کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسرور دەستى نێچیرەڤانى بۆ چەپڵەى ریفۆرم له‌ناو پارتییدا بڕییەوە

Wednesday, 22/12/2010, 12:00


پاش ئەوەى نێچیرەڤان بارزانى لە سەرۆكایەتى حكومەت لاچوو و بە پێى ئەو رێككەوتنە ماڵ وێرانكەرەى نێوان یەكێتى و پارتى بەرهەم ساڵح بووە سەرۆكى حكومەت، بینیمان كە نێچیرەڤان لە راگەیاندنەكاندا باسى لە نوێبوونەوە و گۆڕان و ریفۆرمى لە ناو پارتى دەكرد، كە ئەوەش بووە جێى نیگەرانى مەسرورى تیرۆریست و خاوەن عەڵقیەتى سەنتراڵى فیوداڵیزم لە بەڕێوەبردنى كارە حیزبیەكانیدا.
لەوێوە مەسرور كارى بۆ لاوازكردن و لەكەداركردنى كوتلەى نێچیرەڤان و خودى نێچیرەڤان بارزانى كرد، تا لە كۆنگرەى 13 كە بە كۆنسێرتى 13 ناسراوە دەرەنجامەكانى بۆ راى گشتى ئەو راستیەى سەلماند، كە تۆڵەیەك بوو لە نێچیر و كوتلەكەى، هەمولایەك دەزانین كەسێتى مەسرور و عەقڵیەتى ناوبراو مستاهیلى كرانەوە و قبوڵكردنى راى جیاواز نییە، بەڵكو خاوەن عەقڵیەتێكى توند و تۆڵەسێن و سەپێنەرى هەیە، بە بەراورد لەگەڵ نێچیرەڤان كە خاوەن عەقڵیەتێكى كراوەیە.
دەرەنجامەكانى كۆنسێرتى 13ى پارتى سەپاندنى فكرى فیوداڵى مەسرور بوو بەسەر فكرى میانڕەوى باڵەكەى نێچیرەڤان و بۆ جارێكى تر ئەو خەونەى لە گۆڕنا، كە ئەندامانى خوارەوەى پارتى و بەشێك لە ئەندامە باڵاكانى ئەو حیزبە بۆ چاكسازى و كراوەنەوە و قبوڵكردنى راى جیاواز دەیانبینى، بەڵام دیسان و بۆ جارێكى تر ئەو فكرە چەقبەستووە سواو و كۆنەى بنەماڵە سەپێندرایەوە بەسەر ئەندامانى ئەو حیزبەدا، بێگومان وەك دەشزاندرێت زۆرنەى ئەندامانى ئەو حیزبە بە دەرەنجامى ئەو كۆنگرەیە یەجگار بێزار بوون.
گەر لێدوانەكەى خودى نێچیرەڤان بارزانى ببینین لە كەناڵەكەى خۆیانەوە زۆر بە روونى بیزارى بە رووخساریەوە بە دى دەكرا، هاوكات ئەوەش دەخوێندرایەوە كە ناچارى و بوونى پرەنسیپی بنەماڵەیى ناوبراوى بەو پارتەوە گرێداوە، گەرنا دەتوانین بڵێین ئەوەى لە كۆنگرەى ئەمجارەى پارتیدا روویدا، گەر لە ناو حیزبێكى تردا روویدایە، ئەوا نێچیرەڤان بارزانى یەكەم كەس بوو لەگەڵ كوتلەكەیدا بانگى جیابوونەوەى بە گوێى ئەو حیزبەدا دەدا.
مەسعود بارزانى لە پەیڕەوكردنى سەرۆكایەتى حیزبەكەیدا هەمان رێچەكەى باوكى دەگرێتەبەر، وەك دەزانین ناو هێنانى كوڕى مەسرور ئاماژەیەكى راستەوخۆ بوو بۆ تەواوى ئەندامانى پارتى بە گشتى و خودى نێچیرەڤان بە تایبەتى، كە دواى خۆى نەوەكانى خۆى دەبنە میراتگرى ئەو حیزبە خێڵەكییە، وەك چۆن كاتى خۆیشى هەرچەندە ئیدریس لەو گەورەتر بوو بەڵام مەلا مستەفا مەسعودى كردە سەرۆكى حیزب و ئەو ئەهمیەتەى بەوى دا، نەیدا بە ئیدریس.
وەك لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد هۆكارى سەرەكى بۆ سەركوتكردنى كوتلەى نێچیرەڤان بارزانى لە لایەن دەزگا تیرۆریستیەكەى مەسرور و خودى مەسرور، بۆ ئەو لێدوانانەى نێچیرەڤان دەگەڕێتەوە كە ساڵى پار لەمەڕ ریفۆرم و گۆڕانى ناو پارتى قسەى بۆ میدیاكان دەكرد، ئەوەش دەرخەرى ئەوفكرە فیوداڵیەى مەسعود و مەسرورە كە گۆڕان و ریفۆرم ماناى دژایەتى و نەمانى ئەوان دەگەیەنێت و هێشتا ئامادەگى ئەو پرۆسەیان نییە، كە حیزب لە وڵاتانى پێشكەوتوودا پیادەى دەكەن.
بە زۆر كشاندنەوەى دكتۆر نورى سنجارى و باقى كوتلەكەى نێچیرەڤان لەژێر فشارى مەسعود بە دنەى مەسرور بۆ سەركردایەتى ئەو حیزبە، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە و بە پێى هەندێ لەو زانیاریانەى دەستم كەوتوون، یەكەم: حەجم و هەیمەنەى دكتۆر نورى لە ناو پارتیدا زۆر لە كاندیدەكانى پاراستن زیاتر بوو، دووەم: گویا دكتۆر نورى هاوڕێیەتى رۆژنامەنووسە سەربەخۆكان دەكات و ئەوەش شتێكى نەشیاوە لە لایەن پاراستن و زۆربەى كاتیان بۆ چاودێرى تەلەفۆن و ماڵ و هەڵسوكەوتەكانى دەكرا، سێیەم: لە كاتى تیرۆركرنى رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە ناو هەموو بەرپرسەكانى پارتیدا تەنها دكتۆر نورى سەردانى تەعزیە و كەسوكارى شەهیدى كردبوو، ئەوەش ببوە خاڵێكى تر لە بیانوەكانى ترى دەزگاى پاراستن، چوارەم: دەزگاى پاراستن لە رێى پشتیوان سادق و ساسان عەونى بەرپرسى دەزگاى پاراستن لە هەولێر هەمیشە لە كۆكردنەوەى زانیارى بوون لەسەر چۆنیەتى جموجوڵەكانى دكتۆر نورى لە شارى هەولێر و دواتر بە راپۆرت بەرزكردنەوەى بۆ دەزگا جاسوسى و تیرۆریەكەیان، ئەو دژایەتیەى پشتیوان سادق و دەزگاى پاراستن بەرامبەر بە ناوبراو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرگیز ناوبراو نامە و پشتگیرى حیزبی نەدەخوێندەوە و حیسابى بۆ نەدەكردن.
بۆیە لێرەدا باسمان لە یەكێك لە ئەندامەكانى كوتلەكەى نێچیرەڤان كرد، چونكە یەكێ بوو لە كەسە بە هێزەكانى ناوبراو، ئەوەشمان بیر نەچێ لە ئێستاشدا پۆستى جێگرى سەرۆكى پارتى بۆ نێچیرەڤان بە بێ پشت و پەنا ماوەتەوە و واتە تەنها ناوێكى گەورە و دێى وێرانە، چونكە تەواوى چواردەور و ئەندامانى سەركردایەتى و سیاسیش كە ماوە هەڵبژردرێن زۆربەیان پاراستنن و كوتلەكەى نێچیرەڤان بارزانى كەسێكى ئەوتۆى سەرنەكەوتووە، كورد وتەنى: "بە یەك دەست چەپڵە لێنادرێت"! كەوابوو ئەو چەپڵەیەى كە نێچیرەڤان دەیویست بۆ نوێبوونەوە و گۆڕان و ریفۆرمى ناو پراتى لێبدات، ئەفسوس كە نەك نەیتوانى لێبدات بەڵكو دەستەكەیان لێكهەڵوەشاندەوە و دەست بڕا و چەپڵەش بڕا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە