوه‌ته‌وه‌و له دنیای ئه‌فسانه‌و خه‌یاڵدا ون بن، له‌و ئاقاره‌شدا نیه كه ئه‌م مرۆڤه پاك و خه‌باتكارانه له دنیای سه‌رمایه‌داری هه‌ره پێشكه‌وتوی سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا نرخ و بایه‌خی پاره نازانن، له‌و لێكدانهوهیهشهوه نه‌هاتوه كه گوایه پاره‌و سامان بۆ ئه‌مان و ماڵ و منداڵه‌كانیان زیاده‌یه‌و بۆ خه‌ڵكی تر زه‌روره، به‌ڵكو له‌و قه‌ناعه‌ت و بڕوا به‌رزه ئه‌خلاقی و سیاسیه‌وه هه‌ڵقوڵاوه كه مادام وه‌رگرتنی موچه‌و معاش له حزبی تۆتالیتار‌و ستهمكارهوهیهو ده‌بێته هۆی كۆیله‌كردنی روحی و له ده‌ستدانی ئازادی بیروڕاو به‌شداربون له كێبڕكێیه‌كی سیاسی نادروست و چه‌وت و چه‌وێڵ، نه‌بونی باشتره له هه‌بونی، به وته‌ی سه‌عدی شیرازی:
هر كە نان از عمل خویش خورد منت حاتم گایی نبرد
(گلستان .. در فچیلت قناعت)
(واته: هه‌ركه‌س نان له ئیشی خۆی به ده‌س بێنێ منه‌تی به حاته‌می تائی ش نابێ)
ٍسهرچاوه:
1) چكیده تاریخ ایران ، حسن نراقى . نشر اختران ل 92
2) از گژشتە ادبى ایران . دكتر عبدالحسین زرینكوب، تهران 1385 ل 473
3 ، 4 ، 5 ، 6،)تاریخ اجتماعى ایران . جلد نهم ، مرتچى راوندى، (لاپه‌ڕه‌كانی ـــ 362، 328، 311، 363) انتشارات ارش. استكهلم
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست