کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گرنگیی بایکۆت کردنی هەلبژاردنەکەی هەرێم لە چیدایە؟

Wednesday, 26/09/2018, 7:27


1) داخستنی دەرگای پەڕلەمان لە لایەن بارزانیەوەو وتەکانی بەرپرسی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەنالی پارتیەوە "ئەگەر یەک کورسییش بهێنن دەسەلات تەسلیم ناکەن ..."  پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەوە جیهانبینی تەواوی دەسەلاتەکەیەو دەستاودەست کردنی دەسەلات قبول ناکەن و بە میکانیزمی ئیرهاب و هێز دەبێت بمێننەوە لەسەر دەسەلات ئەوەش جاڕدانی مەرگی دیموکراسیەتە ، ئەوەی لە هەرێم بوونی نەبووە. ئەو هەلبژاردنەش تەنیا پڕۆسەیەکی گالتەجاری و دیموکراسیەتێکی ساختەیە لە هەرێمێکی داگیرکراودا. کەواتە گەمژە ئەو کەسەیە چەندین جار یەک کار دوبارە بکاتەوەو چاوەڕوانی ئەنجامی جیاواز بێت. دەبیت جەماوەرو هێزەکانی دەرەوەی دەسەلات ، ئەوانەی خۆیان وەک ئۆیۆزیسیۆن ناوزەند دەکەن و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بزانن دوای کام ئامانج کەوتوون؟ 
 
2) بەو هەلومەرجەی دەگوزەرێت چوونە پڕۆسەی هەلبژاردنەوە لە هەرێم تەنیا شەرعیەتدانە بە دەسەلاتێَکی ستەمکارو ڕوتێنەرو پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ. بەشداربوون لەو پڕۆسەی هەلبژاردنەدا سوود بەو دەسەلاتە دەگەیەنێت لەوەی ئیدیعای ئەوە بکات کە هەرێم خاوەن سیستەمێکی فرەیی و پلورالیستی سیاسی و دیموکراسیە. هەربۆیە دەسەلات بەشداربوونی لایەنەکانی تری لامەبەستە لە پڕۆسەی هەلبژاردندا ، بەلام هەر خۆی برا گەورە بێت.   
3) دەبێت دوای ئەزمونی 28 ساڵ بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە هەرێمی کوردستان چیتر کۆتایی هاتووە. ئۆپۆزیسیۆنە فەرمیەکانیش لە بارودۆخێکی وادا نین بتوانن کاریگەریی لەسەر پەڕلەمان و حکومەت ، لەسەر دەسەلات دروست بکەن ، هەربۆیە زوو یان درەنگ کار کردن بۆ ئالتەرناتیڤی تری نوێی شۆڕشگێرانە بۆ ئایندە دەمێکە بۆتە جێگای بیرکردنەوە. ئەوەی بروای وابێت ئەم دەسەلاتەی هەرێم توانای رێفۆرمی ڕاستەقینەی هەیە بە هەلەدا چوە چونکە رێفۆرمی ڕاستەقینە بەواتای تیاچوونی دەسەلاتەکە خۆی دێت.
4) هەربۆیە بایکۆت کردن بۆتە ئەرک و پێویستیەکی سیاسی و ئەخلاقیش ، با یەکێتی و پارتی بە تەنیا فەرمانڕەوایی هەرێم بکەن و تەواوی میحنەتەکانی ولات بە زەقی ڕوبەرووی خۆیان بێتەوەو بەرپرسیاری یەکەم دەبن تێیدا. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت جەماوەری ناڕازیی پشت لە خەبات و تێکۆشان بکەن بۆ مافەکانیان بەلام چیتر بەم رێگایە ناکرێت کە ئێستە دەگوزەرێت.
5) لێرەدا دەبێت پرسیار بکەین ئۆپۆزیسیۆن چیەو دەبێت چۆن بێت و کێ ئۆپۆزیسیۆنەو بە دوای چی کەوتوە؟ ئۆپۆزیسیۆنی شەرمنە یان توندە؟ ئەو جەماوەرەشی دەیانەوێ بە رێگای هێزەکانی دەرەوەی دەسەلات فشار دروست بکەن پێویستە ڕادیکال بن و داواکاریان هەبێت لە حیزبەکانیان و کار لەسەر دروشمی جیاواز لەوەی دەسەلات بکەن ، بۆنمونە :
داوای بە هەرێم (کانتۆن) کردنی پارێزگاکانی (باشور) هەرێمی کوردستان بکرێت لەسەر بنەمای فیدرالی و لامەرکەزی دوور لەو دوو ئیدارەییە حیزبیەی دەگوزەرێت و پێچەوانەی دەستوری عێراقیش نیە ، هەر هەرێمە خاوەن سێ دەزگا دەوڵەتیەکە بێت  ( بەندە بۆ ئەم بابەتە خاوەن پڕۆژەیەکی تێروتەسەلە لە چوارچێوەی یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بۆ باشوری کوردستان ، بڕوانە لینکی دانراو 
دروشمی جودا کردنەوەی دین و دەستور (دین و دەوڵەت) لەیەکتر گەرنا هیچ جاوازیەکیان نامێنێت لەگەل لایەنە ئیسلامی و کۆنە پارێزەکانی دەسەلاتیش ، بەڵێ بۆ ئازادی ئاین ، بەلام دەستورێک کە بتوانێت نوێنەرایەتی گشتی بکات ، ئەو دەستورەی تا ئێستە ڕاپرسی گەلی لەسەر نەکراوە ، بەواتا دەستورێکی ناشەرعیە.
دروشمی نەخێر بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی چونکە نەگونجاوە بۆ ئەم شێوە کۆمەلگایانەو لە دیکتاتۆریەت زیاتر هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. بڕوانە ئەزمونەکەی هەرێم و ئەوەی تورکیای ئەردۆگان. 
ئۆپۆزیسیۆنێکی شەقامیش هەیە کە پێویستە بە جدی وەربگیرێت و پشتگیری بکرێت ، نەک وەک ئەوەی 17ی شوپات لە لایەن حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە پشتی تێکرا. 
6) ئێمە دەبێت مرۆڤەکانمان فێری یاخی بوون بکەین ، چونکە لەسەر هەقن و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەها مرۆییەکانی بۆ بگێرینەوەو لە ئازادی خوود تێبگات بۆ ئەوی نەبێتە بتێک. فێری بەڵێ بەلام نەخێرش بکەین ، ئەو مرۆڤانەی ئێمە کە هەمیشە ئامرازی سیاسی بوون بەلام ئەکتەری سیاسی نەبوون.
کۆمەلگەیەک کەرامەتی شکێندرابێت ، برسی کرابێت ، خاوەن سیستەمێکی سیاسی و کۆمەلایەتی و پەروەردەی تەندروست نەبێت، خزمەتگوزاریی نەبێت ، بیمەی بێکاری نەبێت، خۆکوشتنی ئەندامەکانی و کۆچ و ڕەو بۆ دەرەوە بوبێتە دیاردەی ڕۆژانە ، لایەنی دەرونی و کۆمەلایەتی و ڕۆحیی تێک شکێندرابێت، وەک مێگەل مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و وەک کالا لێی بڕوانرێت ... ئەوا ئەو دەسەلاتە تەنیا بۆ ڕوخان باشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە