د. أنور شێخە و ڕاستییەكان
Saturday, 13/03/2010, 12:00
ئامانج ئەسعەد
دلێر سلیم لە باسەكەیدا لە سەر دكتۆر أنور شێخە زۆر لە ڕاستییەكان فەرامۆش دەكات و هێرشێكى ناڕەوا دەكاتە سەر حكومەتى هەرێمى كوردستان.
أنور شێخە پزیشكێكى كوردە كە پێش چوار پێنج ساڵ گەڕایەوە كوردستان وە لەبەر ئەوەى خۆى ناساند كە گوایە پروفیسۆرە لە زانكۆى مسیسپى لە ولایەتە یەكگرتوەكانى ئەمەریكا حكومەتى هەرێم ڕێزێكى زۆرى لێ گرت و یارمەتیەكى باشیشى دا.
نەهامەتى ناوبراو لە ساڵى 2007 دا دەستى پێ كرد كە داواى كرد وەزارەتى خوێندتى باڵاى حكومەتى هەرێمى كوردستان دان بە پلەى پڕۆفیسۆرییەكەیدا بنێت و بەو پێیە مووچەو پایەى بۆ دیارى بكات، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتى ناوبراو كۆمیتەیەكى باڵاى پێك هێنا (كە بەندە لە نزیكەوە ئاگادارى كارەكانى بوو) وە ئەو كۆمیتەیە دواى لێكۆڵینەوەیەكى چڕ وپڕ گەیشتە ئەنجامى ئەوەى كە لە لایەك ناوبراو پلەى پڕۆفیسۆرى نیە و هیچ دەزگایەكى تەندروستى ئەو پلەیەى پێ نەبەخشیوە ولە لایەكى تریشەوە لە هیچ كاتێكدا پەیوەندى بە زانكۆى مسیسپیەوە نەبوە وجگەلە عیراق تەنها كارى پزیشكى لە وڵاتێكى عەرەبى كردوە (یەمەن یان عەرەبستانى سعودی) هەرچەندە ئەم خاڵەى دوایى ئاماژەى پێ نەكراوە لە بڕیارە فەرمیەكەدا. سەردانى سایتى زانكۆى ناوبراویش ئەو ڕاستیە ئاشكرا ئەكات. ئاشكرا بوونى ئەم ساختەكارییە حكومەتى هەرێمى زوێر كرد لە أنور شێخە وەهەر لەبەر ئەم هۆیەش بوو كە نەخۆشخانەكانى میدیاو ڕزگارى ونانەكەلی لە شارى هەولێر كۆتاییان بە گرێبەستی ناوبراو هێنا.
د. أنور شێخە بەوەشەوە كۆڵى نەدا و بەردەوام بوو لە هەوڵەكانى بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا بە تایبەتى لە ڕێگاى دكتۆر زریانەوە كە وەزیرى تەندروستى بوو لە كابینەى پێنجدا بەڵام نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك چونكە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمایەكى زانستى دەرچوەو واستەو واستەكارى ناخوات ئینجا چاوەڕوانى كابینەى تازەى كرد بە هیواى ئەوەى ناسیاوێكى ببێتە وەزیرى خوێندنى باڵا و بڕیاڕەكەى پێ هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام دانانى دلاوەر عەلائەددین بە وەزیرى خوێندنى باڵا، كە خۆى پرۆفیسۆرێكى ڕاستەقینەیە و شارەزاى وردەكارى ئیشەكەیە، ئەژنۆى د. أنورى شكاند و بڕیارى دا ماڵئاوایى لە شارى هەولێر بكات و ڕوو بكاتەوە شارى سلێمانى بەڵكو لەوێ خەونەكەى بۆ بەدى بهێنرێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست