لە بزووتنەوەی دایكەوە بۆ ئیحسانی مامۆستا مەلاعەلی
Wednesday, 05/01/2011, 12:00
لە ئاژانسی هەواڵی كوردۆنیا ڕونكردنەوەیەكی ئیحسانی مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەم بینی كە وەڵامی محەمەد حەكیمی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی داوەتەوە لە سەر ئەوەی كە رەخنەو قسەی خراپی بە بزووتنەوە وتووە و بە موحەمەد حەكیم ێەحاف ناوی دەبات و ئاماژەی بەوەشكردووە كە لەبیری چووەتەوە ئەو لایەنە بزووتنەوەی دایكێتی و لەو قوتابخانەیە فێری سیاسەت بووەو خۆیشی باش دەزانێت كە چۆن دەستی پێكردوەو لەگەڵ ئەمیرەكەیان لادەر بوون لەو دایكە و لەو ڕێگە ڕاستە و هەموو كەس هۆكارەكانی دەزانێ كە چۆن بووە.
ئەوەی من دەمەوێ باسی بكەم و تێبینیم لەسەری هەیە ئەوەیە كە پێش هەمووشتێك ئەوە بە بیسەروبەرییەكی زۆری ناو بزووتنەوەی ئیسلامیی دەزانم چونكە لە ئێوەی بەرێز دەپرسم حیزبێك كە رابەری گشتیی و مەكتەبی سیاسیی و زیاتر لە 15 ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی راكەیاندنی لە ناو شاری سلێمانیدا هەبێت ئیتر ج پێویست دەكات جەنابی شیخ ئیحسان لە لەندەنەوەو بەناوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەو هەریەكەو لە لایەكەوە وەڵامی كۆمەڵی ئیسلامیی بداتەوە یان وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی ئەو خەڵكانەی ئێرە بەكۆیلە دەزانێت و تەنها مەبەستیشی ئەوەیە كە ئەو بزووتنەوەیەشی كە ماوەتەوە ئەوەندەی تر ویران بكات.
من وەك كوڕی یەكێك لە دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی كە جەنابی مامۆستا مەلائەحمەد كاكە مەحموودە ئەمەوێت بەڕاشكاوانە ئەوە بڵێم و بپرسم كە ئایا محەمەد حەكیم بوو دوای جیابوونەوەی كۆمەڵ و چوون بۆ تەویڵە و جارێكی تر هاتنەوەمان بۆ ناو هە ڵەبجە، وەزعی بزووتنەوەی شێواند و هەموو دەرگا سیاسییەكانی لی داخست یان جەنابت بووی كاكە ئیحسان كە نەتهێیشت جەنابی مامۆستای رەحمەتی باوكت و حاجی كامیلی وەزیری ئەوقافی ئێستا بچنە ناو كۆبوونەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی رژێمی بەعسەوە لە لەندەن كە هۆكاری سەرەكی داخستنی هەموودەرگاكانی بزووتنەوە بوو لە هەموو روویەكەوە هەر لە رووی ماددی بە تایبەتی و عەلاقاتی سیاسیی و هەزاران شتی تر بە تایبەتیش لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا كە خاوەنی دەسەڵاتی سنوورەكەبوو و نەسریەی بزووتنەوەش لە دەستی ئەودا بوو كە ئەوەش بووە هۆی لاوازكردنی بزووتنەوە لەو كاتەدا تەنانەت ئۆتۆمبێلی بارەگاو كەل و پەلەكان فرۆشران بۆ دانەوەی قەرزەكانی باسك.
جەنابی كاك ئیحسان موحەممەد حەكیم بوو لە كەناڵی جەزیرەو لە ڤیلاكانی لەندەنەوە بە بێ ئەوەی ئاگاداری بارودۆخی خەڵكە رەشورووتەكەی بزووتنەوە بێت لێدوانی داو هەڕەشەی بەكارهێنانی هەزاران لایەنگری خۆی دەكرد كە لە فەلوجەو خوارووی عێراقەوە مەشقیان كردووە.
لە هەموووان دەپرسم ئایا محەمەد حەكیم بوو لە دوای تەقینەوەكانی شاری هەولێرەوە لێدوانی ناڕەوای دەدا بە بێ گوێدانە سیاسەتەكانی حیزبەكەی و خەڵكە داماوەكەی.
ئایا محەمەد حەكیمەكان بوون دنیایەك وەعدی درۆیان بە بەرێز دكتۆر محەمەد بازیانیدا كە دەیكەنە بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی یان كاكی جەنابتان بوو و دواییش راستتان نەكرد لەگەڵی و كێشەیەكی ترتان لەناو بزووتنەوەدا درستكرد كە دڵنیاشم هەر بەهۆی ئێوەوە بووە كە جارێكی تر لە كاركردنی ناو سەحوەی ئیسلامیی دووركەوتەوە.
ئایا محەمەد حەكیم و هاوبیرانی بوون بە پیاوەكانیان هەڕەشەی شەقكاری و كوشتنیان لە ئەم و ئەو دەكرد و تا گەیشتنە كوڕانی پیاوێكی ماندووی وەك مامۆستا مەلائەحمەد كاكە مەحموودیش كە دەبوایە هەمیشە رێز و تەقدیرتان بۆ ئەو بنەماڵەیە دابنایە.
ئەمانەی كە باسم كرد نمونەیەكی كەمی ئەو شتانەن كە جەنابتان بە سەر بزووتنەوەی دایكا هێناوتانە و بەردەوامیش ئەیهێنن بەسەریدا، بۆیە بەوپەڕی راشكاوانەوە دەیڵێم و لێی پەشیمان نیم كە هەروەوك ئەوكاكەیە لە فەیس بووك شیعرێكی عەبدووڵا پەشێوی هێنابوو كە دەڵێ:
تا پرتەقال و مۆز و سیو مابن ....
كۆبوونەوەكان قەت تەواو نابن
منیش دەڵیم :
تا كوێخایەتی ئێوە هەر مابێت ....
بزووتنەوەی دایك هەر ئاوا دەبێت...
كاكەیەكی تریش نوسیبووی ئەگەر خەڵكی باوەڕدار هێندەی خەریكی باسی سلوكی براكەیەتی كەزۆركات لەسەری موحاسەبە ناكرێ، ئەوەندە خەریكی نەفسی خۆی بێت كەلەسەری موحاسەبە دەكرێ، دڵنیام نێوانی هەموومان وەك ئەوە ڕێك دەبێتەوە كە خوا پێی خۆشە، نەك وەك ئەوەی لێبێت كە خواو خەڵكی شوێنكەوتەی خوا پێی خۆش نییە، بۆیە پێویستە بەهێندە باسكردنی خەڵكی خۆمان لەبیر نەچێتەوەو بێدەنگ بین ئەگەرنا هەموو كەس بەشی خۆی توانای وەڵامدانەوەی دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست