کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نە من پاراستنم و نە سەردەشت عوسمان ئەنسار

Friday, 15/10/2010, 12:00



سیپان كوردی/ لەسەر داوای ماڵپەڕی كوردستان پۆست، بەپێویستی دەزانم وەڵامی بەڕێز "هەڵۆ"ناوێك بدەمەوە كە هێرشی كردووەتە سەر بەڵگە و نووسینێكی من لەبارەى دەستوەردانی ئێران و ئەنسار لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە مەبەستم لە بڵاوكردنەوەى ئەو بەڵگەیە زۆر لە پارتێك و هێزێكی سیاسیی تایبەت گەورەترە، كەچی لەلایەن بەڕێزیەوە گوایە لەسەر راسپاردەى ئاژانسی پاراستن كردوومە!
هەرچەند زۆر ناخۆشە وەڵامی كەسێك بدەیتەوە كە دڵنیا بی لە ناخدا ئەویش هەر وەك تۆ بیر دەكاتەوە و هەر لە بەرەى خۆت بێ، بەڵام بەكورتی لە چەند خاڵێكدا وەڵامی بەڕێز هەڵۆ و خەڵكانی تری خاوەن تێبینی لەسەر ئەو پرسە دەدەمەوە:

1. لە وەڵامی تێبینیی یەكەمدا، ئەگەر هەموو دنیا كۆك بێ لەسەر ئەوەى "سەردەشت عوسمان"ی رۆژنامەنووس بە دەستی "ئەنسار ئیسلام" كوژراوە یان دەستی تێكەڵ بەو گرووپە تیرۆریستییە بووە، من ئەو بۆچوونە بە درۆ و ناڕاست دەزانم و ئەوانەی لە نێزیكەوە دەمناسن ئاگەدارن لەوەى لەسەر دۆسیەى سەردەشت چەند مكوڕ بووم لەوەى سەردەشت خۆی قوربانیی تیرۆرە و دەبێ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ریسوا بكرێن. ئەگەر دەزگای پاراستن ئەو نیازەی هەبووایە وەك بەڕێز هەڵۆ باسی دەكات، ئەوە پێش بڵاوبوونەوەى راپۆرتی لێژنەی بەدواداچوونی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان ئەو بەڵگەیەی من بڵاو دەكرایەوە تا بوارێك بۆ چەسپاندن ئەنجامەكە لە رای گشتیدا دروست بكات نەك ئێستە، كە بەڕاستی زۆر زۆر دوورە لە مەبەستی نووسینەكەم. ئاژانسی پاراستن سەرچاوە و كەسی زۆرتر و شارەزاتری هەیە كە بۆ كاری لەو شێوەیە روویان تێ بكات و لەوانەیە قەڵەمی تیژتر و مێشكی ئاسوودەتریان لە من و ئێوە هەبێ، تا ئەوەى روو لە رۆژنامەنووسێكی ئازاد وەك من نەكات. بەدڵنیایییەوە ئەگەر پاراستن تەنانەت كەمێك شارەزام بێ نیگەرانە لەوەى داوایەكی لەوشێوەیەم لێ بكات تا نووسینی بۆ بكەم، تا ئەوكات كەسێكی سەر بەپاراستن لە دژم بنووسێ نەك هەڵۆی دژە پاراستن! بۆیە ئەو بۆچوونەت یەكلایەنە دەبینم و بێ ناسینی من نووسراوە، بۆیە قبوڵ ناكرێ، بەتایبەت كە خۆم ئەندامی پارتیش نیم چی بگات بەوەى لە گەڕاندنەوەى ئەوەی ناوت ناوە "متمانە بۆ ئەندامان" هاوكاری ئەو حزبە بم وەك باست كردووە.

2. لە وەڵامی دووەمدا، مەسەلەى ئەنسار نەمردووە تا زیندوو بكرێتەوە، ئەنسار لەگەڵ راگەیاندنی خۆی تا ئێستە هەر هەبووە و هەیە و بەداخەوە چاوەڕوانیی كردەى تێكدەرانەی زیاتری لێ دەكرێ. هەروەها ئەنسار ئەگەر دەستی بگاتە ناو هۆڵی هەڵبژاردنەكانی پارتی، خۆی بە تەقەو و فیشەكەوە خەریك ناكات، بگرە دەستبەجێ بەتەقینەوەیەكی خۆكوژی كوشندەترین زەبری تیرۆریستی لێ دەدات، وا نییە؟
هەروەها، ئێستە لە ماڵێكی ئاساییدا ئەگەر هەڵبژاردن بكرێ، قسە و دەنگۆی جیاواز دێتە ئاراوە و ئەو دیاردەیە بە هەموو حزب و پارتە دیموكراتەكانەوە دیارە، تەنانەت ئەگەر ناكۆكیی بەر لە چوونە ناو هۆڵی كۆنگرە نەبێ، ئەوە ئەندامانی ئەو حزبە دیكتاتۆر بەخێو دەكەن، وەك ئەوەى لە ئێران، سووریا، لیبیا، كۆریای باكور و ...هتد هەڵبژاردنەكان زۆر بە بێدەنگی بەڕێوە دەچن و دەنگەكان لە ناو گرتووخانەكانەوە دێ نەك هۆڵی كۆنفرانسەكان، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو لێكدانەوەشت پەسندم نییە.

3. تا رادەیەك لەگەڵ بۆچوونی سێیەمدام كە پارتی بەنیازە كۆنگرەی 13 دوا بخات بۆ ئەوەى پاش نێزیكەى 11 ساڵ كۆنگرەیەكی تۆكمە و دوور لە شیمانەی هەرجۆرە ترازانێكی سیاسی و هزری بگرێ، بەڵام وەك دیارە ئەو پارتە متمانەی تەواوی بەخۆیەتی و بەڕاستی تازە ئەستەمە ئەو پرۆسەیە دوا بخرێ. هەروەها بڕوات هەبێ بیانووی زۆر هەرزانتر و ساناتر هەیە تا ئەو بۆنە حزبییە دوا بخات و لەوانەیە هەر پێویستیش نەكات دەست بۆ كارتی سەروەریی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان ببات كە بەڕاستی نكۆڵی لێ ناكرێ و بیخاتە خزمەت پرسێكی وەك دواخستنی كۆنگرەیەكی حزبی، چونكە كەسانێكی زۆر لە ناو پارتی و ژمارێك لە حزب و لایەنەكانی تردا هەن كە هێشتە نەتەوەیان پێ لە حزب گەورەترە، بۆیە لەو بەشەشدا تەواو هاوڕات نیم.

لەگەڵ ئەوانەشدا، پێویستە مافی دەستخستنی بەڵگە و بڵاوكردنەوەى بۆ رۆژنامەنووس پارێزراو بێ، مەرج نییە بەڵگەكان تەنیا لە ژوورە تاریكەكانی دەزگا هەواڵگرییەكاندا بمێننەوە. ئەركی رۆژنامەنووسی ئازاد ئەوەیە شتی بەر تاریكی بخاتە بەر رووناكی، هەروەك چۆن رۆژنامەنووسی حزبی و دیل بەپێچەوانەوە شتی بەر رووناكی دەشارێتەوە. باشە بۆ دەبێ مانای بەڵگە هەر دادگە، پۆلیس، دادوەر و دەسەڵات بێ، كاتی هاتووە بەڵگە لە دەستی هەمووماندا بێ، چونكە قسەى بێ بەڵگە هەر قسەیە.
تكایە با دژی یەكتری پەنا بۆ تۆمەت نەبەین، لەوانەیە زۆر ئاسان بێ لە دوور و نێزیكەوە پەنا بۆ ناوزڕاندنی كەسێك ببەی، بەڵام بەدڵنیایییەوە لە نێزیكەوە ناتوانی بیسەلمێنی. تەنانەت ئامادەم بەناوی راستەقینەی خۆم پێوەندیی بەبەڕیز هەڵۆوە بكەم، هاوكات دڵنیام لەوەى بۆچوونەكانی لەگەڵ ئەوەی مافی خۆی پێوە دیارە و هەڵقوڵاوی ئازارێكی لەوەى رۆژانە دەیبینێ و دەیبیسێ، بەڵام بەداوای لێبووردنەوە، بەرامبەر من راست نین و ناچارم بڵێم تۆمەتباركردنی من و كارە رۆژنامەوانییەكەم بە راسپاردن لەسەر دەستی "پاراستن" و هەوڵێكی ئەو دەزگایە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ تۆمەتباركردنی كاكە سەردەشت عوسمان بە تێوەگلان بە "ئەنسار ئیسلام"!

[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە