کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هاتنی بارزانی بۆ بەرلین

Wednesday, 20/12/2017, 21:42


بارڕونکردنەوەی واقعێک / وەرگێڕانی ئەو نوسینە ئەلمانیەی ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی ئەلمانیاو میدیاکانم کردوە سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان ... 
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 
بۆ وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا بەرێز زیگما گابریێل ، بۆ ڕای گشتی و میدیاکان 
سالار باسیرە  
دوای جەنگی دوەمی کەنداو بە بریارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، سالی 1991 ، لە سەرووی هێلی 36 ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان پێکهێنرا. لەو کاتەوە کورد خۆی پیادەی دەسەلاتی خۆی دەکات لەم ناوچەیەدا. ئەم ناوچەیە (هەرێمی کوردستان) لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسیەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت کە بریتین لە دەسەلاتی خێزان و خێل و بنەمالەی تەقلیدی. ئەم پێکهاتە تەقلیدیانە دەشبێت بەم ئەقلیەتە تەقلیدیە ئیدارەی سیاسی بەرێوە بەرن گەرنا دەسەلاتەکەیان دەکەوێتە بەر مەترسی. بەم هۆیەوە پەیوەندی بنەمالەیی و خزمایەتی و پابەند بوونی کەسیی دروستبووە. لێرەدا گەشە کردنی ئابوری بە شێوەیەکی ڕوون گێڕ بووە.  
دەسەلات خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە. ئەحزابی زۆری دەستکردو، هەندێکی تری بەشدارپێکراو یان بەشدار بوو لە دەسەلاتدا بەلام بێکاریگەر ، میدیای زۆری سێبەر...تاد. هیچی گوزارشت لە کۆمەلگەیەکی سیاسی پلورالیستی ناکات.  
گەندەلیی و هەژار بوونی کۆمەلگە  
لە لایەن هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دیاردەی گەندەلیی گەیشتۆتە سەر لوتکەی شاخ. لە کوردستانی عێراق بە تایبەت بازرگانیی نەوت وەرچەرخانێکی گەندەلیی قورسی بە خۆیەوە بینیوە. بە ملیارد دۆلار لەو سالانەی دواییدا بە رێگایەکی ناشەرعی کەوتۆتە دەست کەسانێکەوە. بەم هۆیەوە توێژێکی ملیۆنەرو ملیاردیری دۆلار دروستبووە. بە تەنیا دەسەلاتدارانی کورد لەم بەشەی کوردستاندا لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە (خێزانی بارزانی و تالەبانی) بە ملیارد دۆلاریان لە بازرگانی نەوت و باج و دەستکەوتی قاچاخ بۆ خۆیان بردوەو خۆیان کردۆتە خاوەنی بەشێکی زۆر لە زەوی و مولک. برێکی زۆر لە پارە دزراوانەی گەل نێردراونەتە سەر حیسابی بانقە بیانیەکان ،دیارە  بۆ ئەلمانیاش. هەروەک لای هەموو دیکتاتۆرەکان دوای ڕوخانی دەسەلاتەکەیان ئەو کات مرۆڤ تەواوی دزی و کارە گەندەلیەکانیان دەزانێت. هەمان شت بۆ دەسەلاتدارانی بەغداشە. خۆ دەولەمەندکردنی کەسە سەربازیەکان و سیاسیە مەدەنیەکان لە کوردستان ــ عێراق بۆتە دیاردەیەکی بەربلاو. موڵکی  گشتی لەلایەن کەسە دەسەلاتدارەکانەوە دگیر دەکرێت. چینە دەسەلاتدارەکە خاوەن ئیدارەو میلیشیاو ئامرازەکانی دەسەلاتی خۆیەتی ، لە کاتێکدا گەل دەروتێنرێتەوەو دەچەوسێنرێتەوە.  
چارەکە مووچە ئەدرێت بە فەرمانبەران ، یان دوا دەکەوێت و حکومەت قەرزاری فەرمانبەرانە. ئەم شێوازی گەندەلی و سیاسەتە سەقەتە بۆتە هۆی دروستبوونی کوێرەوەری بۆ کۆمەلگە. لە پال بارودۆخی خراپی کۆمەلایەتی و ئابووری ، سیستەمی تەندروستی و پەروەردەش لە بارێکی کەرەساتاویدایە. ئەوە جگە لەوەی ڕاونان و تیرۆر کردنی ڕەخنەگرانی ڕژێم و خنکاندنی ئازادی سیاسی بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە لەو ولاتەدا. لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاوی کەسە حیزبیەکان و داروەستەکانی خێزان و خێلە دەسەلاتدارەکە بوونەتە خاوەن کۆمپانیای زەبەلاح ، باقی کۆمەلگە بوونەتە سوپایەکی هەژاری بێدەسەلات. شتێک نیە لە هەرێمی کوردستان بە خوێندنەوەی زانستی سیاسی پێی بوترێت دیموکراسیەتی پەرلەمانی ، هەربۆیە دیاردەیەکی رێکەوت نیە کە جەماوەر لەم ولاتە پشتی کردۆتە سیاسەت و متمانەی بەو شێوە دەسەلاتە نەماوە. دادوەری و مافە سیاسیەکانی تر و دامودەزگاکان وەک پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریی لە لایەن دەسەلاتدارانی هەولێر وەک ئۆبجەکت و مولکێکی شەخسیی مامەلەی لەگەلدا دەکرێت.  
توانای بەسەر ئامرازەکانی دەسەلاتدا هەیە هەروەک بەسەر شمەکێکی خۆیدا هەبێت. بەم شێوەیە دەکرێ بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ ، لە وەرەسەدا بەش بکرێ. لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسی لە کۆمەڵگا سەندراوەتەوەو دوور خراوەتەوە لە هوشیاری سیاسی. گەل بێ مافی سیاسیەو وەک خزمەتکار ، وەک ئۆبجەکتی ڕوتاندنەوە سەیر دەکرێ نەک وەک هاولاتی لە تێڕوانینی کۆمەَلگەی مەدەنیەوە. جوداکردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەکان و گشتیەکان نیە. سەرجەم پەیوەندیەکانی دەسەلات پەیوەندی کەسییە نەک موئەسەساتی. جوداکردنەوەی دەزگاکان بە ڕوکەش ددان پێدا نراوە ، هەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێبدرێ ، بەلام لە پراکتیکدا بوارە شەخسیەکان و گشتیەکان لەیەکتر جودا ناکرێنەوە. داگیرکردنی موڵکی گشتی بە ڕێگای دەسەلاتداری کەسەوە ڕەفتاری پێوە دەکرێ هەروەک ئەم ولاتە هەمیشە موڵکی خێزان و بنەماڵە (بنەماڵەکان) بوبێت. ئەم "سیستەمە سیاسیە" بەردەوام سەرقالی ئەوەیە ریگا لە چالاکی و دروستبوونی ریکخراوە کۆمەلایەتیە بێلایەنەکان بە میتۆدی جۆراوجۆر بگرێت و کۆنترۆڵی بکات و تەواوی دەسەلات لە دەستی سەرۆکێکی ناشەرعیەو تەنانەت حیزبیش بۆتە ئامانج نەک ئامراز. هەمان شت بۆ پەیوەندیەکانی دەرەوەشیانە. ئاخۆ یەکیک لە هۆکارەکانی هاتنی بارزانی بۆ ئەلمانیا ئەوە بێت کە پارەیەکی زۆری ناشەرعییان لە بانقەکانی ئەلمانیا داناوەو حکومەتی بەغداش داوای بلۆک کردنی ئەو پارانە دەکات و گێرانەوەی بۆ عێراق ... هۆکاری ئەوە لە چیدایە کە براکەی مەسعوود بارزانی بە ناوی نوێنەری حکومەتی هەرێمەوە لە بەرلین چوار پاسەوانی ئەلمانی بە دواوەیەو پارەکەشی لەسەر حکومەتی ئەلمانە کە دەبێت لە پارەی باجی خەلکیی بدرێت. 
بەرێز وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا:  
لە هەرێمی کوردستان هیچ واتایەک بۆ دەستورو یاساکان و تەنانەت بۆ پەرلەمان و حکومەت و حیزبیش نەماوەو هەمووی کراوەتە بەری سەرۆکی خێزان و بنەمالە. دیاردەیەک نمونەی سیستەمە دیکتاتۆرەکانە. 
تەنانەت هێزە ئیسلامیستە ڕادیکالەکان لە باشوری کوردستان لە سایەی هەردوو دەسەلاتی یەکێتی و پارتیدا بێ رێگریی کردن گەشەیان کردوەو بە هاوکاری نەک تەنیا حکومەتی هەرێم بەلکو لە لایەن ئێران و سعودیە و تورکیاوە بەهێز کران و زۆربەیان هاوپشتی داعیشن. بە دەیان هەزار هاولاتی کە ڕوو دەکەنە ئەلمانیاو ئەوروپا لە هەرێمی کوردستانەوە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوت و هەلەیەیە کە دەسەلاتدارانی هەرێم لە سایەی یەکێتی و پارتیەوە پیادەی دەکەن. 
رێفەرەندۆم 
ئەو ڕەفەرەندۆمەی لە کوردستان لەلایەن دەسەلاتەوە ئەنجامدرا بە زیان گەڕایەوە بۆ کوردستان و نائەقلانی بوو. بۆ بەرژەوەندیەکی نەتەوەیی نەبوو بەلکو بۆ پتەوکردنی دەسەلاتی بارزانی بوو. حکومەتی عەبادی ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و لە ماوەیەکی کورتدا بەشێکی گەورەی باشوری کوردستانی داگیر کرد بێ هیچ کاردانەوەیەکی دەسەلاتدارانی هەرێم و تەسلیم بە بەغدا کرا ، لە کاتێکدا کە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو ناوچانەی لە داعش ئازاد کردو عەبادیش وەک کۆلۆنیالیستێک مامەلە لەگەل کوردستاندا دەکات. هەربۆیە کوردەکان دەسەلاتی کوردیی بە خیانەتکار وەسف دەکەن. بەشێکی ئەو چەکانەی کە ئەلمانیا داویەتی بە هێزی پێشمەرگە لە لایەن عەسکەریەکان و دەسەلاتدارە مەدەنیەکانەوە لە بازاری ڕەشدا فرۆشراوون. 
( پرسیارێک بۆ وەزیری دەرەوەی ئەلمانیا ) 
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە ئەو پرسیارە دەکەین چۆن ئەلمانیایەکی دیموکرات و دەولەتی یاسا ، وەزیری دەرەوەی پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتێکی هەرێمی ناشەرعی (نیچیروان بارزانی) جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات کە مێژوی سیاسیان مێژویەکی پڕ لە گەندەلی و ستەم و ڕوتاندنەوەو ئەیجرامیە بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان. لیرەدا پێشوازی لە سەرۆکی خێلێکی سیاسی دەکرێت بە ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمێکەوە کە بەرپرسن لە پێشیل کردنی مافەکانی مرۆڤ و بە دەستەوە دانی هاولاتیە یەزیدیەکان بە داعش کە بووە هۆی کۆمەل کوژییان. دەبوو ئەم کەسەو هاوشێوەکانی ئێستە لەقەفەسی دادگا بونایە .. هەر هۆکارێکی سیاسی وئابوری لە پشت ئەم یەکتر بینیەوە بێت بەلام لەخزمەتی گەلی کوردستاندا نیەو دەبێتە جێگای ناڕەزایی ملیۆنان هاولاتی. 
لەگەل رێزدا 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە