چارەنووسی دادگاى باڵاى تاوانەكان لە عێراق بەرەو كوێ؟
Friday, 20/05/2011, 12:00
یاسایی / نجم الدین حمە سعید حمە امین
دادگاى باڵاى تاوانەكان لەبەر رۆشنایی دەستوری هەمیشەیی عێراق دامەزراوە بە مەبەستی لێپێچینەوە لەو تاوانانەى كە رژێمی بەعسی لەناوچو لەسەردەمی دەسەڵاتیدا ئەنجامی داون بەرامبەر گەلانی عێراق, وە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراق لەساڵى 2005 یاساى ژمارە (10)ى دەركرد كە تایبەتە بە دادگاى باڵاى تاوانەكان لە عێراق وماددەكانی ئەو یاسایەش تێكڕا یەكدەگرێتەوە لەگەڵ ناوەڕۆكی رێكەوتننامەى نێودەوڵەتی (رێگە گرتن لە تاوانی كۆكوژی -الابادە الجماعیە جینۆساید -- وسزادانی ئەنجامدەرانی) كە لە ساڵى 1946 دارێژراوە وساڵى 1951 چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە .
لە راستیدا یاساى ژمارە (10) ودادگاى باڵاى تاوانەكان بەشێكی گرنگن لە باشترین یاسا ودەزگاكانی عێراقی نوێ وە بەدەستكەوتی مێژوویی گەلی عێراق ئەژمار دەكرێن كە بە هۆیانەوە متمانەى پێكەوە ژیان وبەردەوام بوون ودووبارە نەبونەوەى تاوان بەرامبەر هیچ نەتەوە وكۆمەڵ وئاین ومەزهەبێك زامن دەكات, وە ئاشكراشە كە رژێمی ێدام لەسەرانسەری عێراق تاوانی دژە مرۆیی ئەنجام داوە ولەئاستی كوردستان ئەو تاوانانە چڕتر وكاریگەرتر دەركەوتون لە رووی ماوە درێژی وفراوانی رووبەری تاوانەكان وزۆری قوربانیان وسەختی زەرەر وزیانە گیانی ومادیەكانیان, بەوهۆیەوە كەیسەكانی خەڵكی كوردستان لە دادگاى باڵاى تاوانەكان زۆرینەن وبەكەیسە سەرەكیەكان ئەژمار دەكرێن وەك كەیسەكانی (تاوانەكانی ئەنفال وكیمیاباران كردنی هەڵەبجە ودەوروبەری وتاوانی قەتل وعام كردنی كوردە فەیلیەكان وئەنفالی بارزانیان وسەركوت كردنی راپەڕین وكەیسی پاكتاوی نەژادی وبۆردومانی زێوە وروخاندنی شارەكانی قەڵادزە وسیدێادق و...هتد) وچەندین تاوانی كۆكوژی ودژە مرۆڤایەتی وتاوانەكانی تری جەنگ كە رژێمی بەعس بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی بەبەرنامە ئەنجامی داون... كەواتە بەردەوام بوونی ئەو دادگایە زامنە بۆ دیاركردن وئەژمار كردنی هەموو ئەو تاوانە نێو دەوڵەتیانەى كە رژێمی عێراق ئەنجامی داون بەتایبەتی لە سنووری خاكی كوردستان وبڕیارەكانی دادگاش هۆكاری راستەوخۆ دەبن بۆ جارێكیتر دووبارە نەبونەوەى ئەو تاوانانە لە سنووری عێراق وهۆشداریش دەداتە داگیركەرانى كوردستان لەهەر جێیەك بن، ولەئەنجامی ئەو بڕیارانەشدا زیانلێكەوتوان لەلایەن حكومەتی ناوەندی عێراقەوە ئەبێت قەرەبوی ماددی ومەعنەوى پێویست بكرێنەوە.
نورى مالكى سەرەك وەزیرانى عێراقى فیدراڵ لە ژێر ناوی ئاشتبونەوەى نیشتیمانیدا فشاری گەورەى دروست كردووە بەرەو كۆتایی هێنان بە كارەكانی ئەو دادگایە كە هێشتا ئەو ئەركانەى جێ بەجێ نەكردوە كە لە پێناویدا دامەزراوە، بۆ نمونە تەنها لە كوردستان زیاتر لە (4500) گوند بە كرداری رژێمی بەعسی لەناوچوو كاولكراوە وچەندین تاوانی كۆكوژی ودژە مرۆیی وەك تاوانی بەكۆمەڵ كوشتنی دانیشتوانی گوندی (ێۆریا)ى مەسیحی نشینی ئەنجام داوە كە گوندێكی سەربە قەزاى زاخۆیە وهەموو دانیشتوانەكەى ڕاونراونەتە ئەشكەوتێكی پشتی گوند ولەوێ هەموویان بەگەورە وبچوكەوە سوتێنراون وتاوانەكەش هێشتا نەخراوەتە قۆناغی دادگایی كردنەوە... كەواتە هەوڵى كۆتایی هێنان بە دادگاى باڵاى تاوانەكان هەوڵێكی سیاسیانەیە وهیچ پەیوەندی بە لایەنی یاساییەوە نیە كە دەستورى عێراقى فیدراڵ ئاماژەى بەوە كردوە، ئەو دادگایە كۆتایی پێ دێت دواى كۆتایی هاتنی هەموو ئەركەكانی وئەوكاتەش ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە یاسایەك كۆتایی پێ دێنێت.
لەباری ئێستادا مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق فشارەكانی بەرەو كۆتایی پێ هینانی ئەو دادگایە چڕ كردۆەتەوە ولەمانگی نیساندا داواى لەدەستەى باڵاى دادگا كردبوو كە خۆیان داواى كۆتایی هێنان بە كارەكانی دادگاكەیان بكەن, بەڵام سەرۆكی ئەو دادگایە لەو كاتەدا بەرێز دادوەر (ناڤم فرمان العبودى) بوو كە بە ئاشكرا نارەزایی خۆى نیشان داو ئەو ناڕەزاییەشی لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن دەربڕى كە بە هۆیەوە بۆ رۆژی دواتر بە بڕیارێكی بەرێز مالكی لە سەرۆكایەتی دادگا لادرا وهەوڵى روشاندنى ناودەنگیشى درا ودواتر بەبڕیارێكى بەڕێز مالكى دادوەرێكی تری خرایە جێگەكەى كە بەپێى یاساكە دەبێت دەستەى تەمییزی لەو دادگایە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ لەنێوان خۆیاندا سەرۆك هەڵبژێرن بۆ دادگا نەك بەدامەزراندن.
وە لە ئاستی كوردستانیش بەمەبەستی كار ئاسانی بۆ شكایەتكاران وشاهید حاڵەكان كە نەچنە بەغدا ولەسەر داواى وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوەكان دادگاى لێكۆڵینەوەى سەر بە دادگاى باڵاى تاوانەكان لە هەولێر كرایەوە، ئەویش بە بڕیارێكی ناكاوی سەرۆكی نوێى دادگاى ڕۆژی 3\5\2011 داخرا.
لە راستیدا ئێمەش لە لیژنەى بەدواداچوونی كەیسەكانی كوردستان لە دادگاى باڵاى تاوانەكانی عێراق لە ئەنجامی سەردانی بەردەواممان بۆ ئەو دادگایە وئاوێتە بونمان لەگەڵ بڕیار وبۆچون ولایەنەكانی فشار, واى بۆ دەچین كە هەوڵەكانی داخستنی یەكجارەكی دادگاكە چڕ وپڕ تر بووە وپێ دەچێت بەڕێز مالكی لەلایەك لایەنى سوننەى پێ رازی بكات كە ئەوان زۆر دژی مانەوەى ئەو دادگایەن وپێ یان وایە بە هۆیەوە كەسایەتیەكانی ئەوان دادگایی دەكرێن ولایەكی ترەوە رەنگە حكومەتەكەى بەڕێز مالكی مەترسی ئەو هەموو قەرەبووە مادییەیان هەبێت كە لە ئەنجامی بڕیارەكانی دادگاوە بەهۆى سەختی ئاسەواری ماددی تاوانەكانی رژێمى بەعسەوە ئەكەوێتە سەر بودجەى ساڵانی داهاتووی حكومەت وئەیانەوێت چی تر ئەو دادپەروەریە بەردەوام نەبێت.
هەرچەندە لەسەرەتای مانگی ئایار سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ناوەندی لەسەر داواى بەڕێز مالكی بڕیاری داوە كە كۆتایی بە كارەكانی دادگاى باڵاى تاوانەكان بێنێت, بەڵام بەپێى ئەو بڕیارە ئەبێت ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە یاسایەك ئامادە بكات بۆ بەردەم پەرلەمانی عێراق ودواتر لە ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراق بڕیاری یەكلاكەرەوەى لەسەر بدرێت, كە پێ دەچێت بەپێى بێ دەنگی زۆربەى لایەنەكان لە ئەنجومەنى نیشتیمانى عێراقیش ئەو كۆتایی هێنانە بە دادگا ببێتە بڕیار بەڵام یاسای ژمارە (10)ى ساڵى 2005 ئەو ماددانەى كە تایبەتن بە دیاری كردنی تاوانەكانی كۆكوژی ودژە مرۆڤایەتی وتاوانەكانی جەنگ بهێڵرێنەوە ودادگاكانی تری عێراق بەپێى تایبەتمەندی شوێنی روودانی تاوانەكان راسپێردرێن كە لەكاتی هەبوونی داواى یاسایی دا دادبینیان تیادا ئەنجام بدەن.
من پێم وایە داخستنی ئەو دادگایە لەم كاتەدا زیانی گەورە بەجێبەجێ كردنی یاسا وبەرژەوەندیە یاساییەكانی گەلانی عێراق بەگشتی وگەلانى كوردستان بەتایبەتی دەگەیەنێت, هەوڵەكانی داخستنی دادگا ورێز نەگرتن لە وەسیەتە دەستوریەكە وەك خۆى جارێكی تر مەترسی دروست بونەوە دەبێت بۆ ئەگەری هەرەشەى تاوانی لەو شێوەیە لە داهاتودا, بەتایببەتی دواى نواندنی خەمساردیەكی زۆر لە كارەكانی دادگادا بۆ ئەوەى فریاى هەموو ئەركەكانی نەكەوێت، بۆ نمونە كەیسی ئەنفالكردنی كوردە بارزانیەكان زیاتر لە (5) ساڵى خایاند وهێشتا بە تەواوی لە دادگا یەكلا نەكراوەتەوە، هەرچەندە ئەو خەمساردیە هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە وبەئاشكرا لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر تاوانباران نزار خەزرەجی ووەفیق سامرائی و فرۆكەوان گارق رەمەزان ودەستگیر نەكردنی تاوانبارانی ئەنفال لە جاش وموستەشارەكاندا رەنگی داوەتەوە لە كاتێكدا كە دادگاى باڵاى تاوانەكان بڕیاری دەستگیر كردنی (258) تاوانباری ناردۆتە لاى سەرۆكایەتی هەرێم وحكومەتی هەرێم بەشێوەى فەرمی وزۆرینەشیان لە كوردستان نیشتەجێن وچەندینیشیان پلە وپایەى بەرزیان لەناو حكومەت وحزبەكاندا پێ دراوە.
پێ دەچێت چالاكی وسودەكانی دادگاى باڵاى تاوانەكان بۆ گەلی كورد وكۆتایی هێنان بە نەهامەتیەكانی فرسەتێكی مێژوویی دەگمەن بێت كە زۆر ئاسان نیە دووبارە كردنەوەى, واتە پاراساتن وداكۆكی لێ كردن وهەوڵى مانەوەى دادگا لەپێش هەموان ئەركی مێژوویی ونەتەوەیی ومرۆڤایەتی ورەوشتی سەرۆكایەتی هەرێم وحكومەت وپەرلەمان وحزب ورێكخراو وهەموو تاكەكانی گەلی كوردستانە وجێ ى خۆیەتی هەرچی دەكرێت لە ناوەوە ودەرەوە لەو پێناوەدا بیكەین, وە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە لە كاتی بونی ئەو دادگایە وئامادەیی سوپاى ئەمریكا لە عێراقدا دەسەڵاتی ناوەندی چەندی پێ دەكرێت لە سنووری ناوچە دابڕاوەكان ئاژاوە وگێچەڵى هەمەجۆر مان بۆ دروست دەكات وبەهەمان هەناسەى بەعسیەكان مامەڵە لەگەڵ مادەى (140)ى دەستور دەكات كە ئەوەش نیشانەى ئەوەیە بە بڕواى ئەو دەسەڵاتەى لەناوەندە تەنها ێدام ورژێمەكەى رووخاوە بەڵام سیاسەتی دیكتاتۆری وتاكڕەوی وبڕوا نەبوون بە دیموكراتیەت ومل نەدان بۆ دەستور ویاسا هێشتا مەترسی گەورەن وناكرێ بە خەمساردی وپەیمان وەرگرتن لە خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، دادگاى باڵاى تاوانەكان پشتیوانە بۆ دووبارە نەبوونەوەى تاوانەكان لەسەر گەلانى كوردستان, زامنە بۆ قەرەبوو كردنەوەى زیان لێكەوتوانی دەست تاوانەكانی رژێمی بەعسی روخاو.
یاسایی / نجم الدین حمە سعید حمە امین
بڕیاردەری كەیسەكانی كوردستان لە دادگاى باڵاى تاوانەكان لەعێراق
هەولێر 9/5/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست