عێراق بكرێتە دوو فیدراسیۆنی فیدرالی عەرەبستان و كوردستان، یان دوو دەولەتی كۆنفیدرالی
Tuesday, 28/06/2011, 12:00
هەشت مۆدێلی سیاسی بۆ عێراقی ئایندە
سەبارەت بەپێكهاتەی سیستەمی سیاسی عێراق، فیدرالیزم وهەرێمایەتی، هەروەها بۆ دروستبوونی دەولەتێكی كۆنفیدرالی كوردی بەلام فیدرالی ئەم مۆدیلە سیاسی و ئالتەرناتیڤە جیاوازانە لە یەكتر لەم نوسینەدا دەخەمە بەردەم خوێنەران:
(1) سیستەمی سەنترالیزم وكێشە سیاسی و فكریەكان
دەسەلاتدارە یەك لەدوای یەكە عێراقیەكان هەمیشە دەسەلاتی دەولەتی موتلەقی ناوەندیان دروستكردوە كەتەنها لەم بۆچوونە سیاسیەوە هەولی فەرمانرەوایی دەولەت وكۆمەلیان داوە. ئەم شێوازی بیركردنەوە سیاسیە لەسالی 1921ەوە لە دروستبوونی دەولەتی عێراقەوە بەم شێوەیە ماوەتەوە. هەروەها ناسیۆنالیزم وەك ئامرازێكی ئایدیۆلۆژی لەخزمەتی شەرعیەتدان بوە بۆ دەسەلاتی ناوەند. مێژووی سیاسی عێراق بەروونی نیشانیداوە كەدەسەلاتی ناوەند (سەنترالیزم) بۆ ولات وكۆمەلگایەكی پلورالیزمی عێراق بەپێكهاتە ئێتنیكی وسیاسی ومەزهەبی و كەلتوریەكەیەوە هەرگیز سەركەوتو نەبووەو نابێتە ئالتەرناتیڤێكی دیموكراسی. سەنترالیزم و دیموكراسیەت دوو شتی نەگونجاوون پێكەوە. بەرژەوەندی گەلانی عێراق دەبێت لەوەدا بێت ناوەندی سیاسی بەشێوەیەك دەستوەرنەداتە كاروباری ناوخۆی گەلانی عێراق و لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان كۆنترۆل نەكرێن. لێرەدا كەمكردنەوەی دەسەلاتی ناوەند بەرامبەر كەنار گرنگ و پێویستە. ئەمەش لەسیستەمێكی سیاسی سەنترالیزمدا بەدی نایەت. سروشتی سیاسی ناوەند هۆكار بووە بۆ كارنەكردنی سیاسەتی ئەقلانی لەعێراق و هەروەها لەرۆژهەلاتی ناوەراست بەگشتی. ئیستەش زۆربەی لایەنە سیاسیە عیراقیەكان بە فكری دەولەتی مەركەزی كار دەكەن.
(2) سیستەمێكی ئیسلامی سیاسی
هەروەها سیستەمێكی ئیسلامی سیاسی كە نەیەوێت دەولەت ودین لەیەكتر جودا بكاتەوە نابێتە ئالتەرناتیڤێكی واقعبینانەو ئەم لایەنەش بەسروشتی ئایدیۆلۆژیاكەی ناكرێ هەلگری فكری سەنترالیزم نەبێت.
(3) بەسێ هەرێم كردنی عێراق
دابەشكردنی عێراق وەك پرۆژەكەی جۆزێف بایدن باسی لێوەكردوە (بروانە نەخشەی ژمارە 1) بۆ سێ هەرێمی (سونە، شێعەو كورد) بۆ سەرو ناوەراست و خواروی عیراق لە رووی روكەشەوە سەرنجراكێشە بەلام بۆ ئیستەی عیراقێكی پرئالۆز لەرووی تایفی و مەزهەبی و رەگەزەوە، لەرووی پراكتیزەكردنەوە بێكێشەو بێئەنجام نابێت و سەركەوتو نابێت. فكری بە سێ ویلایەت كردنی عێراق بۆ سەردەمی دەولەتی عوسمانی لەوانەیە جێگای بیركردنەوە بێت بۆ كوردو شێعەو سونە. بارودۆخی نیشتەجێبوون و دیمۆگرافی ئەمرۆكەی عێراق لەئەنجامی سیاسەتی رژێمی بەعس گۆرانی سەرەكی بەخۆیەوە بینیوە. بەهۆی باری خراپی ئابوری و دەركردنی بەپلانكراوی شێعەكان لەهۆرو شارۆچكەو گوندەكان و هەروەها كۆچ و رەوی شێعەكان بۆ بەغداو بۆ شارە سونە نشینەكانیش گۆڕانی لە پێكهاتە مەزهەبیەكە خولقاند (نەخشەی ژمارە 2).
ئەگەر بروانینە نەخشەی ژمارە 2 دەگەینە چەندین ئەنجام وەك وەلامێك بۆ ئالتەرناتیڤەكەی جۆزیڤ بایدن: شارێكی وەك بەغداد كە بەپێی ئامارە گشتیەكان خاوەنی نزیكەی حەوت ملیۆن دانیشتوانە زیاتر لە دوو ملیۆن شێعەی تێدا دەژی، هەروەها نزیكەی نیو ملیۆن كوردی فەیلی. ئایا لەبەر رۆشنایی ئەم راستیە دەكرێ بوترێ بەغدا بكرێتە هەرێمێكی تەنیا سونە نشین؟ بەلام بەغداش وەك ناوچەكانی تری ناوەراست و باشوری عێراق ناوچەیەكی عەرەبیە. ئەگەر سەرنج بدەینە نەخشەكە دەبینین خواروی رۆژئاوای عێراق پێكهاتەیەكی تێكەلە لەعەرەبی سونەو عەرەبی شێعە لەبەر ئەوە ناكرێ بوترێت بكرێتە ناوچەیەكی یان هەرێمێكی تەنیا شێعە نشین، بەلام لەروانگەی مێژوەوە بۆی بروانین ناوچەی شێعەنشین بووە. بروكسلی پایتەختی بەلجیكا كەوتۆتە نێو ناوچە هۆلەندیەكەوە (فلاندەرن) بەلام كراوەتە هەریمیكی (ناوچەیەكی) سیێەم و هەردوو نەتەوەكەی تێدا دەژی و ژمارەی فەرەنسیەكان بگرە زۆر زیاترە . هەربۆیە ناكرێ بوتری بروكسل هەرێمێكی تەنیا هۆلەندی نیشینە.
(4) بە پێنج هەرێم كردنی عێراق
"موفق الربیعی راوێژكاری ئاسایشی پێشووی نەتەوەیی عێراق ئاماژە بەوە دەكات كەپێكهاتەكانی جوگرافی عێراق وادەخوازێت عێراق دابەش بكرێت بەسەر پێنج هەرێمی فیدرالدا. بە وتەی ربیعی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە لەرووی جوگرافی و نەتەوەییەوەو دەشتوانرێت چەند ناوچەیەكی دەوروبەریشی بخرێتە سەر ئەم هەرێمە. هەرێمێكی تریش كەناوچەكانی خۆرئاوای عێراق دەگرێتەوەو زۆرینەیان سونە مەزهەبن كەناوچەكانی موسل وفورات، بانەكانی خۆرئاوای عێراق دەگرێتەوە، هەروەها لەناوچەی كوفەش كە ناوچەكانی فوراتی ناوەراست دەگرێتەوە دەتوانرێ بكرێت بەهەرێمێكی تر. هەروەها ناوچەكانی باشوریش وەك بەسرەو دەوروبەری هەردوو روباری فورات ودجلە دەگرێتەوە بكرێتە هەرێمێكی تر. هاوكات شاری بەغداو چەند ناوچەیەكی پارێزگاكانی سەلاحەدین ودیالە لەخۆ بگرێت بكرێتە هەرێمێكی تر" (نەخشەی ژمارە 3).
(5) بە زیاتر لە پێنج هەرێم كردنی عێراق
عێراق دەكرێ دابەش بكرێت بەسەر زیاتر لەپێنج هەرێمە پێشنیازكراوەكەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق. دەولەتی عێراق دەكرێ بكرێتە دەولەتێكی فیدرالی 18 هەرێم، ئەمەش لەئەنجامی كردنی 18 پارێزگاكە بۆ 18 هەرێم، یان دوای یەكگرتنی چەند پارێزگایەك بەپێی دەستوری عێراق لەوانەیە ببێتە 10 - 12 هەرێم. ئەگەر پارێزگاكان هەست بە زەوتكردنی مافەكانیان بكەن لەلایەن مەركەزەوە ئەوا دەتوانن پەنا بۆ فیدرالیەت بەرن. ئەم فرە هەرێمیە دەبێتە هۆی بێهێزكردنی دەسەلاتی سەنترالیزم و بەربەست بێت لەبەردەم گەرانەوەی سیستەمی فەرمانرەوایی سەنترالیزم لە دەولەتی عێراقدا. ترسی كۆمەلانی عێراق برەوێتەوەو هەر هەرێمێك ببێتە خاوەنی سێ دەسەلاتەكەو ئیدارەی تایبەتی خۆی گونجاو لەگەل واقعی عێراقێكی پلورالیزمدا پالپشت بە پیادەكردنی دیموكراسی تەوافوقی. ئەم مۆدێلی سیستەمە سیاسیە دەكرێ عێراق لەكۆمەلێك قەیرانی ئیداری و سیاسی و مەزهەبی دووربخاتەوەو رێگاچارەیەكی گونجاو بێت بۆ سەقامگیری ودیموكراسیەت.
(6) بەشداری پارێزگاكان لە ئەنجومەنی فیدرالی
ئالتەرناتیڤێكی تر بریتیە لەبەشداری پارێزگاكان لە ئەنجومەنی فیدرالی هەریەكە بە 2 دەنگ كە دەكاتە 36 نوێنەر وەك مۆدێلەكەی سویسرا.
(7) فیدراسیۆنی كوردستان و فیدراسیۆنی عەرەبستان
عێراق بكرێتە دوو فیدراسیۆن (كوردستان و عەرەبستان) لەسەر مۆدێلەكەی بەلجیكا لەچوارچێوەی سیستەمیكی فیدرالی بەلام بە چارەسەری مادەی 140 ەوە (نەخشەی ژمارە 4). لەم حالەتەدا سێ پاریزگاكەی هەرێمی كوردستانیش ببنە سێ هەرێمی سەربەخۆ. سەبارەت بەناوچە دابراوەكانیش ئەو ناوچانەی سەر بە سێ پاریزگاكەی هەرێمن بخرێنەوە سەر سێ پارێزگاكە (نەخشەی ژمارە 5). كەركوك ئەمیش دەكرێ لەبەر رۆشنایی واقعی كەركوك خۆی و وەك چارەسەرێك بۆ پێكهاتەكان بكرێتە هەرێمێكی تایبەتی سەربەخۆ بەلام مانەوەی ماددەی 140 لەگەلیدا، بەلام پاریزگای كەركوكیش بەگشت پێوەرەكان سەر بەباشوری كوردستانە وەك چۆن بەغدا بەپێكهاتە جیاوازەكانیەوە عەرەبستانە. دانیشتوانی سویسرا كە 7.8 ملیۆن كەسە كەمێك لەدانیشتوانی باشوری كوردستان زیاترە، روبەرەكەشی 41'285 كم دوجا لە باشوری كوردستان زۆر بچوكترە، خاوەنی 26 هەرێمەو فرە نەتەوەو كەلتورەو فرە حیزبیەو مۆدێلەكەشی سەركەوتوەو دەولەتیشە.
(8) دەولەتێكی كوردی فیدرالی بەلام وەك دوو دەولەتی كۆنفیدرالی كوردستان و دەولەتی عێراق
ئالتەرناتیڤەكەی تر ئەوە دەبێت عێراق لەیەكتر دەترازێت وهەلدەوەشێتەوەو لەئەنجامی ئەمەش باشوری كوردستان ببێتە دەولەتێكی سەربەخۆ بەلام دەولەتێكی كوردی فیدرالی فرە هەرێم بەلام وەك دوو دەولەتی كۆنفیدرالی كوردستان و دەولەتی عێراق بە گرێدانی چەندین بواری وەك بەرگری و كەلتوری و بازرگانی...تاد. دەكرێ بەم رێگایە كێشەكانی نێوان كورد و عەرەب و عەرەب خۆیشی سەبارەت بە دۆزی كورد چارەسەر بكات.
كام ئالتەرناتیڤ؟ لەبەر رۆشنایی لێكۆلینەوەی ئەو مۆدیلە سیاسیانەی ئاماژەم پێداوون و هەروەها واقعی عێراق خۆی وەك دەولەتێكی دەستكرد كە لێكتێگەیشتن هەمیشە قورس بووە ئەگەمە ئەو باوەرەی كە بۆ عێراق مۆدێلەكانی ژمارە حەوت و هەشت دەكرێ ببنە خالی وتووێژ. بەلام من خالی هەشت واقعبینانە دەبینم بۆ قۆناغی سیاسی ئَێستەی باشوری كوردستان (دەولەتێكی كوردی فیدرالی فرە هەرێم بەلام وەك دوو دەولەتی كۆنفیدرالی كوردستان و دەولەتی عێراق). مەرجەكانیش بۆ ئەم مەبەستە بەرەو رەخساندن دەرۆن و یەكێك لەو فاكتەرانە بوونی گوتاری یەكگرتوی كورد خۆیەتی.
(دەسەلاتی سیاسی هەرێم بۆ فیدرالی لەعێراق و بۆ مەركەزیەت لەكوردستان)
ناكۆكە بەخۆی ئەگەر هەرێمێك خۆی بەفیدرالی ناوببات و داوای فیدرالیەت بكات بۆ عێراق بەلام لە هەرێمەكەی خۆیدا بروای بەلامەركەزی پارێزگاكان نەبێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان بێدەسەلات كرابن. ئەگەر سیستەمی لامەركەزی لەولاتێكدا پەیرەو نەكرێ ئەوا رۆلی ئەنجومەنەكان نامێنێت و لادانە لەسیستەمی لامەركەزی. سیستەمی لامەركەزی كە دابەشكردنی دەسەلاتەكانە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی گەندەلی و بەهێزكردنی دیموكراسی وسەقامگیری. ئەم سیستەمە ئێستە لەجیهانی هاوچەرخدا بۆتە مۆدێلێكی گونجاوی فەرمانرەوایی" . "مەركەزیەت كۆی ئەقلی سیاسی وسیستەمی سیاسی لەعێراق و كوردستاندا تەنیوە. لەهەرێمی كوردستانیشدا هێشتا لەژیانی سیاسی وحیزبی وحوكمرانیدا ئەقلیەت وسیستەمی مەركەزی وكەلتوری مەركەزی زالە. ئەمەیش پارادۆكسە (موفارەقەیە) چونكە ئێمە حوكمرانی مەركەزی لەعێراقدا قبول ناكەین، كەچی دەمانەوێت لە كوردستاندا مەركەزیەت پەیرەو بكەین" . مەركەزیەت خولیای زەوتكردن و مۆنۆپولكردنی دەسەلات و ماف وئازادیەكانە. تەنیا لە ئازادیدا فرەیی توانایی بەردەوامبوونی هەیە. دیموكراسیەت و مەركەزیەت دوو شتی تەواو دژ بە یەكن. هەرچەندە سیستەمی فیدرالیەت لە دەستوری نویی عیراقی دوای بەعس تۆمار بووە كەچی سەنترالیزم لە بیروفكری كۆمەلیك لە هیزە سیاسیەكانی عیراقدا هیشتا دەژی و دژ بە سیستەمی فیدرالیەتن. كورد لە عیراقدا بە پلەی یەكەم دوچاری چەوساندەوەو بی مافی بووە لە سایەی سیاسیەتی مەركەزیەتدا. هەربۆیە گرنگە كورد كار بۆ عیراقیكی لامەركەزی بكات لەچوارچیوەی سیستەمیكی دیموكراسی تەوافوقدا.
(باشیەكانی فرە هەرێمیی لە سیستەمی فیدرالیدا)
1) هەر هەرێمە توانای بەسەر ئیدارەكەی خۆیدا باشتر دەشكێت وكاری دانیشتوان خێراتر دەروات و كێشەو پێداویستیەكان (ئابوری، كۆمەلایەتی، ئیداری، پەروەردە..) باشتر دەبینرێن. خەلكی پارێزگای سلێمانی و دهۆك بۆ راپەراندنی كارەكانیان دەبێت زۆربەی كات بچنە هەولێر چونكە كارەكان بەپێی ئەزمونەكان نارۆن بەرێگاوەو هەروەها وەزارەتەكان لەهەولێرن وسیستەمەكە سیمای سەنترالیزمی پێوەدیارە.
2) دەبێتە هۆی دابەشبوونی دەسەلات و رێگر دەبێت لە چربوونەوەی دەسەلات.
3) لەم سیستەمی فرەهەرێمیە مەترسی لایەنێك بۆ سەر ئەوەی تر زۆر كەمە. بۆ نمونە هەندی لایەنی سونە مەترسی ولێكدانەوەی ئەوەی هەیە پارێزگا تەواو شێعە نشینەكانی خواروی عێراق، ئەگەر پارێزگای بەسرە بەنمونە بهێنینەوە ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، شێعە تێیدا لەرووی سیاسیەوە گەشە بكات و ناوچەیەكی نەوتیەو بەندەری بازرگانیە، كاریگەری ئێران بەسەریدا زال دەبێت وبەرێگای شێعەكانەوە دەست وەربداتە نێو كاروباری عێراق و لەوانەیە شێعەكان لەچوارچێوەی ئەم سیستەمەدا ببنە هێزو پلانی دەستگرتنی بەسەر عێراقدا هەبێت. بەپێی ئەم بۆچوونە بەواتا هەرێمێكی بەهێز وەك ئامرازێكی تاكتیكی بۆ ستراتیجیەتی تری دوورخایەن. هەندێ لەلایەنە عەرەبە ناسیۆنالیستەكان بەرامبەر بەكورد هەمان شێوە بیردەكەنەوە. بەلام دەبێت ئاماژە بەو راستیەش بدرێ كە سونە دەیان سال بەتەنیا چەمكی دەسەلاتی لەعێراق بەدەستەوە بووە.
4) سیستەمی سیاسی فیدرالی دەبێتە بەهێزكردنی دیموكراسیەت وسەقامگیری بەلام دیموكراسیەت و سەقامگیریی مەرجی پێشوەختیشن بۆ دروستبوونی ئەم سیستەمە.
5) حیزبە سیاسیەكانی نێو هەرێمەكان دەتوانن چۆنایەتی سەركردەبوون لەهەرێمەكانیاندا تاقیبكەنەوەو بەم هۆیەوە دەتوانن مومارەسەی سیاسەت لەسەر ئاستی "ناوەند" بەرز بكەنەوە (وەك ئەو پێكهاتە سیاسیە جیاوازانەی هەرێمی كوردستان لەبەغدا پیادەی دەكەن).
6) بۆ كورد لە باشوری كوردستان پیادەكردنی فەرمانرەوایی سیاسی و مامەلەكردن لەگەل دەولەت وسیستەمی سیاسیدا لەسەر ئاستی هەرێم و بەتایبەت ئیتحاد ئەزمونێكی گرنگە دواتر بۆ مامەلەكردن لەگەل دەولەتێكی كوردیدا.
7) هاولاتیان دەتوانن بەهۆی كورتی رێگاكان بۆ شوێنە دەولەتیەكان لەم سیستەمی هەرێمایەتیەدا زووتر پەیوەندی بە سیاسەتمەدارو دامودەزگاكانەوە بكەن و لەپرۆسەی سیاسی زۆرتردا بەشداربن، هەروەها دەبێتە هۆی چارەسەركردنی گرفتەكان لەسەر ئاستی هەرێم.
8) یەكێكی تر لە سودەكانی ئەم سیستەمە دروست بوونی كێبركێیە لەنێوان هەرێمەكان و بوارە جیاوازەكانی ژیان دەبوژێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاسانكردنی بەشداری سیاسی هاولاتیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست