هەڵبژاردنی پەڕلەمان دەسەڵاتی هەرێم ناگۆڕێت، تەنیا بە شۆڕشێكی ڕادیكال نەبێت
Thursday, 02/08/2018, 19:15
پێشەكی
28 ساڵ ئەزمون و تاقیكردنەوەی سیاسی هەرێمی كوردستان گەنجینەیەكە بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەو دەسەڵاتەی كۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگەكانی وڵات دەكات نە بەو شێوە هەڵبژاردنە گالتەجاری و دیموكراسیی و ساختەیە دەگۆڕێت، نە بەم جۆرە پەڕلەمانە كارتۆنییەش. ئەوەی لەو ڕاستیە تێنەگەیشتبێت، دەبەنگێكی سیاسییە، یان تاوانبارە لە بەلارێدا بردنی ڕاستیەكان. ئەلبێرت ئاینشتاین وتەنی "گەمژە ئەو كەسەیە چەندین جار یەك كار دووبارە بكاتەوە و چاوەرێی ئەنجامی جیاواز بێت".
هەڵبژاردن و دیموكراسی
هەڵبژاردن تەنیا یەكێكە لە خەسڵەتەكانی دیموكراسی، بەڵام هەڵبژاردن لە هەرێم بنەمای دیموكراسیی نییە بەدەر لەوەی ساختەكاری سەرچاوەكەیەتی و خاوەن كۆمیسیۆنێكی بێلایەن نییە. هەروەها دیموكراسیەت بێ بوونی دادپەروەریی بێ بنەمایە و كەلتوری خێڵەكی توانای بەرچەستەكردنی دیموكراسیەت و دادپەروەریی نییە. دیموكراسیەت لە بوونی دەستورێكی تەندروستدایە، جوداكردنەوەی سێ دەسەڵاتەكە لە یەكتر، ئازادی تاك و کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادی فكرو نووسین، بوونی فرەیی، مافی كەمینەكان، مافەكانی مرۆڤ و بە هاوڵاتی بوون. . . تاد.
"سیستەمە سیاسییەكەی" هەرێم
خوێندنەوەیەكی زانستیانە و واقیعبینانە بۆ سیستەمە سیاسییەكەی هەرێم دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی سروشتی فەرمانڕەواكە چییە و چۆن بەرامبەری دژە ستراتیژیەت بونیات بنرێت. بە ڕوكەش خۆمان لەبەردەم سیستەمێكی (دەسەڵاتێكی) سیاسی دەبینینەوە كە خاوەن هەر سێ ئۆرگانە دەوڵەتییەكەیە (پەڕلەمان، حكومەت، دادوەریی)، هەروەها فرە حیزبیی، رێكخراوە کۆمەڵایەتیەكان و میدیای هەمە چەشنە بەڵام هی سێبەر. . . بە ڕوكەش نیشانەی سیستەمێكی سیاسی پلورالیستی نیشان ئەدات، بەڵام حاكمی پشت پەردە كێیە؟
لە هەرێم (باشور) دوو سیستەم لە تەنیشت یەكترەوەن. سیستەمی خێزان كە خۆی لە خێڵی سیاسی بنەماڵەكاندا دەبینێتەوەو پاشان بوونی سیستەمە دەوڵەتیەكە. لە هەمان سۆنگەوە دەسەڵاتی ئۆتۆكراسی و دەزگا بیرۆكراسیەكانی و دەسەڵاتە تەقلیدیەكەی خێزان و بنەماڵەو خێڵە سیاسییەكان خۆیان خزاندۆتە نێو سیستەمە دەوڵەتیەكەو فۆرمەكەیان (بە وتەی ماكس ڤێبەر) بۆ دەسەڵاتێكی تەقلیدی خاوەن میلیشیا، دارایی، ئیدارەو رێكخستنی بنەماڵەیی گۆڕیوە. بێ ناوەڕۆك كردنی پەڕلەمان و دەزگای دادوەری و. . . هتد. بەلگەی ئەم بۆچونەیە.
لە ڕووی زانستی سیاسییەوە ئەم شێوە سیستەمە وەك زۆربەی ئەوانەی تری وڵاتانی "جیهانی سێ" لە ڕاستیدا بریتیە لە گرێدانێكی تەقلیدیی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن كردن دەركەوتەیەكی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) بەڵام سروشتی ئەم دەسەڵاتەی ئێستەی هەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نییەو رێگریشە لێی. هەربۆیە ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێكی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی. پڕۆسەی هەلبژاردنی ساختەو پەڕلەمانی كارتۆنی بەكار دەهێنێت بۆ شاردنەوەی خۆی لە پشت ئەم ئۆرگانە دەوڵەتیانەوە. لەبەر ڕۆشنایی ڕاستیی 28 ساڵ، بەشدار بوون لەهەر هەڵبژاردنێكی ساختەكاری و گالتەجاریانە هیچیتر نییە (لە خزمەت كردن بە دەسەڵاتی خێزان و خێڵە سیاسییەكان) كە ئێستە بالا دەستن.
داخستنی دەرگای پەڕلەمان لە لایەن بارزانییەوەو وتەكانی بەرپرسی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەنالی پارتیەوە "ئەگەر یەك كورسییش بهێنن دەسەڵات تەسلیم ناكەن. . . " پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە كە ئەوە جیهانبینی تەواوی دەسەڵاتەكەیەو دەستاودەست كردنی دەسەڵات قبول ناكەن و بە میكانیزمی ئیرهاب و هێز دەبێت بمێننەوە لەسەر دەسەڵات ئەوەش جاڕدانی مەرگی دیموكراسیەتە. كەواتە دەپرسم هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات، ئەوانەی خۆیان وەك حیزبی ئۆیۆزیسیۆن ناوزەند دەكەن و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دوای چی كەوتوون؟
ئەو ئازادی و دیموكراسیەتەی دەسەڵات باسی لێوە دەكات تەنیا بۆ نوخبەیەكی سیاسی خۆیانەو هیچیترو هێزەكەیان بۆ خزمەتی پڕۆسەی دیموكراسی نییە. . ئەوانەی لە بری بەهەشت جەهەننەمیان بۆ خەلكیی دروستكرد و بەهەشتیش بۆ خۆیان. ئەوانەی كە ئەقڵیان تەنیا لە لولەی تفەنگەكانیاندا بێت ناتوانن ببنە هێنەری ئارامی و پێشكەوتن بۆ گەلەكەیان. پەندەكە وتەنی ئەوانە دەتوانن بە قەمەی سەر تفەنگ حوكم بكەن بەڵام ناتوانن لەسەری دابنیشن. چیتر دەمێكە كاتی ئەوە هاتووە ئەندام و كادرو شوێنەكەوتوەكانی یەكێتی و پارتی و هاوشێوەكانیان خۆیان ساغ بكەنەوە، لەگەڵ سیستەمی ستەمكاریدا دەبن یان لە دژی ڕادەپەڕن و دێنە بەرەی گەلەوە.
حیزب
سەبارەت بە حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان بە ڕوكەش بریتی نییە لە سیستەمی تاك حیزب، بەڵام جەوهەری ڕاستەقینەی حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان بریتیە لە حیزبی قائید. حیزبی قائیدیش هەمیشە بە ئاڕاستەی تاك حیزبیدا دەڕوات. بەواتا پارتی و یەكێتی وەك حیزبی قائید، بەڵام حیزبی قائیدی كاریزمایەكی نەگەتیف كە بریارو ئیرادەی سیاسی بەندە بە كەسی قائیدەوە، یان بە تاقمێكەوە. دەكرێ رێگا بدات بە دروستبونی حیزبی تر بەڵام خۆی دەبێت برا گەورە بێت و دەسەڵاتدار بێت. لە هەرێمی كوردستان حیزب لە غیابی دەستوردا (گەل دەنگی پێنەداوە) سیاسەت و دەسەڵات پیادە دەكات هەربۆیە شتێكی گرانە لێرەدا باس لە شەرعی بوونی ئەحزاب بكرێت.
رێفۆرم
سروشتی ئەم جۆرە دەسەڵات و سیستەمە دواكەوتوە تەقلیدیە توانای ڕیفۆرم كردنی ڕاستەقینەی نییە چونكە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووە. هیچ رێفۆرمێكی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە چاوەڕوان ناكرێت لێی، چونكە سروشتی سیستەمەكە سیمای رێفۆرمكردنی پێوە نییە و هەر رێفۆرمێكی ڕاستەقینە دەبێتە هۆی لەناو بردنی خودی دەسەڵاتەكە خۆی. رێفۆرم لە (فۆرم)دا دەكرێت، بەڵام ئێمە لە باشور خاوەنی كام جۆرە فۆرمین، كە بە نیازبین دووبارە دەستكارییان بكەینەوە لە كاتێكدا ئێمە خاوەنی فۆرمە كۆنكرێتیەكەی بەرێوەبردن و دەوڵەتداری نین، بەڵکو لەبەردەم کۆمەڵێك بونیاتی شل و شێواوداین. نەك هەر پەڕلەمان و دامودەزگاكانی تر تەنانەت حیزبیش لە باشور فۆرمێكی كۆنكرێت و دەزگایەكی مۆدێرن نییە، بەڵکو خاوەنی چەند خێزان و خێڵی سیاسی چەكدارین كە شەرعیەتی خۆیان بە زۆری چەك و لە شاخەوە سەپاندوە و دەستیان بەسەر سامانی گەل و وڵاتەكەدا گرتووە. حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج نەك ئامراز.
ئیرهاب وەك ئامرازی سەقامگیری
بەدەر لەوە ئەم دەسەڵاتە سەقامگیرییەكەی لە پیادەكردنی هێز، پەنا بۆ میتۆدی جۆرا وجۆر دەبات، لە میكانیزمی کۆنتڕۆڵ و چاودێری و تۆقاندنەوە سەرچاوە دەگرێت و كڕین و پابەند كردن بە پارە. كۆنتڕۆڵی سەرجەم بزوتنەوە و چالاكیە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەكان دەكات و بەردەوام میتۆد و ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسك كردنەوە و ژێردەستكردنی داواكاریە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەكان. دەسەڵاتەكە لەلایەن ئەلیتەیەكی سیاسی و بیرۆكراتی دەورە دراوە. هەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەكانی وڵاتەوە دەدوێ، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەڵات و كاریگەریی خۆی گەورە و سەلامەت بكات ئیتر بەهەر میتۆدێكی ناشەرعیش بێت.
ئەم شێوازی دەسەڵاتە بەوە دەستنیشان دەكرێ، كە كەسی دەسەڵاتدار خاوەنی ئیدارە و دەزگای سەربازی و میلیشیا و دەزگای هەواڵگریی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی و بە مەركەزیەتكردنی دەسەڵات هەیە و بە شێوەیەكی سەرەكی لە كەسانی پابەند دروستبووە، كە دەوری دەسەڵاتەكەی داوە. دادوەریی و مافە سیاسییەكانی تر لەلایەن دەسەڵاتدارەوە وەك شتێكی، موڵكێكی شەخسی مامەلەی لەگەڵدا دەكرێ و توانای بەسەر ئامرازەكانی دەسەڵاتدا هەیە هەروەك بەسەر كالایەكی خۆیدا هەبێت، بەم شێوەیە دەكرێ بكڕدرێ و موزایەدەی پێوە بكرێ، بە قەرز بدرێ و لە وەرەسەدا بەش بكرێ.
لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسیی لە، گەل سەندراوەتەوە و دوور دەخرێتەوە لە هوشیاری سیاسی، چونكە هەموو هوشیاربوونەوەیەك دەبێتە رێگر لەبەردەم دەسەڵاتە سولتانییەكەی هەرێم. گەل بێ مافی سیاسییە و وەك خزمەتكار سەیر دەكرێ، نەك وەك هاوڵاتی لە دیدگا مۆدێرن و مەدەنییەكەوە. لەلایەن توێژە دەسەڵاتدارەكەوە وەك ئۆبجەكتی ڕووتاندنەوە سەیر دەكرێ و داگیركردنی موڵکی گشتی بە رێگای دەسەڵاتداری كەسەوە بوونی هەیە. ئەم "سیستەمە سیاسییە" تەقلیدیە بەهۆی بلۆككردنی خۆیەوە رێگر دەبێت لە گەشەكردن بە ئاڕاستەی هەرێم یان دەوڵەتێكی مۆدێرن.
دەسەڵاتدار پشت بە ئیدارەكانی سەر بە دارودەستە و كەسی دەسەڵات و بە هێزی چەكدار دەبەستێت و سەرجەم پەیوەندییەكانی دەسەڵات پەیوەندی شەخسییە. لەیەكتر جوداكردنەوە لە نێوان شتە شەخسییەكان و گشتییەكان نییە. جوداكردنەوەی دەزگاكان بە ڕووكەش ددان پێدانراوە، هەربۆیە دەكرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێ بدرێ، بەڵام لە پراكتیكدا بوارە شەخسییەكان و گشتییەكان زۆربەی كات لەیەكتر جودا ناكرێنەوە. تەنانەت پەیوەندییەكانی دەرەوەش بە خێل و خێزان كراوە. لێرەدا ناكرێ باس لە وڵاتێكی موئەسەساتی بكرێت. پێكهاتە بیرۆكراسیەكان لەم سیستەمەدا مۆنۆپۆلی سەرجەم پەیوەندییەكانی نێوان ئەلیتەی سیاسی و كۆمەڵ دەكەن. لە نێو دەزگا دەوڵەتییەكەدا دەسەڵات لە شەخسی، یان تاقمێكی سەركردە سیاسەكەدا چڕبۆتەوە (سیستەمی سەرۆكایەتی وەك نمونە). ئەوەی لێرەدا بەتوندی پیادە دەكرێ ئەوەیە خەڵكان و كارمەندان لە شوێن كارەكانی خۆیاندا خاوەن مافی خۆیان نین. ئامرازە ئیدارییەكان دەخرێنە خزمەتی دەسەڵاتەوە، دەسەڵاتیش ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەیبینین.
دیاردەیەكی شاراوە نییە پڕۆژە ئابورییە گەورەكان و دۆخی بازرگانی لە لایەن دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵەوە مۆنۆپۆل كراوە و دەسەڵاتدارانی هەردوو ئیدارە لە سەدەی بیست و یەكدا وەك ئەمیرەكانی سەدەكانی ناوەڕاست ڕەفتار دەكەن. ئەوەی ئەم دەسەڵاتە كاری لەسەر دەكات بریتی نییە لە دروستكردنی ژێرخانی ئابوریی کۆمەڵایەتی، بەڵكو تەنیا ڕوو دەكەنە ئەو پڕۆژانەی، كە دەستكەوتی ماددی خۆیانی تێدایە. بەم هۆیەوە ئابوریی خزمایەتی و بارودۆخی پابەندبوون و پەیوەندیی شەخسی دروست دەبێت و ڕۆڵ دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەكردنی ئابورییش گێڕ دەبێت و بڕوای بە سیستەمی مەركەزی هەیە كە یەكناگرێتەوە لەگەڵ دیموكراسییەتدا. بەڵام هیچ دەسەڵاتێك، سیستەمێك نەگۆڕ نییە، گەر بۆ ماوەیەكی زەمەنیی درێژیش حوكم بكات.
کۆمەڵگای بێ كەرامەتكراو
کۆمەڵگەیەك كەرامەتی شكێندرابێت، برسی كرابێت، خاوەن سیستەمێكی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی تەندروست نەبێت، خزمەتگوزاریی نەبێت، بیمەی بێكاری نەبێت، خۆكوشتنی ئەندامەكانی و كۆچ و ڕەو بۆ دەرەوە بووبێتە دیاردەی ڕۆژانە، لایەنی دەرونیی و کۆمەڵایەتی تێك شكێندرابێت، وەك مێگەل مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و وەك کاڵا لێی بڕوانرێت. . . ئەوا ئەو دەسەڵاتە تەنیا بۆ ڕوخان باشە.
ئەوەش هەڵەیە لایەنە فەرمییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی ناوبراو تەنیا لە خەمی كورسییە شكاوە بێدەسەڵات كراوەكانی پەڕلەمان و بەرژەوەندی كەسەكان و لە خەمی سەروەت و سامانە ناشەرعییەكەی خۆیان بن كەچی باس لە دیموكراسیەت و دادپەروەریی دەکەن و گوایە نەوەی نوێ بێتە كایەوە و ئەوی دیش داوای گۆڕانخوازیی بكەن، بەڵام لە پشت پەردەوە شتی تر بگوزەرێت. هیچ بازرگانێكی سیاسی ناكرێت دەوڵەمەند بووبێت، ئەگەر بە رێگای فەسادەوە نەبوبێت، یان ئەوانەی كار لەسەر بە ئیسلامكردنی کۆمەڵگا دەكەن و لە خەمی بە توركیا و بە ئێران و سعودی كردنی وڵاتن. ئەوانەش بەقەد دەسەڵات تاوانبارن بە حوكمی تێكەڵكردنی ئاین بە سیاسەت و بڕوا نەبوون بە لامەركەزی و عەلمانییەت و بوونە ئەجندای دەرەكی. ئەوانەی لە هەر گەڕەكێك دوو مزگەوت و حوجرە و تەكێخانە دروست دەكەن، بەڵام بیر لە دروستكردنی كتێبخانە و سەنتەرێكی ڕۆشنبیریی ناكەنەوە، ئەو لایەنە ئیسلامییە سیاسیانەى كار لەسەر تۆتالیتاریزمێكی نوێی ئیسلامی دەكەن. ناكرێ ببنە ئەلتەرناتیڤێكی تەندروست بۆ کۆمەڵگا.
هەڵبژاردن لە خزمەتی كێدایە
بەشداریكردن لە هەڵبژارندا لە هەرێمێكی داگیكراودا بەو هەلومەرجەی دەگوزەرێت شەرعیەتدانە بە تالانچێتی و مورتەزەقەیی و پێشیلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵاتەوە، هەربۆیە (بایكۆتكردن ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقیە)، با دەسەڵات تەنیا خۆی و خۆی بێت و دەموچاوە ڕاستەقینەكەیان زەقتر بە دەر بكەوێت و بەناو ئۆپۆزیسیۆنەكانیش بە گشتی بەشدار نەبن لەو كارەساتە مێژوییەدا، بەڵكو كار لەسەر كەرەسەكان بكرێت (هوشیاركردنەوە و رێكخستنی چین و توێژە بێ مافكراوەكان و ستراتیژیی پێچەوانە و بوێریی و كەمكردنەوەی گەندەڵیی و لە خودی سەرەكانەوە دەست پێبكرێت، بردنەوەی متمانەی جەماوەر و دوور كەوتنەوە لە تەوریسی سیاسی و خەباتی جەماوەریی و تەسلیم نەبوون. . . )، بەڵام ئایا ئەوە بە كێ دەكرێ؟ لانی كەم بۆ ئەم قۆناغە چۆك بە دەسەڵاتداران بدرێت بۆ زۆرێك لە داخوازیەكانی گەل.
دروشمی نوێ
ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن دروشمەكانی دەسەڵات دووبارە نەكەنەوە و نەبنە دیوێكی تری ئەو دوو حیزبەی دەسەڵات، داواكاریی واقعبینانەی نوێ بهێننە سەر شەقام و بیكەنە ستراتیژی نوێ و شەقامی بۆ بجولێنن. .
1) داوای بە هەرێم (كانتۆن) كردنی پارێزگاكانی (باشور) هەرێمی كوردستان بكرێت لەسەر بنەمای فیدرالی و لامەركەزی دوور لەو دوو ئیدارە حیزبیەی دەگوزەرێت و ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقیش نییە، هەر هەرێمە خاوەن سێ دەزگا دەوڵەتیەكە بێت (بەندە بۆ ئەم بابەتە خاوەن پڕۆژەیەكی تێروتەسەلە لە چوارچێوەی یەكێتیەكی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا، بڕوانە لینكی دانراو:
2) دروشمی جوداكردنەوەی دین و دەستور لە یەكتر گەرنا هیچ جیاوازییەكیان نامێنێت لەگەڵ لایەنە ئیسلامی و كۆنە پارێزەكان، بەڵێ بۆ ئازادی ئاین، بەڵام دەستورێك كە بتوانێت نوێنەرایەتی گشتی بكات.
3) دروشمی نەخێر بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی چونكە نەگونجاوە بۆ ئەم شێوە کۆمەڵگایانەو لە دیكتاتۆریەت زیاتر هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. بروانە ئەزمونەكەی هەرێم و ئەوەی توركیا.
ئۆپۆزیسیۆن كێیەو دەبێت چۆن بێت؟
لێرەدا دەبێت جیاوازیەك هەبێت ئۆپۆزیسیۆن لە حیزبی دەسەڵاتدار جودا بكاتەوە، بۆنمونە بەرنامەی جیاواز لەوەی دەسەڵات و میتۆد و سیاسەتی جیاوازو ئایدیۆلۆژیای جیاوازو ئالتەرناتیڤی هەبێت، ئۆپۆزیسیۆن وەك ئۆپۆزیسیۆن ڕەفتار بكات. ئۆپۆزیسیۆن دەكرێ حیزبێكی سیاسی، ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەڕلەمان بێت یان هێزو جەماوەری ناڕازی دەرەوەی پەڕلەمان بێت.
بەگشتی جیاوازی دەكرێت لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی هاوكارو ئۆپۆزیسیۆنی توندا. ئۆپۆزیسیۆنی توند هەوڵی خۆجوداكردنەوە ئەدات لەگەڵ حكومەتدا و هەڵەكانی دەخاتە ڕوو بۆ سەنگەر گرتن لێی و خۆنیشاندان وەك ئالتەرناتیڤێكی باشترو ئەوەش بە كردار نیشان ئەدات. ئۆپۆزیسیۆنی هاوكارو شەرمن هەوڵ ئەدات بۆچوونەكانی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ یاساكانی حكومەتداو هاورێیەتی حیزبی دەسەڵاتدار دەكات. لێرەدا ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەبێت دەست لەوە هەڵبگرێت ڕەخنەی توند لەحكومەت بگرێت یان كرداری دژ بە دەسەڵات ئەنجام بدات. ئایا ئەوانەی هەرێم دەیانەوێ لە كام لەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنە بن ئەگەر خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن.
ئۆپۆزیسیۆنەكانی لای ئێمە لە توخمی ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست و ئیسلامی و چەپدایە، كە تا ئێستە بەلگەی پەككەوتەیی خۆی نیشان دەدات. لاوازیی پڕۆژەی سیاسی و ستراتیژیی، نەبوونی توانای نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، شكستی سیاسی و دۆگمای فكریی و نامۆبوون بە گۆڕانكاریەكانی کۆمەڵگاو داخرانی رێكخراوەیی، پاشكۆیەتی سیاسی، بەشداریكردن لە بەرەیەكی نیشتیمانی كارتۆنی و گەڕانەوە بۆ تاقمبەندیە تەقلیدیەكان و دەست تێكەل كردن لەگەڵ بێگانە، پشت نەبەستن بە بنچینەی ئەقلانییەت، كار كردنی سیاسی بە پێی زەوق و ئارەزو و لوتبەرزانە، گوتارە سیاسییەكانی ئەقڵی جەماوەر ناهێنێتە ئاخاوتن بەڵکو پشت بە سۆزو عاتیفە دەبەستێت، هەروەها نەبوونی دادوەریەكی حیزبیی سەربەخۆی سیاسی. هەموو ئەمانە لە شكستەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردیە لە هەرێم. لە كاتێكدا كایەی سیاسی توانایەكی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزیسیۆن بۆ كاركردنی سروشتی، چ جای بینینی ڕۆلێك.
دەسەڵات دەیەوێت بەناوی ئازادی و دیموكراسیەوە ئازادی و دیموكراسی لەناو بەرێت. دیموكراسیترین سیستەمی سیاسی بێبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتە دیكتاتۆر، بەڵام ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی من مەبەستمە. ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بزانێت ئەدای كارەكانی چییە لە دەرەوە یان لەنێو پەڕلەمانداو لە مەهامو ماف و ئەركەكانی خۆی تێبگات، هەروەها ڕاستگۆبێت لەگەڵ جەماوەرەكەی خۆیداو سەركردایەتیەكی شۆڕشگێرانەی شوێنەكەوتوەكانی خۆی بكات، ئەو جەماوەرەی كە ئەم نوێنەرایەتی دەكات و متمانەی پێبەخشیوە. هەروەك چۆن دەسەڵاتی سیاسی هەیە هەر بەم شێوەیەش دەبێت ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیش هەبێت. ئۆپۆزیسیۆن بوون بە واتا زانستە سیاسییەكەی بۆ هەرێم (باشوری كوردستان) وەك هەوا وایە بۆ ژیان، بەڵام كام ئۆپۆزیسیۆن؟ هۆكارەكانی لاوازیی یان نەبوونی كەلتوری سیاسی و دواكەوتویی باری کۆمەڵایەتی و كزیی هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەبوونی سیستەمی دیموكراسی لەو فاكتەرانەن كاریگەری خۆیان هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و بە زیان گەڕاوەتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش.
گەل ناڕازی و توڕەیە
گەل ناڕازی و توڕەیە، بۆنمونە دەبوو گۆڕان نەك تەنیا بە دروشمی بریقەدار پشتگیریی تەواوی 17ی شوباتی بكردایە بەڵکو بەهی خۆی بزانیایە نەك بە گێرەشێوێن پێناسەی بكردایە. بزوتنەوەی گۆڕان دەبوو خاوەن دەموچاو و ئایدیۆلۆژیاو ستراتیژیەكی سابت بوایە (جارێك دەوترێ ئێمە ڕەخنەگرین، جارێك رێفۆرمخوازین، جارێك بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسین. . . ) كەچی بەشداریش دەبوو لە حكومەتی خێلێكی سیاسی، دواتر بە سەقەتی لێی هاتە دەرەوە.
ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی بچێتە ژێر چەترێكی كوونی دەسەڵاتێكی ستەمكار بێگومان باران شان و ملی تەڕ دەكات. ئەوە كورتبینی سیاسی بوو، یان دەبێت نوێنەری ڕاستەقینەی گەل بن و ڕاستگۆ بن و لە خۆیانەوە دەست پێبكەن و دووربن لە تەوریسی سیاسی و مادیی یان ئەوەیە ئەو دەموچاوانە بڕۆنەوە مالەوە، ئەوە بۆ لایەنەكانی كەشە. شتێكی نامەنیقیەو تاوانە هێزێكی سیاسی دەنگە ناڕازیەكان وەك ئیسفنجێك هەلمژێت و دواتر لە شوێنی هەڵەدا بیگوشێت. حیزب جا دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزیسیۆن دەبێت وەك پێویستیەكی سیاسی و مێژویی و کۆمەڵایەتی دروست بووبێت، گەرنا نەبوونی شتێك باشترە لە بوونێكی ناپێویست و خراپ. پێویستە هەموو لایەنەكانی ناو، و دەرەوەی دەسەڵات تەقیمێكی سیاسی ئەو چەند سالەی تەمەنی خۆیان بكەن ئەوان كێن و چین و لەچیدا سەركەوتو نەبوون لە ئەدای كارەكانیانداو بۆچی؟
ئۆپۆزیسیۆنی شەقام
ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی و گروپەكانی فشار هەن كە رێكخراوی سێبەر نین و خاوەن هەڵوێستی تەندروستن، خاوەنی كەسانی ڕۆشنبیرو ئەكادیمیست، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و مامۆستایان و كەسایەتی بە هەڵوێست و ئازاین، خاوەن چەندین رێكخراوی گەنجان و ژنان و خوێندكارانی ڕەخنەگری دەسەڵات و ژمارەیەك لایەنی هێزە چەپەكان هەن. . . ئەگەر هەموو ئەمانە بە ڕاكێشانە ناوی زەحمەتكێشان، كاسبكاران و فەرمانبەران. . . بتوانن بە ڕۆح و هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (پلاتفۆرمێكی، بەرنامەیەكی هاوبەش)، لە بەرەیەكداو لەژێر چەترێكی جەماوەریدا بۆ ئەم قۆناغە رێكبخرێن و كۆبكرێنەوەو خاوەن مەرجەعیەتێك بێت بۆ سەركردایەتی كردنی ڕاپەڕین و بزوتنەوەیەكی جەماوەریی رێكخراو بە پلان و ستراتیژو بەرنامەو بە نەفەس درێژی و ورە بەرزی دەكرێت راپەرینێكی جەماوەریی تۆكمەی لێ بكەێتەوەو دەسەڵاتیش ئەو شێرە نییە كە خۆی لەبەردەمیدا بۆ مەودای دوور بگرێت. دووریش نییە لە ئەنجامی توڕەیی جەماوەر بەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانی، ڕاپەرینێكی جەماوەریی عەفەوی بێ سەرو سەركردە ڕوبدات و دواتر دامركێتەوەو كورت خایەن بێت. . هیچ بە دوریشی نازانم ڕەفتاری دەسەڵات بگاتە ڕادەی ئەوەی ڕۆژگارێك خەباتی ژێرزەمینی و توندوتیژیشی لێبكەوێتەوە. بەڵێ مێژوو دەكرێ خۆی دووبارە بكاتەوە. چونكە هیوا هەڵچنین لەسەر ئەو هێزانەی خۆیان ناو ناوە ئۆپۆزیسیۆن لاواز بووە.
ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەڵاتە، دەسەڵاتی خێڵ و خێزان و سیستەم و دەسەڵاتی تەقلیدیی و كۆنەپارێزو ستەمكار هی چاكسازی و دەستاودەست كردنی دەسەڵات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواكاریەكانی گەل و پەیڕەویی پڕەنسیپە دیموكراتیەكان و رێفۆرم كردن بكات، ئەوا لە بازنەیەكی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوەو هیچ لە سیاسەت و ئەزمونە سیاسییەكان و مێژووی سیاسی تێنەگەیشتوە. دەبێت بزانرێت خەباتی پەڕلەمانیی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە. كات بۆ بیرۆكەی بە نرختر بۆ ئایندەو چارەنووسی گەل گرنگیی تایبەتتری هەیە.
پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی
لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆشدا پێدەچێت پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی لە باشور بە ڕاپەرین و شۆڕشی ناوخۆ، ناكۆكی قورسی نێوخۆی دەسەڵات، یان بەكارهێنانی ڕوخسارەكانی تری زەبروزەنگ بۆ بەزۆر دەست لە دەسەڵات پێهەلگرتن بێت، هەندێك جاریش بەدەستێوەردانی دەرەكی و گۆڕان لە هاوكێشە سیاسییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكاندا.
توڕەیی خەلكیی باشوری (هەرێمی) كوردستان لەو دەسەڵاتە سیاسییە گەیشتۆتە لوتكەو دەمێكە متمانەی پێ نەماوەو ئامادەی كاردانەوەشە، بەڵام پێویستی بە ڕابەرایەتیەكی شۆڕشگێرە، بەهێزێكە رێنیشاندەری بێت و جێگای متمانەی بێت و رێكی بخات و لە نیوە رێگادا بە تەنیا جێی نەهێلێت و نان بڕاوی نەكات، بەلارێدا نەبرێت و موزایەدە بە خەباتەكەیەوە نەكات، گەل ئامادە نییە بۆ هەموو كەس و حیزبێك بێتە سەر شەقام و نەكەوێتە ئەو بارودۆخەی كە سیاسەت بە شتێك بزانێت كە تەنیا بەدبەختی دەهێنێت و متمانەی پێی نەمێنێت، لە كاتێكدا سیاسەت دیوە فەزیلەكەیشی هەیە.
بیرۆكەی شۆڕش و ڕاپەرینێكی جەماوەریی ڕێكخراو لە باشور
ئەلبێرت كامۆ لە كتَێبی مرۆڤی یاخیدا دەنووسێت "یاخیبوون كاتێك ڕوو دەدات، كە مرۆڤی یاخی هەست بكات لە شوێنێك، بە جۆرێك لە جۆرەكان لەسەر هەقە. . . كە ئەو كاتەش ناعەدالەتی دەبێتە یاسا، یاخیبوون دەبێتە ئەرك. . . ئەو كۆیلەیەی كە بە درێژایی هەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ كردووە كتوپڕ، كە فەرمانی تازەی پێ ئەدرێ بریار دەدات جێبەجێی نەكات. یاخیبوون بە گژدا چوونەوەی پووچی ژیان و نائومێدی و ناعەدالەتیە. ڕەتكردنەوەی هەر شتێك یان هەموو نەخێر گوتنێك لە هوشیاریەوە سەرچاوە بگرێت. تاك بە هوشیاریەوە هەردوو وشەی (نەخێر و بەڵێ) بەكار بهێنێت نەك مورید ئاسا تەنها سەری بەڵێ ڕاوەشێنێت". كەواتە ئەگەر مرۆڤ بە سەرشۆڕی ڕازی بێت، هەر شتێك بێت بەڵام مرۆڤ نییە.
هێزو لایەنەكانی دژ بە شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەریی لە هەرێم خاوەن رێكخستنەو هێزی هەیە، هەربۆیە ئەگەر شۆرشگێڕان بە هەمان هێزو دیسپلین و ئیرادەوە ڕوبەڕووی نەیارەكانی نەبێتەوە ئەوا ڕوبەڕووی لێدان و داڕمان دەبێتەوە. ئەو كاتەی مرۆڤ ڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین دەگرێتە بەر بەواتا بە بریارێكی پۆلاینەوە دەبێت ڕێگای هێرش كردن بگرێتە بەر. بەرگری كردن بێ هێرش كردن كوشتنی هەموو ڕاپەرینێكە بە هی چەكداریشەوە، ئەگەر ناچاری بەرگری كردنیش كرایت ئەوا سەنگەر لێبدەو جەنگی شەقامی لەگەڵ بكە بۆ ئەوەی مەعنەویاتی جەماوەر نەڕوخێت. جەماوەر بهێنە سەر شەقام و ڕوبەڕووی دژەكەت بەرەوە، ئەوەندەس هێزەكانی پەرش و بلاوەو متمانەی خەڵكیی كەم بۆتەوە پێی و ڕۆژانە ڕوبەڕووی شتی نوێی بكەرەوە ئەگەر سەركەوتنەكانیش كەم بن، بەتایبەت خاڵە لاوازەكانی بقۆزەرەوە. دوژمنەكەت ناچاری كشانەوە بكە، پێش ئەوەی هێزەكانی خۆی لە دژت رێكبخاتەوەو ئازایەتی بنوێنە. ئەوە بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنیانەشە.
شۆڕش و ڕاپەرین دەبێت پشت بە هێزی گەل ببەستێت. بە تایبەت بەوانەی كە پێشەنگی شۆڕشن و لە پێشەوەی گەل زۆرترینن. سەركردە ناڕازیەكان خۆیان لە ڕیزی پێشەوەدا بن، درز بخەنە نێوان هێزەكانی دژ، بە تایبەت ئەوانەی لەناو هێزەكانی دوژمندا، هی دەسەڵاتدا دوو دڵییان هەیە بەرامبەر كارەكەیان و بێهێزن و زۆرینەیان لە پێناوی بژێوی ژیاندا لەنێویدا ماونەتەوەو چاوەرێی ئەلتەرناتیڤێكن جێگای متمانە بێت. بەڵام ڕووش ئەدات كە شۆڕشی گەلانێك سەركەوتوو بووە بەڵام دواتر نوخبەو سەركردەكانی بوونەتە گەندەل و گەلەكەی خۆیان ڕوتاندۆتەوەو جیاوازییان نەبووە لەگەڵ دوژمنە ڕوخاوەكەیاندا وەك ئەوەی یەكێتی و پارتی كردیان. هەندێك جاریش شۆڕش و ڕاپەرینێك بەلارێدا دەبرێت وەك ئەوەی لە ئێرانی سەردەمی شا ڕوویدا. یەكێتی و پارتی وتیان "شۆڕش" دەكەین دژ بە ڕژێمی بەعس، كەچی ئێستە شۆڕش منداڵەكانی خۆی دەخوات.
حەقیقەتی ڕەها نییە
لە كۆتایدا دەنووسم : ئەمڕۆكە لە سەر گۆی زەوی هیچ سیستەمێكی سیاسی نییە بێگەرد و خەیاڵی بێت وەك ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە باس دەكرێت، هەربۆیە من بۆ ئەم قۆناغە مێژوییەی ئەمڕۆ واقیعبینانە ڕەزامەندم لە هەرێمێكی (باشوری) كوردستاندا، لە عێراقێكدا بژیم بۆنمونە لە 30% گەندەڵی تێدا بێت وەك لە 100% بێت چونكە ڕەهاو حەقیقەتی ڕەها نییە بەڵكو هەموو شتەكان لەسەر ڕیتمێكی ڕێژەیی دەڕۆن.
وشەی كۆتایی
شۆڕشێكی سیاسی، فكری، کۆمەڵایەتی، لامەركەزی و عەلمانی (جودا كردنەوەی دین لە دەستور) بكرێتە پێشەنگی كارەكانی ئایندەو دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانرێت كە ئازادی نرخی گرانە. ڕاستە وتنی ئاسانە لە كردنی بەڵام ئەوە پرەنسیپ و چارەسەرو ستراتژە دوور خایەنەكەیە. ئەوەش لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت ئەویش بەپێی هەلومەرجەكانی ئەو وڵات و کۆمەڵگایە خۆی. هەموو گەلێك بە ئەزمونەكانی خۆیدا تێدەپەرێت و دیاردەی نوێ دێتە كایەوەو دەبێت بزانێت كام لە سیستەمە سیاسییەكان بۆ ئەو گونجاوترینە. . . هیچ مرۆڤێك ئیتر سەر بە هەر چین و توێژێكی کۆمەڵایەتی بێت تاسەر كۆت و زنجیری چەوساندنەوەو كۆیلایەتی قبول نییەو زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەرێت و هیچ سیستەمێكیش نەگۆڕ نییە. مرۆڤ ئەوەندە نەفرەت لە تاریكیی نەكات بەڵکو هەستێت و چرایەك داگیرسێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست