ئەوەی لە سەر مێدیای ئەهلی نایزانن، من بۆتان باس دەکەم (بەشى یەکەم)

Thursday, 12/04/2012, 12:00


(هیچ کەسێک لەدەرەوەى ڕەخنە نیە). بەڵێ زۆر ڕاستە ئێمەش دەڵێین هیچ کەسێک لە دەرەوەى ڕەخنە نیە. ئەم دێڕە هەمیشە وتەى ڕۆژنامەنوسانى ناو میدیا ئەهلى بوە. ئێمەش دەپرسین(ئەى بۆ ئێوە لە دەرەوەى ڕەخنەبن؟). کاتێک هەریەک لە ئێوەخۆتانمان لێدەکەن بە سوقرات و نیتچە و هیگڵى کوردى بە فەلسەفەوە دەڵێن (هیچ کەسێک هێڵى سوورنیە) ئەى بۆ دەبێت ئێوە هێڵى سووربن؟ ئەرێ برادەرانى(هاوڵاتى و ئاوێنە و لڤین) تاکەى شەرم لە خۆتان ناکەن جگە لەوەى لە هەمووساتە هەستیارەکاندا کوردستانپۆست پشت و پەناتان بوە و هاوئازار بوە لەگەڵتاندا هەمیشەش ماڵپەڕى کوردستانپۆستان کردۆتە سەرچاوەى هەواڵ و زانیاریەکانتان.کەچى لاى ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرسیش دەڵێن کوردستانپۆست جوێن فرۆشە و ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان بەو ماڵپەڕەوە نیە و بایکۆتمان کردوە و موتابەعەشى ناکەین!؟ ئەى ئەگەر بایکۆتتان کردوە و موتابەعەى ناکەن بۆچى کاتێک بابەتێکتان لەسەر بڵاودەکاتەوە ڕونکردنەوەى بۆ دەنێرن و بەوەشەوەناوەستن بێمنەتیان دەکەن!؟. ئەرێ خۆ من دڵم تەقى چەند ساڵە درۆ لەگەڵ ویژدانى خۆمدا دەکەم و بێدەنگم لەو هەمووفەزاحەتەناشرین وبێتامەى میدیاومیدیاکارانى بەناو سەربەخۆ و ئەهلى.تاکەى کۆمەڵێک کەسى تاجیر و بەرژەوەندخواز بەهەمان شێوەى ئۆپۆزسیۆن و دوو بنەماڵە مافیاکەى تاڵەبانى و بارزانى ئەو میللەتە هەژارە لێدەخوڕن؟ تاکەى کەسانێک بەناوى میدیاى ئەهلى و سەربەخۆوە منەت بەسەر خەڵکیدا بکەن و بەردەوام شاشەى تەلەفیزۆنەکانى ئۆپۆزسیۆنیش لەخزمەتیاندا بێت و قسەى زل و درۆ و دەلەسە بۆ خەڵکى بکەن بەناوى ڕۆژنامەنووسى سەربەخۆ و میدیاى ئەهلیەوە لەکاتێکدا (هەندێکیان) هەتا سەر ئێسقان گەندەڵ و ناشرین و بێتامن؟.
من وەک کارمەندى یەکێک لەو سێ مێدیا ئەهلیەى کە پێیان وایە هەرئەوان دەنگى ڕاستەقینەى خەڵکن. هەوڵ دەدەم بە چەند بەشێک گەندەڵى و ناشرینیەکانى چەند کەسێکى ناو مێدیاى ئەهلی بڵاوبکەمەوە لە ڕێگەى ئەم میمبەرە ئازا و ئازادەى کوردستانپۆستەوە. بۆیەش ناوى خۆم نەهێنا نایشارمەوە چونکە دڵنیام بەرپرسى میدیاکەم ئەوەندە بەرژەوەندخوازە بە هەمان نەفەس و عەقڵیەتى سەرانى کورد بیردەکاتەوە دڵنیام کە نانبڕاوم دەکات!. بەڵام منیش بۆ ئەوەى درۆ لەگەڵ ویژدانى خۆم و ئێوەشدا نەکەم هەرئەوەندە ئیشم پێیانە تاکو ئیشێکى باشتر لەمەى ئێستام دەدۆزمەوە!. دەمەوێت ئەوەش بڵێم بۆیە ئەم زانیاریانە لە ماڵپەڕى کوردستانپۆست بڵاودەکەمەوە تاکو هیچ لایەن و کەسێکی تر نان و پیازى پێوەنەخوات.
دواى ئەوەى کوردستانپۆست چەند زانیاریەکى ڕاست و دروستى لە سەر کەمال ڕەوفى سەرنوسەرى ڕۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوکردەوە. ئەو پیاوەى تاکو ئێستایەک زللەى بەدەستى دەسەڵاتى مافیاى کورد نەخواردوە و هەمیشەش وا خۆى نیشان دەدات هەرچى شەق و زللەى ڕۆژنامەنوسانە بەر ئەو کەوتوە. بۆیە بە پێویستم زانى لەسەر ئەم پیاوە چەند زانیاریەکی تر بخەمە بەردیدەى خوێنەرانى ئازیزى کوردستانپۆست. ئەو ماڵپەڕەى کە هەمیشە دەنگى ڕاستەقینەى خەڵکى هەژار و بەش مەینەت بووە و کەسیشى بەهێلى سور نەزانیوە و قسەى لەسەر هەموو کەسێکى ناشرین و گەندەڵ کردوە جا لە هەر شوێن ولایەن و گروپ و تاقم و جێگیەک بێت نەک وەک میدیاکانى ئۆپۆزسیۆن کە هەمیشە ناشرینیەکانى میدیاى ئەهلی و لە هەمان کاتدا میدیاى ئەهلیش ناشرینیەکانى میدیا و مرۆڤە گەندەڵەکانى ناو ئۆپۆزسیۆنیان پەردەپۆش کردوە!.
زۆرم پێخۆش بوو برادەرانى کوردستانپۆست بێمنەت کران لەلایەن کەمال رەوفى کۆنە ئاڵاى شۆڕش و سەرنوسەرى ڕۆژنامەى هاوڵاتیەوە بۆیە دەمەوێت منیش زۆر بەبێ منەتى چەند پرسیارێکی تر لە کەمال ڕەوفى سەرنوسەرى هاولاتى بکەم مادام جەنابى برادەرانى ماڵپەڕى کوردستانپۆستى بێمنەت کردوە لەوەى کە چیان هەیە بلاوى بکەنەوە:
زەحمەت نەبێت ئەتوانى پێمان بڵێیت تاکو ئێستا دڵى چەند نووسەرت لە خۆت هێشاندوە کە بابەتى ڕەخنەیان لە سەر نوسەرە ڕەهەندیەکان بۆ ناردویت بەتایبەتیش لەسەر(بەختیارعەلى و ڕێبین هەردى)!؟ بیرتە برادەرێک پێى وتى کاک کەمال مادام ئێوە پێتان وایە میدیایەکى ئازادن و پێتان وایە کەس لەدەرەوەى ڕەخنە نیە کەواتە بەختیار و ڕێبینیش لەدەرەوەى ڕەخنەنین و بابەتى ئەو برادەرەش بڵاوبکەرەوە. ئەگەر پێشتوایە ڕەخنەکەى توندە ئەوانیش ئازادن دەتوانن بە توندى وەڵامى بدەنەوە. بەڵام جەنابت بە پێکەنینێکەوە گوتت (بۆخاترى خوا کاکە ئەوانە برادەر و ڕەفیقمانن من چۆن دەتوانم ئەوەیان لە گەڵ بکەم) کاک کەمال ئەگەر لە بیریشت نەماوە ئەوا من لێرەوە بیرت دەخەمەوە. ئێمە دەزانین ئێوە سیاسەتێکتان هەیە نەک کەسێک بابەتێکى ڕەخنەى لەهاوڕێکانتان بگرێت بۆى بڵاوناکەنەوە.بەڵکوئاگادارى ئەوەشین کەلەچى کەس و لایەنێکەوە هاوکارى ژێر بە ژێر وەردەگرن لە بەرامبەر لێدانى نەیارەکانیاندا!
کاک کەمال زەحمەت نەبێت کەمێک جورئەت بدەرە بەر خۆت و لە چوار چێوەى وەڵامێکدا وەڵامم بەرەوە و باسێکى ئەو مەجلیسەمان بۆ بکە کە لە سەر و بەندى ئاشکرابونى گەندەڵیەکانى ڕێکخراوى ئاسودەدا لە ناو کۆمەڵێک برادەرى خۆتدا تەلەفۆنت بۆ چەند کەسێک کرد کە بەشدارى ئەو کەمپینە بکەن کە جەنابتان خۆتان کردبو بە محامى و دەمڕاستى ڕێکخراوى ئاسودە و بەڕێوبەرەکەى (خانم ڕەحیمى) کە خێزانى جەنابتانە. بیرتە یەکێک لە برادەران پێى وتى کاک کەمال پێویست ناکات لە سەر سایتەکان بڵاوى دەکەینەوە کێ پێى باش بێت خۆى ئیمزاى دەکات. بەڵام جەنابت وتت: ئاخر با هیچ نەبێت کۆمەڵێک کەسى مەعقولى تێدابێت؟ ماشەڵا لەو جانەوەرە حیزبیە مەعقولانەى کە کەمپینەکەتیان ڕازاندبۆوە! لەکۆتایشدا بە پێکەنینێکەوە گوتت: ئاخ ژن چۆن پیاو شەرمەزار دەکەیت!؟). ئەگەر تۆ لەبیرت نەماوە من چاکم لە بیرە هاوڕێ!
ئینجا زەحمەت نەبێت پێشمان بڵێ جەنابت بە پارە و موکافە ئەى کام دەزگا و لایەن پێر فێکتترین چاپخانەت لە لەندەن کڕیوە بە بڕى(150000) سەد و پەنجا هەزار دۆلارى ئەمریکى!؟. لە کاتێکدا ئەو پارە خەیاڵیە بەهیچ جۆرێک لە توانا و ئیمکانیاتى خۆت و ڕۆژنامەکەتدا نیە!؟ پێشمان بڵێ دواى وەستانى چاپى لەندەنى ڕۆژنامەى هاوڵاتى کە زانیت تیجارەتەکەتان فەشەلى هێنا و خوێنەرتان نەبو ئێستا چاپخانەکەتان داوە بە کام ڕۆژنامە بەریتانیە بەکرێ!؟ خۆ ئەگەر پرسیارەکەى منیش بەڕاست نازانیت و هاوڵاتى ئەوەندە میدیایەکى دەوڵەمەندە دەى کەواتە درۆتان لەگەڵ خۆتان و خەڵکیشدا کرد کاتێک لە سەر سزاى داواکەى تاڵەبانى سواڵتان دەکرد و (250) دیناریتان لە خەڵک کۆدەکردەوە بە بیانوى ئەوەى تواناى دابینکردنى ئەو غرامەیەتان نیە و مێدیاکانى ئۆپۆزسیۆنیش دەهۆڵیان بۆ دەکوتان!؟. جەنابى سەرنوسەرى هاوڵاتى تۆ ئەگەر ڕاستگۆبیت لەگەڵ ویژدانى خۆت و خەڵکیدا دەبوایە جارێکیتر ناوى تاڵەبانى بە دەمتا نەیات. نەک بچیتەوە بەرقاپیەکەی چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەوانى لەگەڵدا بکەیت و بەوەشەوە نەوستیت داواى دوو دۆنم زەوى لێبکەیت.
حەز دەکەم ئەرکێکی تریش بکێشیت و پێمان بڵێیت هەر ڕۆژەى پێیەکتان لە وڵاتێکى ئەوروپى و ئەمریکیە و پێکیشتان لە کوردستانە (ئەوە وڵاتانى دراوسێى هەرێم هەر لێیگەڕێ) بەکام موچەو!؟ بە کام موکافەئە!؟ خۆ جەنابتان موچەکەتان نزیکەى دوو ملیۆن دینارى عێراقیە لە هاوڵاتى. تەنانەت بەشى سەفەرێکى چون و هاتنەوەى کەنەداشتان ناکات.ئەى سەفەرەکانیتر!؟
مادام ئاوا بێمنەتمان دەکەیت با پرسیارى ئەوەشت لێ بکەم. نزیکەى مانگێک پێش ئێستا تەلەفزیۆنى کەى ئێن ئێن بەڵگەنامەیەکى بڵاوکردەوە چەندین ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و شاعیر و نووسەر بەپلەى ئەفسەرى سەربازى خانەنشین کراون و مانگانە موچەیان هەیە (بەبێ ئەوەى کەى ئێن ئێن ناوى کەس بێنێت!) لەکاتێکدا دەبوایە کەى ئێن ئێن ناوى هەموو ئەو کەسانەى بهێنایا. بەڵام ئێوە پێتان وایە کاتێک کە ئێوەى میدیاى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆن عەیب و عارەکانى یەکترى دەشارنەوە خەڵکێکی تر نیە پەردە لەسەر عەیبەکانتان هەڵماڵێت!؟. دەى زەحمەت نەبێت و جورئەت بدە بەرخۆت ناوى ئەو ڕۆژنامەنوس و هونەرمەند و شاعیر و نوسەرانەى هاوڕێتمان پێ بڵێ کە ئێمە نایزانین و یەکێتى مانگانە موچەى بۆ بڕیونەتەوە!؟ چونکە مانگانە زۆربەتان موچە و خانەنشینیتان هەیە. هاوڕێیانت (کاژاو جەمالى جێگرەکەى خۆت لە هاولاتى. شوان محەمەدى سەرنوسەرى ڕۆژنامەى ئاوێنە. تواناعوسمانى مودیرى تەلەفزیۆنى ئین ئاڕتى. خاتو هەوار عەلى پێشکەشکارى ڕادیۆى نەوا. ڕەحمان غەریبى شیوعى بە ناو ڕۆژنامەنوسى ئازاد و سەربەخۆ!). ئەم ڕەحمانە کە هەمیشە شێت و شەیداى ناوبانگ و پارەیە لە کوێ باى بێت لەوێ شەنى خۆى دەکات. ئەم ڕەحمانە کەس وەک سیروان غەریبى براى نایناسێت! کاتێک لەگەڵ برادەرانى گۆڤارى لڤین بو بە شەڕى لەسەر ئەو وتارەى لەسەر لڤینى نووسیبو. سیروانى براى بەتەلەفۆن بە ئەحمەد میرەى گوتبو: کاکە من لەباتى ئەو داواى لێبوردنتان لێ دەکەم ڕەحمانى برام بە25 هەزارى سوور مەبدەئى دەگۆڕێت وئامادەیە هەمووشتێک بکات!
باشم لەبیرە کاتى دروستکردنى دەستەى داکۆکى قەڵەم کە ڕۆژنامەنوسان ویستیان ئابڵوقەى نێوان هەرێم و قەندیل بشکێنین ڕەحمان لەگوڵ کاڵترى پێنەگوترا لەلایەن پۆلیسى چالاکە مەدەنیەکانەوە کەچى کراسەکەى خۆى دڕاند و پێڵاوەکانى داکەند و کەمێک خۆى قوڕاوی کرد یەک بە خۆى هاوارى دەکرد و بە ڕۆژنامەنوسەکانى دەگوت: ڕەسمم بگرن بەشایەتى هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانەى لەو دەستەیەدابون و لە نزیکەوە ئاگادارى ڕوداوەکە بون بزانن ئەو ڕەحمانە یەک زللەى خواردوە؟ دواى ئەوە لە میدیاکان کردى بە هەرا گوایە لێدراوە و پەلامار دراوە. من هیچ ناڵێم و ئەوەیان بۆ ئێوەى خوێنەر بەجێدێڵم دەوەرە ئەم ڕەحمانە ببێتە ڕەحیم بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەى ئەو سەنتەرەى کە خۆى و ئاوات على شیوعى بەڕێوەى دەبەن. مەگەر ئەو ئاواتەش بەس خۆى خۆى خۆشبوێت! بەهەرچى پیرۆزى هەیە کەس خۆشى ناوێت ئەوەندە رووگرژ و وشکە!. ئاخر جەنابى کاک مەریوان حەمە سەعیدى بەرپرسى پێشوى سەنتەرى میترۆ کاتێک کە گەڕایتەوە بۆ ئەمریکا لەم دو شیوعیە کەسی باشترت دەست نەکەوت سەنتەرەکەیان پێبسپێریت تاکو دواى خۆت دووکەس دوعاى خێرت بۆ بکات!؟

ئەمە کۆتایى بەشى یەکەمى باسەکەمانە. لە بەشەى دوەمدا باسى ئەو هەڵە گەورەیەى برادەرانى گۆڤارى لڤین دەکەین کە خەڵاتى شەهیدى قەڵەم سۆرانى مامەحەمەیان بەخشى بەو ڕۆژنامەنوسانەى کە هەندێکیان ئەوەندە بەد و ناشرینن گوناحە ناویشیان بهێنیت، کەچى لڤین لەگەڵ عیماد ئەحمەدا خەڵاتیان دەکات!.

لەبەشى سێهەمیشدا زانیاریتان لە سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانە بۆ بڵاودەکەینەوە کە نێچیرڤان بارزانى هەندێکیان بە زەبرى پارە و هەندێکیشیان بە وەعد و بەڵێنى گەورەى شەخسی و بەم جۆرە شتانە لە خۆى نزیک کردونەتەوە. وەک دەشزانن ماوەیەکى زۆرە نە هاوڵاتى و نەلڤین و نەئاوێنەش هیچ شتێک لەبارەى نێچیرڤانەوە ناڵێن و تەنانەت هەندێک جار لە بەرامبەر نەیارەکانیشیدا وەک جوانترین و پاکترین بەرپرسى هەرێم نیشانى دەدەن بەتایبەتیش لە سەر و بەندى ئاڵوگۆڕکردنى پۆستى سەرۆکى حکومەتدا.

لە بەشى چوارەم و کۆتایشدا فەزاحەتى ئەو ڕۆژنامەنووسانەتان بۆ بلاودەکەینەوە کە تەنها بۆ کەیسى ئەوروپا ئیشى ڕۆژنامەنوسیان کردوە. کە تێیاندا هەیە هەموو بابەتەکانى کۆبکەیتەوە لەپەنجەکانى دەستێک تێپەڕ ناکات کەچى بەناوى ڕۆژنامەنوسەوە داواى ئیقامەى لە وڵاتێکى ڕۆژئاوا کردوە گوایە هەڕەشەى کوشتنى لە سەر بوە بۆیە کوردستانى جێهێشتوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە