خێرە جەماعەت خۆیان كردوە بە كەڕەى شەربەت؟!

Friday, 22/10/2010, 12:00


گومانى خوێندنى وانەى ئینجیل لە یەكێك لەقوتابخانە ئەهلیەكانى شارى هەولێر كە خاوەنەكەى مەسیحیە و بەسستمى ئەمریكى كاردەكات و دواتریش ناڕاستى هەواڵەكە دەركەوت،هەڵایەكى ئیعلامى لەناو كۆمەڵێك رۆژنامە و سایت و كەناڵى تەلەفزیۆنى دروستكرد ،لەكاتێكدا هەموو ئەو منداڵانەى لەو قوتابخانەیە دەخوێنن كە ژمارەیان لە200كەس تێناپەرێت و بەشێكى بەرچاویان مەسیحى و ئێزدین و منداڵە موسڵمانەكانیش بەئارەزوى بەخێوكەریان رۆشتونەتە قوتابخانەكە و زۆر باشیش دەزانن كە خاوەنى ئەو قوتابخانەیە مەسیحیە، بەڵام ئەوە چەند رۆژێكە رۆژنامەى (باس) هەواڵێكى بڵاوكردۆتەوە، كە راستی هەواڵەكە وەكو مانگى چواردە دیارە و تیایدا دەڵێت (بەهەواران كتێبى ئاین پۆلى سێیەمى بنەرەتى بەسەر هەزاران منداڵى قوتابخانەكانى كوردستاندا دابەشكراوە كە وەرگێرانى ئایەتێكى پیرۆزى قورئان تیایدا جگە لەوەى بەهەڵە تەرجەمەى كوردى ئایەتەكە كراوە، سوكایەتیش بە ئاینەكانى مەسیحى و جولەكە دەكات)، ئەوەى جێگاى سەرنجە هەموو ئەو كەناڵانەى هەواڵى گومان لەخوێندنى ئینجیلیان بڵاوكردەوە ئێستا خۆیان لێبێدەنگ كردوە و كورد واتەنى (خۆیان كردوە بەكەرەى شەربەت)و خواخوایانە كەس ئەو رۆژنامەیەى نەخوێندبێتەوە ،سەیرتریش ئەوەیە كە جگە لە مامۆستا مەلا عەبدوڵا سەرۆكى یەكێتى زانایان كە لەهەمان رۆژنامەدا نیگەرانى خۆى لەو حاڵەتە دەربریوە و بەڵێنى بەدواداچوونى داوە ،نە داواكارى گشتى و نە وەزارەتى پەروەردە و نە هیچ كەسێكى دیكە لەم هەڵە زەق و ئاشكرایەدا بەجواب نەهاتوە.باشە من پرسیار لەو كەسانە دەكەم كە ئینجیل وەك مادەى هۆشبەر و قەدەغەكراو سەیردەكەن و هەرگیز عەقڵیان رێزگرتن لەئاین و بیروباورەكانى دیكە قبوڵناكات،باشە خۆ بەهەڵە تەرجەمەكردنى ئایەتەكانى قورئانى پیرۆز و گەیاندنى بەهەزاران قوتابى منداڵ پێچەوانەى شەریعەتى ئیسلامە و هەرگیز لەئیسلامدا بێرێزى بەئاینەكانى دیكە نەكراوە،كەواتە بۆ فزەیان لێوەنەهات،؟! كەواتە ئیسپات بوو ئەو هاتوهاوارەى پێشتر بۆ گومانى خوێندنى ئینجیل لەقوتابخانەیەكى ئەهلیدا كردیان تەنها مەبەستێكى سیاسى بوو ،هیچ پەیوەندى بەدڵسۆزى بۆ ئیسلام و منداڵى موسڵمانان نەبووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە