کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵگەی نهێنێ: سوپای قودس و ئەنسار لەسەر بڕیاری خامنەیی تێكدانی عێراق لە ئەستۆ دەگرن

Tuesday, 12/10/2010, 12:00


سیپان كوردی/ هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی بە دمڕاستی سوپای پاسداران بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە، بەشێوەیەك كە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوی تایبەت و دەگمەنی لەسەر بڵاو كردەوە و هاووڵاتییانی ئاگەدار كردەوە. بەپێی سەرچاوەكان، كۆماری ئیسلامی هەر ئێستە 100 تا 150 كەسی ئامادەى تەقینەوەى بۆ هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە كە هەموویان سەر بە گرووپی ئەنسار ئیسلامن و بەپێی ئەو بەڵگەیە لە عێراقدا لەگەڵ سوپای پاسداراندا كۆ بوونەتەوە، هەروەها خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی بڕیاری رێكخستنی كودەتای لە عێراق پەسند كردووە، ئەگەر پێویستی كرد.

بۆیە لەگەڵ تەنگژاوی بوونی ئەو پرسە و گرینگیی پاراستنی هەرێم، پێویستە بەڵگەیەك لە بەرنامە رەسمییەكانی بەرپرسانی ئێران بۆ تێكدانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئاشكرا بكرێ كە چۆن رووە شاراوە سەربازییەكەى حوسێن دانایی فەر باڵوێزی ئێران لە بەغدا و حوسێن عوزێمی دیپلۆمات و سەركۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لەودیوی سنوورەوە لەسەر ماڵ و گیانی خەڵكی عێراق و كوردستان دەسووڕێ و داوای خوێن دەكات. پێویستە خەڵكی كوردستان دڵنیا بن لەوەى كۆماری ئیسلامی تووڕەییەكی زۆری لە خەلك و بەشێك لە بەرپرسانی رەسمیی هەرێمی كوردستان هەڵگرتووە، ئەوانەی داوا دەكەن ئێران چیتر ساڵانی ئاوارەیی كوردان بەچاوی خەڵك و حكوومەت لە باشووردا نەداتەوە و لەو رێگەوە كوردستان و پرسە نەتەوەیییەكەى كڵۆڵ نەكات. ئەوەی ئێستە بەناوی بەڵگەی نهێنی باسی دەكرێ و هەیە بەشێكی زۆر بچووكە لەو هەمووە بڕیارە و فەرمانانەی رۆژانە لەسەر بڕین و كوشتنی كورد بە سوپا دەدرێن و هیچ كامیان بەڵگەی نووسراویان لەسەر دەرناچێ.

وەك لەو بەڵگەنامە نهێنییەدا هاتووە، نووسینگەى رێبەڕی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران (عەلی خامنەیی) بەڕەسمی داوا لە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران دەكات بەرامبەر پرسەگلی عێراق بێدەنگ نەبن و دەست لەسەردەستدا نەنێن. لەو بەڵگەیەدا پاش ئاماژەكردن بەوەى پاڵپشت بە كار و چالاكییەكانی پێشووتری سوپا، فەرمان بە باڵی سەربازیی دەرەوەى سوپای پاسداران (سوپای قودس) كراوە لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا رۆڵیان هەبێ.

هەروەك ئاماژە كراوە، پاش دیدار و كۆبوونەوەى لایەنی سوپای قودس لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و جەهادی ئیسلامی و ئەنسار ئیسلام بڕیار دراوە ئەندامانی سوپای قودس لە عێراق تا دەسپێكی هەڵبژاردنەكان هیچ جۆرە چالاكییەك نەكەن تا ئاشكرا نەبن و ئەركی راپەڕاندنی كاروبارەكان بەدەست و پێوەندەكانی تریان بسپێرن. داوا كراوە سوپای قودس پیلانی كودەتای بەدەستەوە بێ و هەركات ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەپێچەوانەی "بەرژەوەندییەكانی ئیسلام" بوو، ئەو كات بەشێوەیەكی چالاك و بەرچاو دەست بەكار بن.

ئەنسار ئیسلام، وەك دوژمنی تینوو بەخوێنی كورد و دەستكەوتەكانی ئەو گەلە هەژار و بەشخوراوە، لە ریزی ئەو لایەن و گرووپانەدا هاتووە كە دەستیان گەیشتووەتە ناوەندی بڕیارەكان لە تاران و قوم. هەر ئەوانەن كە ئێستە لە پیرانشار، سەردەشت و ناوچەكەدا پێشتێنەی تەقینەوەیان لەخۆ بەستووە و ئامادەن لە باخچەكان، مەیخانەكان و ناو بازاڕەكانی چۆمان، رواندز، قەڵادزێ، سۆران و هەولێردا خۆیان بتەقێننەوە./تەواو/
**********************************
دەقی بەڵگەنامەكە
نووسینگەى رێبەری باڵا

سەردار سەرلەشكر رەحیم سەفەوی
بەڕێز فەرماندەییی گشتیی سوپای پاسدارانی شۆڕی ئیسلامی

وێڕای سڵاو...
پاڵپشت بە نامەى 379 لە رێككەوتی 1383.10.16 (2005.1.6) لە نووسینگەى باڵاتان لەبارەى بڕیار و راسپاردەكانتان بۆ چالاكییەكانی داهاتووی سوپای قودس بۆ كاروبارەكانی پێوەست بە هەڵبژاردنەكانی عێراق كە هەموویان هاوپێچی ئەو نامەیە كراون و وێنەیەكی دەگاتە دەستی فەرماندەى گشتیی سەرجەم هێزەكانی وڵات (عەلی خامنەیی)، بەڕێزیان بڕیاریان دا و فەرموویان، بەپێی كۆبوونەوەیەكی پێشووتر كە لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، جەهادی ئیسلامی و ئەنسار ئیسلامدا ساز كرا، بەڕێزیان رای گەیاندووە ئەندامان و كەسانی سەر بە سوپای قودس كە لە عێراق جێگیرن، تا هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ جۆرە چالاكییەك ئەنجام نەدەن كە ئاشكرابوونی ئەوانی لێ بكەوێتەوە و پێویستە ئەو راسپاردە بە دەست و پێوەندەكانی تر لە ناوچەكەش بگەیەنن. ئەو هێزانە بەمەبەستی رێكخستنی كودەتایەك خۆیان ئامادە بكەن و پلان و بەرنامەی ورد و پێویست بێتە داڕشتن كە ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئیسلام بوو، بەشێوەیەكی چالاكانە بێنە ناو گۆڕەپانەكەوە.
رێوشوێنی پێوست بۆ سەرخستنی ئەو كارە دەگیرێتەبەر و ئەنجامەكەى دێتە راگەیاندن.

نووسینگەى رێبەری باڵا

محەمەدی گوڵپایگانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە