کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژهەڵات دادگەییكردنی جەلال تاڵەبانی فەرامۆش نەكات

Sunday, 07/11/2010, 12:00




كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە دەستی گلەیی، تۆڵەى بەهەق بەڕووی ئەو كەس و لایەنانەدا بدەنەوە كە بەجۆرێك دەستدرێژییان كردووەتە سەر پرسی كورد لە كوردستانی ژێردەستەى ئێران، لەوانە بەڕێز جەلال تاڵەبانی و حزبەكەى كە ئەگەر هێز هەبێ، پێویستە دادگەیی بكرێن.
پاش بەكۆتاهاتنی شەڕی عێراق-ئێران، كۆماری ئیسلامی پێویستیی بەدۆستێكی هەرێمی بوو تا بتوانێ بەرامبەر ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی كەمە نەتەوەكانی ژێردەستی ئێران و لەوانە كورد باڵادەست بێ. زۆر هەوڵی دا حزب و پارتە بچووكەكانی ناو رۆژهەڵات راكێشی لای خۆی بكات و تەنانەت حزبی نوێش دابمەزرێنێ، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. بەناچار رووی لە هەندێك حزب و پێكهاتەى سیاسیی پارچەكانی تری كوردستان كرد.

بەلەبەرچاوگرتنی 3 پێكهاتەى سەرەكیی ئەوكاتی هێزە سیاسییەكان لە باشووری كوردستان، یەكێتیی نیشتمانی باشترین بژاردە بوو، چونكە كۆمۆنیستەكان (شیوعییەكان) وەك بەرچاوترین هێزی سیاسی و چەكداریی پێش راپەڕینی باشوور، خۆیان بەرامبەر هەموو رووسیا و سوورپۆشێكی ئەمەریكای لاتین و دنیا بەرپرس دەزانی و پێیان وابوو هەرجۆرە هاوكارییەكی دوژمنكارانە دژی كورد لە هەر شوێنێك، شەرمە و لەگەڵ پرەنسیپە ئەخلاقییەكانی كەسێكی شیوعیدا ناگونجێ، جگە لەوەى پێوەندییەكی پتەو و راستەقینە لە نێوان سەركردایەتیی ئەوكاتی كۆمۆنیستەكانی باشوور و حزبی دیموكرات لە رۆژهەڵات هەبوو و تەنانەت تا ئێستەش هەر ماوە.
سیاسەتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەجۆرێكن كە بەردەوام پێویستیی بە هاوكاریی دوژمنانی كورد هەیە، ئەو حزبە كەمتر بیری لەوە كردووەتەوە كە بتوانێ بەبێ پێدانی باجی جۆرەوجۆر لە مەیدانەكەدا بمێنێتەوە، لە پشت هەر كردەوەیەكی باش و خراپی یەكێتیدا هەست بەبوونی نەیارێكی كورد دەكەی، بەكورتی دەتوانین بڵێن یەكێتیی نیشتمانی تەنیا لە شەڕدا بڕیاری سەربەخۆی هەبووە و لە هەمبەر پرسەكانی تری نەتەوەییدا یان بێلایەن بووە یان رۆڵی خراپی وەرگرتووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرامبەر كوردی رۆژهەڵات زۆر كردەوەی ناشایست و دوور لە بنەمای نەتەوەیی ئەنجام داوە، هەر لە تیرۆركردنی راستەوخۆی ئەندامانی حزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، هاوكاریی كۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆری هێزی بەرهەڵستكاری ئێرانی، بەرتەسككردنەوەى كاروچالاكیی حزبە كوردییەكانی ئێران، هەوڵدان بۆ كۆمەڵكوژیی حزبی دیموكرات بەهێنانی سوپای ئێران بۆ سەر بارەگەكانی حزب لە كۆیە و دەیان هەوڵی تری ئاشكرا و نهێنیی هاوشێوە.

هاوكاتبوونی بەهێزبوونی حزبی دیموكرات لە كۆتاكانی 1367-1370ی هەتاوی (1988-1991) و ئاوارەییی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی لەو قۆناخەدا، هەروەها پێویستیی ئێران بەدامركاندنەوەى هەر هەوڵێكی نەیار لە شوێنە جیاجیاكانی وڵات، بوو بە هەوێنی نێزیكبوونەوەى كۆماری ئیسلامی لە یەكێتیی نیشتمانی و لە ئەنجامدا تاڵەبانی بوو بە دەستەمۆی تاران، بەشێوەیەك كە سەرجەم خزمەتەكانی پێشووتری یەكێتیی نیشتمانی بۆ كوردی رۆژهەڵات كە وەك "هێزی پشتیوان" دەناسران، بەتاڵ بوونەوە.
لێرەدا باس لە پرسی تیرۆركرانی سەركردە هەرە دیارەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران واتە عەبدولڕەحمان قاسملوو و سادق شەڕەفكەندی دەكرێ، كە تێیدا جەلال تاڵەبانی دەخرێتە بەرگومانی ناڕاستەوخۆ و لەم نووسینەدا زۆر بەكورتی باس دەكرێ.
لە تیرۆركردنی قاسملوو و شەڕەفكەندیدا كە دیداری سیاسی بوو و بەناوی گفتوگۆی فەرمی دەستی پێ كرد و دواتر بەخوێن و كوشتن بەكۆتا هات، كاروباری رێكخستنی دیدارەكان بە ناوبژیوانی جەلال تاڵەبانی بووە و لە هەردووكیاندا كە بڕیار بووە تاڵەبانی بەشدار بێ، بەڵام خۆی دزیوەتەوە و تەنیا نێچیری بۆ راوچی ئامادە كردووە.
تاڵەبانی زۆر بەئاسانی توانی متمانەی تاران بەدەست بێنێ و لە ماوەیەكی كورتدا پاش تیرۆركرانی سەركردەكانی كوردی رۆژهەڵات ببێت بەیەكێك لە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی حزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران.
تاڵەبانی رێكخەری ئەو كۆبوونەوانە بوو كە تێیدا سەركردەكانی كوردی رۆژهەڵات كوژران، ئەو ئاگەداریی ئەو پیلانە بوو كە دژی پێشڕەوانی سیاسیی كوردی رۆژهەڵات لە ڤیەن و بەرلین لە ئارادایە، تاڵەبانی ئاگەدار بوو كە پێشمەرگەكانی حزبەكەى لە بازگەكانی كۆیە و سلێمانی چۆن تەقە لە ئەندام و كادیرانی حزبی دیموكرات دەكەن، دادگەییكردنی جەلال تاڵەبانی بۆتۆمەتی تێوەگلان بەتیرۆركردنی قاسملوو شەڕەفكەندی، ئەگەڕ ئەمڕۆش بۆ كوردانی رۆژهەڵات و هێزە سیاسییەكانیان دانیشتووی باشووری كوردستان ناكرێ، پێویستە بخرێتە بەرنامەوە تا ئەگەر هات و تەمەنی تاڵەبانی لە تەمەنی خامنەیی درێژتر بوو، راپێچی دادگە بكرێ.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە